مزگەوت

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-10-09:44:00 - کۆدی بابەت: 12838
مزگەوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوت (بە عەرەبی: المسجد یان الجامع، بە ئینگلیزی: Mosque) لە ئایینی ئیسلامدا شوێنی ئەنجامدانی پەرستشی نوێژی بە کۆمەڵ و ئەنجامدانی نوێژ و وتاری هەینییە لەلای موسڵمانان. مزگەوت ناوەندێکی گرنکە کە تایبەتە بە پەرستش و نوێژی بە کۆمەڵ و لەڕێگەی وتارەکانەوە تاوتوێی کێشە و کاروبارەکانی گەلانی موسڵمان دەکرێت و مزگەوتەکان بە ماڵی خوا ناوزەد دەکرێن.

مێژوو و ڕۆڵی مزگەوت لە مێژووی ئیسلامدا

مزگەوت و سەردەمی پێغەمبەر ﷺ

هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلام و دوای کۆچی پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵان بۆ شاری مەدینە، یەکێک لە هەرە کارە گرنگەکانی پێغەمبەر ﷺ بریتی بوو لە بنیاتنانی مزگەوتێک لە شاری مەدینە کە بە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ ناسرا، ئەو مزگەوتە بووە ناوەندی بەڕێوەبردن و تاوتوێ کردنی کاروبارەکانی جەنگ و بینین و گفتوگۆ لەگەڵ نێردراوی گەل و هۆزەکانی تر، تەنانەت بووە فێرگە و ناوەندی فێربوونی پایە و بابەتەکانی ئایینەکه، پێغەمبەر ﷺ هەر لەوێوە کاروباری دەوڵەتی بەڕێدەخست.

مزگەوتی قوباء یەکەم مزگەوت بوو کە لە ئیسلامدا لە باشووری مەدینە لەلایەن موسڵمانانەوە بنیاتنرا و بە پێنج کیلۆمەتر لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ دوورە، ئەم مزگەوتە هەر لە کاتی گەیشتنی هاوڵان بۆ مەدینە بنیاتنرا، لە سوورەتی (التوبة) خوای گورە دەفەرموێت: (لَّمَسْجِدٌ أُسِّسَ عَلَى ٱلتَّقْوَىٰ مِنْ أَوَّلِ يَوْمٍ أَحَقُّ أَن تَقُومَ فِيهِ ۚ فِيهِ رِجَالٌ يُحِبُّونَ أَن يَتَطَهَّرُوا۟ ۚ وَٱللَّهُ يُحِبُّ ٱلْمُطَّهِّرِينَ)، واتا بێگومان مزگه‌وتێک (مزگەوتی قوباء) له‌سه‌ر بناغه‌ی ته‌قوا و له‌ خوا ترسان دامه‌زرا بێت له‌ یه‌که‌م ڕۆژه‌وه‌ شایسته‌ تره‌ که‌ نوێژی تێدا بکه‌یت، پیاوانێکی تێدایه‌ پێیان خۆشه‌ که‌ خۆیان خاوێن و پاك ڕابگرن خوایش کەسانی پاك و خاوێنی خۆش ده‌وێت.

دوای چەند مانگێک لە کۆچی هاوەڵان بۆ مەدینە لە ساڵی یەکەمی کۆچی بەرانبەر ساڵی ٦٢٢ زایینی بە ماوەیەکی کام مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ لەلایەن موسڵمانانەوە دروست کرا، ڕووبەرەکەی ٧٠ باڵ درێژ بووە و ٦٣ باڵ پان بووە و لق و گەڵا و پەلی دار خورما و خشت بۆ بنیاتنانی بەکارهاتووە.

دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ

دوای کوچی پێغەمبەر ﷺ مزگەوت زیاتر بووە شوێنی شوورا و پرسە گرنگەکان، هەر چوار جێنشینەکەی ڕاشیدەین لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ هەڵبژێردران و دیاری کران. بڕیارە فەرمی و گرنگەکانی دەوڵەت لە مزگەوتەوە تاوتوێ دەکرا و جێنشینی موسڵمانان لە مزگەوتەوە وتاریان بۆ خەڵکی دەدا و پرسە گرنگەکانی دەوڵەت و پلانەکانیان دەخسته ڕوو، تەنانەت دەستکەوتەکانی جەنگیش هەر لە مزگەوتەوە بە سەر خەڵکیدا دابەش دەکران. هەتاکوو سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکانیش مزگەوت وەکوو شوێنێکی دادگایی و لێپرسینەوەش بەکاردەهێنرا و لە مزگەوتەوە یاسا و سزاکانیان دەسەپاند. دوای دەسەڵاتی ئومەوییەکان و سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان مزگەوت زیاتر کرا بە ناوەندی خوێندن و فێرگەی زانستە شەرعییەکان و زۆرێک لە مزگەوتەکان کتێبخانەیان بۆ دروست دەکرا، بۆیە کاروبارەکانی وەک دادگایی و خوێندنەوەی یاسا و سەپاندنی سزاکان برانە شوێنێکی دەرەوەی نزیک لە مزگەوت.

چوار کۆنترین مزگەوت لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی

مزگەوتی بەسڕەی کۆن

مزگەوتی بەسڕە یان مزگەوتی ئیمام عەلی کوڕی ئەبوو تالیب ئەم مزگەوتە لەلایەن والی شاری بەسڕە عوتبەی کوڕی غەزوان لە ساڵی ١٤ـی کۆچی بەرانبەر ٦٣٥ زایینی لە شاری بەسڕە لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب بنیاتنراوە، بە شێوەیەکی زۆر سادە لە لق و پۆپی دار خورما دروستکرا بوو، بە یەکێک لە مزگەوتە دێرین و مێژووییەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی دادەنرێت.

مزگەوتی کووفە

مزگەوتی کوفە لەلایەن سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس لە ساڵی ١٥ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٣٦ زایینی دروستکراوە، بە یەکێک لە کۆنترین مزگەوتەکانی ئیسلام دادەنرێت.

مزگەوتی فیستات

مزگەوتی فیستات یان مزگەوتی عەمری کوڕی عاس ئەم مزگەوتە لە ساڵی ٢١ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٦٤٢ زایینی لەلایەن عەمری کوڕی عاس لە قاهیرەی وڵاتی میسر لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب بنیاتنراوە، بە یەکێک لە مزگەوتە مێژووییەکانی ئیسلام دادەنرێت.

مزگەوتی عوقبەی کوڕی نافع 

ئەم مزگەوتە بە یەکەم مزگەوتی ئیسلامی دادەنرێت کە لە قەیڕەوان لە ڕۆژاوای دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن عوقبەی کوڕی نافع لە نێوان ساڵانی ٥٠ بۆ ٥٥ کۆچی بەرانبەر ساڵانی ٦٧٠ بۆ ٦٧٥ زایینی بنیاتنراوە.

جۆرەکانی مزگەوت

لە ئیسلامدا دوو جۆر مزگەوت هەیە، لەڕووی حوکمی شەرعی ئەنجامدانی نوێژ لێیان هیچ جیاوازییان نییە، بەو واتایەی کە ئەنجامدانی نوێژ لە هەر یەکێکیان بێت هەمان خێر و چاکەی هەیە، هەردوو جۆرەکەی مزگەوت  بریتین لە:

