ژوور (٢٠١٥)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-29-22:06:00 - کۆدی بابەت: 8835
ژوور (٢٠١٥)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژوور (بە ئینگلیزی: Room) فیلمێکە لە چەشنی درامی، هەستبزوێن. بەرهەمی ساڵی ٢٠١٥ زایینیی هەر یەکە لە وڵاتەکانی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئیرلەندایە. هەموو فیلمەکە لە شاری تۆرێنتۆ کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە. کاتەکەی ١١٨ خولەکە و تێچووەکەی ١٣ ملیۆن دۆلارە و داهاتەکەی گەشتە ٣٦ ملیۆن دۆلار. نمرەی ٨.١ـی وەرگرتووە و ڕیزبەندی ‌١٩٦ـی گرتووە لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی سایتی imdb تایبەت بە فیلم و زنجیرەکان.
فیلمەکە لە دەرهێنانی (لێنی ئەبڕاهامسن)ـە و نووسینی (ئێما داناهیۆ)یە و هەر یەکە لە نوادنکاران: بری لارسن، جەیکۆب تڕێمبڵی، جۆوان ئاڵن نواندنیان تێدا کردووە.

چیرۆک

جۆی کچێکی گەنجە کە حەوت ساڵ پێشتر کاتێک تەمەنی ١٩ ساڵ بووە، لە قوتابخانە گەڕاوەتەوە پیاوێک داوای یارمەتی لێ‌کردووە بەوەی سەگەکەی نەخۆشە و پێویستی بە یارمەتییە. لەو کاتەدا پیاوەکە جۆی دەڕفێنێت و لەناو کابینەیەکی دە مەتریدا زیندانی دەکات، ناهێڵێت بێتە دەرەوە و دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر و لە ساڵی دووەمی زیندانییەکەیدا دووگیان دەبێت، پاشان منداڵێکی دەبێت بەناوی جاک، جاکی کوڕی تەمەنی پێنج ساڵە و هێشتا ژیانی دەرەوەی نەدیووە، پیاوەکە ماوە ماوە دێت تەنها بۆ دەستدرێژیکردن و هێنانی خواردن بۆیان، دایک و کوڕ هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن تاکوو لەو شوێنە ڕزگاریان ببێت.

بەرهەمهێنانی فیلمەکە

ئێما داناهیۆ ڕۆمان نووسێکی ئیرلەندی- کەنەدییە، لە ساڵی ٢٠١٠ حەوتەمین ڕۆمانی خۆی بەناوی (ژوور) بڵاوکردەوە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لەلایەن خەڵکییەوە. بۆیە بڕیار درا ڕۆمانەکە بکرێتە فیلم و هەمان نووسەری ڕۆمانەکە سیناریۆییەکی نموونەیی بۆ فیلمەکە نووسی.

تایبەتمەندی ژوورەکە

ئەو ژوورەی کە دایک و کوڕەکەی تێدا زیندانی کرابوو، پەنجەرەی گەورەی تێدا نەبوو و تەنها پەنجەرەیەکی بچووکی هەبوو لە سەرەوە بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا. ئەو کەلوپەلانەی لەناو ژوورەکەدا بوون پێکهاتبوون لە:

  • تەلەڤزیۆنێکی بچووک
  • مێزێک
  • دوو کورسی
  • جێیەکی نووستن
  • تەوالێت و گەرماوێکی بچووک

ڕاستی دەربارەی فیلم

  • بری لارسۆن بە درێژای ماوەی وێنەگرتنی فیلمەکە، ڕووخساری نەشۆردووە تاکوو زیاتر تێکەڵی ڕۆڵەکەی ببێت.
  • بری لارسۆن پێش وێنەگرتنی ئەم فیلمە ماوەی یەک مانگ لە ژوورێکدا ژیاوە بەبێ هیچ تەکنەلۆجیایەک، خواردنی دیاریکراوی خواردووە و بەتەواوی خۆی گرتووەتەوە، تاکوو هەستی زیندانیکردنێکی ڕاستی لەلا دروست ببێت.
  • کۆتا ڕۆژی وێنەگرتنی فیلمەکە بری لارسۆن بەشێوازێک تێکەڵی ڕۆڵگێڕانی ئەو نواندنکارە بوو بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر گریاوە، و دواتر دەرمانی هێورکەرەوەی بەکارهێناوە.
  • دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت زۆر قوورس بوو لە ناو ئەو دە مەترەدا بتوانین کاری دەرهێنان و وێنەگرتنی فیلمەکە بکەین، زۆرجار خۆم لە ناو گەرماوەکەدا، یاخود لەژێر مێزەکەدا بووم.
  • بری لارسۆن و جەیکۆب تڕێمبڵی نواندنکاری بچووک پێش دەستپێکی وێنەگرتنی فیلمەکە، ماوەی سێ هەفتەیان هەبوو پێکەوەبن، تاکوو زیاتر خوو بە یەکەوە بگرن و لەیەک نزیک بن.
    ڕۆژانە دوو کاتژمێر لە ناو ئەو شوێنە دە مەترییەدا پێکەوە دەبوون.

خەڵاتەکان

  • بری لارسۆن خاڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین نواندکار بردەوە.
  • فیلمەکە پاڵێوراو بوو تاکوو ببێتە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم و باشترین سیناریۆی نموونەیی
  • هەروەها لە چەندین ڤیستیڤاڵی تردا بووە بە براوەی، باشترین مۆنتاژ، باشترین فیلم، باشترین نواندکاری کوڕ بۆ جیکۆب تڕێمبڵی، باشترین دەرهێنەری هونەری، باشترین میکیاج.


سەرچاوەکان



541 بینین