هەناسە ڕاگرتن

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-21-00:02:00 - کۆدی بابەت: 10329
هەناسە ڕاگرتن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

هەناسە ڕاگرتن (بە ئینگلیزی: Breath holding، بە عەرەبی: كتم النفس)، زۆر کەس دەتوانن بۆ ماوەی ٣٠ چرکە تا دوو خولەک هەناسەیان ڕابگرن. بەبێ هۆکار ڕۆژانە ئەم کردارە لەلایەن چەندین خەڵکەوە تاقی دەکرێتەوە، جا بە مەبەستی پێشبڕکێکردن بێت لەگەڵ کەسی بەرامبەردا یان بۆ تاقیکردنەوەی توانای خۆت بێت. بەپێی تۆماری جیهانیی گینس زۆرترین ماوەی ڕاگرتنی هەناسە لەلایەن ئەلێکس سێگورا ڤێندڕێڵ (Aleix Segura Vendrell) تۆمارکراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٦ توانیوێتی بۆ ماوەی ٢٤ خولەک و سێ چرکە هەناسەی خۆی ڕابگرێت. دەکرێت ڕۆژێک ئەو پرسیارەت لەلا دروست بووبێت و هەوڵتدابێت بزانیت لە کاتی ڕاگرتنی هەناسەدا چی بەسەر جەستەدا دێت و لە ئەنجامدا چی سوودێک بەدەست دەهێنرێت، یان زیانە لاوەکییەکانی ئەنجامدانی چین. 

لە کاتی هەناسە ڕاگرتن چی ڕوودەدات؟

لە کاتی ڕاگرتنی هەناسەدا ئەمانەی خوارەوە ڕوودەدات:

  1. لەو ساتەی دەست پێ دەکەیت تاکوو چرکەی ٣٠، لەگەڵ داخستنی چاوەکانتدا هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت و هەوڵدەدەیت لەگەڵ ژینەگەکەدا خۆت بگونجێنیت. 
  2. لە نێوان چرکەی ٣٠ بۆ دوو خولەک، بەرە بەرە هەست بە ناڕەحەتی و ئازاری سییەکانت دەکەیت. یەکێک لەو زانیارییانەی خەڵک بە هەڵە تێگەیشتووە ئەوەیە کە وا دەزانن لە کاتی ڕاگرتنی هەناسە هەوایان پێ نامێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە. لەم کاتەدا ڕێگری لە دەرچوونی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن (Carbon dioxide) دەکرێت، کەواتە ڕێگەی ئەوەی نییە لە لەشەوە بکرێتە دەرەوە و لەناو خوێندا دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە ڕاگرتنی هەناسە ئەرکێکی سەخت و مەترسیدارە. 
  3. لەنێوان خولەکی سێ بۆ پێنج، هەست بە گێژبوونی سەر دەکەیت. لەبەرئەوەی ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەردەوام بەرز دەبێتەوە. ئۆکسجین بۆ دەرەوەی خوێن پاڵ دەنرێت و گواستنەوەی ئۆکسجین لەڕێگەی خوێنەوە بۆ مێشک کەم دەبێتەوە. 
  4. لەنێوان خولەکی پێنج بۆ شەش، جەستە دەست بە لەرزین دەکات و ماسولکەکان بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو دەست بە گرژبوون دەکەن. ئەمەش ئەو ساتەیە کە ڕاگرتنی هەناسە مەترسی دەخاتە سەر ژیانی کەسەکە. 
  5. لە خولەکی شەش و زیاتر، جەستە ڕەش هەڵدەگەڕێت. مێشک زۆر پێویستی بە ئۆکسجین هەیە، لە ئەنجامدا بێ ئەوەی ئاگاداربیت کار لە جەستە دەکات. بۆ نموونە ئەگەر لەژێر ئاودا ئەم کردارە ئەنجام بدەیت واتە لە کاتی مەلەکردن، ئەوا کاریگەرییەکی نەرێنی دروست دەکات و لە ئەنجامدا بێ ئەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی کەسەکە بێت، ئاو بۆ ناو سییەکان هەڵدەمژرێت، کە زۆر مەترسیدارە. 

