بێرگین

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-30-21:02:00 - کۆدی بابەت: 12395
بێرگین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بێرگین (بە عەرەبی: بیرغین، بە ئینگلیزی: Bergen) هونەرمەندێکی ناوداری سەدەی ٢٠ـی تورکیایە کە بە هونەرمەندە ستەم لێ کراوەکە ناسراوە. بێرگین ئەو خانمە بوو کە لەبەر هونەرەکەی وازی لە خوێندن هێنا و بە ژیانێکی سەخت و دژواردا تێپەڕ بووە. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواو بێلگین سەریلمیشەر 
ناسناو جوانکیلە، شاژنی زام و ئازار، خانمی ئەرابسک 
بەرواری لەدایکبوون ١٥-٧-١٩٥٨ 
شوێنی لەدایکبوون مێرسین- تورکیا 
بەرواری مردن ١٤-٨-١٩٨٩ 
شوێنی مردن ئەدەنە - تورکیا 
تەمەن ٣١ ساڵ 
پیشە هونەرمەند

سەرەتای ژیان و دەستپێکی کاری هونەری

بێلگین، لەدایکبووی ١٥-٧-١٩٥٨ـە لە شاری مێرسینی تورکیا لەدایکبووە، کۆتا منداڵی خێزانەکەیان بووە جگە لە ئەو خێزانەکەی خاوەنی حەوت منداڵی تر بوون. دایک و باوکی بێلگین بە ژیانێکی سەختدا تێپەڕبوون لەبەر گوزەرانی خراپ و ناکۆکی نێوانیان بێلگین هێشتا منداڵ بوو کاتێک دایک و باوکی جیابوونەوە. بێلگین و دایکی لە مێرسین ڕۆیشتن و لە شاری ئەنقەرە لە گەڕەکێکی هەژارنشین نیشتەجێ بوون. بێلگین لە قوتابخانەی Yenimahalle Yunus Emre دەستی کرد بە خوێندن. بەهۆی ئەوەی لە وانەی موزیک و هونەردا بەهرەی هەبوو هەر زوو بە دایکی بێلگین وترا کەوا کچەکەی بەهرەی هەیە. 

بێلگین لە قوتابخانە ڕاهێنانی لەسەر هەردوو ئامێری پیانۆ و چەلۆ دەکرد، کاتێک ڕاهێنانی لەسەر پیانۆ و چەلۆ دەکرد هەمووان بێدەنگ دەبوون و گوێیان بۆ ئاوازەکانی دەگرت. بەهۆی هەژارییەوە کە دایکی توانای دابین کردنی کرێی خوێندن و پێداویستییەکانی نەبوو ناچار بێلگین وازی لە خوێندن هێنا و لە دادگا وەک کارمەند کاری دەکرد لە بەرامبەر موچەیەکی کەم. دەستپێکی کاری هونەری بێلگێن لە ساڵی ١٩٧٧ هاوڕێیەکی داوای لێ دەکات لەگەڵی بچێت بۆ یانەیەکی شەوانە بە مەبەستی ئاهەنگ گێڕان و خۆشی دەربڕین، هەر لەوێ داوای لێ دەکەن گۆرانییەک بڵێت ئەویش بەوە ڕازی دەبێت و گۆرانی دەڵێت. سەبارەت بە ناوی بێرگێن لە چییەوە بوو بەناوی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتەی لە قوتابخانە بووە، ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە نزیک دووکانێکی ئامێرە مۆسیقییەکاندا تێپەڕ دەبن چاوی دەکەوێت بە ئامێرێکی چەلۆ بەناوی بێرگێن. بەڵام چونکە پارەی نییە داوا دەکات لە خاوەنەکەی کە ئامێرەکە نەفرۆشێت ڕۆژێک هەر دەگەڕێتەوە بۆ کڕینی ئامێرەکە. ئەویش ڕازی دەبێت تا ئەو کاتە ئامێرەکە لەبەشی نمایش لابەرێت. 

دوای ئەوەی یەکەم گۆرانی وت لە یانە شەوانەکە خاوەنەکەی داوای کرد کەوا بێلگین شەوان بێت و گۆرانی بڵێت، هەرچەندە دایکی ناڕازی بوو بەڵام خۆی بڕیاریدا بەمەش لە مافی خوێندن بۆ هەتاهەتایە بێ بەش کرا چونکە تەمەنی ١٨ ساڵی تێنپەڕاندابوو و لە یانەی شەوان گۆرانی دەوت، ئەمەش دژی دابونەریت و یاساکانی ئەو کاتەی تورکیا بوو. دوای ساڵێک کارکردن لەم یانەیە، ئۆفەرێکی پێشکەشکرا لەلایەن یانەیەکی تری شەوانە لە ئەدەنە لە بەرامبەردا ئەگەر گۆرانی بڵێت ئۆتۆمبیلێکی بۆ دەکرێت بە دیاری. دووبارە بەم ئۆفەرە ڕازی بوو و بڕیاریدا بچێت لەوێ گۆرانی بڵێت. 

