ئۆدری هێپبێرن

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2023-02-08-23:22:00 - کۆدی بابەت: 10959
ئۆدری هێپبێرن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆدری کاسلین ڕۆستن ناسراو بە ئۆدری هێپبێرن (بە ئینگلیزی: Audrey Hepburn و بە عەرەبی: أودري هیبورن)، لەدایکبووی چواری ئایاری ساڵی ١٩٢٩ـیە. 
نواندنکار و مرۆڤدۆستێکی بەڕیتانی بووە و وەکوو مۆرکی مۆدە و فیلم ناسراوە. لەلایەن دامەزراوەی فیلمی ئەمریکییەوە وەکوو سێیەم گەورەترین ئەفسانەی شاشەی سینەمای هۆڵیوودی کلاسیک ڕیزبەندی کراوە و خرایە ناو ڕیزبەندی بەناوبانگەکان بۆ خاوەن باشترین جل و بەرگە نێودەوڵەتییەکان. ئۆدری خاوەن چەندین فیلمی بەناوبانگە، بۆ نموونە وەک فیلمی پشووی ڕۆمانی (Roman holiday) کە تێیدا بووە خاوەن خەڵاتی باشترین نواندکاری ئافرەت هاوکات بەهۆی کارە خێرخوازییەکانییەوە چەندین خەڵاتی پێشکەش کراوە.

ناو و کاتی لەدایکبوون: ئۆدری کاسلین ڕۆستن (Audrey Kathleen Ruston)، لە ٤ـی نیسانی ساڵی ١٩٢٩ لەدایکبووە.
شوێنی لەدایکبوون:  ئێکسڵس (Ixelles)، بڕوسڵ (Brussels)، بەلجیکا (Belgium).
مردن:  ٢٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ (٦٣ ساڵی) لە تۆڵاشناز (Tolochenaz)، ڤۆد (Vaud)، سویسرا (Switzerland).
شوێنێ گۆڕەکەی:  گۆڕستانی تۆڵاشناز.
نەتەوە:  بەڕیتانی.
کارکردن:  نواندنکار، مرۆڤدۆست. 
ساڵانی کارکردن:  ١٩٤٨-١٩٨٩ (نواندنکار)، ١٩٥٤-١٩٩٣ (مرۆڤدۆست).
هاوژین:  مێڵ فێرێر (١٩٥٤-١٩٦٨)
ئێندریا دۆتی (١٩٦٩-١٩٨٢).
منداڵ:  دوو دانە.

 

ژیان

ئۆدری لە شاری ئێکسڵسی (Ixelles)ـی بڕوسڵ (Brussels) لە خێزانێکی خانەدان لەدایکبووە. بەشێک لە تەمەنی منداڵی لە بەلجیکا (Belgium) و ئینگلتەرا (England) و هۆڵەندا (Netherlands) بەسەر بردووە. هاوکات لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ سۆنیا گاسکڵ (Sonia Gaskell) لە ئەمستردام دەستی کردووە بە خوێندنی وانەی سەمای بالێ و لە ساڵی ١٩٤٨ـیشدا لەگەڵ ماری ڕامبێرت (Marie Rambert) لە لەندەن خوێندوویەتی. هەروەها وەک کچە بەشداربوویەکی کۆرس بەشداری لە بەرهەمەکانی شانۆی میوزیکی (وێست ئێند West End) کردووە و دەستی بە نمایش کردووە؛ پاشان ڕۆڵی بچووک بچووکی لە چەندین فیلمدا وەرگرتووە. لە فیلمی پشووی ڕۆمانی ساڵی ١٩٥٣ (Roman Holiday) شان بە شانی گریگۆری پێک بۆ ئاستی ئەستێرەی سینەمایی بەرزبووە و گەشەی سەند؛ کە بۆ ئەو فیلمە یەکەم نواندکار بوو خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵەب و بافتای بۆ یەک نمایش بردەوە. هاوکات هەر لەو ساڵەدا خەڵاتی تۆنی (Tony Award) بۆ باشترین نواندکاری سەرەکی لە شانۆی (Ondine) بردەوە. دواتر لە کۆمەڵێک فیلمی سەرکەوتوودا ڕۆڵی بینیووە کە ئەوانیش بریتین لە: (سابرینا ١٩٥٤ بە ئینگلیزی: Sabrina) کە تێیدا هەمفری بۆگارت و ویلیەم هۆڵدن کێبڕکێ لەسەر هەبوونی سۆز و خۆشەویستی ئۆدری دەکەن؛ (فەنی فەیس ١٩٥٧ بە ئینگلیزی: Funny Face) کە فیلمێکی مۆسیقاییە و تێیدا ئۆدری چەند گۆرانییەکی لە گرتەکانیدا پێشکەش کردووە؛ زنجیرەی چیرۆکی ڕەبەنەکە (The Nun’s Story) ساڵی ١٩٥٩؛ هەروەها فیلمی کۆمیدیی ڕۆمانسی (نانی بەیانی لە تیفەنی ١٩٦١ بە ئینگلیزی: Breakfast at Tiffany)؛ فیلمی (شڕەید ١٩٦٣ بە ئینگلیزی: Charade) کە لەگەڵ کاری گرانت (Cary Grant) ڕۆڵی بینیووە؛ هەروەها فیلمی مۆسیقایی (خانمە جوانەکەم ١٩٦٤ بە ئینگلیزی: My Fair Lady). هاوکات لە ساڵی ١٩٦٧ ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمی (وەیت ئەنتڵ داڕک بە ئینگلیزی: Wait Until Dark) بینیووە کە فیلمێکی هەست بزوێن بووە و خەڵاتی (ئۆسکار و گۆڵدن گڵەبی بردەوە و پاڵێوراوی خەڵاتی بافتاش بووە). دوای ئەمانە، ئۆدری تەنیا ناو بە ناو لە فیلمەکاندا دەردەکەوت وەک لە فیلمی (ڕۆبن و ماریان ١٩٧٦ بە ئینگلیزی: Robin and Marian) کە لەگەڵ شۆن کۆنەری (Sean Connery) بوو. دوایین نمایشی ئۆدری لە ساڵی ١٩٩٠ بوو؛ کە زنجیرە بەڵگەنامەییەکی تەلەڤزیۆنی بوو بە ناوی (باخچەکانی جیهان لەگەڵ ئۆدری هێپبێرندا بە ئینگلیزی: Gardens of the World with Audrey Hepburn) تێیدا خەڵاتی (پڕایم تایم ئێمیی Primetime Emmy) بردەوە. ئۆدری خاوەنی سێ خەڵاتی بافتایە (BAFTA) بۆ باشترین خانمە نواندکاری بەڕیتانی لە ڕۆڵی سەرەکیدا. هاوکات بۆ ڕێزلێنان لە کارە سینەماییەکانی خەڵاتەکانی (بافتای دەستکەوتی تەمەن BAFTA’s Lifetime Achievement Award و خەڵاتی گۆڵدن گڵەب سیسڵ بی دی مایڵی بە ئینگلیزی: Golden Globe Cecil B. DeMile Award) وەرگرتووە. خانمە نواندکار ئۆدری هێپبێرن دوای ئەم کارانەی کە کردبووی، زۆرینەی کاتەکانی خۆی بۆ یونسێف (UNICEF) تەرخان کرد، کە لە ساڵی ١٩٥٤ـرەوە بەشداری تێدا کردبوو. لە ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە هەندێک لە هەژارترین کۆمەڵگەکانی ئەفریقا و ئەمریکای باکوور و ئاسیادا کاری کردووە. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ مەدالیای سەرۆکایەتی ئازادی ئەمریکای وەرگرت وەک ڕێزلێنانێک لە هەموو کارەکانی وەک باڵیۆزی نیازپاکی یونسێف.