  • المسجد: ئەو مزگەوتەیە کە نوێژ و وتاری هەینی تێدا ئەنجام نادرێت هاوکات ئیعتیکاف و خەڵوەت لەم جۆرە مزگەوتە ئەنجام نادرێت، تەنیا نوێژە فەرزەکانی بە کۆمەڵ تێدا ئەنجام دەدرێت، لەڕووی ڕووبەرەوە زۆرجار ڕووبەرەکەی بچووکە و بوونی گومەز و بڵندگۆ زۆر سەرەکی نییە لە بنیاتنانی ئەم مزگەوتە. وشەی (المسجد) لە زمانی عەرەبیدا لە وشەی (السجود) وەرگیراوە کە واتای شوێنی سوجدە یان شوێنی کڕنووش دەبەخشێت.
  • الجامع: ئەو مزگەوتەیە کە نوێژە فەرزەکان و نوێژ و وتاری هەینی و خەڵوەت و ئیعتیکافی تێدا ئەنجام دەدرێت و لەسەر ڕووبەرێکی فراوان دروست دەکرێت و زۆرجار گومەز و بڵندگۆی هەیە. وشەی (الجامع) لە زمانی عەرەبیدا واتای کۆکەرەوە دەبەخشێت کە مەبەستی لە کۆکەرەوەی موسڵمانانە بۆ ئەنجامدانی نوێژ و وتاری هەینی.

دیزاین و شێوازی بنیاتنانی مزگەوتەکان

ڕووبەر و شوێنی مزگەوت بەپێی جۆری مزگەوتەکە دیاری دەکرێت، ئەو مزگەوتانەی نوێژ و وتاری هەینیان تێدا ئەنجام نادرێت بە بەراورد بەو مزگەوتانەی نوێژ و وتاری هەینییان تێدا ئەنجام دەدرێت ڕووبەریان بچووکترە. شێواز و دیزانی مزگەوتەکانی سەردەمی هاوچەرخ بە ژینگە و کولتووری ناوچەکانیان کاریگەرن، لە ڕابردوودا و لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ بنیاتنانی مزگەوت سادە و ساکار بووە و سوودیان لە کەرەستەی سەرەتایی بینیوە نموونەی خشت و دار و قوڕ. بەڵام بە بەرەوپێشچوونی شارستانییەتی ئیسلامی دیزاین و شێوازی بنیاتنانی مزگەوتەکانیش نوێکارییان تێدا کرا و لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و دەسەڵاتی ئەندەلوس نوێکاری و جوانکاریی لە بنیاتنانی مزگەوتەکان گەیشتنە لوتکە. لە ئایینی ئیسلامدا هیچ مەرجێکی سەرەکی ئایینی بوونی نییە لە بنیاتنان و شێوەی مزگەوتەکاندا، مەرجی دیاریکردنی ئاڕاستەی ڕووگە لە دیاریکردنی شوێنی مزگەوتەکان تاکە مەرجی سەرەکی بنیاتنانی مزگەوتەکانە. زۆرێک لە مزگەوتەکان شێوازی دەرەوەیان بڵندگۆ و گومەزی هەیە کە بە شێوازی تایبەتی بنیات دەنرێت.

پێکهاتەی مزگەوتەکان

شوێنی نوێژکردن و مینبەری پیشنوێژ و وتارخوێن
مینبەر شوێنێکی سەرەکییە لە هەموو مزگەوتێک پێویستە هەبێت، وتارخوێن لەسەر مینبەر وتار دەخوێنێتەوە، شوێنی نوێژکردن لاکێشەییە لایە درێژییەکەی بەڕووی قیبلەیە و لایە کورتەکەی هەر یەک لە میحراب و مینبەر لەخۆدەگرێت. مینبەر بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە سێ بۆ پێنج پلیکانەی هەیە شوێنی دانیشتنی پێشنوێژ لە بەشی سەرەوەیەتی و بەرزە بە شێوەیەکە کە نوێژخوێنانی لێوە دیارە، مینبەری پێغەمبەر ﷺ لە سێ پلیکانە پێکهاتبوو.

میحڕاب
گرنگترین بەشی ناوەوەی مزگەوتە و ئاماژەیە بۆ ئاڕاستەی قیبلە و لە شێوەی نیوە بازنەیەک لە دار یان هەر کەرەستەیەکی تری یناسازی دروست دەکرێت، ستوونی باریکی هەیە و بە نەخش و شێوەی جۆراوجۆر دەڕازێنرێتەوە.

