کاترین نایت

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-04-17-00:34:00 - کۆدی بابەت: 12545
کاترین نایت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاترین نایت (بە ئینگلیزی: Katherine Knight، بە عەرەبی: کاترین نایت) ناوی تەواوی کاترین ماری نایت (لەدایکبووی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٥)، بکوژێکی ئوسترالییە و یەکەم ژنە لە مێژووی ئوسترالیا کە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت، بەبێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک ئازاد بکرێت. ئەو لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٠٠، بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی بەناوی جۆن چارلس تۆماس پرایس تاوانبارکرا و ئێستا لە سەنتەری سزادانی ژنانی سیلڤەرواتەر لە نیو ساوث وێڵز زیندانی کراوە. نایت ٣٧ جار چەقۆی لە پرایس دا تا مرد، پێستی لێکردەوە، دواتر سەری و چەند بەشێکی تری جەستەی لەگەڵ سەوزەدا دەکوڵێنێت و دەیخوات، هەروەها بۆ منداڵەکانی پرایسیشی ئامادە دەکات تا بیخۆن، بەڵام پێش ئەوە لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیرا و دەستگیرکرا.

ژیانی سەرەتای 

کاترین نایت لە ژینگەیەکی خێزانی نائاسایی و خراپدا لە دایک بووە و گەورە بووە. دایکی، باربارا ڕۆگان هاوسەرگیری لەگەڵ جاک ڕۆگان کردووە و لە شارۆچکەیەکی بچووک لە ئەبەردین لە نیو ساوث وێڵز لەگەڵی ژیاوە. ئەوان چوار منداڵیان هەبوو پێش ئەوەی باربارا خیانەت لە هاوسەرەکەی بکات لەگەڵ کێن نایت، کە هاوڕێ و هاوکارێکی مێردەکەی بوو. دواتر باربارا لەگەڵ کێن نایت لە شارۆچکەیەک بەناوی مۆری نیشتەجێ دەبن. باربارا چوار منداڵی دیکەی بوو لەگەڵ کێن، لەنێویاندا دوو کچی دووانە کە لە ساڵی ١٩٥٥ لە تێنتەرفیڵد لەدایکبوون. کاترین نایت یەکێک بوو لەو دوو کچانە.

سەردەمی منداڵیی کاترین باش نەبوو، باوکی کەسێکی کحولی و توندوتیژ بوو کە ڕۆژانە چەندین جار دەستدرێژی دەکاتە سەر دایکی. نایت خۆی دەڵێت کە تا تەمەنی ١١ ساڵی لەلایەن چەند ئەندامێکی خێزانەکەیەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر. لە قوتابخانە، نایت بە دڕندەیەک ناسرا کە منداڵە بچووکەکانی تری دەترسان. بەبێ ئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین بێت، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا واز لە خوێندن دەهێنێت و لە کارگەیەکی جلوبەرگ دەست بە کارکردن دەکات. ساڵێک دواتر، ئیشی خەونەکانی دەدۆزێتەوە لە قەسابخانەیەک کە ئەندامە ناوخۆییەکانی ئاژەڵەکانیان دەبڕی.

پەیوەندییە سۆزدارییەکانی

لە کاتی کارکردنی کاترین لە دوکانی قەسابخانەیەک چاوی بە دەیڤد کێلت دەکەوێت، کە ئەویش وەکوو باوکی کەسێکی کحولی بوو و ڕابردوویەکی باشی نەبوو، دواتر لە ساڵی ١٩٧٣، کاترین دەیڤدی ڕازیکرد کە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات و دەیڤد کوێرانە ڕازی بوو، جگە لەوەی دایکی کاترین ئاگاداری کردەوە دەربارەی هەڵسوکەوتەکانی کچەکەی و تەنانەت پێی وتووە ئەگەر ئاگای لەخۆی نەبێت کچەکەی دەیکوژێت. هەر لە یەکەم شەوی هاوسەرگیریاندا نایت هەوڵ دەدات دەیڤد بخنکێنێت کاتێک خەوتووە بەڵام دەیڤد  بەئاگادێت و توانی ڕێگری لە نایت بکات، هەرچەندە ئەو هەوڵی کوشتنی دا تەنها یەک ڕۆژ دوای هاوسەرگیرییەکەیان، بەڵام هاوسەرگیرییەکەیان بۆ ماوەی ١٠ ساڵی دیکە بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا دوو کچیان بوو، دەیڤد کاترین بەجێدەهێڵێت کاتێک کە کاترین بۆی دەردەکەوێت کە دەیڤد خیانەتی لێدەکات و بەهۆی ئەوەوە منداڵە دوو مانگانەکەی خستە سەر هێڵی شەمەندەفەر بەڵام شەمەندەفەرەکە نەهات و منداڵەکە ڕزگاری بوو، جگە لەوە وتراوە کە کاترین لە شوێنی گشتیدا بە تەورێکی دزراوەوە هەڕەشەی لە چەند کەسێک کردووە. هەروەها چەند مانگێکی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی بەسەر بردووە.