لە پاش مانگێک، لە ماڵەکەی خۆیدا لە تۆڵاشنازی (Tolochenaz) لە ویلایەتی ڤادی (Vaud) سویسرادا لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا لە ڕێکەوتی ٢٠ کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ـدا بەهۆی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرەوە گیانی لەدەست دا. 

ژیانی تایبەت

دایکی ئۆدری هێپبێرن ناوی بێڕنس ئێلا هیمسترا بووە (Baroness Ella Van Heemstra) و ژنە بەگزادەیەکی هۆڵەندی بووە؛ لە کاتێکدا باوکی کە ناوی (جۆسف ڤیکتۆر ئانتنی ڕۆستنە Joseph Victor Anthony Ruston) لە شاری یوزیسی بوهیمیا لە دایک و باوکێکی ئینگلیزی و نەمسایی لەدایکبوو بوو. دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی، ئۆدری لەگەڵ دایکیدا ڕۆیشتن بۆ لەندەن و لەوێشەوە چووە قوتابخانەیەکی تایبەتی کچان. دواتر کاتێک دایکی ڕووی لە هۆڵەندا کردووەتەوە، ئۆدری لە قوتابخانە تایبەتەکاندا بە باشی خوێندوویەتی. کاتێک ئۆدری لەگەڵ دایکیدا لە ئاڕنهم (Arnhem) لە پشوودا بوون، سووپای هیتلەر دەستی بەسەر شارۆچکەکەدا گرت و هەر لەو کاتەی کە داگیرکاری نازییەکان دەستی پێ کرد؛ ئۆدریش کەوتە کاتە سەختەکانەوە و تووشی خەمۆکی و بەدخۆراکی بوو.
دوای ئازادکردن و ڕزگارکاری، بەهۆی بەخششی خوێندنەوە چووە قوتابخانەی بالێ لە لەندەن و دواتر دەستی بە کاری مۆدێلی (نمایشکاری جل و بەرگ) کرد. لە کاری مۆدێلیدا ئافرەتێکی شۆخ و شەنگ بووە و پێی وابوو کە کاری تایبەت و شیاوی لە ژیانیدا دۆزیوەتەوە تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنەرانی فیلم پەیوەندیان پێوە کرد. لە ساڵی ١٩٤٨ـدا کاتێک لە لایەن بەرهەمهێنەرێکەوە بینرا و تێبینی کرا؛ گرێبەستی لەگەڵ بەسترا تاوەکوو ڕۆڵێکی بچووک لە فیلمی (Dutch in Seven Lessons 1948) ببینێت. دواتر ڕۆلی نواندکارێکی قسەکەری لە فیلمێکی ساڵی ١٩٥١ بە ناوی (چیرۆکی ژنە گەنجەکان بە ئینگلیزی: Young Wives’ Tale) لە ڕۆڵی ئیڤ ڵاستەر (Eve Lester) پێبەخشرا؛ هەرچەندە کە ڕۆڵەکەی لەم فیلمەشدا زۆر نەبوو، بەو هۆیەوە ڕووی لە ئەمریکا کرد تاوەکوو لەوێ بەختی خۆی تاقیبکاتەوە. لە ئەمریکادا بە ڕۆڵبینینی لە فیلمی پشووی ڕۆمانی (Roman Holiday) ساڵی ١٩٥٣ دەستبەجێ ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد و خەڵاتی باشترین نواندنکاری ئافرەتی بەدەستهێنا. لە ٢٥ ئەیلوولی ١٩٥٤ هاوسەرگیری لەگەڵ نواندکاری ناوداری ئەمریکی مێڵ فێڕێڕ (Mel Ferrer) کردووە و لە ١٧ تەمموزی ساڵی ١٩٦٠ یەکەم منداڵی کە کوڕێک بوو بەناوی شۆن هێپبێرن فێڕێڕ (Sean Hepburn Ferrer) لەدایکبوو. لە ساڵی ١٩ دا کاتێک ئۆدری لە لوتکەی کاری نواندندا بوو بڕیاریدا واز بهێنێت، هاوکات لە ساڵی ١٩٦٨ لە مێڵ فڕێڕی هاوژینی جیابووەوە. دواتر لە ١٩ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ دکتۆر ئێندریا دۆتی (Andrea Dotti) ژیانی هاوژینی پێکهێنا و لە ٨ شوباتی ١٩٧٠ دووەم منداڵیشی کە کوڕێک بوو بەناوی لوکا دۆتی (Luca Dotti) لە لۆزان لە ویلایەتی ڤۆد لە سویسرا لەدایکبوو.
