یاری سەکیرۆ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-21-14:27:00 - کۆدی بابەت: 12595
یاری سەکیرۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاری سەکیرۆ  (بە عەرەبی؛ سکیرو، بە ئینگلیزی؛ Sekiro) یارییەکی سەرکێشی و ئاکشنە. لەلایەن ستۆدیۆی (فرۆمسۆفتوێر) کاری پەرەپێدانی بۆ کراوە و لەلایەن کۆمپانیای ئەکتیڤژن کاری بڵاوکردنەوەی بۆ کراوە و لە ساڵی ٢٠١٩ خرایە بەردەست یاریکەران. سەرەتا بۆ کۆنسڵەکانی پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن، لەگەڵ ویندۆز بڵاوکرایەوە لە مانگی ٣ ی ساڵی ٢٠١٩، دواتریش لە مانگی ١٠ی هەمان ساڵ بۆ ستادیا بڵاوکرایەوە. چیرۆکی یارییەکە باس لە جەنگاوەرێک دەکات بەناوی (وۆلف: لەبەر شێوەی کارەکتەرەکە کە بە گورگ دەچێت ئەو ناوەیان لێناوە)، کە دەیەوێت تۆڵە لە خێلێکی سامورای بکاتەوە کەوا ئەویان زیندانی کردبوو و گەورەکەشیان رفاندووە.

شێوازی یاریپێکردنی یاریەکە بە تایبەتی جەخت لە شەڕکردن لەگەڵ گەورەکان(بۆسەکان)ی نێو یارییەکە دەکاتەوە، بەڵام جگە لەوانەش شەڕکردن و شێوازی خۆحەشاردان ( بە دزی) و گەڕان بە نێو جیهانی یاریەکەش لە خۆ دەگرێت. چیرۆکی یارییەکە لە سەردەمی (سێنگوکو)ـە لە وڵاتی یابان. چیرۆکی یاریەکە سوودێکی زۆری لە ئەفسانەی (بودا) و فەلسەفەکەی وەرگرتووە. دەرهێنەری یارییەکە (هیدیتاکا میازاکی) مەبەستی لە دروستکردنی ئەو یارییە دوورکەوتنەوە بوو لە یاری (دارک سۆلس)، ویستی یارییەکی تەواو جیاواز لە جیهان و چیرۆکی ئەو یارییە دروست بکات و بۆ ئەمەش سوودی لە یاری ( تێنچوو) وەرگرت. یارییەکە دوای بڵابوونەوەی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازیەکی زۆر مەزنی لێکرا، ستایشی شێوازی یاریکردن و جیهانی یاریەکان کرد و بەراوردیان کرد بە یاری (دارک سۆلس) و لەبەر قورسی یاریەکەش. چەندین خەڵاتی گەورەی بردەوە و بووە یاری ساڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩. تا ساڵی ٢٠٢٠ مانگی ٧،  ٥ ملیۆن کۆپی لێ فرۆشرابوو.

شێوازی یاریپێکردن (گەیم پلەی)

یارییەکە سەرکێشی و ئاکشنە و کامێرای کەسی سێیەمە. بەراورد بە یارییە سۆلسەکانی تری ستۆدیۆی (فرۆمسۆفتوێر) کەمتر بڕیاردانی تێدایە کە یاریکەر بیدات، و کەسایەتیەکانی نێو یارییەکە کەمتر قوڵن، بەڵام لە چاو یارییەکانی تر ستۆدیۆیەکە دەوڵەمەندترە لەلایەنی شەڕکردن کە شتی زۆر لە خۆی دەگرێت و ئاستی جۆراوجۆری تێدایە. یارییەکە مۆدی مۆڵتەپلەیری تێدانییە. یارییەکە بەرزکردنەوەی شتە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتی سەرەکی لە خۆدەگرێت، لەگەڵ بەهرەی دار و چەند توانایەکی جۆراوجۆری دیاریکراو. شێوازی شەڕکردنی یارییەکە جیاوازە لە یارییەکانی تر، چونکە خۆی لە تەواوکردنی خوێنی دوژمنەکەت نابینێتەوە، بەڵکو لەم یارییەدا یاریکەر دەبێت هەوڵبدات لە رێگای هێرشەکانی دوژمنەکەی بخاتە ژێر فشارەوە تا لە کۆتاییدا بە لێدانێک کە پێی دەگوترێت (لێدانی مەرگ) کۆتایی پێ بهێنێت. 