لە ساڵی ١٩٨٦، ماوەیەکی کورت دوای جیابوونەوەی لە کێلت، کاترین نایت خۆی خستە نێو پەیوەندییەکی خۆشەویستییەوە لەگەڵ دەیڤد ساوندێرز، کە تەمەنی لە کاترین بچووکتر بوو، لە ماوەی پەیوەندییەکەیاندا کچێکی بوو لەگەڵ ساوندێرز، بەڵام ساوندێرز دوای ماوەیەکی کورت نایتی جێهێشت چونکە هەوڵی دابوو بە مەقەستێک بیکوژێت. دواتر کاترین پیاوێکی بینی بەناوی جۆن چیلینگ وۆرت. ئەوان بۆ ماوەی سێ ساڵ پێکەوە مانەوە و منداڵێکیان بوو، کوڕی یەکەمی نایت کە ناوی ئێریک بوو. لە کاتێکدا هیچ ڕووداوێکی توندوتیژی دەربارەی پەیوەندییەکەیان ڕانەگەیەنراوە، بەڵام دوای ئەوە کۆتایی هات کە چیلینگوۆرس بۆی دەرکەوت کە نایت پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکدا هەیە بەناوی جۆن چارلس تۆماس پرایس.

کوشتنی جۆن پرایس

جۆن چارلس تۆماس پرایس (٤ی نیسانی ١٩٥٥ - ١ی ئازاری ٢٠٠٠) باوکی سێ منداڵ بوو کاتێک نایت دەستی کرد بە پەیوەندی لەگەڵی. هاوسەرگیرییەکەی خۆی لە ساڵی ١٩٨٨ کۆتایی هاتبوو. لە کاتێکدا کچە دوو ساڵانەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی مایەوە، دوو منداڵە گەورەکەی لەگەڵ پرایس دەژیان. سەرەتای پەیوەندییەکەی کاترین نایت و جۆن پرایس بێ ئاڵۆزی بوو، دوو منداڵەکەی کە لەگەڵیدا دەژیان وا دەردەکەوت کە نایتیان خۆشدەویست. توندوتیژیی کاترین ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە پێشنیاری هاوسەرگیریی کرد بەڵام پرایس ڕەتیدەکاتەوە.

دواتر نایت تۆمەتباری دەکات بەوەی دزی دەکات لەو کۆمپانیایایەی کاری لێدەکات، بەهۆی ئەوەوە پرایس لە کارەکەی دەردەکرێت و لە نایت جیادەبێتەوە، بەڵام دوای چەند مانگێک دەگەڕێنەوە لای یەکتر. ڕۆژێک لە مشتومڕێکی نێوانیان نایت هەوڵی کوشتنی دەدات بە چەقۆدان لە سنگیدا. پرایس بە هاوکارەکانی دەڵێت نیگەرانی سەلامەتی خۆیەتی و ئەگەر هەرگیز ون بووبێت و نەیەتەوە بۆ سەر کار، ئەوا نایت کوشتویەتی. لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٠٠، جۆن پرایس لە کارەکەی گەڕایەوە ماڵەوە و دوای ڕۆتینی ئاسایی دەخەوێت، پاشان کاترین نایت چەقۆیەکی گۆشتبڕی لە تەنیشت جێگاکەیەوە هەڵدەگرێت -کە هەمیشە لەوێ هەڵیگرتبوو و ٣٧ جار چەقۆی لە پرایس دا. بەگوێرەی بەڵگەکان، ئەو لە کاتی هێرشەکەدا بەخەبەر هاتووە و هەوڵی ڕاکردنی داوە بەڵام نەیتوانیوە.

ئەو بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا و نایت تەرمەکەی ڕاکێشا بۆ نهۆمی خوارەوە و پێستی لێدەکاتەوە و جەستەی لە ژووری دانیشتنەکە هەڵواسی. پاشان سەری دەبڕێت و دەیخاتە فڕنەوە، هەندێک لە پارچەکانی تری جەستەی بڕی و لەگەڵ کۆمەڵێک سەوزەی وەک پەتاتە و کولەکە و گێزەردا دەکوڵێنێت، دواتر خواردنێکی بۆ خۆی دروستکرد، هەرچەندە لە شوێنی تاوانەکە دۆزرایەوە، پێشنیاری ئەوە دەکرێت کە نەیتوانیوە خواردنەکەی تەواو بکات بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری حەبی خواردووە و لەهۆش خۆی چووە لە تەنیشت لاشە بێ سەرەکەی پرایس. دواتر کە بەیانی دێت و جۆن ناچێت بۆ سەر کار، هاوکارەکانی پۆلیس ئاگادار دەکەنەوە، کاتێک پۆلیس دەچن بۆ ماڵەکەی و ئەو دیمەنە دەبینن نایت دەستگیر دەکەن، بەڵام کاتێک بەهۆش خۆی دێتەوە ڕایگەیاند کە هیچ بیرەوەرییەکی شەوی ڕابردووی لەیاد نەماوە. هەروەها پۆلیس دوو قاپ دەبینن کە ئامادەکراون لەسەر مێزی نانخوادنەکەیان کە هەریەکیان ناوێکیان لەسەرە، دواتر پۆلیس بۆی دەرکەوت کە نایت پلانی دانابوو کە بەشەکانی جەستەی جۆن پرایس بۆ منداڵەکانی دابنێت بیخۆن. 

لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠١، دادگاییکردنەکەی دەستی پێکرد، هەر ئەو ڕۆژە لە زیندان دەستگیرکرا و دادوەرەکە فەرمانی دا بە زیندانی هەتاهەتایی، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ژنێک لە ئوسترالیا سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا بەبێ ئەوەی لە هیچ بارودۆخێکدا ئازاد بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، نایت بەردەوام دەبێت لە بێتاوانی خۆی و ڕەتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتی کردەوەکانی قبوڵ بکات. کاترین نایت پێشتر داوای پێداچوونەوەی بۆ سزاکەی کردووە و دەستبەجێ ڕەتکراوەتەوە. ئەو هێشتا سزای هەتاهەتایی خۆی لە سەنتەری چاکسازی ژنانی سیلڤەرواتەر بەسەر دەبات.


سەرچاوەکان



67 بینین