گۆڕستای نەجەف

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-22-00:15:00 - کۆدی بابەت: 12620
گۆڕستای نەجەف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆڕستانی نەجەف یان گۆڕستانی گەورەی نەجەف یان گۆڕستانی وادی سەلام (بە عەرەبی: مقبرة وادي السلام، مقبرة نجف، بە ئینگلیزی: Wadi Al-Salam Cemetery) یەکێکە لە گرنگترین گۆڕستانەکان بۆ موسوڵمانە شیعەکان و دەکەوێتە پارێزگاكانی نەجەف لە باشووری وڵاتی عێراق، زۆرێک لە موسڵمانانی پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە لە عێراق گۆڕستانەکە بە شوێنێکی پیرۆز دادەنێن و مردووەکانیان لەو ناوچەیە دەنێژن، شیعەکان لەهەر کوێیەک بن هەوڵدەدەن مردووەکانیان لەو گۆڕستانە بنێژن، گۆڕستانی وادی سەلام بە گەورەترین گۆڕستانی جیهان هەژمار کراوە و ڕووبەری گۆڕستانەکە نزیکەی دە کیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان گۆڕستانەکە نزیکەی شەش ملیۆن گۆڕ لەخۆدەگرێت و لە لیستی کەلەپووری جیهانیدا تۆمارکراوە.

پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەكان لەھەر كوێیەكی جیهان بن بۆ ناشتنی مردووەكانیان ڕوو لەو گۆرستانە دەكەن، چونکە پێیان وایە شوێنەکە پیرۆزە و گۆڕی ئیمام عەلی تێدایە. گۆڕەكانی گۆڕستانی وادی سەلام لە خشت دروست كراون و بە ئایەتی قورئانی سەرڕووەکەی ڕازێندراونەتەوە. نرخی زەوی لەو گۆڕستانە زۆر بەرزە و بەهۆی نەبوونی زەوی لەبار بۆ ناشتنی مردووەکان نرخی کڕینی ٢٥ مەتر دەگاتە پێنج ملیۆن دیناری عێراقی. 

واتای ناوەکەی

ناوی سەرەکی گۆڕستانەکە بریتییە لە وادی سەلام (بە عەرەبی: وادي السلام) لە زمانی عەرەبیدا واتای دۆڵی ئاشتی دەبەخشێت و سەلام واتای ئاشتی و ئارامیش دەبەخشێت، زۆرجار شوێنەکە بە گۆڕستانی گەورەی نەجەف ناوزەد دەکرێت، هەروەها بە گۆڕستانی (السلام/ئاشتی)ـش ناسراوە. 

شوێنی جوگرافی 

گۆڕستانی وادی سەلام دەکەوێتە پارێزگای نەجەف کە یەکێکە لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، لە باشوورەوە هاوسنووری مەزارگەی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبووتالیب و شەقامێک دەوری داوە کە بە شەقامی عەلی کوڕی ئەبی تالیب ناسراوە، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنووری هەیە لەگەڵ ڕێگای سەرەکی نەجەف و کەربەلا کە بەرەو شاری کەربەلا درێژ دەبێتەوە، لە باکووریشەوە لەگەڵ گەڕەکی موهەندیسین هاوسنوورە و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ دەریای کۆنی نەجەف هاوسنوورە. 

مێژووەکەی

مێژووی گۆڕستانی نەجەف زۆر کۆنە و چەندان سەرچاوە و بۆچوونی ئایینی و مێژوویی لەسەرە، هەندێک لە سەرچاوە مێژووییە نائایینییەکان مێژووەکەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان چونکە شوێنەواری ساسانییەکان لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە، هەندێک بۆچوونی تری مێژوویی مێژووکەی دەگەڕێننەوە بۆ ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا کە ئەم بۆچوونە لە زۆر سەرچاوە ئاماژەی پێ دراوە و ڕاستە. لە ساڵی ٦٦١ـی زایینی کاتێک ئیمامی عەلی کوڕی ئەبووتالیب شەهید دەکرێت بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکان شوێنی گۆڕەکەی نادیار دەبێت و لەشەودا دەنێژرێت تاکوو بەنی ئومەییە زیان بە لاشەی مردووی نەگەینن، بۆیە زۆرێک لە سەرچاوە ئایینی و مێژووییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە شوێنی گۆڕی ئیمامی عەلی نادیار و نەناسراوە.

