یارییە ڤیدیۆییە جیهان کراوەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-02-21:36:00 - کۆدی بابەت: 12747
یارییە ڤیدیۆییە جیهان کراوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یارییە ڤیدیۆییە جیهان کراوەکان (بە عەرەبی؛ ٲلعاب فیدیو العالم المفتوح، بە ئینگلیزی؛ Open world video games) یارییە جیهان کراوەکان چەشنێکی تایبەتە لە چەشنەکانی یاری ڤیدیۆیی. 

مەبەست لە یاری جیهان کراوە چییە؟ 

شارەزایانی بواری یاری ڤیدیۆیی دەڵێن: یارییە جیهان کراوەکان ئەو یارییانەن کەوا ئازادی تەواو دەدەن بە یاریزانی یارییەکە کە پەیوەست و دەسەڵاتەکانی سنووردار نەبێت لە نێو یارییەکەدا. بە جۆرێکی تر ئەو یارییانەن کەوا یاریزانی یاری ڤیدیۆیی بە شێوەیەکی تەواو ئازاد و سەربەستانە گوزەر بکات بە نێو جیهانی یارییەکەدا و کارلێک بکات لەگەڵ جیهانەکەدا. 

ئەم یارییانە لە ڕووی پەیام و چیرۆک قوڵ و بەهێزن و چیرۆکەکانیان بۆ ئەوەی تەواوی بکەیت کاتی زۆر دەخایەنێت بۆ نموونە یاری هەیە نزیکەی ٨٠ کاتژمێری پێویستە بۆ ئەوەی تەنها چیرۆک تەواو بکەیت جگەلە تەواو کردنی ئەرکە لاوەکییەکان و کۆکردنەوەی ئەو شتانەی بە Collection ناسراون. یارییەکی وەک Assassin´s creed valhalla نزیکەی ١٤٠ کاتژمێری پێویستە بۆ تەواو کردنی ١٠٠٪ یارییەکە واتا کۆکردنەوەی هەموو شتەکان و تەواو کردنی ئەرکی لاوەکی و سەرەکی. 

هەندێک یاری ڤیدیۆیی هەیە کە لە چەشنی جیهان کراوەیە پێویستی بە زانینی زمان نییە بەڵکو هەر شێوازی جووڵە و ڕووداوەکان کۆتایی یارییەکەت بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چی دەبێت. هەر ئەمەش تایبەتمەندی دیاری یارییە جیهان کراوەکانە کەوا لە ڕێگەی جووڵەکان و دیمەنە سینەماتیکەکان پێمان دەڵێت چی ڕوودەدات. 

پەیامی چیرۆکی یارییە جیهان کراوەکان

پەیامی چیرۆکی هەندێک یاری جیهان کراوە بریتییە لەوەی خۆت بخەیتە شوێنی کارەکتەرەکان و وێنای بڕیارەکانیان بکەیت. لە نوێترین شێوازی ئەم یارییانەدا هەندێک یاری چەشنی RPG کە کورتکراوەی Role play games دەگرێتەوە تێکەڵکراوە بە یارییەکان بۆ ئەوەی یاریزان خۆی بڕیارە دروستەکان بدات. چیرۆکەکان بە زۆری بابەتی هەست بزوێن و خێزانی و تۆڵە کردنەوە و جەنگ کردن بۆ مانەوە و ڕزگارکردن و چەندین بواری تر دەگرێتەوە. گەشەپێدەران دەیانەوێت یارییەکان کاربکاتە سەر هەست و سۆزی بەکارهێنەر، لە هەندێک دیمەنی یارییەکە چیرۆکەکە هێندە قوڵە وا دەزانیت ڕاستییە.

میتۆدی سەرەکی یارییە جیهان کراوەکان

میتۆدی سەرەکی یارییە جیهان کراوەکان بریتییە لە پێدانی جیهانێکی فراوان بە یاریزانان کە تیایدا بە ئازادی بسوڕێنەوە و ئەوەی حەزی پێدەکەن ئەنجامی بدەن. لە هەمان کاتدا ئەنجامدانی چاڵنج و ئەرکی تایبەت کە بۆ یاریزانان دانراوە تا بە وەردی بگەڕێن تیایدا. ئەگەر یارییەک ڕاوکردنی ئاژەڵی تێدابێت ئەوا چاڵنج دانراوە کە بتوانیت ئاژەڵی دەستنیشانکراو بە جۆرێکی دیاریکراو لە چەک ڕاو بکەیت. یان گەر بابەتی قومارکردنی تێدابێت پێت دەڵێت سێ بۆ پێنج یاری بە شێوەیەکی گشتی لە شوێنێکی دیاریکراو ببەیتەوە بێ دۆڕان. ئەمەش بۆ ئەوەیە کاتێک یاریزان چیرۆکەکەی تەواو کرد شتانێک هەبن لە یارییەکەدا کە وا بکات یاریزانەکە بەردەوام بێت لە یاریکردن و چێژ ببینێت لێی. 

لەم یارییانەدا ئەرکی لاوەکی هۆکاری بەردەوامی دانە بە یاریکردن پاش تەواوکردنی چیرۆکی سەرەکی. چونکە لەم ئەرکە لاوەکیانە هەندێک جار کەلوپەلی تایبەتت بۆ دەکرێتەوە یاخود هۆکارە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەسەر چیرۆکی کارەکتەرەکان یاخود چیرۆکی سەرەکی یارییەکە. ئەم ئەرکە لاوەکیانە لە هەندێک یاریدا ناچار دەکرێیت تەواویان بکەیت ئینجا دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ چیرۆکی سەرەکی. لە هەندێک یاریشدا کردن و نەکردنیان وەکو یەکترە و هیچ کاریگەری نابێت لەسەر ئاڕاستەی یارییەکە. 
نموونەی هەندێک یاری جیهان کراوە:

  • Elden Ring 
  • زنجیرە یاری watch dogs 
  • زنجیرە یاری GTA 
  • زنجیرە یاری Red dead redemption 
  • یاری bully 
  • یاری L.A noire 
  • یاری MAFIA 3 
  • یاری The witcher: wild hunt 
  • زنجیرە یاری Assassin´s creed 
  • یاری Ghost reacon: wild lands 
  • یاری Skyrim 
  • زنجیرە یاری Forza horizon 
  • یاری Horizon zero dawn 
  • یاری Horizon forbidden west 
  • یاری Ghost of tsushima


سەرچاوەکان



53 بینین