عەلی حەسەن مەجید

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-22-20:52:00 - کۆدی بابەت: 12643
عەلی حەسەن مەجید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی (بە عەرەبی: علي حسن المجيد، بە ئینگلیزی: Ali Hassan al-Majid) ئامۆزای سەدام حسێن و سەربازێکی پلە بەرزی نێو حیزبی بەعس بوو، هاوکات لە ناواڕەستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو وەزیری بەرگری عێراق بووە و پاشان وەکوو وەزیری ناوخۆی عێراق دەست بەکار بووە، بەهۆی ئەوەی بەرپرسی یەکەمی ڕووداوەکانی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بووە بە عەلی کیمیایی ناسراوە و ناوزەد دەکرێت.

زانیاری گشتی

ناو عەلی حەسەن عەبدولمەجید ناسڕی
نازناو ئەبووحەسەن، عەلی کیمیایی
بەروار و شوێنی لەدایکبوون ٣٠ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤١، گوندی عۆجە، تکریت
ئایین ئیسلامی پەیڕەوەی ڕێبازی سوننە
ڕەگەزنامە عێراقی
پیشە ئەفسەری سەربازی، وەزیر، سەربازی جەنگ، سیاسەتوان
حزب ئەندامی باڵای حزبی بەعس
کۆچی دوایی ٢٥ـی  کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٠

سەرەتای ژیانی

عەلی حەسەن عەبدولمەجید ناسڕی لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤١ لە گوندی عۆجەی سەر بە شاری تکریتی عێراق لەدایکبووە، کوڕی مامی سەدام حسێنە و ئامۆزایەکی زۆر نزیکی سەدام حسێن بووە و هەر لە سەرەتای لاوییەوە چووەتە ڕیزەکانی حیزبی بەعسەوە. خوێندنی سەربازی خوێندووە و بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سەربازییەکان لە زانکۆی بەکر بۆ توێژینەوەی سەربازی لە بەغداد بەدەست هێناوە، ماستەرنامەکەی بە ناوی (مێژووی بەرخۆدانی حیزبی بەعسی عەرەبی) بووە و لەژێر سەرپەرشتی عیزەت دووری ماستەرنامەکەی تەواوکردووە و ئاشان بڵاویکردووەتەوە. 

پلە و پۆستەکانی

ئەزموونی سیاسی و پیشەیی سەربازی عەلی حەسەن مەجید لە سەرەتای لاوییەوە دەستی پێکردووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەربازی ڕاستەوخۆ وەک ئەفسەری سەرەکی لە سوپای پۆلیس لە پارێزگای کەرکووک دامەزراوە و دواتر چەندین پلەی پێدرا و بەرپرسیارێتییەکانی زیارتر بوونە، پاشان لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو وەکوو یاوەری (حەمادی شەهاب) وەزیری بەرگری ئەوکاتەی عێراق دامەزراوە و دەست بەکار بووە. لە ساڵی ١٩٩١ وەکوو وەزیری ناوخۆی عێراق لەلایەن سەدام حسێن دەستنیشان کراوە، پاشان لە ساڵی ١٩٩٥ وەکوو وەزیری بەرگری عێراق هەر لەلایەن سەدامەوە هەڵبژێردراوە.

عەلی حەسەن مەجید لە سەرەتای لاوییەوە ئەندامی حیزبی بەعسی عێراقی بوو، دواتر لەنێو حیزبەکە پلەی بەرزکراوەتەوە و بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی عیراقی لە حیزبەکە. لە ئازاری ساڵی ١٩٨٧ وەکوو بەرپرسی حیزبی بەعس لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەدامەوە دامەزرا. لە دوای داگیرکردنی کوەیت لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٠ و لکاندنی بە عێراقەوە، سەدام بانگەشەی ئەوەی کرد کە کوەیت کراوە بە ١٩ـیەمین پارێزگای عێراق و عەلی حەسەن مەجید وەک پارێزگاری کوەیت دیاری کرا. لە کاتی پرۆسەی ئازادی عێراق و ڕووخانی بەعس و داگیرکارییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق عەلی حەسەن مەجید لەلایەن سەدامەوە وەکوو بەرپرسی ناوچە و شارەکانی باشوور دانرا و سەرپەرشتی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی دەکرد.

کێشە خێزانییەکان و سزادانی خیانەتکاران

حسێن کامل و سەدام کامل کە زاواکانی سەدام حسێن بوون و هاوسەری ڕەغەد و ڕەنای کچی سەدام حسێن بوون، هاوکات هەردووکیان برازای عەلی حەسەن مەجید بوون، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٥ هەڵگەڕانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتی سەدام حسێن ڕاگەیاند و بەرەو وڵاتی ئوردن هەڵهاتن و خۆیان وەکوو ئۆپۆزسیۆن ناساند، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوو و شکستیان هێنا و دواتر ویستیان بگەڕێنەوە بۆ عێراق، بۆیە سەدام حسێن بەڵێنی لێخۆشبوونی بۆیان دەرکرد. بەڵام هەر دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق لەسەر داوای سەدام حسێن، عەلی حەسەن مەجید ڕاسپێردرا کە تۆڵەی خێزانیان لێ بکاتەوە و سزای مەرگیان بەسەردا سەپێنرا، چونکە بە خیانەتکاری نێو خێزانەکەیان تاوانبار کران و سزای خیانەتکار لە نێو هۆزە عەرەبەکانیش مەرگ و کوشتنە، بۆیە لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩٦ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیدا لە ماڵەکەی خۆیان حسێن کامل و سەدام کامل و چەند ئەندامێکی تری خێزانەکەیان کوژران و گوللـەباران کران.

