ئایا چۆن پێوانی نەبیستن دەکەین؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-14-23:00:00 - کۆدی بابەت: 11430
ئایا چۆن پێوانی نەبیستن دەکەین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن پێوانی نەبیستن دەکەین، ڕێگا و شێوازەکانی چین (بە ئینگلیزی: How do we measure hearing impairment, what are the methods، به عەرەبی: كيف نحدد مقياس عدم السمع)، کۆمەڵێک ڕێگا و شێواز هەن بۆ دەستنیشانکردنی کەم توانای بیستن.

ڕێگای دەستنیشانکردنی کەم بیستن

ڕێگای باو و کۆن 

لێرەدا هەندێک زانیاری و داتا دەربارەی کەسەکە کۆدەکرێتەوە بەڵام ئەم ڕێگایە زانستی و زۆر ورد نیە و چەند شێوازێک لە خۆ دەگرێت لەوانە:

١- ڕێگای لێدانی کاتژمێر
لێرەدا داوا لە کەسی نابیست دەکرێت گوێ لە دەنگی کاتژمێرێک بگرێت ئەگەر گوێبیستی لێدانی چرکەکانی بوو واتای وایە گرفتی بیستنی نیە، بە پێچەوانەوە ئەگەر گوێی لە دەنگی کاتژمێرەکە نەبوو دیارە گرفتی بیستنی هەیە. 
یان بە ڕێگای دیکە تاقیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ نموونە: داوا لە کەسەکە دەکرێت لە ژوورێکی بێدەنگدا گوێ لە دەنگی کاتژمێر بگرێت و ئەمەش بە دانانی کاتژمێرێک لە تەنیشت گوێی کەسەکە و پرسیاری لێ دەکرێت ئایا گوێی لێیەتی یان نا ئەگەر گوێی لێیەتی دەستی بەرز بکاتەوە و دواتر ئەو کەسەی تێستەکە ئەنجام دەدات هەنگاو بە هەنگاو کاتژمێرەکە لە گوێی کەسەکە دوور دەخاتەوە تا ٢ بۆ ٥ پێ، ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ گوێیەکەی تری بەهەمان شێوە ئەنجام دەدات تا بزانرێت توانای بیستنی لە چی ئاستێکدایە.

٢- ڕێگای چرپە 
لەم تاقیکردنەوەدا بە دەنگی نزم و چرپە بانگی کەسەکە دەکرێت یان داوای لێ دەکرێت چەند پیتێک وەکو B, ٨، ٢، دووبارە بکاتەوە ئەگەر گوێبیستی چرپەکە نەبوو کەمێک دەنگ بەرز دەکرێتەوە، بۆیە لە ئەنجامی ئەم بانگ کردنە بە دەنگی نزم و چرپە توانستی توانای کەسەکە دەردەکەوێت کە گوێی گرانە یان توانای بیستنی ئاساییە یان نا. 
ئەم تاقیکردنەوەیە بە شێوازی تر ئەنجام دەدرێت وەک ئەوەی لە ژوورێکی ٥ یان ٦ مەتریدا تاقیکردنەوە بە کەسەکە بکرێت و داوای لێ بکرێت ڕوو بکاتە دیوار و بە لۆکە یەکێک لە گوێیەکانی دەگیرێت و لە پشتەوە بە هێواشی بانگی دەکات و هەنگاو بە هەنگاو لێی دووردەکەوێتەوە و هەر بە هێواشی بانگی دەکات تا دەگاتە شوێنێک کە ئیتر گوێی لێ نابێت بۆیە ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ گوێیەکەی تری بەهەمان هەنگاوی پێشوو ئەنجام دەدرێت تا ئاستی بیستنی دەستنیشان دەکرێت.

ڕێگا نوێیەکانی تاقیکردنەوەی کەمتوانایی بیستن

١- ڕێگای پێشکەشکردنی قسە و تێگەیشتنی
ئەو کەسەی تاقیکردنەوەی نابیستی دەکات هەندێک دەنگ و هەندێک پیتی جیا پێشکەش دەکات تا پێوانی ئەوە بکات تا چەند کەسی کەم توانایی بیستن گوێبیستی دەبێت؟ تا چەند لە دەنگەکان تێدەگات یان تێناگات؟ 

٢- رێگای پێوانەکردنی بیستنی ورد 
لێرەدا کەسی پسپۆڕ تاقیکردنەوەی تایبەت بەکاردەهێنێت بۆ ئەو کەسانەی کەمتوانایی بیستنیان هەیە، ئەم تاقیکردنەوەیە بە یەکەی هێرتز و دێسێبڵ دەستنیشان دەکرێت، ئەمەش بە دانانی هێدفۆن لە هەردوو گوێی کەسەکە پێوانی نابیستیەکەی دەکرێت، بیرۆکەی ئەم شێوازە بەو شێوەیەیە کە هەرجارەی هەندێک دەنگی بەرز و نزم ئاڕاستەی گوێی کەسەکە دەکرێت تا بە وردی پێوانی ئاستی نابیستییەکەی بکرێت، ئایا کەسێکی ئاساییە یان گوێچکەی گرفتی کەمتوانایی بیستنی هەیە. 


سەرچاوەکان



247 بینین