چۆن پلان بۆ ساڵی نوێ دابنێین؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-14-23:00:00 - کۆدی بابەت: 11726
چۆن پلان بۆ ساڵی نوێ دابنێین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن پلان بۆ ساڵی نوێ دابنێین؟ (بە عەرەبی: كيف نخطط للعام الجديد؟، بە ئینگلیزی: ?How do we plan for the new yearپلاندانان بنچینەی سەرەکی پێشکەوتن و گەشەپێدانی مرۆڤە. لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێدا، پێویستە پێداچوونەوە بەو شتانەدا بکەین کە بەدەستمان هێناوە و پشتی پێ ببەستین بۆ تەواوکردن، دەستکاریکردن، یان تەنانەت لەناوبردنی پلانە نەخوازراوەکانمان. لە سەرەتادا بە وردی لە هۆکاری شکستەکانی ساڵی ڕابردوو دەکۆڵینەوە، دواتر میکانیزمێک دادەنێین بۆ کارکردن و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان. بۆ ساڵی نوێ ئامانجێکی نوێ بەڵام گەورە دادەنێین، سەرەکیترینیان لایەنی تەندروستی جەستەیی و دەروونیمانە، ساڵی نوێ بە ساڵی دەستکەوت دەزانین و لە کۆتاییدا ئەنجامی بەرجەستەکراو بە دەستدەهێنین.

گرنگی دانانی پلان لە ساڵی نوێدا

ئەگەر سەیری بەرواری مانگی یەکەمی هەموو ساڵێک بکەین، دەبینین ئەم بەروارە چەندە گونجاوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە و ویستەکانمان بەرز بکەینەوە، ئەو خووانە بگۆڕین کە نامانەوێت لە ژیانماندا بمێنێننەوە. بەگشتی تاکەکان ئارەزوو دەکەن ژیانی خۆیان دابەش بکەن وەک ئەوەی زنجیرە درامایەک یان فیلمێک بێت، ئەمەش وایان لێدەکات پەرۆش بن بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، بۆ ئەوەی دەست بکەن بە وەرزش یان وازهێنان لە جگەرەکێشان، یان کردارەکانی تر.

بە واتایەکی تر، سەرەتاکان پاڵنەرێکی دەروونی بەهێز پێکدەهێنن بۆ ئەوەی تاکەکان دەست بکەن بە گەیشتن بە ئامانجە گرنگەکان و داڕشتنی پلانی نوێ، زاڵبوون بەسەر هەڵە و ئاستەنگەکانی پێشوودا کە تووشی بوون، خۆ ئامادەکردن بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆ بگرن بەرامبەر بە بڕیارە نوێکانیان، ئەمەش لە بواری دەروونناسیدا ناسراوە بە "کاریگەرییەکانی سەرەتایەکی نوێ" کاریگەری دەستپێکی نوێ، پەلەکردنە لە تاکەکان بۆ بڕیاردان و پەرەپێدانی پلان دوای ڕووداوێکی گرنگ یان بەروارێکی گرنگ. بەهۆی ئەم قەیرانە ئابوورییانەی کە هەموو تاکەکانی بە بارگران کردووە، گرنگی دانانی پلان بۆ ساڵی نوێ زیاتر ڕوون بووەتەوە.

ئەو یاسایانەی کە پێویستە لەکاتی پلاندانان بۆ ساڵی نوێ پەیڕەویان بکەیت

  • خاڵە بەهێز و لاوازەکانت دیاریبکە.
  • ئەو ئاستە دیاری بکە کە دەتەوێت پێی بگەیت.
  • دانانی ئامانجەکان بە وریاییەوە، نەک هەڕەمەکی.
  • ئەگەر ئامانجەکان زۆر گەورەبوون ئەوا کەمیان بکەرەوە (لە یەک بۆ سێ ئامانج).
  • ئامانجی گەورە دابەش بکە بەسەر ئامانجی کورت مەودا بۆ گەیشتن بە دەستکەوت.
  • دابەشکردنی ساڵ بۆ چوار بەش: چارەکی یەکەم، چارەکی دووەم، چارەکی سێیەم، چارەکی چوارەم، بۆ ئەوەی پلانی ساڵانەی خۆت بە وریاییەوە پەیڕەو بکەیت و ئەنجامەکان بەدی بهێنیت.

چۆن وردەکاری خەونەکانمان بۆ ساڵی نوێ بخەینەڕوو؟

ئەم پرسیارە دەمانخاتە بەردەم چەند کردارێک لەوانە:

  • هەموو ئامانجەکانت بە ڕوونی لەسەر کاغەزێک بنوسە.
  • لەبەردەم هەر ئامانجێکدا سەرنجی ئەو ئاستەنگانە دەدەین کە ڕێگرن لە گەیشتن بە ئامانجەکە.
  • وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە: ئایا ئەم ئامانجە ڕاستەقینەیە یان ناڕاستەقینەیە، ئەگەری گۆرانی هەیە، یان ئەنجامە خوازراوەکانم بۆ بەدەست ناهێنێت؟
  • هەڵوەشاندنەوەی ئامانجە بێسوودەکان بۆ ئەوەی نەبنە هۆی سەرقاڵکردنی مێشکمان بەهۆی زۆری ژمارەی ئامانجەکانەوە.