بڵندگۆ
هەندێک سەرچاوە هەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە بنیاتنانی بڵندگۆی مزگەوتەکان لە بڵندگۆی ئەسکەندەرییەی کۆن وەرگیراوە، واتا لە ڕابردوودا و لە مزگەوتە کۆنەکان هەبوونی بڵندگۆی مەرجێکی سەرەکی نەبووە، بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا لە مزگەوتە گەورە و بچووکەکان هەبوونی بڵندگۆ مەرجێکی سەرەکی و گرنگە و مزگەوت بەبێ بڵندگۆ بە تەواونەکراو هەژمار دەکرێت، هەندێک لە بڵندگۆکان ستوونەکەیان چوارگۆشەییە و هەندێکی تریش ستوونەکەیان لوولەییە. مەبەست لە بوونی بڵندگۆی مزگەوتەکان تەنها جوانی و پێدانی شێوە نییە، بەڵکوو شوێنی بانگدانە و لە بڵندگۆکان دەنگی بانگەکان بڵاودەبێتەوە و ئامێری دەنگ بڵاوکەرەوە لە ڕێگەی بڵندگۆکانەوە دەنگی بانگبێژ و وتارخوێنان بڵاودەکاتەوە.

گومەزی مزگەوت
گومەزی مزگەوتی ئەقسا ئیلهامبەخش بووە بۆ مزگەوتەکانی تر کە گومەزیان بۆ دروست بکرێت، پاشان عوسمانییەکان لە سەدەی ١٥ دانان و بنیاتنانی گومەزیان لە ناوەندی بینای مزگەوتەکان کرد بە نەریت و گومەز یان قوبە بە مەرجێکی سەرەکی بنیاتنانی مزگەوت دادەنرێت.

پەنجەرەی مزگەوت
پەنجەرەی مزگەوتەکان بەراورد بە پەنجەرەی بیناکانی تر کەمێک بەرزترن و زۆرجار بە جۆرێک بنیاتن دەنرێت کە بەرزییەکەیان لە ئاستی بینینی نوێژخوێن بەرزترە، بۆ مەبەستی هاتنەژوورەوەی ڕووناکی و دەرکەوتنی نەخش و جوانکاری مزگەوتەکە و هەندێکجار بۆ هەواگۆڕکێش پەنجەرەکان بەکاردەهێنرێن.

جوانکاری مزگەوتەکان
جوانکاری سەر دیوار و بنمیچی مزگەوتەکان تایبەتن و بە جوانکاری یان نەخشسازی مزگەوتەکان ناسراون، زۆرجار نزا و ئایەتی قۆرئانی و ناوەکانی خوا لەسەر دیوار و ستوون و بنمیچەکانی ناوەوەی مزگەوت دەنەخشێنرێن. ڕووناکی و ئامرازەکانی ڕووناککەرەوە لە مزگەوتەکان بە هەمان شێوە تایبەتن و چرادان و گڵۆپی ڕووناککەرەوەی بەرز و نەشدار بەکاردەهێنرێت، هاوکات بەکارهێنانی فەرشیش بۆ زەوی مزگەوتەکان تایبەتمەندییەکی تری گرنگی نێو مزگەوتەکانە، کە پێویستە فەرشەکان نەرم بن و کواڵێتییان زۆر بەرز بێت.

سەرئاو و شوێنی دەستنوێژگرتن
شوێنێکی تایبەتە بە دەستنوێژگرتنی نوێژخوێنان، لە ڕابردوودا لە دیزاینی مزگەوتە کۆنەکان شوێنی دەستنوێژگرتن لە بینای مزگەوت جیاکرا بووەوە، بەڵام لە دیزاینە سەردەمییەکان شوێنی دستنوێژگرتن بەشێکی سەرەکییە لە بینای مزگەوتەکان. ئەم بەشەی مزگەوت پێویستە ڕووبەر و پانتاییەکی گونجاوی هەبێت، دیوار و زەوییەکەی لەو کەرەستانە دروست دەکرێت کە پاککردنەوەیان ئاسانە، پێویستە شوێنەکە هەواگۆڕکێی بەردەوامی هەبێت و مەرجێکی سەرەکیش هەیە لە دروستکردنی سەرئاوەکان کە بریتییە لەوەی پێویستە پێچەوانەی ئاڕاستەی قیبلە بنیات بنرێن.

