خواردنگە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-17:09:00 - کۆدی بابەت: 12170
خواردنگە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چێشتخانە یان خواردنگە یان ڕێستۆرانت (بە عەرەبی: المطعم، بە ئینگلیزی: Restaurant) شوێنێکی تایبەت بە پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەویە بە کڕیار و کەسی سەردانیکەر. پێش بڵاوبوونەوەی خواردنگە، نەریتی خواردنی ژەمەکان لە دەرەوەی ماڵ باو نەبووە، تەنها ئەو کەسانەی کە گەشتیان هەبووە لە دەرەوەی ماڵ ژەمەکانیان خواردووە، لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی گەشتیاران خواردنی ئامادەکراو و سووکەژەم هەبووە و بە گەشتیاران فرۆشراوە. بیرۆکەی خواردنی ژەمەکان لە چێشتخانە و لە دەرەوە بەم شێوەیەی کە ئێستا باوە لە وڵاتی فەڕەنساوە دەرکەوت، یەکەم چێشتخانەی مۆدێرنی هاوشێوەی چێشتخانەکانی ئێستا لە ساڵی ١٧٦٥ لە پاریس لەسەر شەقامی لۆڤەر کرایەوە. 

مێژووی دەرکەوتنی خواردنگە

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، مێژووی دەرکەوتنی چێشتخانە و خواردنگە دەگەڕێتەوە بۆ ١١٠٠ پێش ئێستا و بە دیاریکراوی لە وڵاتی چین خزمەتگوزاری پێشکەشکردنی خواردن لە شوێنە گەشتییەکان سەریهەڵداوە. لە سەدەی دوازدەیەم هەردوو شاری هانگ تچۆ و کایفینگ کە بە شارە قەرەباڵغەکانی چین دادەنران، بۆیە بازرگانان و خەڵکی زۆر ڕوویان لەو دوو شارە دەکرد، بازرگانانی کۆچەری خواردن و خواردنەوەی ئەو دوو شارەیان لەلا پەسەند نەبووە، بۆیە دانیشتووان خواردنی باکوورییان بۆ بازرگانەکانی دانیشتووی باکوور دروست دەکرد و خواردنی باشوورییان بۆ بازرگانانی باشوور ئامادە دەکرد و چەند شوێنێکیان بۆ فرۆشتنی ئەو خواردنانە دیاری کردبوو.

نەریتی ئامادەکردنی خواردن و فرۆشتن و پێشکەش کردنی بە کڕیار بە نرخێکی گونجاو لە زۆربەی ناوچەکانی چین بڵاوبووەوە.
لە سەدەی شازدەیەمی زایینی نەریتی خواردنگەکان گەیشتە وڵاتی ژاپۆن. لە ئەورووپا لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست هەر لە مەیخانەکان ژەمی سووک و ژەمی ئامادەکراو و ساندویچی هەمەجۆر پێشکەش دەکران. لە ئینگلتەرا سۆسەج و کولێرە و نانی ئینگلیزی ڕەواجێکی زۆری لەنێو خەڵکی هەبوو، لە فەڕەنسا شۆربا و نان و پەنیر باو بوون و پێشکەش دەکران و لە شوێنی تایبەتی بە هەلومەرجی دیاریکراو لەسەر عەرەبانەکان دەفرۆشران.

دوای دۆزینەوەی کیشوەری ئەمریکا و دروستبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر و بڵاوبوونەوەی بەرهەم و شتومەک و خۆراکی هەمەجۆر، مەیخانەکانی ئەورووپا بەشێکی شوێنەکانیان تەرخان کرد بۆ پێشکەش کردنی خواردنی سووک و ئامادەکراو و خواردنەوەی تری وەکوو چا و قاوە. لە سەدەی حەڤدەیەم کەسە دەوڵەمەندەکان و پیاوانی حکوومەت لە ئەورووپا، لەکاتی بانگهێشتکردنەکان و کۆبوونەوەکانیان لەجیاتی خواردنی ژەمەکانیان لە ماڵەوە شوێنێکیان بە کرێ دەگرت و چێشتلێنەرێکیان ڕادەسپارد ژەمی خواردنەکانیان لە دەرەوەی ماڵ و لەو شوێنەی کە بەکرێیان دەکرد پێشکەش بکات. بۆیە ئەم خووە بووە نەریت و لە زۆرێک لە ناوچەکان بڵاوبووەوە.

