شڵەژانە ڕەفتارییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-12-26-16:36:00 - کۆدی بابەت: 11772
شڵەژانە ڕەفتارییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شڵەژانە ڕەفتارییەکان (بە عەرەبی: الاضطرابات السلوكية، بە ئینگلیزی: Behavioral disorders)، شڵەژانی ڕەفتاری یان هەڵچوونی بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی ڕەفتاری هەڵچوونی نا ئاسایی کە سەرچاوەی بێزارییە بۆ کەسەکە و دەوورووبەری، چونکە لەو جۆرە ڕەفتارانە خۆیان دەنوێنن کە پەسەند نین. 

ڕادەی بڵاوبوونەوەی شڵەژانی ڕەفتاری 

هەرچەندە ژمارەیەکی تەواو لە بەردەستدا نییە بۆ دیاریکردنی شڵەژانی ڕەفتاری، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەستەمە پێناسەیەکی دیاریکراو لە لایەنێکەوە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ شڵەژانی ڕەفتاری، چونکە ئەو پێوەر و پێودانگانەی بۆ ڕەفتار دیاری دەکرێت لە کۆمەڵگا و تەنانەت لە نێو خودی کۆمەڵگادا جیاوازە بەپێی بیروباوەڕ و کولتوور. 

پۆلێنکردنی شڵەژانی ڕەفتاری

بەپێی توندی شڵەژانی ڕەفتاری 

  • شڵەژانی ڕەفتاری ئاسان و مام ناوەند: ئەم جۆرە لە حاڵەتەکانی گوزارشتکردنی ململانێی دەروونی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەردەکەوێت و دەتوانرێت فێربکرێن لە فێرگە ئاساییەکان یان لەگەڵ هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیان، لەم جۆرە وەکو دەستدرێژی، دوژمنایەتی، دزیکردن، ئیرەیی، خۆکشانەوە، ڕاکردن لە ڕاستی و درۆکردن و کەللە ڕەقی. 
  • شڵەژانی ڕەفتاری توند: ئەم جۆرەیان پێویستیان بە چارەسەرێکی گشتی هەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و ژوورێکی تایبەت یان لە سەنتەری چارەسەر و فێرکردنیان لە فێرگەیەکی تایبەت دەبێت، ئەم حاڵەتەش بریتییە لە حاڵەتی شیزوفرینیا و ئۆتیزم

پۆلێنکردنی شڵەژانی ڕەفتاری لەسەر بنەمای ئەوەی دەبێتە کێشە لە قوتابخانە

  • ئاستی ئاسایی: ڕەفتاری تاک لێرەدا تەنها لە ڕووی توندی و دووبارەبوونەوە هەستی پێدەکرێت، ئەمەش پاش ماوەیەک نامێنێت. 
  • ئاستی ئاڵۆز و کێشەدار: لێرەدا ڕەفتارکردنی تاک بە شێوەی گرفت دەردەکەوێت و لادانە لە ناوەندیی ئاسایی بۆ ماوەیەکی زیاتر کەسی تووشبوو پێوەی دەمێنێتەوە، لەم بارەشدا پێویست بە بردنی بۆ لای دکتۆری پسپۆڕ ناکات. 
  • ئاستی گواستنەوە: شڵەژانی ڕەفتاری لەم بارەدا توندە و مامۆستا لە ناو پۆلدا ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بۆیە بە ناچاری ڕەوانەی پسپۆڕ دەکرێت بۆ ئارامکردنەوەی ئەو شڵەژانە ڕەفتارییەی کە تووشی بووە.

دەستنیشانکردنی شڵەژانی ڕەفتاری لای منداڵان

بڕیاردان لەسەر ئەوەی کەسێک تووشبووی شڵەژانی ڕەفتارییە ئاسان نییە، چونکە کاریگەریی دەبێت بۆ ژیانی ئێستا و داهاتوویی تاک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بابەتە بۆیە گرنگە تاک بگێڕدرێتەوە ژیانی ئاسایی خۆی و هاوکاری بکرێت، هەر بۆیە لەکاتی دەرکەوتنی شڵەژانی ڕەفتاری لە کەسێک پێویستە پیشانی پسپۆڕەکان بدرێت بۆ ئەوەی لەم سێ لایەنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت: 

  • ڕەهەندی ئەکادیمی: لە ڕێگای تاقیکردنەوەی دەستکەوتەوە دەبێت. 
  • ڕەهەندی عەقڵی: لە ڕێگای تاقیکردنەوەیەکی IQ تایبەت بە زیرەکی دەبێت. 
  • ڕەهەندی ڕەفتاری: لە ڕێگای تێبینیکردنی ڕەفتاری تاک لە هەڵوێستە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژانە و چاوپێکەوتن لەگەڵیان و لێکۆڵینەوەی باری کەسەکە. 