لە ساڵی ١٩٨٨ ئۆدری بووە باڵیۆزی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سندووقی دارایی یونسێفدا بۆ یارمەتیدانی منداڵانی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و ئەو پۆستەی تاوەکوو ساڵی ١٩٩٣ پاراستووە و تێیدا ماوەتەوە، هاوکات ئۆدری ناوی لە گۆڤاری (پیپڵدا بە ئینگلیزی: People) وەک یەکێک لە پەنجا جوانترین کەسەکانی جیهان هاتووە. کۆتا ڕۆڵبینینی ئۆدری لە فیلمی هەمیشەیی (Always) ساڵی ١٩٨٩ـدا بوو و لە کۆتاییدا لە ٢٠ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرەوە کۆچی دوایی کرد. ئۆدری بە گشتی ٣١ فیلمی ئاست بەرزی دروستکردووە و قەشەنگی و ڕەنگینی و شێوازی تایبەت بە خۆی هەمیشە لە مێژووی فیلمدا دەمێنێت و لەبیر دەمێنێتەوە بە بەڵگەی ئەوەی کە لە گۆڤاری ئیمپایەڕدا (Empire Magazine) ناوی وەک یەکێک لە ١٠٠ ئەستێرە سەرەکییە هەمیشەییەکانی فیلمدا (The Top 100 Movies Stars of All Time) هاتووە. 

هەندێک زانیاری تر

ئۆدری یەکەم هەڵبژاردە بوو بۆ ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمی تامی هەنگوینی (Taste of Honey) ساڵی ١٩٦١.

لەلایەن گۆڤاری ئیمپایەرەوە وەک یەکێک لە ١٠٠ سەرنجڕاکێشترین ئەستێرەی مێژووی فیلم هەڵبژێردرا. 

فیلمی (Gigi) ساڵی ١٩٥٨ـی ڕەتکردەوە دوای ئەوەی کەسایەتییەکی لە شانۆنامەی (Broadway) ژانەری نامۆسیقایی وەرگرت. 

لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ کۆچی دوایی کرد کە ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونی بیڵ کڵینتن (Bill Clinton) بوو وەک سەرۆکی ئەمریکا؛ هاوکات ٦٧ـتەمین یادی ڕۆژی لەدایکبوونی پاتریشە نییەڵ (Patricia Neal) بووە کە پێکەوە لە فیلمی (نانی بەیانی لە تیفەنی ساڵی ١٩٦١بە ئینگلیزی: Breakfast in Tiffany) بوون.

دایکی ئۆدری ناوی کچەکەی لە ماوەی جەنگدا لە “ئۆدرییەوە” بۆ ماوەیەکی کاتی گۆڕی بە “ئێدا” چونکە هەستی کرد کە ناوی ئۆدری ڕەنگە ئاماژەیەکی دیار بێت بە ڕەگ و ڕیشەی بەڕیتانییەکان و لە کاتی جەنگدا ئینگلیزبوون لە هۆڵەندای داگیرکراودا سەرمایە و دەستکەوت نەبوو بەڵکوو دەیتوانی سەرنجی هێزە داگیرکارەکانی ئەڵمانیا ڕابکێشێت و لە ئەنجامدا زیندانیکردن یان تەنانەت شاربەدەربوون و وەدەرنانیشیانی لێ بکەوێتەوە. دوای جەنگ؛ باوکی ئۆدری چەند بەڵگەنامەیەکی لەسەر باوباپیرانی دۆزییەوە کە هەندێکیان هەڵگری ناوی “هێپبێرن Hepburn” بوون بەوهۆیەوە ناسناوی هێپبێرنی بۆ خۆی زیادکرد و وایکرد ئۆدری کچیشی ناسناوەکە بۆ ناوی یاسایی خۆی زیاد بکات.