یارییەکە تایبەتمەندی شەڕکردن بە دزیشی تێدایە، کە لە ڕێیەوە دەتوانی لە پشتەوە کۆتایی بە دوژمنەکانت بهێنیت، جگە لە گەورەکان کە دوو رۆحن. کەسایەتی یارییەکە چەندین چەکی هەیە بەهۆیانەوە شەڕدەکات و بەنێو جیهانی یاریەکە گوزەر دەکات وەک ئامێری خۆهەڵواسین بە شتە بەرزەکان. کەسایەتی یارییەکە دوو  ڕۆحی هەیە واتا کە دەمرێت دەتوانێت یەک جاری تر هەلبستێتەوە و ئەگەر ئەو کەسەی کە یەکەم جار کوشتیەتی بکوژێتەوە رۆحەکەی بۆ دەگەڕێتەوە. وە ئەگەر بمریت بە تەواوی ئەوە دەگەرێیتەوە دواین شوێن کە یاریەکەت لێ زەخیرە کردووە لای پەیکەرەکانی بودا کە لەنێو یارییەکە هەن.

چیرۆکی یاریەکە

چیرۆکی یاریەکە لە سەردەمی(سێنگۆکو)ە. (ئیشین ئاشینە) فەرمانڕەوایی خاکی ئاشینا دەکات، هەر لەو سەردەمە جەنگاوەرێک بە ناوی (ئۆول) کوڕێکی بێ دایک و باوک هەڵدەگرێتەوە و ناوی دەنێت (وۆلف)، ڕاهێنانی پێدەکات بۆ ئەوەی ببێت بە جەنگاوەر. دوای دوو دەیە بارودۆخی ئەشینا بەرەو خراپی دەڕوات و بەرەو لەناوچوون دەچێت، چونکە (ئەشینای) گەورە تووشی  نەخۆشی بووە، ئەنجوومەنی ناوەخۆ کە بۆ یەکخستنی یابان پێکهێنرابوون ئێستا هەوڵی داگیرکردنی ئاشینا دەدەن، چونکە ئیتر (ئاشینا) نەخۆشە و کەس نیە لێی بترسن و بیانوەستێنێ لەو کارەیان.

بۆ ئەوەی خێڵەکەی لە داگیرکردن بپارێزێت (گونیچیرۆ) نەوە هەڵگیراوەکەی (ئاشینا) کە لە توانای خۆی بێ هیوابووە بۆ پاراستنی خێڵەکەی، دەیەوێت (کورۆ) کە میراتگری پیرۆزی نەمر ناسراوە بڕفێنێت، تا لە ڕێگای خوێنەکەیەوە کە هێزی ئەژدیهای تێدایە جەنگاوەرێکی نەمر دروست بکات. (وۆلف) کە پاسەوانی تایبەتی (کورۆ)یە ئێستا بووە بە جەنگاوەرێکی تەواو ڕاهێندراو، شەڕ لەگەڵ (گونیچیرۆ) دەکات بۆ پاراستنی گەورەکەی، بەڵام شەڕەکە دەدۆڕێنێت دەستی چەپی لەدەست دەدات  و گەورەکەی دەڕفێندرێت لەلایەن (گونیچیرۆ). دوای شەڕەکە (وۆلف) لەلایەن جەنگاوەرێکی کۆن رزگار دەکرێت کە ناوی (سکەلپتەر)ە و برینەکانی ساڕێژ دەکات و دەستێکی دەسکردی بۆ دروست دەکات.

بۆ ڕزگارکردنی گەورەکەی (وۆلف) هێرش دەکاتە سەر قەڵای (ئەشینا)، بەڵام ناچار دەبێت بگەڕێتەوە ڕابردوو بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر و ئەو شوێنەی کە گەورەکەی لێ لەدایک بووە ئەو شوێنەش زەوییەکانی (هیراتا)یە کەوا ناوچەکە لەلایەن باندێکەوە هێرشی کراوەتە سەر کە خاتوونی (باتەرفلای) سەرکردایەتی دەکات، بەڵام (وۆلف) شکستی پێدەهێنێت و دەیکوژێت. دوای شکست پێهێنانی (باتەرفلای) لە دواوە (وۆلف) شمشێرێکی لێ دەدرێت لەلایەن کەسێکی نەناسراو و دەکوژرێت، بەڵام گەورەکەی (کورۆ) ڕزگاری دەکات و نەمری پێدەبەخشێت لە ڕێگای هێزە ئەژدیهاکەی.