کاریگەرییە لاوەکییەکانی هەناسە ڕاگرتن

هەناسە ڕاگرتن بۆ ماوەیەکی درێژ دەکرێت هەندێک کاریگەری لاوەکی دروست بکات، وەکوو:

  • بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین لێدانی دڵ خاودەبێتەوە.
  • دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەناو خوێندا کۆدەبێتەوە.
  • بە شێوەیەکی مەترسیدار گازی نایترۆجین لەناو خوێندا دروست دەبێت و هەست بە سەر لێ شێواوی و گێژبوون دەکەیت. 
  • ڕەش هەڵگەڕان و بێهۆشبوون.
  • ئاوبەندی یان هەڵئاوسانی سییەکان (pulmonary edema)، واتە کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکاندا.
  • خوێنبەربوونی سییەکان یان خوێنبەربوونی سیکڵدانۆچکەیی.
  • زیانگەیاندن بە سییەکان بە تەواوەتی دەبێتە هۆی پەککەوتنی سییەکان. 
  • لە ئەنجامدا بە تەواوی خوێن بۆ دڵ ناچێت و دەکرێت کەسەکە دڵی ڕابوەستێت. 
  • بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین بۆ ماوەیەکی درێژ دواتر دووبارە هەڵمژینی ئۆکسجین بە ڕێژەیەکی زۆر و بەخێرایی، لە ئەنجامدا تەنۆلکەی سەربەست بە شێوەیەکی مەترسیدار لە لەشدا دروست دەبێت و زیان بە DNA دەگات. 
  • زیان بە مێشک دەگات، بەهۆی پڕۆتینێکەوە کە بە (S100B) ناسراوە. ئەم پڕۆتینە لە ئەنجامی زیانگەیاندن بە خانەکان دەتوانێت بەربەستەکان تێک بشکێنێت و لە ڕێگەی خوێنەوە بە مێشک بگات و زیانی پێ بگەیەنێت. 

دەکرێت بەهۆی ڕاگرتنی هەناسەوە بمریت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێیە، بەڵام لە کاتێکدا ئەگەر لەژێر ئاو ئەم کارە ئەنجام بدەیت. کاتێک ڕەش هەڵدەگەڕێیت، جەستە خودکارانە دەست بە هەناسەدان دەکاتەوە. ئەگەر لەو کاتەدا لەژێر ئاودا بیت، ئەوا بڕێکی زۆر لە ئاو دەچێتە ناو سییەکانەوە. ئەگەر بەخێرایی بڕی ئەو ئاوەی بۆ ناو سییەکان هەڵمژراوە دەربکرێت، ئەوا نابێتە هۆی مردن. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕەش هەڵگەڕان لەژێر ئاودا لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناسە بە مردن کۆتایی دێت. 

سوودەکانی هەناسە ڕاگرتن 

ڕاگرتنی هەناسە بە شێوەیەکی گونجاو و زیادەڕەوی نەکردن تیایدا چەند سوودێکی گرنگ بە کەسەکە دەگەیەنێت، وەکوو:

  • بەهۆی هێشتنەوەی خانەکان بە تەندروستی وا دەکات بۆ ماوەیەکی زۆرتر بژیت، واتە تەمەن درێژ دەکات.
  • بەرگری دژی تووشبوونە بەکتریاییەکان زیاد دەکات.
  • هەستکردن بە ئاسوودەیی.

چۆن بتوانم بۆ ماوەیەکی درێژ هەناسە ڕابگرم؟

ئەگەر تامەزرۆی بۆ ماوەیەکی درێژ هەناسە ڕابگریت، دڵنیابەرەوە بەهێواشی هەنگاو دەنێیت و پەلە ناکەیت. ئەگەر هەستت بە گێژبوون یان هەر نیشانەیەکی تری نەمانی ئۆکسجین کرد، کردارەکە بوەستێنە و دووبارە دەست بە هەناسەدان بکەرەوە. بە ڕاهێنانکردن و سوود بینین لەم ڕێنماییانەی خوارەوە دەتوانیت فێری ئەم کردارە ببیت:

  1. چۆنیەتی هەناسەدانی قووڵ فێرببە، ئەمەش بە جووڵاندنی سک بۆ سەرەوە و خوارەوە ئەنجام دەدرێت لەجیاتی ئەوەی شانەکان و سنگ بجووڵێنرێت. بەگشتی هەناسە وەرگرتن نزیکەی ٢٠ چرکە پێش هەناسەدانەوە دەخایەنێت. 
  2. بۆ زیادکردنی توانای سییەکان، ڕاهێنانە وەرزشییەکان ئەنجامبدە. 
  3. جۆرە ڕێگایەکی تر هەیە بۆ ڕاهێنانکردن، کە دەبێت بۆ ماوەی یەک خولەک هەناسە ڕابگریت و دواتر لەڕێگەی هەناسەدانی ئاساییەوە بۆ ماوەی ٩٠ چرکە پشوو بە سییەکانت بدەیت، دواتر بۆ جاری دووەم دووبارە یەک خولەکی تر هەناسە ڕابگرەوە. دوای ماوەیەک لە ڕاهێنانکردن و باشتربوون توانای ئەوەت دەبێت بۆ کەمتر لە ٩٠ چرکە پشوو وەربگریت. 
  4. وردە وردە ئەم ڕاهێنانە تاقیبکەرەوە، هەوڵبدە لە ئەنجامدانی ئەم کردارەدا پەلە نەکەیت، بۆ ئەوەی زیان بە تەندروستیت نەگات.


سەرچاوەکان

150 بینین