ئۆدری زمانی ئینگلیزی، هۆڵەندی، ئیسپانی، فەڕەنسی و ئیتاڵیشی دەزانی و لە ژینگەیەکدا لەدایکبووە کە زمانی ئینگلیزی و هۆڵەندی تێدابووە، لەئەنجامدا شێوازێکی دەربڕینی تایبەت بە خۆی هەبووە. لە ڕێڕەوی ژیانیدا بەکارهێنانی فرەزمانزانییەکەی لەگەڵ ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا و کاری نواندن و مرۆڤدۆستی و کارەکانیتریدا بووە هۆی سوودێکی زۆر بۆی. 

ئۆدری دانی بەوەدا ناوە کە لە ڕۆژە سەختەکانی ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا ڕەگی گوڵەباخی خواردووە و هەوڵیداوە چیمەن بکات بە نان تاوەکوو بیخوات.

پێش ئەوەی بەناوبانگ بێت، وەک یاریدەدەری پزیشکی ددان مەشقی پێکراوە.

هاوشێوەی هەمفری بۆگارد؛ ئۆدری هێپبێرنیش ئەستێرەی پێنج فیلم بووە کە لەلایەن پەیمانگای فیلمی ئەمریکییەوە لە نێوان ١٠٠ باشترین چیرۆکی ڕۆمانسییەوە ڕیزبەندی کراون، ئەوانیش بریتین لە: فیلمی پشووی ڕۆمانی (١٩٥٣) لەڕیزبەندی چوارەمی لیستەکەیە. فیلمی سابرینا (١٩٥٤) لە پلەی ٥٤ـرەمین بووە؛ کە تێیدا لەگەڵ هەمفری بۆگارتدا ڕۆڵی گێڕاوە. فیلمی خانمە جوانەکەم (١٩٦٤) لە پلەی ١٢ـدا بووە. فیلمی (Two for the Road 1967) لە پلەی ٥٧ـی ڕیزبەندییەکەدا بووە و هەروەها فیلمی نانی بەیانی لە تیفەنی ساڵی ١٩٦١ لە پلەی ٦١ـی ڕیزبەندییەکەدا بووە.

چوار جار خەڵاتی (بێست پیکچەر ئۆسکاری Best Picture Oscar) لە (ئەکادمی ئەواڕدس Academy Awards) پێشکەشکردووە؛ ئەوانیش لە ساڵەکانی (١٩٥٥،١٩٦٠،١٩٦٦ و ١٩٧٥) کە ئەمەش لە هەموو نواندنکارەکانی تر زیاتربووە. 

لەلایەن گۆڤاری (ئینتەرتەینتمێنت ویکلییەوە Entertainment Weekly) وەک ٢١ـمین باشترین ئەستێرەی فیلمی هەموو کاتەکان هەڵبژێردرا.

هیوبڕت د ژیڤانشی (Hubert de Givenchy) دیزاینەری جل و بەرگی ئۆدری بووە بۆ چەندان فیلم وەک فیلمەکانی: سابرینا ١٩٥٤، دەموچاو هەزەلی ١٩٥٧ (Funny Face)، خۆشەویستی لە دوانیوەڕواندا ١٩٥٧ (Love in the Afternoon)، نانی بەیانی لە تیفەنی ١٩٦١ (Breakfast at Tiffany) ، پاریس لەکاتی کزەدا ١٩٦٤ (Paris When it Sizzles) ، چۆن ملیۆنێک دەدزیت (How to Steal a Million) ١٩٦٦، شڕاید ١٩٦٣ (Charade)، خۆشەویستی لەنێوان دزەکاندا ١٩٨٧ (Love Among Thieves).

لە ساڵی ١٩٩٦ ڕۆژنامەیەکی بەڕیتانی بەناوی (Harpers & Queen) ڕاپرسییەکی ئەنجامدا بۆ دیاریکردنی سەرنجڕاکێشترین ئافرەتی ئەو کاتە و ئۆدری پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. 

دەنگی پلەی یەکەمی بۆ جوانییە سروشتییەکانی هەموو سەردەمەکانی وەرگرتووە. 

لەلایەن گۆڤاری (Premiere) پلەی ١٨ـهەمینی وەک باشترین ئەستێرەی فیلمی هەموو کاتێک گرتووە.

پلەی سێیەمی لە (American Film Institute)ـی لە ڕیزبەندی ٥٠ باشترین ئەفسانەکانی شاشە گرتووە.

زۆر لەوە پەشیمانبوو کە ڕۆڵی ئان بێنکرۆفتی لە فیلمی (Turning Point 1977) وەرنەگرتووە؛ بەجۆرێک کە ئۆدری سەبارەت بەو ڕۆڵە و فیلمەکە وتوویەتی “ئەوە یەکەمین فیلم بوو لەدەستم چوو”.

ئۆدری سوێندی خواردبوو کە کێشی لە ٤٧ کیلۆ زیاد نەکات. جگە لە کاتی دووگیانییەکانی نەبێت؛ سەرکەوتووش بوو. 

ڕۆڵبینی لە فیلمی نانی بەیانی لە تیفەنی پلەی ٣٢ـی گرت لە ڕیزبەندی ١٠٠ باشترین ڕۆڵبینینەکانی هەموو کاتێکە لە گۆڤاری (Premiere).

داوای ڕۆڵی ئێما جاکلینی (EmmaJacklin) لە فیلمی (The Turning Point)ـی ساڵی ١٩٧٧ کردووە؛ بەڵام ڕۆڵەکە پێشتر درابووە ئان بێنکرۆفت (Anne Bancroft).

