زیانەکانی سۆپای نەوت

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-18-23:25:00 - کۆدی بابەت: 11745
زیانەکانی سۆپای نەوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیانەکانی سۆپای نەوت (بە عەرەبی: اضرار صوبة النفطية، بە ئینگلیزی: Oil stove damages)، سۆپای نەوت بە یەکەم هەڵبژاردەی دانیشتوانی عێراق دادەنرێت بۆ خۆپاراستن لە سەرمای زستان، هەرچەندە بە ئامێرێکی سەرەتایی دادەنرێت، زیانی تەندروستی و ژینگەیی زۆری هەیە. سۆپاکە نەوتی سپی تێدەکرێت کە لە ڕێگەی پڵیتەوە هەڵدەمژرێت. بەڵام گازی زۆر دەردەدات و بۆنێکی ناخۆش دروستدەکات کە مەترسی لەسەر ژینگە و تەندروستی هەیە. هەروەها دەبێتە هۆی ڕووشانی لینجە پەردەکان و ژەهراویبوون بە گازی یەکە ئۆکسیدی کاربۆن، دەیان ساڵە هاووڵاتییە عێراقییەکان پەیوەستبوون بە سۆپای نەوتی "عەشتار" و "عەلادین"، کە بووەتە بەشێک لە کەلتوریان.

هۆکارەکانی بەکارهێنانی سۆپای نەوت

بەهۆی ئەوەی دانیشتووانی عێراق لەسەر خانووی فراوان و کراوەدا ڕاهاتوون کە تایبەتمەندن بە ژوور و هۆڵی گەورە، ئەمەش وایان لێدەکات بە ئاسانی ببنە نێچیری شەپۆلە ساردەکان هەروەها بەهۆی کەمی کارەبا ناچارن سۆپای نەوت و غاز بەکاربهێنن. هەر بۆیە لە وەرزی زستاندا عێراقییەکان تەنها لەگەڵ سەرمادا ململانێ ناکەن، بەڵکو لەگەڵ ئەو مەترسییانەی کە بەهۆی سۆپای نەوتەوە دروست دەبن، کە چەندین جار زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

زیانەکانی بەکارهێنانی سۆپای نەوت 

بەکارهێنانی گەرمکەرەوە بەهۆی تیشکی ژێر سوور و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەتایبەت لە کاتی خەوتندا، چەندین زیانی هەیە، لەوانە:

ژەهراوی بوون

دەکرێت گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن کە لە ئەنجامی سووتانی نەوتەکە بەرهەم دێت دزە بکات و بچێتە هەوا، لە کاتی خەوتن گازەکە هەڵدەمژین بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین، لەو کاتەدا  مەترسی ژەهراویبوونمان هەیە.

لاوازی سیستەمی بەرگری لەش

هەڵمژینی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن مەترسی لەسەر سیستەمی بەرگری دروست دەکات و دەبێتە هۆی هەستیاری و تەنگەنەفەسی، هەروەها بەرکەوتنی بەردەوام بەم گازە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی بەردەوام.

دەبێتە هۆی سوتانی پێست

یەکێک لە مەترسییەکانی گەرمکەرەوە (بەتایبەتی کارەبایی) دەبێتەهۆی سوربوونەوە و سووتانی پێست، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە بە بەردەوامی تیشکی ژێر سوور بەر پێست دەکەوێت، لەم حاڵەتەدا ڕەنگی پێست بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت و پەڵەی قاوەیی لەسەر دەردەکەوێت.

ڕەبۆ و هەوکردنی بۆری هەناسە

سۆپا دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی، چونکە کار لەسەر گەرمکردنەوەی هەوای ژوورەکە دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی شێ لە هەوادا، هەڵمژینی ئەم هەوایە دەبێتە هۆی تێکچوونی هەناسەدان وەکوو تەنگەنەفەسی، هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، خوێنبەربوونی لووت کە بەهۆی وشکبوونەوەی لینجە پەردەکانەوە ڕوودەدات.

وشکبوونەوەی چاو

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە نەمانی شێ لە هەوادا، دەبێتە هۆی بەهەڵمبوونی فرمێسکی چاو، ئەمەش وادەکات پاراستنی شێداری چاو قورس بێت هەروەها دەبێتە هۆی گیرانی لووت.

تووشبوون بە نەخۆشی

هەروەها هەوای وشکی ناو ماڵ دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لینجەپەردەکان، بەمەش تۆز و ئەو ماددانەی کە دەبنە هۆی هەوکردن دەچنە ناو کۆئەندامی هەناسە و دەبنە هۆی هەوکردنی سییەکان، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە پەتا زیاد دەکات.

دروستکردنی مەترسی گەورە لەسەر منداڵ 

کاریگەری گەرمکەرەوە لەسەر گەورەساڵان هەمان کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە، دیارترینیان خنکانە، هەموو جۆرەکانی گەرمکەرەوە دەبێتە هۆی سەرمابوون، بەهۆی جیاوازی پلەی گەرمی ژوورەکە لەگەڵ پلەی گەرمی دەرەوە، لەگەڵ دەرچوونی لەناکاو، جوڵەی سیلیاکانی کۆئەندامی هەناسەی منداڵەکە کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاکبوونی بەکتریاکان و سەرمابوون. بەتایبەت منداڵانی بچووک بەهۆی لاوازی سیستمی بەرگریانەوە. بەزۆری کاریگەری لەسەر ئەو منداڵانە دەبێت کە بە دەست هەستیارییەوە دەناڵێنن، جا چی هەستیاریی سنگ، لووت، چاو یان پێست بێت. هەروەها بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرمی چالاکی هەستیاری زیاتر دەبێت لە جەستەدا.

سووتان

ئەگەر لە کاتی خەوتندا قوماش، پەردە، یان جل و بەرگ ڕاستەوخۆ لە سەرووی سۆپا یان لە نزیکییەوە هەبێت، مەترسی ئاگرکەوتنەوە زیاترە بەمەش ئەندامانی خێزانەکە ڕووبەڕووی مەترسی سووتان دەبنەوە، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی زستاندا بەهۆی گەرمکەرەوەکانەوە زۆر باون.


سەرچاوەکان



344 بینین