بەڵام بەشێک لە سەرچاوە ئایینییە شیعەکان پێیان وایە کە ئەو گۆڕەی نزیک گۆڕستانی نەجەف گۆڕی ئیمامی عەلییە و بۆیە مەزارگەی لێ دروستکراوە و گۆڕستانەکەش بووە بە شوێنێکی پیرۆز و لەدەوری مەزارگەکە دروست کراوە. بۆیە مێژووی دروستبوونی ئەم گۆڕستانە بە دیاریکراوی لە دوای شەهیدکردنی ئیمامی عەلییەوە دەستی پێکردووە و دەرکەوتووە.

کولتوور و باوەڕی شیعەکان لەسەر ئەم گۆڕستانە

لە سەرچاوە و کتێب و بۆچوونی ڕێبازی شیعەکاندا چەندان ئەفسانە و چیرۆکی هەڵبەستراو و خورافیاتی زۆر لەسەر گۆڕستانەکە نووسراوە، زۆربەی سەرچاوەکانیان لاواز و هەڵبەستراون و زیادەڕۆیی لە وێنا و شێوازی باسکردنی گۆڕستانەکە کراوە. پەیڕەوانی شیعەی عێراق لە نزیک مەزارگەکەی ئیمامی عەلی مردووەکانیان دەنێژن و پێیان وایە کە لە ڕۆژی دواییدا ئیمامەکەیان دەبێتە شەفاعەتکاری ئەو مردووانەی دەوروبەری. مردووەکانیان بە ئاڕاستەی قیبلە دەنێژن و لە خشتێکی پتەو و پان گۆڕەکانیان لەسەر زەوی بە شێوەیەکی ئاسۆیی دروست دەکرێت، پاشان سەر ڕووی گۆڕەکە بە ئایەتی قورئانی دەڕازێنرێتەوە، لەکاتی پرۆسەی ناشتنی مردووەکانیان تەنیا پیاوان بۆیان هەیە سەردانی گۆڕەکە بکەن و هەندێک جار نوێژی جەنازە هەر لە گۆڕستانەکە دەکرێت، ژنان تەنها لە مەراسیمی چلە و کاتی بۆنەکان یان ڕۆژێک دوای ناشتنی مردووەکە بۆیان هەیە سەردانی گۆڕستانەکە بکەن. 

ژمارەی گۆڕەکانی گۆڕستانەکە

ژمارەی گۆڕەکانی نێو گۆڕستانەکە بە شەش ملیۆن گۆڕ خەمڵێندراوە، شیعەکانی عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمن لە ناشتنی مردووەکانیان لەو گۆڕستانە و پاش ئەوانیش شیعەکانی وڵاتی ئێران لە ڕیزبەندی دووەمن لە ناشتنی مردووەکانیان لەو گۆڕستانە. پاشان بە ڕێژەیەکی کەم و دیاریکراو شیعەکانی پاکستان و ئازەربایجان و چەند ناوچەیەکی تری لێیە. بەهۆی گەورەیی و فراوانیناوچەکە گۆڕستانەکە نەخشەی تایبەت بەخۆی هەیە، لە ماوەی جەنگەکانی عێراق و بارودۆخی سیاسی وڵات کاریگەر بوون لەسەر زیادبوونی ڕێژە و ژمارەی گۆڕەکانی گۆڕستانەکە، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و ساڵانی ساڵانی جەنگی تائیفی لە عێراق کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر زیادبوونی ژمارەی گۆڕەکان.

لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەی گۆڕەکان کۆنتڕۆڵ کرا و ڕێژەی ناشتنی مردوو لە گۆڕستانەکە کەم بووەوە. لە جەنگی دژی داعش و دوای ساڵی ٢٠١٤ تاکوو کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی ناشتنی مردووان لە ڕۆژێکدا ٨٠ بۆ ١٢٠ کەس بوون و ڕووبەری گۆڕستانەکە زۆر زیادی کرد و تەنانەت گەیشتە دەرەوەی سنووری پارێزگای نەجەف. لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تەنیا لە ساڵێک نزیکەی پێنج هەزار بۆ شەش هەزار گۆڕ لەو گۆڕستانە نێژراوە و زیادی کردووە. نرخی ناشتنی تەرم و دانانی گۆڕ لە گۆڕستانی نەجەف لە ٤٠٠ هەزار دیناری عێراقییەوە دەست پێدەکات و بێ بەرانبەر نییە.


سەرچاوەکان



46 بینین