بیرۆکەی خواردنی ژەمەکان لە چێشتخانە بۆ کەسی ئاسایی و لە دەرەوە بەم شێوەیەی کە ئێستا باوە لە وڵاتی فەڕەنساوە دەرکەوت، یەکەم چێشتخانەی مۆدێرنی هاوشێوەی چێشتخانەکانی ئێستا لە ساڵی ١٧٦٥ لە پاریس لەسەر شەقامی لۆڤەر کرایەوە. لەو چێشتخانەیە پاستا، شۆربا، گۆشت، پەنیر، زەڵاتە وەکوو خواردنی سەرەکی ژەمەکان پێشکەش دەکران، لەو ماوەیەدا فەڕەنسا لە هەلومەرجی هەڵگیرسانی شۆڕشی فەڕەنسی بوو، بۆیە هیچ شوێنێکی تایبەت نەبوو بە پێشکەش کردن یان فرۆشتنی خواردن ی هەرزان جگە لە مەیخانەکان و میوانخانەکان کە نرخی هەندێکیان گران بوون، بۆیە خاوەن خواردنگەکە بڕیاریدا بە دروستکردنی لیستێک لەو خواردنانەی کە هەیە و نرخێکی گونجاوی لەسەر  خواردنەکانی دانا و هەموو کەسێکی ئاسایی بۆی هەبوو لەو خواردنگەیە خواردن بخوات.

بۆیە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسا و ڕووخاندنی چینی ئەرستۆقراتەکان، زۆرێک لە شێف و چێشتلێنەرە تایبەتەکان کارەکانیان لەدەستدا، بەشێکیان بڕیاریاندا پڕۆژەی خواردنگەی تایبەتی خۆیان بکەنەوە و کارەکانیان بە نرخێکی گونجاو پێشکەشی خەڵکی چینی ئاسایی بکەن، هەر لەوکاتەوە کردنەوەی خواردنگە بووە نەریت و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە.

جۆرەکانی خواردنگە

  • خواردنگەی خواردنی خێرا
  • خواردنگەی پێشکەش کردنی خواردنی سەر مێز
  • خواردنگەی بۆفێی کراوە
  • خواردنگەی گەیاندنی خواردن بۆ ماڵەوە

دیزاینی خواردنگەکان

دیزاینی دەرەوە و ناوەوەی خواردنگەکان هۆکارێکی سەرەکی گرنگن بۆ ڕاکێشانی کڕیار. بە گشتی هۆڵی خواردنی سەرەی پێویستە فراوان بێت، هاوکات لە زۆرێک لە چێشتخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنی تایبەت بە خێزان لە چێشتخانەکان بوونی هەیە، هەر چێشتخانەیەک لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە شوێنی تایبەت بۆ خێزان و شوێنی گشتی تایبەت بە گەنجان و پیاوان. هەڵبژاردنی ڕەنگی گونجاو بەپێی دیزاینی چێشتخانەکە، بوونی ڕووناکی گونجاو و بوونی هەواگۆڕکێ زۆر گرنگن بۆ چێشتخانەکان.

گرنگیدان بە پێکهاتە سەرەکییەکانی چێشتخانە وەک مێز و کورسی کە پێویستە شێوەی مێزەکان بەپێی ڕووبەری شوێنەکە دیاری بکرێت، زۆرجار شێوەی مێزەکان چوارگۆشە یان بازنە یان لاکێشەیین و بەرزی ستانداردی مێزی چێشتخانە پێویستە ٧٥ سانتیمەتر بێت و بەرزی ستانداردی کورسییەکان پێویستە ٤٥ سانتیمەتر بێت. کورسی و مێزی لە دار دروستکراو جۆرێکی باوی بەکارهاتوون بۆ چێشتخانەکان.

ئامرازەکانی خواردن نموونەی قاپ، کەوچک، چەتاڵ، چەقۆ، گڵاس و شتەکانی تر پێویستە لە شووشەی پتەو بن یان لە ماددەیەک دروست بکرێن کە دژە ژەنگ بێت، لە بەکارهێنانی ماددەی پلاستیک و ستیل و پلاسکۆ دووربکەونەوە، هەندێک شوێن بەشێک ئامرازەکانی خواردن لە زیو یان لە دار بەکاردەهێنن.

بەڕێوەبردنی خواردنگە

بەڕێوەبردنی هەر خواردنگەیەک بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بناغەی سەرکەوتنی پڕۆژەکەیە، دانانی پلانی کار و کەسی شیاو و گرنگیدان بە کوالێتی و جۆری باشی بەرهەمەکان و زانینی داوای کڕیار لەهەرە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی و سەرکەوتنی پڕۆژەی خواردنگەیە. چەند خاڵێکی گرنگ لە شێوازی بەڕێوەبردنی خواردنگە:

دانانی پلان و یاسای جێگیری کارکردن

بەڕێوەبردنی سەرکەوتووی هەر پڕۆژەیەک بەندە بە پلان و یاسای کارکردن و پەیوەست بوون پێوەی، کوالێتی و جۆری خواردن، پاکوخاوێنی، پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکی بەرز سێ خاڵی گرنگ و سەرەکین لە بەڕێوەبەردنی چێشتخانەکان، هەروەها پێویستە لە سەرەتای پڕۆژەکە گرنگی بە شوێن و دیزاینی دەرەوە و ناوەوەی چێشتخانەکە بدرێت لەگەڵ دیاریکردنی شوێنی پارکینگ و ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل، پاشان گرنگی بە لایەنی بانگەشە و ڕیکلام بدرێت، دواتر دانانی یاسای جێگیر بۆ دیاریکردنی کوالێتی و جۆری بەرهەمەکان و چۆنییەتی پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان.