پێویستە لە ساڵی نوێدا سەرنجمان لەسەر چی ئامانجێک بێت؟

گرنگە پابەند بین بە ئامانجە سەرەکییەکان لە هەمووی گرنگتر گرنگیدانە بە لایەنی ڕۆحی، تەندروستی، کردەیی، گەشەپێدان و کات بەسەربردن:

١-ئامانجە ڕۆحییەکان: من کێم، پەیوەندیم لەگەڵ خودا، بناغەی هەموو کارێک کە دەیکەم. پەیوەندیم لەگەڵ خۆم و نەفسی خۆم: پێویستە لە ساڵی نوێدا فێری کارامەییەکی نوێ ببم (کارامەییەکی نوێ بۆ هەر سێ مانگ جارێک).

٢- ئامانجە تەندروستی و جەستەییەکان: ئەنجامدانی هەندێک وەرزش، گرنگیدان بە خۆراکە تەندروستەکان، بەدەستهێنانی ئەو شتانەی کە لە ساڵانی داهاتوودا یارمەتیدەر دەبن.

٣- ئامانجە کردەییەکان: پێویستە جۆرێک لە پاشەکەوتی دارایی و ئاسایش بەدەست بهێنین.

٤- ئامانجەکانی کات بەسەربردن: بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ منداڵەکانت، خێزانەکەت، هاوڕێکانت، چونکە ژیان گەشتێکی جوانە و دەبێت چێژی لێ ببینرێت.

چۆن بتوانین پابەند بین بە پلانەکانی ساڵی نوێ؟

  • نووسین: پلانەکە دەست نووس بێت باشترە.
  • ساڵەکە دابەش بکە بەسەر چوار چارەک و ئامانجێکی گشتی جێبەجێ بکە (هەر سێ مانگ جارێک).
  • پابەندبە بە پلانەکەوە و فشار لە خۆت مەکە چونکە ژیان پێویستی بە نەرم و نیانی هەیە.
  • سێ مانگ جارێک هەڵسەنگاندنێک بۆ پلانەکانت ئەنجام بدە: هەڵسەنگاندنێکی دەروونی و ڕێژەی سەدی ئامانجی بەدەست هاتوو.
  • پاداشتکردنی خۆت بە دیارییەک ئەگەر ئەو شتەت بەدەست هێنا کە دەتویست، یان لە کۆتایی هەر پلانێکدا، یان هەر کاتێک هەوڵێکی زیاترت دا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەت.
  • لە کۆتایی هەر ساڵێکدا ئامار و دەستکەوتەکانت تۆمار بکە.

چەند ئامۆژگارییەکی بەنرخ بۆ پلاندانانی سەرکەوتوو لە ساڵی نوێدا

  • بەردەوامبوون، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پلانەکان.
  • بەدواداچوون بۆ هەڵسەنگاندنەکان و پاداشتکردنی خۆت.
  • پلان بۆ خۆت دابنێ پێش ئەوەی کەسانی تر پلانت بۆ دابنێن.
  • ئەو ئەزموون، فێربوون و لێهاتووییە نوێیەی کە بەدەستت هێناوە لە کارەکەتدا بەکاریان بهێنە.
  • خۆت بەراورد مەکە بە کەسانی تر، جا لە خۆت نزمتر بێت یان بەرزتر: خۆت بەراورد بکە بە خودی خۆت، ئەو شتانە بنووسە کە بەدەستت هێناوە و خۆت بەراورد بکە بە ساڵی ڕابردوو لە ڕووی شکست و دەستکەوتەکانتەوە.
  • بیرۆکەی بەسوود لە کەسانی تر وەربگرە و بیخە ناو پلانەکەتەوە.
  • بێدەنگبوون، ئەگەر ئامانجی گەورەت هەیە بیخە ناو پلانەکەتەوە، بەڵام هەتا بەدەستی نەهێنی، ڕایمەگەیەنە.
  • دەستکاریکردنی پلانەکان لە ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگ، دەستکاریکردنی هەندێک ئامانج، یان مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێکیان بە بیرۆکەی جیاواز.
  • ژیان بریتییە لە ئەزموونکردن، ئەم ئەزموونانە لە چوارچێوەی خۆشگوزەرانیدا بەکاربهێنە بە بەکارهێنانی ئەو لێهاتووییانەی کە هەتە.


سەرچاوەکان



315 بینین