القدوس ـ پاک و بێگەرد

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-07-14:35:00 - کۆدی بابەت: 12790
القدوس ـ پاک و بێگەرد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتاکەی

ئەلقدووس، قدوس، پیرۆز، پاک و بێگەرد (بە عەرەبی: القدوس، بە ئینگلیزی: al-Quddūs، Quddus) وشەی قدووس لە زمانەوانیدا و لە زمانی عەرەبیدا واتای پاک و بێگەردی و پیرۆزی دەبەخشێت، بەو واتایەی خوای پەروەردگار لە هەموو شتە ماددییەکانی دوونیا پاکە و زاتێکی کامڵە و بێ کەموکۆڕییە، واتا هاوتای نییە لە بت و هاوەڵەکان کە بۆی دروست دەکرێت لە دونیادا بێبەری و بێگەردە لە شتی ماددی، لەهەمان کاتدا سیفات و ناوەکانی بێگەردن لەهەموو کەموکوڕییەک. وشەی قدوس لە موقەدەسەوە یان تەقدیسکردنەوە وەرگیراوە کە واتای بەرەکەتداری و پیرۆزی و بێگەردی دەبەخشێت.

هاتنی ناوی قدووس لە قورئاندا

لە قورئاندا خوای گەورە دووجار ناوی قدووسی بۆ خوودی زاتی خۆی بەکارهێناوە و پەیوەستکراوە بە ناوی مەلیکەوە کە بریتین لە:

  • لە سوورەتی (الحشر) لە ئایەتی ٢٣ خوای گەورە دەفەرموێت (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ  سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ)، واتا خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نییه‌ و پاشای هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌، پاك و بێگه‌رد و پوخته‌ و ئاشتیخوازە، ئاسایش به‌خش و په‌ناگای ئیماندارانه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ و چاودێری دروستکراوه‌کانیه‌تی، باڵاده‌سته‌ و خاوه‌نی خێری بێسنووره‌، گه‌وره‌یه‌ و خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت، پاکی و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌یه‌ له‌وه‌ی تینه‌گه‌یشتوان هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن.
  • لە سوورەتی (الجمعة) لە ئایەتی یەکەم خوای گەورە دەفەرموێت (يُسَبِّحُ لِلَّهِ مَا فِى ٱلسَّمَـٰوَٰتِ وَمَا فِى ٱلْأَرْضِ ٱلْمَلِكِ ٱلْقُدُّوسِ ٱلْعَزِيزِ ٱلْحَكِيمِ)، واتا هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه‌ ته‌سبیحات و ستایشی خوا ده‌که‌ن و ئه‌و خوایه‌ی که‌ پاشایه‌ و شاهی شاهانه‌، پاك و بێگه‌رد و پوخته‌ و باڵاده‌ست و دانایە.

دووعاکردن و پاڕانەو لەڕێی ناوی قدووسەوە

خوای گەورە فرمانی کردووە کە لە ڕێگەی ناوەکانییەوە لێی بپاڕێینەوە. پێغەمبەر لە دوای نوێژی ویتر سێ جار دەیفەرموو (سُبْحَانَ الْمَلِكِ الْقُدُّوسِ) یان (سبُّوح، قدُّوس، ربّ الملائكة والروح). واتا پاکی و بێگەردی و بێکەموکوڕی و پیرۆزی هەر بۆ  پەروەردگار ئێمە و فریشتەکانەوەیە. باوەڕهێنان بە ناوی قدووس و پاڕانەوە پێی، خۆشەویستی خوای گەورە لە دڵی بەندەکانی زیاد دەکات. قبوڵبوونی ئەم ناوە و قوڵبوونەوە تێیدا هاوکارت دەبێت کە کار و کردەوەکانی خوا بە کامڵی و بێکەموکوڕی وەربگریت، بە قەدەر و نووسراوی خوا ڕازی بیت.


سەرچاوەکان



68 بینین