شاژنە ڕانیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-23-01:44:00 - کۆدی بابەت: 12243
شاژنە ڕانیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاژنە ڕانیا عەبدوڵڵا یان شاژنەکەی ئوردن (بە عەرەبی: رانيا العبداللە، يان ملكة رانيا، بە ئینگلیزی: Rania Al-Abdullah یان Queen Rania) هاوسەری شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن و خانمی یەکەم و شاژنی وڵاتی ئوردنە. کچی خێزانێکی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینییە و بە پێشەنگی ئەو ژنانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە گرنگی بە مافی منداڵ و مافی ژنان دەدات.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوی ڕانیا فەیسەڵ سدقی عەبدوڵڵا 
بەرواری لەدایکبوون ٣١ـ ٨ ـ١٩٧٠
شوێنی لەدایکبوون کوەیت
ئایین پەیڕەوی ئیسلامی سوننە
ناوی هاوسەر شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی شا حسێن
منداڵەکانی حسێن، سەلما، هاشم، ئیمان
نازناوەکانی شاژنی ئوردن، دیانای ڕۆژهەڵات، شاژنی هەژاران، شاژنە ڕانیا
زمان  عەرەبی، ئینگلیزی

ئەزموونی سەرەتای ژیانی 

ڕانیا فەیسەڵ سدقی یاسین لە وڵاتی کوەیت لە ڕۆژی ٣١ـی ئابی ساڵی ١٩٧٠ لەدایکبووە،  خێزانەکەی ئوردنین کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ فەڵەستین، ئەوان لەدوای نسکۆی عەرەبی لە ساڵی ١٩٦٨ و شکستهێنانی سوپای ئوردن وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە و چوونەتە وڵاتی کوەیت، ڕانیا منداڵی ناوەندی خێزانەکەیەتی و خوشکێکی لەخۆی گەورەتری هەیە بە ناوی دینا و برایەکی لەخۆی بچووکتری هەیە بە ناوی مەجدی.

باوکی ڕانیا پزیشکی منداڵان بووە و لە نەخۆشخانەکانی کوەیت کاری کردووە و دواتر نۆڕینگەی پزیشکی تایبەتی خۆی کردووەتەوە. شاژنە ڕانیا سەردەمی منداڵی و هەرزەکاری لە کوەیت بەسەربردووە و هەر لەوێش قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی تەواوو کردووە، لە سەردەمی جەنگی عێراق و کوەیت و داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی ١٩٩٠  خانەوادەکەی گەڕانەتەوە بۆ وڵاتی ئوردن.

ئەزموونی خوێندنی

سەرەتای خوێندنی لە خوێندنگە تایبەتییەکان بووە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە خوێندنگەی ئینگلیزی هاوچەرخ لە کوەیت تەواوکردووە، کە خوێندنگەیەکی ناوداری بەریتانی و تایبەتی بووە لە کوەیت. لە ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری بەڕێوەبردنی کار و سیستمی زانیاری لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە بەدەست هێناوە. لە دوای دەرچوونی لە زانکۆ گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی ئوردن و لە بواری بانک و بەڕێوەبردنی بانکەکان کاری کردووە، پاشان دواتر لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری بۆ ماویەکی کەم کاری کردووە.

ئەزموونی هاوسەرگیری

شاژنە ڕانیا هاوسەری شا عەبدوڵڵای ئوردنە، کە کوڕی گەورەی شا حسێنی کوڕی تەڵاڵی هاشمییە. لە کۆبوونەوەی ئێوارەخوانێک لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ ڕانیا چاوی بە شازادە عەبدوڵڵا کەوتووە و یەکترییان ناسییە کە ئەو کاتە عەبدوڵڵا هێشتا شازادە بووە و نەببووە شای دەسەڵاتداری ئوردن، دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ نیشانکردنی ڕانیا بۆ شازادە عەبدوڵڵا ڕاگەیەندرا، پاش شەش مانگ لە ڕۆژی دەی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٣ هاوسەرگیرییان ڕاگەیەندرا و ئاهەنگێکی گەورە لە عەممانی پایتەخت سازکراوە، جیاوازی تەمەنی نێوانیان هەشت ساڵە و شاژنە ڕانیا لە تەمەنی ٢٣ ساڵی و شازادە عەبدوڵڵا لە تەمەنی ٣١ ساڵی هاوسەرگیرییان کرد و نازناوی شازادە بەخشرایە ڕانیا و بە شازادە ڕانیا عەبدوڵڵا ناسێنرا.