ڕۆڵی عەلی کیمیایی لە دۆسیەی کوردەکان و کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٧ عەلی حەسەن مەجید لەلایەن سەدام حسێنەوە وەکوو بەرپرسی ناوچەکانی باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستنیشان کرا. بۆیە بڕیاری سەرکوتکردن و لەناوبردنی یاخیبوونە کوردییەکانی دا، لە ١٦ـی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ شاری هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی قەدەغەکراو کیمیاباران کرا و بە هەزاران قوربانی لێکەوتەوە، عەلی حەسەن مەجید بە ئەنجامدەر و بەرپرسی کارەکە تۆمەتبار دەکرا. لە سەرەتادا حکوومەتی عێراقی ڕەتیکردەوە کە عەلی حەسەن مەجید دەستی لە کارەکە هەبێت و حکوومەتی ئێرانی بە ڕووداوەکە تاوانبار دەکرد، بەڵام دواتر بەڵگەیەکی نووسراوی ساڵی ١٩٨٧ـی عەلی حەسەن مەجید بڵاوبووەوە و ڕاستییەکانی دەرخست. هەروەها لە ڕووداوەکانی ئەنفالی چەند ناوچەیەکی کوردستان لە ساڵانی ١٩٨٦ بۆ ١٩٨٩ ڕۆڵی هەبووە و هەر لەو کاتەوە بە عەلی کیمیایی ناسراوە.

دوای کەوتنی بەغداد و دادگایی کردنی عەلی کیمیایی

پێش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، عەلی حەسەن مەجید لەلایەن سەدام حسێنەوە وەکوو بەرپرس وسەرکردەی سەربازی شارەکانی باشووری عێراق دانرا، کە هەریەک لە شارەکانی بەسڕە، ناسڕییە، عەمارە و واستی لەخۆدەگرت، سوپای عێراق لەو ناوچانە ڕووبەڕووی جەنگ بوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و چەند جەنگێک دروست بوو لەوانە جەنگی بەسڕە و ئوم قەسڕ و جەنگی ناسریە، بەڵام شکستیان هێنا و ئەمریکا سەرکەوتوو بوو و سوپای عێراق شکا. لەکاتی جەنگ و ڕووداوەکان لە چەند سەرچاوەیەکی بەریتانی و ئەمریکی وابڵاوبووەوە کە عەلی حەسەن مەجید لە ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان ماڵەکەی لە بەسڕە بۆردمان کراوە و لەگەڵ پاسەوانە تایبەتییەکەی کوژراوە، بەڵام هەواڵەکە ڕاست نەبوو. دوای جەنگی عێراق و ئەمریکا و کەونی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق، ناوی عەلی حەسەن مەجید لە لیستی گرنگترین داواکراوەکان بوو کە ئەمریکا بڵاوی کردەوە.

لە ڕۆژی ٢١ـی ئابی ساڵی ٢٠٠٣ عەلی کیمیایی لە شارۆچکەی سامەڕا دەستگیرکرا و بۆ دادگایی کردنەکە ڕادەستی عێراقییەکان کرایەوە. عەلی حەسەن مەجید لەلایەن دادگای تاوانی تایبەتی عێراقییەوە دادگایی کراوە، کە تۆمەتبار کراوە بە تاوانەکانی دژی کورد هاوکات وەکوو بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە تاوانبار کرا، لە ڕۆژی  ٢٤ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧ حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا بەهۆی ئەوەی بە تۆمەتبار و ئەنجامدەری سەرەکی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دانرا. لە ٢٩ـی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی عەلی حەسەن مەجیدی پەسەند کرد و هۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بڕیارەکەش بۆ ئەوە گەڕایەوە کە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی عێراق درەنگ پێکهێنرا.

هەروەها هەر لە ساڵی ٢٠٠٨ بە سەرکوتکەری ڕاپەڕینی شەعبانییەی شیعەکانی ساڵی ١٩٩١ تاوانبار کرا و دووبارە بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرایەوە. سەرباری ئەوەی بە کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە تاوانبار کرا، هاوکات دادگایی کراوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و جینۆسایدکردن لە ڕووداوەکانی دوای تیرۆرکردنی محەمەد سادق سەدڕی ڕابەری شیعەکان کە لە ساڵی ١٩٩٩ ڕوویدا، ئەم ڕووداوە بە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩٩ ناسراوە و تێیدا کوشتن و لەسێدارەدان و سەرکوتکردن و دادگاییکردن و ئاوارەبوونی چەند ناوچەیەکی شیعەنشینی باشووری عێراق ڕوویدا، بۆیه دادگای تاوانی عێراقی لە دووی ئازاری ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە بەهۆی ئەم تۆمەتەوە حوکمی سزای لەسێدارەدانی بەسەر عەلی کیمیایی سەپاند.

کۆچی دوایی و لەسێدارەدانی

عەلی حەسەن مەجید لە ٢٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ لە سێدارە درا و سزای لەسێدارەدانی لە عێراق بەسەردا جێبەجێ کرا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی بەغداد سزاکەی بەسەردا سەپێنراو و جێبەجێ کرا. دوای لەسێدارەدانی لە گوندی عۆجەی سەر بە شاری تکریت تەرمەکەی نێژرا، کە بە گوندی سەدام حوسێنیش ناسراوە چونکە شوێنی لەدایکبوونی سەدامە.


سەرچاوەکان



360 بینین