هێپبێرن لە یەکی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ نیشانەی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەکوێرەی تێدا دەستنیشانکرا (نەک شێرپەنجەی قۆڵۆن کە زۆرجار بە هەڵە دەوترێت). شێرپەنجەکە بڵاوبووەوە بۆ ناوپۆشی ڕیخۆڵە باریکەی و لە نەشتەرگەریدا تەنیا یەک لا لە ڕیخۆڵە باریکەی لابرا و ئیتر چارەسەری کیمیایی وەرگرت؛ دواتر لە نەشتەرگەری دووەمدا پزیشکەکان وتیان کە نەخۆشییەکەی زۆر بڵاوبووەتەوە و چارەسەر ناکرێت. شۆنی کوڕی پێی وابوو کە ڕەنگە نەخۆشییەکەی لەماوەی پێنج ساڵی پێش مردنیدا گەشەی سەندبێت.

لە ساڵی ١٩٨٠ تاوەکوو کاتی مردنی لەگەڵ نواندنکاری هۆڵەندی (ڕۆبێرت وۆڵدەرس Robert Wolders) لە سویسرا ژیاون.

عەزییە کورتە ڕەشەکەی کە بۆ فیلمی نانی بەیانی لە تیفەنی لەبەری کردبوو؛ لەلایەن هیوبڕت د ژیڤانشیوە (Hubert de Givenchy) دیزاینکرابوو و لە مەزاتی (Christie) بە بڕی ٩٢٠٠٠٠$ فرۆشرا.

لەلایەن خوێنەرانی گۆڤاری (ژنێکی نوێوە New Woman) بە (جوانترین ئافرەتی هەموو کاتێک Most Beautiful of all time) دەنگی پێ درا.

ژیانی هاوڕێیەکی بەناوی (کاپەسین Capucine) ڕزگارکرد، کە چەندین جار لە چەندین دەرفەتدا هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

هاوڕێی نزیکی (گریگۆری پێک و بێن گەزێرا و نواندکاری فەڕەنسی کاپەسین بووە).

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢، سەرۆک جۆرج بۆش (مەدالیای سەرۆکی ئازادی Presidential Medal of Freedom) پێ بەخشی لەپای ئەو کارانەی کە بۆ یونسێفی کردووە؛ بەڵام لەبەر نەخۆشی شێرپەنجە نەیتوانی بەشداری مەراسیمەکە بکات.

کۆتا ئەرکی مرۆیی و مرۆڤدۆستانەی بۆ یونسێف لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٢ بۆ سۆماڵ بوو؛ ئاماژەی پێ کردبوو کە لە کۆتایی گەشتەکەیدا هەستی بە ئازاری گەدە کردبوو کە ئەمەش پاش دوو مانگ بووە هۆی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەکەی.

فۆبیای ئاوی هەبووە کە تەگەرەی خستووە بەر چەند دیمەنێکی لە فیلمی (Two for the Road 1967).

هەموو ئەو موچانەی کە بۆ بەرهەمە کۆتاییەکانی بەدەستیهێنا، بەخشییە یونسێف؛ وەک (فیلمی خۆشەویستی لە نێوان دزەکاندا،فیلمی بۆ هەمیشە و زنجیرەی بەڵگەنامەیی باخچەکانی جیهان لەگەڵ ئۆدری هێپبێرندا).


خولیا و حەزێکی لەمێژینەی بۆ هونەری وێنەکێشان هەبووە؛ کاتێک منداڵ بووە وێنەی بۆ چیرۆکەکان کێشاوە تاوەکوو لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا خۆی سەرقاڵ بکات و ئازارە درێژخایەنەکانی کاتی برسییەتی بیرنەمێنێت. لە کاتی دووگیانبوونیشی بە لوکای کوڕیەوە خۆی بە وێنەکێشانەوە سەرقاڵ کردووە، هاوکات نموونەی کارەکانی لە کتێبی (ئۆدری هێپبێرن: ڕۆحێکی ناسکدا بە ئینگلیزی: Audrey Hepburn: An Elegant Spirit هەیە).

ئۆدری هێپبێرن چەندین جار تووشی لەبارچوون بووە بە منداڵی مێڵ فێرێری هاوژینی؛ ئەویش لە ساڵەکانی (١٩٥٤، ١٩٥٨، ١٩٦٥ و ١٩٦٧). هەروەها لەگەڵ دکتۆر ئێندریا دۆتی هاوژینی دووەمیشی کوڕێکی بوو بە ناوی لوکا لە ساڵی ١٩٧٠ و لە ساڵی ١٩٧٤ دووبارە دووچاری لەباربوون بووەوە.

یەکێک بووە لەو ١٧ نواندنکارەی تاجی سێ قوچکەی نواندکاری بەدەستهێناوە کە بریتییە لە (خەڵاتی ئۆسکار و ئیمی و تۆنی). 

پلەی ٨٢ لە (Men’s Health 100 Hottest Women of All Time 2011) گرتووە.

لە قۆناغی کۆتایی نەخۆشییەکەیدا ڕۆژنامەکان وێنەیان گرتبوو کاتێک لەماڵەوە ببوو و بڵاویان کردبووەوە و بووە هۆی ناڕەزایی هەوادارانی و ئەوانەی کە دەیانناسی.