ساڵی ١٩٨١ گەیشتە ئەدەنە و لەو یانەی گۆرانی دەوت کەسێکی ناسی بەناوی "هالیس سێربەست" کە هاوڕێی خاوەنی یانەکە بوو. کەسێکی دیار و ناسراو بوو، کاتێک خانمە گۆرانی بێژەکان دەهاتنە سەر ستەیج دەبوو ناوی هالیس سێربەست بهێنن یان بەخێرهاتنی بکەن. هەموو شەوێک گوڵێکی پێشکەش بە بێلگین دەکرد تا وای لێهات داوای چوونە دەرەوەی لێ کرد بۆ ژوانێک و لەوێ داوای هاوسەرگیری لە بێلگین کرد، بێلگین وا بیری دەکردەوە چونکە هالیس خاوەنی ناوبانگ بوو ئەگەر هاوسەرگیری کردبا ئەوا ناوبانگی خۆشی زیادی دەکرد، بەمەش نزیکتر دەبووەوە لە خەون و ئامانجەکانی. 

هاوسەرگیری بێلگین و هالیس سێربەست

هەر لەو ساڵەدا بێلگین و هالیس هاوسەرگیریان کرد بەڵام هاوسەرگیرییەکی درۆ تەنها لەسەر کاغەز هاوژینی یەکتر بوون. هالیس خانوویەکی گرت بۆ بێلگین لە ئەدەنە، شەوان درەنگ دەهاتەوە ماڵەوە یان کاتێک دەچووە دەرەوە جلەکانی ڕەنگێک بوون و کە دەهاتەوە ماڵەوە ڕەنگێکی تر، کاتێک بێلگین پرسیاری دەکرد بە توڕەیی وەڵامی دەدایەوە و چەندین جار ئەشکەنجەی بێلگینی دەدا و دواتر داوای لێ بووردنی دەکرد. دوای ئەم ناکۆکیانە بێلگین گەڕایەوە ئەنقەرە و ناوی خۆی گۆڕی بۆ بێرگێن کە مۆدێلێکی ئامێری چەلۆ بوو لە شاری بێرگێنی نەرویج دروستکرابوو. سەرەڕای ئەمانە هالیس ڕازی کرد بگەڕێتەوە لای و بەڵێنی دا هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، چونکە بێلگین زانیبووی کە هاوسەرگیرییەکەی ساختەیە و هالیس ژن و منداڵی هەیە. ئەوەی سەیر بوو بێلگین بە داواکەی هالیس ڕازی بوو.

ساڵی ١٩٨٢ یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردەوە بەناوی Şikayetim Var و لە بەرواری ٩-١-١٩٨٢ هاوسەرگیری ڕاستەقینە و فەرمی لەگەڵ هالیسدا کرد. لە هەمان ساڵدا و لە بەرواری ٣١-١٠-١٩٨٢ کاتێک لەگەڵ دایکی بۆ کارێکی هونەری چووبوونە ئیزمیر و لەبەردەم میوانخانەیەک "هالیس" ترشی نیتریکی پێدا کرد کە بووە هۆی سووتانی دەموچاوی و لەدەستدانی چاوێکی، لە هەمان کاتدا دایکیشی بەشێک لە قۆڵی سووتا. دوای ئەم ڕووداوە هالیس دەستگیرکرا سەرەڕای ئەوەی سوێندی دەخوارد کە بێ ئاگایە بەڵام لەسەر سکاڵای بێرگێن دەستگیرکرا. ئەم ڕووداوە لە ڕۆژنامەکانی تورکیادا دەنگی دایەوە ملیۆنان ڕۆژنامە فرۆشران کە باسیان لە وردەکاری ڕووداوەکە کردبوو. بێرگێن لە بارەی ڕووداوەکە دەڵێت: "کاتێک بە خیانەتی هالیسم زانی وەڵامی نەدامەوە وتم ماڵەکە جێ دەهێڵم وتی ئەگەر ڕابکەیت بە ترشی نیتریک دەتسووتێنم، بەڵام من باوەڕم نەکرد کارێکی وا شێتانەم لەگەڵدا ئەنجام بدات" 

لە بارەی ڕووداوی سووتاندنە

ڕۆژنامەکان وتیان کەوا هالیس ٥٠٠ هەزار لیرەی داوە بە بکوژێک لەگەڵ ترشی نیتریک و شوێنی مانەوەی بێرگینی داوە بە بکوژەکە تا بچێت و ترشەکەی پێدا بکات. بێرگێن دەڵێت: لەو ساتەدا بینایم لە هەردوو چاوم لە دەستدا، هیچ ئاگام لە خۆم نەبوو، مەست بووم، تەنها هاوارم گوێ لێبوو "بیبەن بۆ نافورەی ئاوەکە" لەو ساتەدا هەموو شتێک تاریک بوو و نەمدەتوانی هیچ ببینم تەنانەت نەمدەتوانی چاوەکانیشم بکەمەوە. ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس گەیشت و بردیانم بۆ نەخۆشخانە. لەوێ ٤٥ ڕۆژ لە ژێر چاودێری پزیشکدا مامەوە. دایکی بێرگێن کە ئەویش بەشێک لە قۆڵی سووتابوو دەڵێت: دوو ساڵ پێشتر چەندین جار ناکۆکی کەوتە نێوانیان، بە کچەکەمم وت کەوا نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئەم پیاوەدا بکەیت، چونکە گەنجیت لەناوت دەبات. کچەکەم ئازاری زۆری چەشت کاتێک زانی ئەم هاوسەرگیرییە سەرکەوتوو نابێت بڕیاری جیابوونەوەی دا. بەڵام ئەم پیاوە بێ نرخە کۆڵی نەدا تا کچەکەمی سووتاند و ڕوخساری شێواند". 

