واتای هەرزەکاری چییە؟

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-16-23:38:00 - کۆدی بابەت: 12540
واتای هەرزەکاری چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

واتای هەرزەکاری چییە؟ (بە عەرەبی: ماذا يعني أن تكون مراهقا؟، بە ئینگلیزی: ?What does it mean to be an adolescent)، بەم ماوەیە دەوترێت ماوەی هەستیاری لە گەنجاندا هەموو مرۆڤێک بەم قۆناغەدا تێپەڕ دەبێت، هەرزەکاری ئەو ماوەیەیە کە بە زۆری دەکەوێتە نێوان تەمەنی ١٢ بۆ ٢٠ ساڵی، هەروەها لەم ماوەیەدا چەندین گۆڕانکاری جەستەیی و دەروونی لە کەسەکەدا ڕوودەدات.

هەرزەکار

هەرزەکاری قورسترین قۆناغە بۆ مرۆڤ کە پێیدا تێپەڕێت، بەو پێیەی جەستە دەست دەکات بە گەشەکردن لە هەموو ڕوویەکەوە و ئەم تەمەنە زیاتر بە پێگەیشتنی تەواوەتی وەسف دەکرێت، هەروەها پێگەیشتنی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی لە ماوەیەکی کورتدا تەواو نابێت، بەڵکو نزیکەی دە ساڵ دەخایەنێت، بەو پێیەی قۆناغی هەرزەکاری بە ماوەی تەمەنی دوانزە بۆ بیست و یەک ساڵی پێناسە دەکرێت.

قۆناغەکانی هەرزەکاری

قۆناغی هەرزەکاری بەسەر سێ بەشدا دابەشکرابوو: 

  • قۆناغی هەرزەکاری سەرەتایی: لە تەمەنی یازدە ساڵییەوە تا چواردە ساڵی درێژدەبێتەوە، لەو ماوەیەدا گۆڕانکاری خێرای بایۆلۆژی ڕوودەدات.
  • قۆناغی هەرزەکاری ناوەڕاست: لە تەمەنی چواردە تا هەژدە ساڵیدا درێژ دەبێتەوە، لەو ماوەیەدا گۆڕانکارییە بایۆلۆژییەکان تەواو دەبن.
  • قۆناغی هەرزەکاری درەنگ: لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە تا بیست و یەک ساڵ درێژدەبێتەوە و لێرەدا هەرزەکار لە ڕواڵەت و ڕەفتاردا دەبێتە گەورەساڵ واتا کەسێکی کامڵ و پێگەشتوو.

نیشانەکانی سەرەتای تەمەنی هەرزەکاری

١- گەشەی جەستەیی: لەشی هەرزەکار بەخێرایی گەشە دەکات، لە سەرەتای هەرزەکاریدا مێینەکان نیشانەی گەشەکردنیان زیاتر پێوە دەردەکەوێت وەک  لە نێرینەکان، هەروەها شان و کەمەریان فراوان دەبن لەکاتێکدا لە نێرەکاندا شانەکانیان فراوان دەبن و قاچەکانیان درێژن دەبن ئەمە جگە لە گەشەکردنی ماسولکەکانیان.

٢- پێگەیشتنی سێکسی: لە مێینەکاندا پێگەیشتنی سێکسی بە سوڕی مانگانە نیشان دەدرێت، هەروەها دەرکەوتنی تایبەتمەندییە سێکسییە لاوەکییەکانی وەک گەشەکردنی مەمک و دەرکەوتنی مووی ژێر باڵ یەکێکی ترە لە پێگەیشتن لە مێیەکاندا، لەکاتێکدا لە نێرەکاندا زیادبوونی مووی هەموو جەستەیان و گەورەبوونی قەبارەی کۆئەندامی زاوزێیان نیشانەیە بۆ پێگەیشتنی سێکسی.

٣- گۆڕانی دەروونی: گۆڕانکاریی هۆرمۆن و گۆڕانکاری کە لە جەستەی هەرزەکاردا ڕوودەدات، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر باری دەروونی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، نموونەی ئەمەش سوڕی مانگانە کاتێک کچان یەکەم جار تووشی سوڕی مانگانە دەبن ئەوا توشی کاردانەوەی ئاڵۆز دەبن کە ئەم کاردانەوەش تێکەڵێکە لە هەستەکانی ترس و ناڕەحەتی، هەروەها نێرەکانیش کاردانەوەی جیاوازیان دەبێت کاتێک یەکەم ڕژانی سپێرم ڕوودەدات لە جەستەیاندا.

کێشەکانی بەردەم هەرزەکاران

١- ململانێی ناوخۆیی: هەرزەکار تووشی کۆمەڵێک ململانێی ناوخۆیی دەبێت، وەک ململانێی نێوان سەربەخۆیی لە خێزان و وابەستەبوون پێی، هەروەها ململانێی لەگەڵ ویست و ئارەزووەکانی لەگەڵ نەریتە کۆمەڵایەتییەکان.
٢- نامۆبوون و یاخیبوون: هەرزەکار بەردەوام گلەیی ئەوە دەکات کە دایک و باوکی لێی تێناگەن هەوڵدەدات لە هەڵوێست و بنەما و ئارەزووەکانی دایک و باوکی ڕزگاری بێت. بۆ سەلماندنی تایبەتمەندی و جیاوازی حەزی خۆی بۆیان دژایەتی دەسەڵاتی دایک و باوکی دەکات، چونکە پێی وایە هەر ڕێنماییەک کە خێزانەکەی پێی دەدات کەمکردنەوەی تواناکانیەتی، کە پێی وایە تواناکانی یەکسانە لەگەڵ توانای گەورەکان.
٣- ڕەفتاری بێزارکەر: ڕەفتاری بێزارکەری هەرزەکار لە ئەنجامی ئارەزووی گەیشتن بە داخوازییەکانی خۆیەوەیە بەبێ ئەوەی هیچ خەمی بەرژەوەندی گشتی هەبێت دەست دەکات بە هاوارکردن و جنێودان و شەڕکردن لەگەڵ منداڵ و گەورەکاندا، بە دەمارگیرییەوە مامەڵە دەکات و گرژی بۆ خۆی و کەسانی چواردەووریشی دروست دەکات. 


سەرچاوەکان



89 بینین