واتای مەودای دووری نێوان کەسەکان لە زمانی جەستەدا

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-12-04-21:38:00 - کۆدی بابەت: 10546
واتای مەودای دووری نێوان کەسەکان لە زمانی جەستەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زمانی جەستە (بە ئینگلیزی: Body Language و بە عەرەبی: لغة الجسد)، ئەو نیشانە و جوڵە نازارەکییانە دەگرێتەوە کە لەکاتی گفتوگۆ یان لە پەیوەندییەکاندا بەکاردەهێنرێن و بەشێکی گەورە لە پەیوەندییەکان پێکدەهێنێت کە ڕەنگە بکاتە ٦٠ بۆ ٦٥٪.

گرنگی زمانی جەستە

زمانی جەستە دەتوانێت یارمەتیدەربێت تاکوو لە خۆمان و دەورووبەرمان تێبگەین چونکە نیشاندەری هەستی بەرانبەرە لە بارودۆخەکاندا؛ هاوکات بۆ دەربڕینی سۆز و هەستی سۆزداریش بەکاردێت.
تێگەیشتن لە زمانی جەستە شتێکی گرنگە بەڵام گرنگتر لەوە تێگەیشتنە لە هەموو ئاماژەکان نەک تەنیا لێکدانەوەی یەک ئاماژە وەک تەواوی هەستی بەرانبەر ببینرێت. 

واتای مەودای دووری نێوان کەسەکان

هەرگیز گوێت لەوە بووە کەسێک بیەوێت مەودایەکی دیاریکراوی پێ بدرێت لەکاتی قسەکردندا؟ یان هەست بە نائاسوودەیی بکات لە کاتێکدا کە زۆر لە نزیکیەوە بیت؟
هەروەک چۆن ئاماژەکانی دەربڕینی ڕووخسار و قۆڵ و قاچەکان و ئەندامەکانی تر لە زمانی جەستەدا گرنگن؛ بەو شێوەیەش پاراستنی مەودایەکی دووری پەسەندکراو لەنێوان تاکەکاندا گرنگە. زاراوەی (Proxemics پڕۆکسیمیکس) لەلایەن مرۆڤناس ئێدواڕد تی هۆڵەوە (Edward T. Hall) داهێنراوە ئاماژەیە بۆ ئەو دووری و مەودایەی لە نێوان کەسەکاندا هەیە لەکاتی گفتوگۆدا، هەروەها چوار ئاستی مەودای نێوان کەسەکانی لە بارودۆخە جیاوازەکاندا ڕوونکردووەتەوە، کە بریتین لە:

  • مەودای بەهێز و زۆر نزیک (١٥،٢٤ سانتیمەتر بۆ ٤٥،٧٢ سانتیمەتر)
    ئەم جۆرە مەودای جەستەییە زۆرکات ئاماژەیە بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی نزیک یان ئاسوودەییەکی گەورە لە نێوان تاکەکاندا. بەزۆری ئەم جۆرە دوورییە لەکاتی بەرکەوتنێکی سۆزداری وەک باوەشکردن، چپەکردن و دەستلێدان دروست دەبێت. 
    مەودای کەسی (١ پێ و نیو بۆ ٤ پێ)
    ئەم جۆرە مەودایە زۆرکات لەنێوان تاکەکانی خێزان یان هاوڕێ زۆر نزیکەکاندا ڕوودەدات؛ تاوەکوو کەسەکە بتوانێت بە ئاسوودەیی گفتوگۆ بکات و بوەستێت. هاوکات نیشانەیەکە هەبوونی دۆستایەتی لە پەیوەندییەکاندا.
  • مەودای کۆمەڵایەتی (٤ بۆ دوانزە پێ)
    ئەم جۆرە مەودای جەستەییە زۆرجار لە نێوان ئەو کەسانەدا بەکاردێت کە ئاشنان لەگەڵ کەسێک کە تا ڕادەیەک ناسراوە؛ بۆ نموونە وەک هاوکارەکەت کە چەند جارێک لە هەفتەیەکدا دەیبینیت.
    لەو کاتەدا کە کەسی بەرانبەرت بە باشی ناناسیت بۆ نموونە وەک شۆفێری تاکسی گەیاندنی پۆستەکەت کە ڕەنگە مانگی جارێک بیبینیت ئەوا مەودای ١٠ بۆ ١٢ پێ هەستێکی ئاسوودەتر دەبەخشێت.
    مەودای گشتی (١٢ بۆ ٢٥ پێ)
    ئەم مەودای دوورییە زۆرجار لە کاتی وتارێکی گشتی و قسەکردنێکی بەکۆمەڵدا بەکاردێت. بۆ نموونە لە کاتی پێشکەشکردنی بابەتێک لە کاردا یان قسەکردن بۆ خوێندکاران پێویستە ئەم مەودایە بپارێزرێت. لەگەڵ ئەمانەشدا، ئاستی دووری تاکەکان بۆ ئەوەی هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر دەگۆڕێت، بۆ نموونە خەڵکی وڵاتانی لاتین هەست بە ئاسوودەییەکی زیاتر دەکەن کاتێک مەودای دووریان کەمترە و نزیکترن لە یەکتری؛ لەکاتێکدا خەڵکی ئەمریکای باکوور پێویستیان بە مەودایەکی زیاترە و حەزدەکەن دووریەکی زیاتریان هەبێت.


سەرچاوەکان



337 بینین