نەخۆشی ئاسکی زۆمبی و مەترسییەکانی لەسەر مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-12-21:02:00 - کۆدی بابەت: 11849
نەخۆشی ئاسکی زۆمبی و مەترسییەکانی لەسەر مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی ئاسکی زۆمبی و مەترسییەکانی لەسەر مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Deer Zombie Disease and its dangers to humans or Chronic wasting disease، بە عەرەبی: مرض الزومبي الغزلان ومخاطره على البشر) نەخۆشی ئاسکی "زۆمبی" نەخۆشییەکی پەرەسەندووی ساڵی ٢٠٢٤ و پسپۆڕان نیگەرانن لەوەی کە لەوانەیە باز بدات بۆ مرۆڤ. نەخۆشییەکی درێژخایەنە و لە زۆربەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لانیکەم ٣٢ ویلایەت دۆزراوەتەوە. نەخۆشی بەفیڕۆدانی درێژخایەن (Chronic wasting disease) دەتوانێت تووشی ئاسک، ئیلک و مۆس (دوو جۆری ئاسکی کێوین) ببێت. ناوەکەشی هەر لەوەوە هاتووە.

نەخۆشییەکی تووشبوو و کوشندەیە کە زیان بە مێشک و کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت، مێژووی ئەم نەخۆشییە کۆنە بەڵام بڵاوبوونەوەیەکی خێرای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمارکردووە. نەخۆشی بەفیڕۆدانی درێژخایەن (CWD) لە فراوانبووندایە و لە ٣٢ ویلایەت و چوار هەرێمی کەنەدا دۆزراوەتەوە، بەپێی نوێکردنەوەیەکی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣ سەنتەری تەندروستی زیندەوەری کێوی نیشتمانی، کە ڕێکخراوێکی حکومییە تایبەتە بە دۆزینەوە و کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییە ئاژەڵە کێوییەکان.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودی ساڵی ٢٠٢٣ چەندین ناوچەی وڵاتەکە بۆ یەکەم جار حاڵەتی نەخۆشییەکەیان ڕاگەیاند، لەوانە ویلایەتی کەنتاکی، پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن و ناوچەی کۆڵمان و تێکساس.

بۆچی بە زۆمبی ناودەبرێت

نەخۆشییەکە نازناوی "نەخۆشی ئاسکی زۆمبی"ی بەدەستهێناوە لەبەرئەوەی مێشک دەخوات و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی، زۆربوونی لیک ڕژاندن و خواربوونی سەر، هەرورها چاوتێبڕینی بێسوود و بێمەیل بوون لەگەڵ نەبوونی ترس لە خەڵک.

نیشانەکانی

  • لەدەستدانی هاوسەنگی
  • خەڵەفان
  • پەل هاویشتنی بێ کۆنتڕۆڵ
  • زیادبوونی تینوێتی و زوو میزکردن
  •  زۆربوونی لیک ڕژاندن
  •  خواربوونی سەر
  • هەرورها چاوتێبڕینی بێسوود
  •  بێمەیل بوون
  • لەدەستدانی کێش

هەروەک ناوی نەخۆشییەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئاژەڵەکان هەنگاو بە هەنگاو پێستیان تەنک دەبێتەوە، یان "بەفیڕۆچوون" کە لە ماوەی ساڵێک یان زیاتردا ڕوودەدات.

چارەسەرکردن

نەخۆشی ئاسکی زۆمبی هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی نییە و نەخۆشییەکە هەمیشە کوشندەیە.

هۆکار

نەخۆشییەکی بەفیڕۆدانی مێشکە ئەم حاڵەتە بەهۆی تەنۆلکەی پڕۆتینی نائاساییەوە دروست دەبێت کە پێی دەوترێت پریۆن کە لە مێشکدا کەڵەکە دەبێت و کونێکی وەک ئیسفەنج لە شانەکەدا دروست دەکات. فیدراسیۆنی ژیانی زیندەوەرە کێوییەکانی وایۆمینگ وا وەسفی دەکات کە مێشک دەگۆڕێت بۆ پەنیری سویس.

"ئەگەر ئاژەڵێک کونێک لە مێشکیدا هەبێت، ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکات، کە دۆزینەوەی خۆراکیش دەگرێتەوە و لە ماوەی چەند مانگێکدا بە تەواوی بەفیڕۆ دەچێت"، کریستن شولەر، خاوەنی دکتۆرا، ژینگەناسێکی نەخۆشی زیندەوەری کێوی ئەمە دەڵێت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری زانکۆی کۆرنێڵ، کە لەلایەن کۆمەڵەی ئەمریکییەوە ڕێکخراوە بۆ پێشکەوتنی زانست.

