شانکرۆید 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-09-02-22:53:00 - کۆدی بابەت: 10125
شانکرۆید 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شانکرۆید (بە ئینگلیزی: Chancroid، بە عەرەبی: شانکروید) نەخۆشییەکی بەکتریاییە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی کراوە لە ناوچەی زاوزێدا. یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (STD). لەڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە دەگوازرێتەوە. نەخۆشییەکە بە دەگمەن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبینرێت، هەروەها بەگشتی لە جیهانیشدا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و دەگمەنە. بەڵام لە هەندێک له ناوچەکانی ئەفریقادا دەبینرێت. بەکتریای (Haemophilus ducreyi) دەبێتە هۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە. ئەم بەکتریایە هێرش دەکاتە سەر شانەکانی ناوچەی زاوزێی خانمان و پیاوان، برینێکی کراوە دروست دەکات. کە هەندێک کات بە ناوی قارچک یاخود برین دەناسرێتەوە. ئەم برینانە زۆرجار خوێنیان لێ دێت، یاخود چەند دەردراوێک دەردەدەن. ئەم نەخۆشییە زیاتر لە پیاواندا بەربڵاوترە.

کێ ئەگەری تووشبوونی زیاترە؟

  • تەواوی ئەو کەسانەی کە پەیوەندی سێکسی ناشەرعییان هەبێت، ئامادەن بۆ ئەوەی تووشی ئەم نەخۆشییە ببن. 
  • ئەو پیاوانەی کە هاوڕەگەزخوازن
  • ئەو پیاوانەی کە خەتەنە (سوننەت) نەکراون.
  • بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەڕێگەی دەرزی کەسی ترەوە.

نیشانەکان

نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی چوار بۆ حەوت ڕۆژ دوای تووشبوون بە بەکتریاکە نیشانەکان دەردەکەون، لەوانەیە نیشانەکان دوو هەفتە بخایەنێت، سەرەتا دەرهاتوویەکی ئازاربەخش دروست دەبێت. دوای نزیکەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ چەند برینێکی بچووک دەردەکەون لەو شوێنەدا. کە وردە وردە گەورە و قووڵ دەبن، ئەم نیشانەیە بەگشتی لە پیاوان و خانماندا وەک یەکە، هەروەها چەند نیشانەیەکی تریشیان هەیە وەک:

  • دەکرێت برینەکان شێوە و قەبارەی جیاوازیان هەبێت. ئەندازەکەیان لەنێوان سێ میلیلیتر بۆ پێنج سانتیمەتردا بێت.
  • برینەکان نەرمن و دەوروبەرەکەیان ڕەنگی خۆڵەمێشی یاخود زەردباوە و تیژە.
  • لەوانەیە زۆر بە ئاسانی لە کاتی دەستلێداندا خوێنیان لێ بێت.
  • خوێنیان لێ دێت لە کاتی میزکردن یاخود جووتبووندا.
  • هەوکردن دروست دەبێت لە نێوان ڕانەکاندا.
  • دەکرێت هەموو برینەکان بئاوسێن و تووشی هەوکردن ببن.

نیشانەی تایبەت لە خانماندا

خانمان تووشی چەند دەرهاویشتەیەکی سوور دەبن، ئەم دەرهاویشتانە لە کۆم و لێوەکانی زێدا دەبینرێت. یان لەنێوان لێوەکانی زێ و ڕاندا دەبینرێت، لێوەکانی زێ ناوەوەی زێ دەپارێزن و دایدەپۆشن. ئەگەر لە کاتی میزکردندا هەست بە سووتانەوە بکرێت، بەو واتایە دێت کە برینەکان کراوەن.

نیشانەی تایبەت لە پیاواندا

بەگشتی پیاوان زیاتر تووش دەبن، نیشانەکانیشیان باوترە. دەرهاویشتەی سوور و بچووک لە چووکیانەوە دێتە دەرەوە. لە سەرەتادا لەوانەیە تەنانەت خودی نەخۆشەکەش هەستی پێ نەکات. بەڵام لەوانەیە دوو ڕۆژی تر ببێتە برینێکی گەورە و کراوە، دەکرێت ئەم برینە لە هەر بەشێکی چووک و هەردوو گونەکەدا دەربکەوێت.

گواستنەوەی نەخۆشییەکە

  • نەخۆشییەکە لەڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە، واتە سێکسکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو.
  • جووتبوونی ناشەرعی.
  • هاوڕەگەزخوازی پیاوان.
  • دەست لێدانی کەسی ساغ لە برینەکان.
  • جووتبوون لە ڕێگەی کۆم و دەمەوە.

دەستنیشانکردن

لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونە لە خوێن و شلەی ناوەوەی برینەکان، دواتر نموونەکان دەبرێن بۆ تاقیگە. بەڵام تاکوو ئێستا تووشبوون بە شانکرۆید لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەرناکەوێت. 

لێکەوتەکان

لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی ئەم نەخۆشییەدا چەندین لێکەوتەی خراپی دەبێت، دەکرێت کەسەکە لە ڕێگەی ئەم نەخۆشییەوە تووشی جۆرەکانی تری نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان ببێت. یاخود برینەکان چاک نەبنەوە و بۆ هەمیشەیی بمێنن، 

چارەسەر

ئەم نەخۆشییە بە دوو ڕێگا چارەسەر دەکرێت:

دەرمان

پزیشک بۆ لەناوبردنی بەکتریاکان دەرمانی دژەبەکتریا دەنووسێت. ئەم دژەبەکتریایانە یارمەتی چاکبوونەوەی برینەکان دەدەن، بەگشتی چوار دژەبەکتریا بۆ نەخۆشی شانکرۆید بەکاریەت:

  1. ئەزیسرۆمایسین (azithromycin)
  2. سفتریاکزۆن (ceftriaxone)
  3. سیپڕۆفلۆکساسین (Ciprofloxacin)
  4. ئیریسرۆمایسین (erythromycin)

نەشتەرکاری

لە ئەگەری هەبوونی ئاوسانی زۆر و هەوکردنی برینەکە و هەبوونی شلە لەناویدا، پزیشک لە ڕێگەی نەشتەرکارییەوە ئەم شلەیە دەردەهێنێت. ئەویش بەوەی بە دەرزی شلەکە خاڵی بکاتەوە یاخود نەشتەرکاری بۆ بگرێت.
ئەگەر ئەم نەخۆشییە بەخێرایی چارەسەر بکرێت و نەخۆشەکە ڕێنوێنییەکانی پزیشک جێبەجێ بکات، ئەوا نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە و ئەگەریشی هەیە برینەکان هیچ جێگایەک بەجێ نەهێڵن.

ڕێگریکردن

  1. نەبوونی پەیوەندی ناشەرعی.
  2. دوورکەوتنەوە لە دەستلێدان و جووتبوون لە ڕێگەی کۆم و دەمەوە.
  3. دوورکەتنەوە لە هاوڕگەزخوازی.


سەرچاوەکان



373 بینین