هەڵبژاردنی کەسی گونجاو

بەڕێوبەری بەرپرسیارێتییەکی قورسە، هەڵبژاردنی کەسی شیاو و گونجاو بۆ کارەکان دەکەوێتە ئەسۆی بەڕێوبەر، دوای هەڵبژاردنی کەسەکان شێوازی مامەڵەکردنی کارمەندەکان لەگەڵ کڕیار کڕۆکی سەرکەوتنی کاری چێشتخانەیە، پێویستە کارمەندانی چێشتخانە ڕاهێنانی تایبەتییان پێبکرێت کە شێوازی مامەڵەکردن و شێوازی قسەکردنیان لەگەڵ کڕیار چۆن بێت، چۆنیەتی پێشوازی کردن، چۆنییەتی پێشکەش کردنی خواردن و خواردنەوەکان، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەکاتی ڕوودانی کێشەیەک وەک شکاندنی شتێک یان ڕژاندنی خواردنێک، چۆنیەتی گفتوگۆ و قسەکردن، چۆنیەتی ڕازیکردنی کڕیاری ناڕازی و تووڕە، یەک پۆشی کارمەندان، لەدەستکردنی دەست کێش و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی، دابەشکردنی کارمەندەکان بۆ سەر بەشەکان واتا هەر کارمەندێک دیاری بکرێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارێک، هەموو ئەمانە و چەندان ئەرکی تر پێویستە بۆ کارمەندانی چێشتخانە ڕوون بکرێتەوە و فێربکرێن ئەم هۆکارانە وردەکاری زۆر گرنگن لە سەرکەوتنی پڕۆژەی چێشتخانەکان.

هاندان و گرنگیپێدان 

دڵسۆزی کارمەند و پیشەوەرەکان بۆ کارەکانیان هۆکارێکی تری سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکە، هاندانی کارمەندان و دەستخۆشیکردن لێیان، ئەنجامدانی چالاکی مانگانە یان هەفتانە، بەرزکردنەوەی موچە یان بەخشینی دیاری بەو کارمەندانەی کە بە ڕێکی کارەکانیان ئەنجام دەدەن هەموو ئەمانە هۆکارگەلێکن کە یارمەتی کارمەندەکان دەدات گرنگی بە کارەکەیان بدەن و بە باشترین شێوە ئەنجامی بدەن.

بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم

ئاسانکاری کردن و زووڕاپەڕاندنی کارەکان بە باشترین کوالێتی و کەمترین کات یارمەتی بەرەوپێشبردنی زۆرێک لە پڕۆژەکان دەدەن، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم لە بەڕێوەبردنی چێشتخانەکان زۆر گرنگە و نموونەی بەکارهێنانی زۆرن وەک وەرگرتن و ناردنی داواکارییەکان لە ڕێگەی ئامێر و تابلێتی زیرەکەوە، دانانی لیستی خواردنەکان لە تابلێت یان بە شێوەی باڕکۆد، دانانی کامێرای چاودێری چێشتخانەکە بە شێوازێک کە نەبینراو بێت تاکوو کڕیار هەست بە بێزاری نەکات، بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا وەکوو ئامرازی بانگەشەکردن و ڕیکلام، بەکارهێنانی سیستمی ژمێریاری پێشکەوتوو هەموو ئەمانە ڕاپەڕاندنی کارەکان ئاسان دەکات و قازانج و داهات زیاتر دەکەن.

نوێکاری و تازەکردنەوە

ماوەی جارێک پێویستە نوێکاری لە هەندێک وردەکاری چێشتخانەکە بکرێت، بۆ نموونە لە کاتی بۆنە و یادەکان دیزاینی ناوەوە و دەرەوەی چێشتخانەکان لەگەڵ ئەو بۆنەیە ڕێکبخرێت، زیادکردنی خواردن یان خواردنەوەکان بۆ لیستی خواردنەکان، گۆڕینی شێوە و دیزاینی لیستی خواردنەکان، ئەنجامدانی چالاکی هەمەجۆر، هەموو ئەمانە وردەکاری بچووکن بەڵام ئەنجامی گرنگ و باشیان دەبێت.


سەرچاوەکان



108 بینین