پەنەما سیتی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-06-18:08:00 - کۆدی بابەت: 12786
پەنەما سیتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەنەما سیتی (بە ئینگلیزی: Panama City، بە عەرەبی: بنما سيتي، بە ئیسپانی: Ciudad de Panamá)، کە بە پەنەماش ناسراوە، پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتی پەنەمایە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 1,938,000 کەسە و زیاتر لە 1,500,000 کەسیان لە ناوچە شارییەکانیدا نیشتەجێن. پەنەما سیتی دەکەوێتە دەرکەی نۆکەندی پەنەما لە پارێزگای پەنەما. شارەکە ناوەندی سیاسی و ئیداری وڵاتە، هەروەها ناوەندێکە بۆ کاروباری بانک و بازرگانی.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری پەنەما سیتی 275 کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 3,203 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژوو و گرنگی پەنەما سیتی

پەنەما سیتی لە 15ـی ئابی 1519 لەلایەن پێدرۆ ئاریەس داڤیلا (Pedro Arias Dávila)ـی ئیسپانییەوە دامەزراوە. شارەکە هەر لەسەرەتاوە مێژوویەکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە، چونکە خاڵی دەسپێکی گەڕان بۆ زێڕ لە پیرۆ. لە 28ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1671ـدا هێرش کرایە سەر شارەکە و تاڵان کرا و سووتێنرا. هەندێک لە کەلاوە و شوێنەوارە داڕماوەکانی هێشتا ماونەتەوە و شوێنی سەرنجڕاکێشی گەشتیارین. شارەکە دوای دوو ساڵ لە 21ـی کانوونی دووەمی 1673ـدا لەسەر نیمچە دوورگەیەک و لە دووری هەشت کیلۆمەتر لە شوێنە بنەڕەتییەکەیەوە دووبارە دروستکرایەوە. دوای دروستکردنی ئاسنەڕێی و نۆکەندی پەنەما شارەکە ئاوەدانتر بوو، بەمەش دەرفەتی کەشتیگەڕی و بازرگانی بۆ دانیشتووانەکەی ڕەخسا.

پەنەما سیتی لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا شوێنێکی ناوەندی بوو. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 1950ـدا تەنها 170,735 کەس بوو. لەگەڵ هاتنی سوپای ئەمریکا ئابووری شارەکە زیاتر بوژایەوە، بەڵام زیادبوونی گرژی لە نێوان هاوڵاتییە ئەمریکییەکان و خەڵکی پەنەما بووە هۆی دروستبوونی پشێوی لە شارەکەدا و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک دانیشتووی ناوچەکەی لێ کەوتەوە. لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، پەنەما سیتی وەک ناوەندێکی بانکی ڕۆڵی خۆیی گێڕا. جگە لە ڕۆڵیی شارەکە لە بواری بانکی و بازرگانیدا، پەنەما سیتی شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە و ساڵانە ملیۆنان سەردانکەر ڕووی تێ دەکات. سەرەڕای ئەوانەش، پەنەما سیتی نزیکەی 55%ـی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی بەرهەم دەهێنێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

پەنەما سیتی تەنها پایتەختی پەنەما نییە لە ئەمریکای ناوەڕاست، بەڵکوو لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەترین شاری وڵاتە. ژمارەی دانیشتووانی پەنەما سیتی لە ئێستادا (2023) بە 1,976,866 کەس مەزەندە دەکرێت، لە ساڵی رابردووەوە 38,903 کەس زیادیکردووە و ڕێژەی گەشەی ساڵانەکەی 2.01%ـە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2010، 430,299 کەس لە ناوچە شارییەکاندا دەژین، 880,691 کەس لە ناوچەی جوگرافیی سنووری شارەکەدا دەژین و ژمارەی دانیشتووانی زلشارە گەورەترەکە زیاتر لە 1.5 کەسە.

دانیشتووانی پەنەما سیتی پێیان دەوترێت کاپیتالینۆکان. خەڵکی سپی پێست و ئاسیاییەکان لەنێو کەمینەکانی ئەم شارەدان. شارەکە لەڕووی کولتوورییەوە زۆر هەمەچەشنە و دانیشتووانی شارەکه بە چەندین زمان قسە دەکەن، لەوانە ئینگلیزی، ئیسپانی، پورتوگالی و ئەڵمانی. پێکهاتە نەتەوەییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە ئەفرۆ-پەنەماییەکان، دوو ڕەگەکان (باوانی ڕەش پێست و سپی پێست) و مێستیزۆکان.

گەشەی دانیشتووانی پەنەما سیتی

ئابووریی گەشەسەندووی شارەکە بەهۆی نۆکەندی پەنەما و ڕۆڵی لە کاروباری بانک و بازرگانیدا وایکردووە پەنەما سیتی شوێنێکی خوازراو بێت بۆ ژیانکردن. شارەکە بەدرێژایی ساڵان گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینیش دەکرێت ئەم گەشەکردنە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، پەنەما سیتی کەشوهەوایەکی خولگەیی ساڤانایی هەیە. پلەکانی گەرما بەدرێژایی ساڵ جێگیرن و لە دەوروبەری 27 پلەی سەدیدان. ساڵانە 1,900 مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، وەرزی باراناوی لە مانگی ئایارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی کانوونی یەکەم دەخایەنێت، بەڵام وەرزی وشک لە مانگی کانوونی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان دەخایەنێت.


سەرچاوەکان



30 بینین