یارییە ڤیدیۆییە جیهان داخراوەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-02-21:47:00 - کۆدی بابەت: 12748
یارییە ڤیدیۆییە جیهان داخراوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

یارییە ڤیدیۆییە جیهان داخراوەکان (بە عەرەبی؛ ٲلعاب فیدیو العالم مغلق، بە ئینگلیزی؛ Linear world video games) یارییە جیهان داخراوەکان (Closed world) یاخود Linear world چەشنێکی تایبەتە لە یارییە ڤیدیۆییەکان کە یارییەکە هاوشانی فیلمێکی سینەمایی دەردەکەوێت وەک لە یارییەکی ڤیدیۆیی چونکە یاریزانی ڤیدیۆیی ناچارە شوێن ڕووداوەکان بکەوێت. 

یارییە لاینەرەکان یاخود جیهان داخراوەکان چییە؟ 

یارییە لاینەرەکان بەو یارییە ڤیدیۆییانە دەوترێت کە جیهانێکی داخراویان هەیە. یاریزانی یارییەکە ناتوانێت بە ئازادانە بە جیهانەکەدا بسوڕێتەوە و یارییەکە ئاڕاستەت دەکات لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کە ناتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ خاڵی پێشوو لە زۆرینەی یارییەکاندا جگە لە ترسناکەکان و دەروونییەکان کە تیشک دەخاتە سەر گەڕان لە جیهانە داخراوەکەدا. 

یارییە لاینەرەکان زیاتر وەک هۆیەکی گەیاندنی زانیاری وان کە لە ماوەیەکی دیاریکراو و کەمدا کۆمەڵێک پەیام ئاڕاستەی یاریزانان دەکات. بۆ نموونە لە یارییە تەقەکردنەکاندا تیشک دەخرێتە سەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی هێزی ئەرکەکان task forces یاخود گێڕانەوەی ڕووداوەکانێ جەنگێک کە لە ڕاستیدا ڕوویداوە وەک (جەنگی سارد، جەنگی ڤێتنام، هەردوو جەنگی جیهانی، جەنگی دژی تیرۆریزم، جەنگ دژ بە مافیاکانی باشووری ئەمریکا بەتایبەتی کۆڵۆمبیا و مەکسیکۆ و بۆڵیڤیا و چەندان وڵاتی تر). 

یاخود ئاگادارکردنەوەی یاریزانانە لە پلانێک یاخود گۆڕانێک کە لە داهاتوودا ئەگەری ڕوودانی هەیە. نموونە دروستبوونی ڤایرۆس و نەخۆشی گواستراوە کە ئەم یاریانە چونکە کاتەکەی سنوور دارە بۆیە زۆر گونجاون کە پەیامێکی لەو شێوە بگەیەننە یاریزانن. 

میتۆدی یارییە لاینەرەکان یاخود جیهان داخراوەکان

لەم یارییانەدا بە زۆری گەشەپێدەران سێ ئاست یان زیاتریان داناوە بۆ یاریزانان ئەوانیش Easy واتا ئاسان، Normal واتا ئاسایی، Hard واتا سەخت یان قورس. بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ١٠٠٪ یارییەکە تەواو بکەن لە زۆر یاریدا Trophy هەیە کە دەڵێت بە ئاستی قورس یارییەکە تەواو بکە بێ ئەوەی بمریت یان بکوژرێیت. ئەمەش لە بنەڕەتدا چاڵنجە کە لە ڕێگەیەوە پێداویستیت بۆ دەکرێتەوە وەک Skin ی چەک و جلوبەرگی کارەکتەر یاخود چەکت بۆ دەکرێتەوە. 

یارییە جیهان داخراوەکان لە زۆرێک لە یارییەکاندا گەر یاریزانی نوێ بیت یاخود کۆن ئەوا ناتوانیت پێشبینی بکەیت لە کۆتایی چی دەبێت، بە پێچەوانەی یارییە جیهان کراوەکان کە لە ڕێگەی ڕووداوەکان و دیمەنەکان دەتوانیت پێشبینی ڕووداوەکان بکەیت. 

خاڵێکی تر، یارییە جیهان داخراوەکان تیشک دەخەنە سەر دیمەنی سینەماتیک هاوشانی فیلمەکان لە کاتی یاریپێکردن یاخود کاتی دیالۆگەکان. لەگەڵ ئەوەشدا یارییە جیهان داخراوەکان لە هەندێک یاری تەنها تیشک دەخەنە سەر کارەکتەر لە بری چیرۆک نموونەش یارییە جیهان داخراوە یابانییەکان کە یاری هەیە نزیک بە ٤٠ بەشی لێ بڵاوکراوەتەوە میتۆدی ئەم یارییانە زیاتر کارەکتەرە وەک لە چیرۆک و یاری شێوازی پێکردن. 

شێوازی گێڕانەوەی چیرۆک لە یارییە جیهان داخراوەکان

لە یارییە جیهان داخراوەکاندا ڕووداوەکان بە زنجیرەیی ڕوودەدەن و زیاتر تیشک دەخرێتە سەر چیرۆکی سەرەکی وەک لە هەبوونی ئەرکی لاوەکی و ئەرکی تایبەت. یارییە جیهان داخراوەکان زۆر جار پێویستی بە زانینی زمان هەیە هەندێک شت بۆت ڕوون ناکرێتەوە پێویستە لە ڕێگەی تێگەیشتنەوە خۆت بیزایت نموونەش کۆتایی چیرۆکەکانە کە هێشتا هەندێک پرسیار وەڵام نەدراونەتەوە ئەمەش بوار دەدات بە گەشەپێدەران تا چیرۆکی یارییەکە لە بەشێوەکەوە درێژبکەنەوە بۆ بەشی زیاتر. 

یارییە جیهان داخراوەکان و پێشکەوتنی بواری یاری ڤیدیۆیی

 

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی یارییە ڤیدیۆییەکان وەک هۆیەکی بەسەربردنی کاتەکان و چێژ لێبینین، بە شێوەی جیهان داخراو گەشەیان پێدراوە. بۆیە وەک ڕێژە یاری جیهان داخراو ڕێژەکەی زیاترە چونکە کاتی کەمتری پێویستە بۆ گەشەپێدان و کاری تەکنیک. بەشێوەیەکی گشتی یارییە جیهان داخراوەکان هۆکاری پێشکەوتنی بواری یاری ڤیدیۆیی بوون تا سەرەتای سەدەی ٢١. نموونەی هەندێک یاری جیهان داخراو:

  • زنجیرە یاری GOD OF WAR 
  • زنجیرە یاری Resident evil 
  • زنجیرە یاری the last of us 
  • زنجیرە یاری Call of Duty 
  • زنجیرە یاری Battle field 
  • زنجیرە یاری Bioshock 
  • زنجیرە یاری The legend of Zelda 
  • زنجیرە یاری Layers of fear 
  • زنجیرە یاری Life is strange 
  • زنجیرە یاری Uncharted


سەرچاوەکان



46 بینین