دوای ئەوە دەگەرێتەوە سەردەمی خۆی واتە کاتی ئێستا (وۆلف) دیسانەوە ڕووبەڕووی (گێنیچیرۆ) دەبێتەوە شکستی پێدەهێنێت و (گێنیچیرۆ) هەڵدێت. (کورۆ) داوا لە (وۆلف) دەکات نەریتی ئایینی (سێڤێرنس)ئی نەمر ئەنجام بدە، تا لە ئەنجامی نەریتەکە (کورۆ) بمرێت و کەس هێزی ئەژدیهایەکەی بەدەست نەهێنێت. (وۆلف) داواکەی پەسند دەکات و دەگەڕێت بە دوای ئەو شتانەی کە پێویستن بۆ ئەنجامدانی نەریتەکە. لە ئەرکەکەی بۆ گەڕان بەدوای شتەکان (وۆلف) دووبارە (ئیشین) دەبینێتەوە، کە ناوێکی نوێی پێدەبەخشێت، سەکیرۆ (گورگە یەک دەستەکە).

دوای ئەوەی (وۆلف) هەموو شتەکان کۆدەکاتەوە بۆ نەریتەکە، ڕووبەڕووی (ئۆول) دەبێتەوە، دەردەکەوێت ئەو کەسەی کە لە دوای کوشتنی خاتوونی (باتەرفلای) شمشێرێکی لێدەدات لە پشتەوە هەر ئەو بووە. پێی دەڵێت کەوا ئەویش بە دوای هێزی (ئەژدیها) وەیە فەرمان بە  (وۆلف) دەکات واز لە خزمەتکردنی (کورۆ) بهێنێت. لێرەدا یاریکەر دوو بژاردەی دەبێت کە دەچێتە پال (ئۆول) یان خیانەت لە گەورەکەی ناکات. ئەگەر (وۆلف) بچێتە پال (ئۆول) ئەوە دەبێت (ئێما) و (ئیشین) بکوژێت. بەهۆی بەخیلی حەزی کوشتن کە دوای خیانەتەکەی (وۆلف) تووشی دەبێت وای لێدەکات شەڕ لەگەڵ (ئۆول) بکات و ئەویش بکوژێت.

بەس ئەگەر بێت و بژاردەی خیانەت کردن لە (کورۆ) هەلنەبژێرێت، ئەوە دەبێت شەڕ لەگەڵ (ئۆول) بکات و بیکوژێت. دوای ئەوە دەبێت بچێتە نێو کەتواری پیرۆز بۆ هێنانی دوایین کەرەستە کە بۆ ئەنجامدانی مەراسیمەکە پێویستە. کاتێک دەگەڕێتەوە (وۆلف) ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبێت، کە (ئیشین) بەهۆی نەخۆشیەوە دەناڵێنێ وە قەڵاکە لە ژێر هێرشی ئەنجومەنی ناوخۆ دایە. (گونیچیرۆ) هێرشی دەکاتەوە سەر (کورۆ)، بەڵام شکست دەهێنێت دووبارە. دوای ئەوەی (گونیچیرۆ) بەوە دەزانێت (ئەشینای) لە دەست داوە و ناتوانێت بیپارێزێت، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا خۆی دەکاتە قوربانی و تا (ئیشین) زیندوو بکاتەوە لە بەهێزترین سەردەمی خۆی تاوەکو (ئەشینا) رزگاربکە. (ئیشین) داوای نەوەکەی قبوڵ دەکاتەوە ڕووبەڕووی (وۆلف) دەبێتەوە.

دوای شکستهێنان بە (ئیشین) لە یارییەکەدا سێ کۆتایی هەیە. یەکێک لە کۆتاییەکان، نەریتەکە ئەنجام دەدەن و هێزی ئەژدیهاکە نامێنێت و لەبەرانبەردا (کورۆ)ش دەمرێت، (وۆلف) بەهەمان شێوەی (سکەلپتەر) خانەنشین دەبێت و ژیانی خۆی وەک قەشەیەک لە پەرستگا بەسەردەبات. یەکێکی تر لە کۆتاییەکان ئەوەیە (وۆلف) بە یارمەتی (ئێما) ڕێگا چارەیەک دەدۆزنەوە تا (وۆلف) خۆی بکاتە قوربانی لە شوێن (کورۆ) بۆ لەناوبردنی هێزی ئەژدیهاکە بەم شێوەیە دەمرێت. دواین کۆتایش گواستنەوەی هێزەکەیە بۆ ناو جەستەی منداڵێک کە لە ئەنجامدا جەستەی (کورۆ) دەمرێت بەڵام ڕۆحی لەناو جەستەی منداڵەکە بە زیندوو دەمێنێتەوە، ئینجا (وۆلف) لەگەڵ منداڵەکە دەڕۆن بۆ گەشتێک تا ئەژدیهاکە ببەنەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی.

خەڵاتەکانی

  • براوەی یاری ساڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ 
  • براوەی باشترین یاری ئاکشن و سەرکێشی بۆ ساڵی ٢٠١٩


سەرچاوەکان



50 بینین