چاندنی لولپێچ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-03-21:23:00 - کۆدی بابەت: 12432
چاندنی لولپێچ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی لولپێچ (بە ئینگلیزی; cochlear implant، بە عەرەبی; زرع القوقعة) بریتییە لە نەشتەرکاری چاندنی ئامیرێکی ئەلکترۆنی بچووک کە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ گەڕاندنەی هەستی بیستن بۆ کەسانی نابیست و ئەو کەسانەی بە زەحمەت توانانی بیستنیان هەیە بەتایبەت منداڵان. چاندنی لولپێچ بۆ ئەو کەسانە بەسودە کە ماوەیەکی زۆرە توانای بیستنیان لەدەست داوە یاخود ئاستی نابیستییەکەیان بەجۆرێکە تەنانەت بە یارمەتی ئامێری بیستۆکیش ناتوانن بە باشی ببیستن و لە قسەکان تێبگەن.

بە چەند بەش چاندنەکە ئەنجام دەدرێت؟

هەر چاندنێکی لولپێچ دوو بەشی هەیە واتا بە دوو بەش کردارەکە ئەنجام دەدرێت

  • دانانی بەشێکی ئامێرەکە لە ژێر پێست: نەشتەرکار هەڵدەستێت بە دانانی بەشێکی ئامێرە سەرەکییەکە لە ژێر پێست لە بەشی پشتەوەی گوێ.
  • دانانی بەشەکەی دیکەی ئامێرەکە لە گوێدا: کەسەکە ئامێرێکی بۆ دەبەسترێت لە گوێیەکانی کە بەو بەشەی ئامێرەکە دەوترێت چارەسەرکەری قسە. ئەم بەشەی ئامێرەکە واتا چارەسەرکەر هەڵدەستێت بە گۆڕینی دەنگەکان بۆ نیشانەی کارەبایی و دواتر دەیان نێرێت بۆ بەشەکەی تری ئامێرەکە کە لە ژێر پێستی کەسەکە دانراوە.

ئامانجی چاندنی لولپێچ چییە؟

چاندنەکە بۆ ئەوەیە ئەم نیشانە کارەباییانە بەکاربهێنێت بۆ هاندانی ڕاستەوخۆی بیستنە دەمارەکان، بەم شێوەیەش کەسەکە دەتوانێت گوێ بیستی دەنگ و قسەکان ببێت. دوای ئەوەی کرداری نەشتەرکارییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و کەسەکە ئەو دۆخەی تێپەڕاند، شارەزاییانی بیستن و نەخۆشییەکانی گوێ ئامێری چارەسەرکەر بە ئیش دەکەن و بەرنامەی چاندنی لولپێچ دەخەنە ئیش. بە سەردانیکردنی چەند جارەی کەسەکە بۆ لای پزیشک، بەشی دەماخ و ناوچەی بیستنی کەسەکە دەتوانێت باشتر لێکدانەوەی نیشانە کارەباییەکان بکات.

مەبەست لە بەرنامەی چاندنی لولپێچ چییە؟

دەستەیەکی پێکهاتوو لە پزیشکی نەخۆشییەکانی گوێ و بیستن، شارەزایانی بیستن و ڕاهێنەرانی ئەو بوارە، کەسانی تایبەتمەند و دەروونزان و هەروەها نەشتەرکار بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکدی بەشدار دەبن لەو بەرنامەیەی کە بۆ بیستنی کەسەکە دانراوە، بەرنامەیەکە بە شێوازێکی ورد و ڕێکخراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسەکە و ئەنجامدانی سەرجەم پێویستییەکانییەتی، و بەمەش یارمەتیدەری کەسەکە دەبن لە گەڕانەوەی توانای بیستن بۆی.

چۆن چاندنی لولپێچ بۆ کەسانی نابیست دیاری دەکرێت؟

کەسانی نابیست بەرلەوەی کردەی چاندنی لولپێچیان بۆ ئەنجام بدرێت و نەشتەرکار هەڵبسێت بە کارەکانی خۆی، پؽویستە بە چەند پێوەرێک دا کەسی نابیست تێپەڕببێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئاخۆ ئەم کەسە دەکرێت کردەی چاندنی لولپێچی بۆ بکرێت یاخود نا. بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دیاری بکرێت کەسەکە کۆمەڵێک هەڵسەنگاندنی گشتی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانجیان ئەوەیە باشترین شێواز دیاری بکەن بۆ باشترکردنی توانای بیستن یاخود گەڕانەوەی تونای بیستن بۆ نابیستان. بە گشتی ئەم هەڵسەنگاندنانە تا دوو ڕۆژ دەخایەنێت. 

لە هەنگاوەکانی کردەی هەڵسەنگاندن

ڕۆژی یەکەم، ئەنجامدانی پشکنینەکان
لێرەدا کۆمەڵێك پشکنین لە لایەن پسپۆڕی بیستن و نەخۆشییەکانی گوێوە دەکرێت، تەواوی پشکنیە پێویستەکان بۆ کەسەکە ئەنجام دەدرێت تا ئاستی نابیستییەکەی دیاری بکرێت. هەروەها توانای قسەکردنی کەسەکە، لە دوای ئەوەی بیستۆکی بۆ دادەنرێت و توانای بیستنی دەبێت، ئاسایی دەتوانێت قسە بکای یاخود کێشەی لە قسەکردن بۆ دروست دەبێت، ئەمانە هەمووی لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەکرێت بۆ ئەوەی لە سوودی چاندنی لولپێچ دڵنیابنەوە و بزانن کە تا چەنێک یارمەتیدەری ئەم کەسانە دەبێت.

ڕۆژی دووەم، هەڵسەنگاندنی پزیشکی
ئەمەیان بریتی دەبێت لە ئەنجام دانی وێنەی زرنگانەوەی موگناتیسی MRI یاخود سیتی سکان CT scan، هەروەها ڕاوێژ دەکرێت بەو ستافە پسپۆڕەی نەشتەرکارییەکە ئەنجام دەدەن. ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی ستافی پزیشک و پسپۆڕان دڵنیاببنەوە لە رووی پزیشکی و تەندروستییە کەسەکە هیچ کێشەیەکی هەیە لەبەردەم کردەی چاندنی لولپێچ یاخود نا. کاتێک کەسەکە بە پاڵێوراو دانرا بۆ ئەوەی چاندنی لولپێچی بۆ بکرێت پێویستە خاڵێکی تری گرنگ کە وەک کۆتا خاڵ دێتە پێشەوە ڕەچاوبکرێت، ئەویش بریتی دەبێت لە پشکنینی زیاتری توانای قسەکردنی کەسەکە و هەروەها هەڵبژاردنی باشترین ئامێری لولپێچ، چونکە کۆمەڵێک جۆری جیاوازی ئامێر هەن و پێویستە پسپۆڕان و شارەزاییان بە وردی و بەپێی کەسەکان هەڵیبژێرن و دیاری بکەن.


سەرچاوەکان



77 بینین