ئۆدری هەرگیز هیچ یەکێک لە فیلمەکانی وەک دڵخوازترینی خۆی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام زۆرجار لە چاوپێکەوتنەکاندا بە خۆشەویستییەوە باسی فیلمەکانی (نانی بەیانی لە تیفەنی ١٩٦١ Breakfast at Tiffany’s، پشووی ڕۆمانی ١٩٥٣ Roman holiday ، دەموچاو هەزەلی ١٩٥٧ Funny Face، چیرۆکی ڕەبەنەکە ١٩٥٩ The Nun’s Storyو فیلمی شڕاید ١٩٦٣ Charade)ـی کردووە. هاوکات لێدوانی ئەوەی دابوو کە بەهۆی فشاری شکستی هاوسەرگیرییەکەیەوە چێژی لە کارکردن لە هەردوو فیلمی (Unforgiven 1960 و Wait Until Dark 1967) نەبینیووە و ئاماژەشی بەوە داوە کە بەهۆی کۆتایی فیلمەکانی (Paris When It Sizzles 1964 و Bloodline 1979) هەستی بە بێ هیوایی کردووە. سەرەڕای ئەمانەش ناوبانگێکی زۆری بەهۆی پیشەیی بوونییەوە هەبووە و زۆرینەی جارەکان لەگەڵ هاوئەستێرە و دەرهێنەرەکانیدا دەگونجان و دەردەکەوتن.

ژیاننامەی ئۆدری بەناوی (پەرجوو: ژیانی ئۆدری هێپبێرن بە ئینگلیزی: Enchantment: The Life of Audrey Hepburn) لەلایەن دۆنەڵد سپۆتۆ (Donald Spoto) بڵاوکراوەتەوە.

بڵاوکردنەوەی ژیاننامەی ئۆدری بەناوی (ئۆدری هێپبێرن: ڕۆحێکی ناسک بە ئینگلیزی: Audrey Hepburn: An Elegant Spirit) لەلایەن شۆن هێپبۆرن فێڕێڕی کوڕییەوە بووە.

٤٠ـهەمین نواندنکار بوو کە خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتووە؛ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین نواندنکاری ئافرەتی بۆ فیلمی پشووی ڕۆمانی ساڵی ١٩٥٣ بردەوە لە ٢٦ـهەمین خەڵاتی ساڵانەی ئۆسکاری ١٩٥٤ لە ٢٥ـی ئازاری ١٩٥٤.

لە کاتی وێنەگرتنی بۆ فیلمی (Unforgiven 1960) خووی جگەرەکێشانی بۆ ٦٠ جگەرە لە ڕۆژێکدا زیادکرد.

لە سێ فیلمی پاڵێوراو بۆ باشترین وێنەی ئۆسکار (Best Picture Oscar) ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە کە ئەوانیش بریتی بوون لە ( پشووی ڕۆمانی ١٩٥٣، چیرۆکی ڕەبەنەکە ١٩٥٩، خانمە جوانەکەم ١٩٦٤ و تەنیا فیلمی خانمە جوانەکەم My Fair Lady براوە بوو).

گوایە لە فیلمی ("Al di la dal fiume e tra gli alberi" بە ئینگلیزی: Across the River and into the Trees) ڕۆڵی سەرەکی لەگەڵ بێرت ڵانکستەر (Burt Lancaster) بۆ دانراوە؛ کە لە دەرهێنانی ڤلێریۆ زورلینی (Valerio Zulirini)، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە کە ئایا فیلمەکە تەواو بووە یان بڵاوکراوەتەوە.

کۆمپانیای سامسۆنگ لە ساڵی ٢٠١٥ ڕاپرسییەکی کرد بۆ دیاریکردنی (شیکترین بەڕیتانی هەموو کاتێک The Stylish Brit of All Time) و ئۆدری هێپبێرن هەڵبژێردرا و بووە شیکترین و ڕێکپۆشترین بەڕیتانی هەموو سەردەمێک. 

لە دوای کۆچی دوایی هێپبێرن، شوێنی گۆڕەکەی لە تۆڵاشناز (Tolochenaz) لە ویلایەتی ڤۆدی سویسرادا بووە گەورەترین شوێنە گەشتیارییەکان لە سەرانسەری ئەورووپادا؛ بەشێوەیەک بوو کە خەڵکی لە هەموو جیهانەوە سەردانیان کردووە و بە درێژایی ساڵ سەدان و هەزاران کەس سەردانی دەکەن. 

ئۆدری هێپبێرن بەردەوام وەک یەکێک لە کەسایەتییە ئیلهامبەخشەکانی پیشە و مۆدە و کارە مرۆییەکان لەلایەن ژمارەیەکی زۆری کەسایەتییە دیارەکانەوە ناوزەند کراوە لەوانە: ئەنجلینا جولی، تایلەر سویفت، ماری کەیت، ڤیکتۆرتا بێکهام و ژمارەیەکی بێشوماری تر.

بە جوانترین ئافرەتی سەدەی بیستەم لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا لە ڕاپرسییەکی (Evian and QVC) دەستنیشانکراوە.

لە پێنج فیلمدا بەشداری کردووەکە لەلایەن کتێبخانەی کۆنگرێسەوە بۆ تۆماری نیشتیمانی فیلم هەڵبژێردراون کە لە ڕووی (کولتووری، مێژوویی یان جوانکارییەوە) گرنگن، ئەوانیش بریتین لە: پشووی ڕۆمانی، نانی بەیانی لە تیفەنی، شڕاید و خانمە جوانەکەم).