پزیشکێکی جوانکاری پێست بەناوی "ئونور ئیرۆڵ" کە ناوبانگترین پزیشکی جوانکاری تورکیا بوو لە ڕێگەی زنجیرەیەک نەشتەرگەری جوانکاری توانی کاریگەری شێواوی ڕوخساری کەم بکاتەوە بەڵام نەیتوانی چاوی ڕزگاربکات بۆیە چاوی ڕاستی لەدەستدا، بەڵام بە جۆرێک نەشتەرگەری بۆ کرد کەوا هەست نەدەکرا سووتاوە. بێرگێن زۆر ستایشی پزیشکەکەی کردووە کە توانی ڕزگاری بکات. 

گەڕانەوە بۆ کاری هونەری

دوای وەرگرتنی چارەسەر لەسەر داوای ئاوازدانەر Cengiz Özşeker گەڕایەوە بۆ کاری هونەری کە بە شێوازێکی زۆر جیاواز دەرکەوتەوە و ژمارەیەک ئەلبوومی بڵاوکردەوە. تا ساڵی ١٩٨٥ لە یانەکەی جەنگیز ئۆشەکەر گۆرانی دەوت کە خەڵکانێکی زۆر دەهاتن بۆ گوێگرتن لە ئازارەکانی کە بە شێوەی گۆرانی دەری دەبڕی. هونەرمەندێک هەر لەو یانەیە لەگەڵیدا ڕێکەوت کە زنجیرەیەک ئەلبوومی بۆ ساز بکات کە هەر یەکەیان زیاتر بن لە ١٢ تراک. 
ساڵی ١٩٨٨ هالیس لە زیندان ئازاد کرا، 
هەر لەو ماوەیەدا بێرگێن کۆنسێرتێکی کرد لە کۆنسێرتەکە بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و ڕانی بریندار کرا، لەم ساتەدا بەشێک لە جلەکەی دڕاند و شوێنی برینەکەی پێچا و هەستایەو وتی "ئەگەر لە مردن ترسابام ئەوا نەدەبووم بە بێرگێن" ئامادەبووان بە یەک دەنگ هەموویان وتیان "بێرگێن، بێرگێن، بێرگێن" 

مردن

لەو شارەی تیایدا گەنجی لە دەستدا و ئازاری زۆری چەشت کارێکی هونەری بۆ ڕەخسا و لەگەڵ دایکیدا لە بەرواری ١٤-٨-١٩٨٩ گەڕانەوە بۆ ئەدەنە. لەو ساتەدا خەریکی کارکردن بوو لە نوێترین ئەلبوومی بەناوی Yıllar Affetmez لە بەردەم میوانخانەیەک هالیس ڕێگەی پێگرت دوای ئەوەی هالیس دوورخرایەوە بە شوێنی کەوت تا ئەو شوێنەی لەگەڵ دایکی لێی وەستان. لەو ساتەدا هالیس تەقەی لە هەردووکیان کرد دایکی برینەکەی سووک بوو بەڵام بێرگێن دەست بەجێ گیانی لەدەست دا. ئەو کاتەی مرد تەمەنی بێرگێن ٣٠ ساڵ بوو. لە گۆڕستانی تەرسوس لە مێرسین نێژرا. 

سەبارەت بە هالیس، ڕایکردە ئەڵمانیا بەڵام فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو لەبەر ئەوەی دوور بوو سزاکەی لە ١٥ ساڵ کەم کرایەوە بۆ ٣ ساڵ بەڵام تەنها ١٦ مانگ لە زیندان مایەوە. بە حوکمی ئەوەی یاسای ژن کوژی لە تورکیا نەبوو هەر کەسێک ژنێکی کوشتبایە سزایەکی ئاسایی و ڕووکەشی دەدرا. تا لە ساڵی ١٩٩٢ ئەم یاسایە دەرکرا. هالیس تا ئێستا لە ژیاندا ماوە، لە پڕۆگرامێکدا پەیوەندی پێوە کرا و پێشکەشکارەکە وتی پەشیمانیت لە کوشتنی بێرگێن؟ ئەویش وتی "نەخێر، ئێستاش کات بگەڕێتەوە دواوە دووبارە هەمان کار دەکەمەوە" ساڵی ٢٠١٨ بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر چوار منداڵ دووبارە دەستگیرکرایەوە و ئێستا لە زیندانە.


سەرچاوەکان



62 بینین