هۆکارەکانی شڵەژانی ڕەفتاری 

زۆرێک لە توێژینەوە پەروەردەییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی هۆکارەکانی دروستبوونی شڵەژانی ڕەفتاری کورتدەبنەوە لە دوو هۆکار: 

هۆکاری بایۆلۆجی

وەکو کەمئەندامی جەستەیی و ڕووداوەکان کە تووشی تاک دەبن و پەرکەم و هۆکاری دەماری و جینی و هۆکارەکانی پێش لەدایکبوون وەک بەد خۆراکی و بەکارهێنانی دەرمان و نەخۆشکەوتنی دایک لە کاتی سکپڕیدا لەگەڵ بۆماوە. 

هۆکاری ژینگەیی

بریتییە لەو ڕووداوانەی کە پەیوەستە بە ژیانی منداڵ لە خێزان و قوتابخانە بەم شێوەیە: 

  • هۆکاری خێزانی: وەکو پەیوەندی نێوان منداڵ و باوان، هەڵسوکەوت و شێوازی پەروەردەیی هەڵەی خێزانی لە نازپێدانی زیاد یان پشتگوێخستنی زیاد یان بەردەوام توندوتیژی بەکاربهێنن و سووکایەتی پێکردن و جیاوازی لە مامەڵەکردندا و بەکارهێنانی سزادان یان بێ بەشکردنی سۆزی و گرنگیدان بە ڕەگەزێک زیاتر وەک لەوی تر و کێشەکانی نێوان دایک و باوک و جیابوونەوە یان تەڵاق و هەستنەکردن بە ئاسایش و هەستکردن بە کەمی. 
  • هۆکاری قوتابخانە: مەبەست تێیدا پەروەردە لە قوتابخانە و ڕێگای وانەوتنەوە و شێوەی سزادان و بەراوردکردنی نێوان خوێندکاران و سروشتی پڕۆگرامی خوێندن و جەختکردن لەسەر تاقیکردنەوە و خراپی مامەڵەی مامۆستایان و چاودێرینەکردنی جیاوازی تاکایەتی لە نێوان خوێندکاران و پاداشتنەکردنی ڕەفتارە ئاساییەکان.

هۆکاری دەروونی 

ڕووداوەکانی ژیان وەکو بەربەست و ململانێ و شکستهێنان و غیرەکردن و شۆکی توند و تێرنەکردنی پێداویستییەکان و بێبەشبوون لە ئاسایش.

تایبەتمەندییەکانی شڵەژانی ڕەفتاری

١ـ ئاستی زیرەکیان دەکەوێتە سنووری ناوەندی زیرەکیەوە واتا لە نێوان ٩٠ـ١٠٠پلە، تاقیکردنەوەی زیرەکی عەقڵیان چەند جارێک دووبارە کردەوە لەسەر ئەو منداڵانەی تووشی شڵەژانی ڕەفتاری بوون، دەرکەوت هەرجارە و ئاستێک تۆمار دەکەن. 

٢ـ نزمی دەستکەوتی ئەکادیمیان بە بەراورد بە منداڵی ئاسایی، ئەمەش بەهۆی نیشانەکانی شڵەژانی ڕەفتاری لەسەر بە ئاگایی و تەرکیزکردن لە بابەتەکانی خوێندن، هەروەها منداڵانی تووشبووی شڵەژانی ڕەفتاری زۆرجار لەبری سەرقاڵبوون بە بیرکردنەوەی وەڵامدانەوە بە ڕەفتاری شەڕانگێزی و خۆکشانەوە و ئامادە نەبوون لە قوتابخانە و لاوازی پاڵنەر نەک بەهۆی هۆکارەکانی عەقڵی یان هەستی یان جووڵەیی. 

٣ـ شەڕانگێزی: ئەو کردار و بیرکردنەوانەیە کە بە مەبەستی ئازاردانی شتەکان یان خودی خۆی یان کەسانی تر بەکاردەهێنرێت. 

٤ـ جێبەجێنەکردنی یاسا و ڕێنماییەکان و ئەنجامدانی کردارێک کە کۆمەڵگا پێی ڕازی نییە وەکو لادان و ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان. 

٥ـ چالاکی جووڵەیی زیاد بەبێ ئامانج و خێرایی لە هەڵچوون و کەللە ڕەقی و دڵەڕاوکێ و تووڕەبوون

٦ـ توندڕەوی لە گوزارشتکردنی هەڵچوون کە لەگەڵ هەڵوێستەکە ڕێک ناکەوێت وەکو ڕەفتاری پێشیینە بە گەڕانەوە بۆ تەمەنێکی پێشتر وەکو گریان و پەنجە خستنە دەم و شەرمکردن و هەستیاری توند. 

٧ـ خۆکشانەوە لە نیشانەکانی تەنیایی و گۆشەگیری و شەرمکردن و پێ نەگەشتنی کۆمەڵایەتی و لاوازی باوەڕ بە خۆبوون و نزمی چەمکی خود، ترسان و وەسواسی و خەمۆکی و دڵتەنگی و خاوبوونەوە و زیندەخەون، منداڵ سەرچاوەی مەترسی دەبێت لەسەر خۆی نەک دەورووبەر.

٨ـ وازهێنان لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و پشت بەستن بە کەسانی تر و داواکردنی یارمەتی بە بیانووی نەتوانین و پەککەوتن. 


سەرچاوەکان



514 بینین