لە نێوان ١٠٠٠٠ داواکار و داخوازیکاری ڕۆڵدا هەڵبژێردرا بۆ ڕۆڵی شازادە ئان لە فیلمی پشووی ڕۆمانی (Roman Holiday).

مامێکی لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە بە بارمتە گیرا و تەقەی لێ کرا.

هاوسەری دووەمی بە ناوی ئێندریا دۆتی لە ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردووە.

عەزییە ڕەشەکەی کە فیلمی نانی بەیانی لە تیفەنی لەبەری کردبوو؛ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ـدا بە نرخی ٧٠ هەزار پاوەند خرایە مەزادەوە و بە بڕی ٤١٠ هەزار پاوەند فڕۆشرا.

لە ساڵی ١٩٩٤ـرەوە دەستی بە جگەرەکێشان کردووە؛ دواتر بووە بە خووێک بۆ هەموو ژیانی، بە شێوەیەک بووە کە ڕۆژانە سێ پاکەت جگەرەی کێشاوە.

لە فیلمی (نانی بەیانی لە تیفەنی ١٩٦١ Breakfast at Tiffany’s) جێی مارلین مۆنرۆی گرتەوە.

 

کارە مرۆڤدۆستی و خێرخوازییەکانی

ساڵانی ١٩٨٨ - ١٩٨٩

یەکەم ئەرک و کاری مەیدانی ئۆدری هێپبێرن بۆ یونسێف لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ ئەسیوبیا بوو. سەردانی خانەی بێ نەوایانی کرد لە مەکێڵا کە ٥٠٠ منداڵی برسی لێبوو و داوای لە یونسێف کرد کە خواردن بنێرن بۆیان. لەبارەی گەشتەکەوە ئۆدری وتی:
دڵم زۆر شکاوە، هەست بە نائومێدی دەکەم و ناتوانم ئەو قسە و بەڵگەیە قبووڵ بکەم کە دەڵێت دوو ملیۆن کەس لە برسییەتیدا خەریکە دەمرن؛ زۆرینەشیان منداڵن، لەبەر ئەوە نا کە تەنێک خواردن لە بەندەری باکووری شۆوا (Shoa) نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ناتوانرێت دابەشبکرێت. بەهاری ساڵی ڕابردوو بەهۆی دوو شەڕی ناوخۆی هاوکاتەوە فەرمانی دەرکردنی کارگوزارەکانی یونسێف و کرێکارانی خاچی سوور درا. بەوهۆیەوە چوومە وڵاتی یاخیبوان و ئەو دایک و منداڵانەم بینی کە ماوەی ١٠ ڕۆژ تەنانەت هەیانبوو سێ هەفتە بە پێ ڕێیان کردبوو تاوەکوو خواردنێک بدۆزنەوە و بیخۆن. ئەوان لەسەر زەوی بیابانەکان و کەمپە کاتییەکان نیشتەجێبوون کە ڕەنگە تیایدا بمرن. سامناکە… ئەو دیمەنانە بۆ من زۆر قورسن. زاراوەی (جیهانی سێیەم) زاراوەیەکە من حەزم پێی نەبووە چونکە ئێمە هەموومان یەک جیهانین. دەشمەوێت خەڵکی هەموو بزانن کە گەورەترین بەشی مرۆڤایەتی، ئازارچەشتنە”.
لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ هێپبێرن بۆ هەڵمەتێکی کوتان سەردانی تورکیای کرد و وڵاتی تورکیای بە (خۆشەویستترین نموونە)ـی تواناکانی یونسێف ناوبرد. هاوکات لە مانگی تشرینی یەکەمدا سەردانی ئەمریکای باشووری کرد و دەربارەی ئەزموونەکانی لە ڤەنزوێلا و ئیکوادۆر بە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ڕاگەیاند و وتی: “بۆ یەکەمجار بینیم کۆمەڵگە شاخاوییە بچووکەکان، ناوچە هەژارنشینەکان و گەڕەکی هەژارەکان سیستمی ئاویان وەرگرتووە و ئەمە وەک پەرجوویەکە، پەرجووەکەش یونسێفە. کوڕەکانم دەبینی خەریکی دروستکردنی بینای قوتابخانەکان بوون بۆ خۆیان بەو خشت و چیمەنتۆیەی لەلایەن یونسێفەوە دابینکراوە”.
هێپبێرن لە شوباتی ساڵی ١٩٨٩ گەشتێکی بۆ ئەمریکای ناوەڕاست کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی هندۆراس و گواتیمالا سلڤادۆر کۆبووەوە. لە مانگی نیساندا لەگەڵ وۆڵدەرز (Wolders) وەک بەشێک لە ئەرکێک بە ناوی (Operation Lifeline) سەردانی سوودانی کرد. ئەوکاتە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە خۆراکی دەزگاکانی فریاگوزاری بڕابوو و نەمابوو و ئەرکەکەیان بریتیبوو لە گواستنەوەی خۆراک بۆ باشووری سوودان. ئۆدری سەبارەت بەم گەشتەی وتی: “تەنیا یەک ڕاستی ڕوونم بینی ئەوەبوو کە ئەمانە کارەساتی سروشتی نین بەڵکوو کارەساتی دروستکراوی دەستی مرۆڤن؛ کە تەنیا یەک چارەسەری دروستکراوی مرۆڤی هەیە.. ئەویش ئاشتییە.” 
لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٩ هێپبێرن و وێلدەرز چوون بۆ بەنگلادیش.