دکتۆر شۆلەر ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەمە بەڕاستی ڕێگایەکی ناخۆشە بۆ مردن و هەروەها دەڵێت ناوبردنی بە "نەخۆشی ئاسکی زۆمبی" نەخۆشییەکە بە هەڵە نیشان دەدات.

دەستنیشانکردن

دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئاسکەکە تووشبووە یاخود نا تەنها دوای مردن ڕوودەدات، چونکە پشکنینی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە پێویستی بە نموونەی شانە لە قووڵایی مێشکدا هەیە.

مەترسییەکانی بۆ مرۆڤ

ئایا ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤ؟

نەخۆشی بەفیڕۆدانی درێژخایەن دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی ئاژەڵەوە بۆ ئاژەڵ یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ تەنۆلکە تووشبووەکان کە لە ژینگەدا دەمێننەوە لە پیسایی، خاک یان ڕووەک.

هەرچەندە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشی بەفیڕۆدانی درێژخایەن لە مرۆڤدا تۆمار نەکراوە، بەڵام ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC) هۆشداری دەدەن کە لەوانەیە مەترسی لەسەر مرۆڤ هەبێت. ئاژانسی تەندروستی ئاماژە بە هەندێک لێکۆڵینەوە دەکات کە پێشنیاری ئەوە دەکات کە مەیموونەکان لەوانەیە تووش ببن ئەگەر گۆشتی ئەو ئاژەڵانە بخۆن کە تووشی CWD بوون، یان بەرکەوتنیان هەبێت لەگەڵ شلەی مێشک یان جەستە لە ئاسکی تووشبووەوە.

توێژینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە گۆڤاری Acta Neuropathologica بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کە بەربەستی پریۆنەکانی CWD بۆ تووشبوون بە مرۆڤ ڕەها نییە و مەترسییەکی ڕاستەقینە هەیە کە دەکرێت بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.

پزیشک شۆلەر هەروەها وتی ئەگەری ئەوە هەیە کە نەخۆشییە بەفیڕۆچووە درێژخایەنەکە لە ئاژەڵەوە سەرچاوە بگرێت بۆ مرۆڤ، واتا لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ هەر وەک کۆڤید-١٩. نەخۆشی شێتی مانگا، کە سەر بە هەمان خێزانی نەخۆشییە وەک CWD، لە ئاژەڵەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت جۆرێکی جیاواز بەدەست بهێنێت بەناوی Creutzfeldt-Jakob کە نەخۆشییەکی کوشندەیە بۆ مرۆڤ.

ڕێگریکردن لێی

کاربەدەستانی تەندروستی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە خەڵک گۆشتی ئەو ئاژەڵانە نەخۆن کە تووشی CWD بوون. هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە ڕێگری بکرێت لە هەموو هۆکارە ناسراوەکانی پریۆن لە چوونە ناو سیستەمی خۆراکی مرۆڤ.

خەڵک دەتوانن چ ڕێوشوێنێک بگرنەبەر لە دژی نەخۆشی ئاسکی زۆمبی؟

ڕێکخراوی CDC چەند ڕێوشوێنێکی بۆ خۆپاراستن لە خواردنی گۆشتی تووشبوو بە CWD تۆمار کردووە، وەک:

  • پشکنینی ئاژەڵە ڕاوکراوەکان پێش ئەوەی گۆشتەکەیان بخۆن.
  • خۆت بەدووربگرە لە "ئاسک و ئێلک کە نەخۆش دیارن یان بە شێوەیەکی نامۆ ڕەفتار دەکەن یان بە مردوویی دەدۆزرێنەوە."
  • بەکارهێنانی دەستکێشی لاتێکس یان لاستیک لە کاتی لابردنی ئەندامە ناوخۆییەکانی ڕاوچییەکان، هەروەها هەوڵی کەمکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ مێشک و شانەی دڕکەپەتکی ئاژەڵە بدە.
  • چەقۆی ماڵەوە یان کەلوپەلی چێشتخانە بەکار مەهێنە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشتی ئەو جۆرە ئاژەڵانە.


سەرچاوەکان



237 بینین