لە ساڵی ١٩٩٩ دوای کۆچی دوایی شا حسێنی کوڕی تەڵاڵی باوک، شازادە عەبدوڵڵای دووەم دەسەڵاتی پاشایەتی ئوردنی بە میراتی وەرگرت و بووەی شای ئوردن، بۆیە لەوکاتەوە شازادە ڕانیا بووە شاژنە ڕانیا و نازناوی خانمی یەکەمی ئوردنی پێبەخشرا. شاژنە ڕانیا و شا عەبدوڵڵا خاوەن چوار منداڵن بە ناوەکانی حوسێن کە بە جێگرەوە و میراتگری دەسەڵاتی باوک دەستنیشان کراوە و لەگەڵ هاشم و ئیمان و سەلما.

ئەزموونی وەکوو شاژنی ئوردن

شاژنە ڕانیا بەو کەسایەتییانە دادەنرێت کە گرنگی بە مافی ژنان و منداڵان دەدات، هەروەها دەزگا و دامەزراوەیەکی بە ناوی خۆیەوە داناوە کە بە دامەزراوەی شاژنە ڕانیا بۆ فێربوون گەشەپێدان ناسراوە، ئەم دامەزراوەیە گرنگی دەدات بە دابینکردنی خوێندن و فێربوون بۆ هەموو منداڵان. گرنگی بە دۆزی کۆچبەر و پەنابەرەکان دەدات و لە دەزگا خێرخوازییەکەی بەسەریان دەکاتەوە. چەندان دامەزراوە و دەزگای خێرخوازی و کەمپینی راگەیاندووە. شاژن کەسێکی پارێزکارە و هیچ کات وردەکاری ژیانی تایبەتی خێزانی شاهانە دەرناخات. ئەو بە کەسێکی ڕێکپۆش و بوێر ناسێنراوە و تەنانەت چەند جارێک بە یەکێک لە ڕێکپۆشترین و جوانترین ژنەکانی ساڵ لە جیهان هەڵبژێردراوە.

بەرهەمەکانی

شاژنە ڕانیا بەرهەمی نووسراوی هەیە و زیاتر لە بواری چیرۆکی منداڵان بەرهەمەکانی بەردەستن گرنگترین بەرهەمەمەکانی بریتین لە: 

  • سەلما و لەیلا 
  • هبە و پاشا
  • مەهای شاخاوی
  • گۆڕینەوەی ساندویچەکان
  • جوانی هەمیشەیی

گرنگترین خەڵاتەکانی

شاژنە ڕانیا بەهۆی پێگە و دەسەڵاتەکەی لەگەڵ ئەزموون و کار و چالاکییەکانی لە بواری ژنان و منداڵان و مافی مرۆڤ، زیاتر لە ٢٠ خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانی جیهانیی هەمەجۆری وەرگرتووە گرنگترینیان بریتین لە:

  • خەڵاتی جەیمس سی مۆرگانی مرۆڤایەتی لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠ بەخشرایە شاژنە ڕانیا.
  • خەڵاتی فارس بۆ بەخشندەیی عەرەبی لە ئەبووزەبی وڵاتی ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٠ بەخشرایە شاژنە ڕانیا.
  • خەڵاتی باکوور و باشووری ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٠٨ لە پورتوگال بەخشرایە شاژنە ڕانیا، ئەم خەڵاتە تایبەتە بە ژنانی داکۆکیکەر لە مافی مرۆڤ.
  • خەڵاتی واڵتەر ڕاثیناو کە سەر بە دامەزراوەی واڵتەر ڕاثیناوە لە ئەڵمانیا بەدەستهێناوە، کە خەڵاتێکە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لە بواری سەپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ هاندان و برەودان بە گفتوگۆ لەنێوان شارستانییەتەکان کاریان کردووە، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٥ شاژنە ڕانیا بۆ ئەو خەڵاتە هەڵبژێردراو و بەدەستیهێنا.
  • لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی ڕێزلێنانی لە دامەزراوەی فاشن بۆ هاوکارییەکان لە فەڕەنسا وەرگرت، بەهۆی هەوڵ و ڕۆڵەکانی لە بواری کێشە و گرفتەکانی منداڵان ئەم خەڵاتە بەخشرایە شاژنە ڕانیا.
  • خەڵاتی کەسایەتی کاریگەری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٨ بەخشرایە شاژنە ڕانیا.
  • خەڵاتی ڕێگای ئاشتی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئەمریکا بەدەستهێناوە.


سەرچاوەکان



96 بینین