جۆن ئیسحاقی وێنەگرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: “زۆرجار منداڵەکان مێش لە دەوریان ئاڵابوو بەڵام ئۆدری دەچوو توند لە باوەشی دەگرتن؛ بەڕاستی من هەرگیز ئەو دیمەنەم نەبینیبوو چونکە هەموو ئەوانی تر دوودڵییەکی کەمیش بووبێت هەیانبوو بەڵام ئۆدری بێ دوودڵی توند دەیگرتن بە خۆیەوە و لە ئامێزی دەگرتن.”

ساڵانی ١٩٩٠ - ١٩٩٢

لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٠، هێپبێرن سەردانی ڤێتنامی کرد لە هەوڵیکدا بۆ کارکردن و هاریکاریکردنی حکوومەت بۆ بەرنامە و ڕێکارە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کوتان و دابینکردنی ئاوی پاک. هەروەها لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٢ـدا کە دەیکردە نزیکەی چوار مانگ پێش مردنی؛ هێپبێرن چوو بۆ سۆماڵ و بە (apocalyptic) کە بە واتای پێشبینی لەناوچوونی تەواوەتی جیهان دێت، ناوزەندی کرد و وتی: “چوومە ناو کابوسێکەوە، لە ئەسیوبیا و بەنگلادیش قاتوقڕیم بینی بەڵام هیچ شتێکی لەم شێوەیەم نەبینیووە.. ئەمە زۆر خراپتر بوو لەوەی کە ئەگەر بمتوانیایە خەیاڵی خراپ بکەم هێشتا نەدەگەیشتە ئەم دۆخە، من ئامادەی ئەم بارودۆخە نەبووم.” 
هەرچەندە هێپبێرن زۆر ترسابوو لەوەی کە بینیبووی، بەڵام هێشتاش هیوای هەبوو و دەیوت: “لەگەڵ چوونە نێو سەدەی ٢١ـدا، زۆر شت هەن کە دەبێت بیری لێ بکەینەوە. سەیرێکی دەورووبەرمان دەکەین و دەبینین کە دەبێت ئەو بەڵێنانەی دوێنێ داومانە بێنە دی. مرۆڤەکان هێشتاش لە هەژاری و دەردەسەرییەکی گەورەدا دەژین، خەڵکی هێشتا برسین، مرۆڤەکان هێشتا دەجەنگن تاوەکوو ڕزگاریان بێت و لە ژیان بمێننەوە. لەناو ئەم کەسانەدا منداڵەکان دەبینین، ئەو منداڵانەی کە هەمیشە سکە برسییە گەورەکەیان، چاوە خەمبارەکانیان و ڕووخسارە ژیرەکانیان کە ئازارەکانیان نیشان دەدات، هەموو ئەو ئازارانە نیشان دەدات کە لەو ماوە کورتەی تەمەنیاندا چەشتوویانە.”

خەڵات و پێزانینەکانی یونسێف

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (جۆرج بۆش George Bush) مەدالیای سەرۆکایەتی ئازادی بە ئۆدری بەخشی لە پێناو ئەو کارانەی لەگەڵ یونسێف کردبووی، هاوکات ئەکادیمیای هونەری وێنەی جوڵاو و زانست پاش مردی خەڵاتی (جین هێرشۆڵت Jean Hersholt)ـی بە ئۆدری بەخشی بەهۆی بەشداریکردنی لە کارە مرۆڤایەتییەکاندا. لە ساڵی ٢٠٠٢، لە کۆڕێکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەر منداڵان، یونسێف ڕێزی لە میراتی کارە مرۆییەکانی ئۆدری گرت بە پەردەلادان لەسەر پەیکەرێک بە ناوی (ڕۆحی ئۆدری) لە بارەگای یونسێف لە نیویۆڕک

نەخۆشکەوتن و مردنی

لەگەڵ گەڕانەوەی لە سۆماڵەوە بۆ سویسرا، لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٢؛ ئۆدری ئازاری سکی بۆ دروست بوو. لەکاتێکدا تاقیکردنەوە و پشکنینە سەرەتاییەکانی سویسرا هیچ ئەنجامێکیان نەدا بەدەستەوە، نەشتەرگەرییەکی هەناوبینی لە لۆس ئەنجڵس لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا بۆ ئەنجامدرا کە تێیدا جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەی ناوسکی تێدا دەرکەوت کە سەر بە کۆمەڵێک شێرپەنجەیە و بە (pseudomyxoma peritoni) ناسراوە. بەهۆی ئەوەی شێرپەنجەکە لە ماوەی چەند ساڵێکدا بەهێواشی گەشەی کردبوو، وەکوو پۆشاکێک بە دەوری ڕیخۆڵە باریکەیدا تەشەنەی کردبوو و دوای نەشتەرگەری، هێپبێرن دەستی کرد بە چارەسەری کیمیایی. ئۆدری کۆتا ڕۆژەکانی لە ماڵەکەی خۆیدا لە ژێر چاودێری چارەسەرکارێکی تایبەتدا بەسەر بردووە و ناو بە ناو هەستی بە باشی کردووە و لە باخچەی ماڵەکەیدا پیاسەی کردووە. پاشان وردە وردە وای لێهاتووە کە لە جێگەکەیدا قەتیس بووە و بارودۆخی خراپ بووە. 
لە ئێوارەی ٢٠ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٣، ئۆدری لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناو خەودا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی تۆڵاشناز بەخاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



303 بینین