حەوشەی مزگەوت
حەوشەی مزگەوت خاڵییە لە بنمیچ و پانتاییەکی فراوانی هەیە و لە چواردەوریدا ژووری بچووک هەیە، بوونی حەوشە لە مزگەوتەکاندا یارمەتی ئەوە دەدات کە لە کاتی نوێژ و کۆبوونەوەکان قەرەباڵخی زۆر لە مزگەوت دروست نەبێت، هەروەها هەواگۆڕکێی سروشتیش بۆ مزگەوتەک دابین دەکات. زۆرجار حەوشەی مزگەوتەکان سەوزایی و باخچەیان هەیە هەروەها دەكرێت و پەسەندە کە نافورە لە ناوەڕاستی حەوشەی مزگەوتەکان دروست بکرێت.

ڕووبەری مزگەوت
ڕووبەر و پانتایی گشتی مزگەوت لە مزگەوتێکەوە بۆ مزگەوتێکی تر جیاوازە و ژمارەی نوێژخوێنان و جۆری مزگەوت و شوێنی مزگەوتەکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانن کە کاریگەرن بە ڕووبەری گشتی مزگەوت، هەر نوێژخوێنێک لە مزگەوت شوێنی نوێژکردنی دیاریکراوە و بە نزیکەیی هەر نوێژخوێنێک یەک مەتری چوارگۆشەی پێویستە بۆ نوێژکردن و بە دیاریکراوی ٠٫٨ × ١٫٢ مەتر دەکات. ئەو شوێنانەی کە سەر بە مزگەوتەکەن نموونەی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل یان شوێنی میوانداری و خزمەتگوزارییەکان زۆرجار ڕووبەرەکەیان لەگەڵ ڕووبەری گشتی مزگەوتەکە هەژمار ناکرێت.

گرنگترین و پیرۆزترین سێ مزگەوتەکەی ئیسلام

١- مزگەوتی حەڕام: مزگەوتی حەڕام کە لە شاری مەککەی پیرۆزە و لە ئیسلامدا تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە چونکە کەعبەی پیرۆزی لەخۆ گرتووە و بە ماڵی خواش ناوزەد دەکرێت، لای موسڵمانەکان ئەم شوێنە بە مەزنترین و پیرۆزترین شوێن دادەنرێت، سەردانیکردنی ئەم مزگەوتە لە مەرجە سەرەکییەکانی مەراسیمەکانی حەج و عەمرەیە و ڕووگەی موسڵمانان لەم مزگەوتەیە. بەپێی فەرموودە و گێڕانەوەکانی پێغەمبەر ﷺ ئەنجامدانی یەک نوێژ لەم مزگەوتە یەکسانە بە خێر و چاکەی سەد هەزار نوێژی ئاسایی.

٢- مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ: دەکەوێتە شاری مەدینەی پیرۆز و دوای مزگەوتی حەڕەم لای موسڵمانان دووەم پیرۆزترین مزگەوتە. بەپێی گێڕانەوە و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ خێر و چاکەی کردنی یەک نوێژ لەم مزگەوتەدا یەکسانە بە خێر و چاکەی هەزار نوێژی ئاسایی.

٣- مزگەوتی ئەقسا: دەکەوێتە شاری قودس و لەلای موسڵمانان بە یەکێک لە گەورەترین و پیرۆزترین مزگەوتەکان دادەنرێت، دوای مزگەوتی حەڕەم و مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ لەلای موسڵمانان سێیەم پیرۆزترین مزگەوتە، یەکەم ڕووگەی موسڵمانان لە نوێژکردندا لە مزگەوتی ئەقسا بووە و پاشان گۆڕدراوە بۆ ڕووگەی کەعبە، بە شوێنی پیرۆزی شەوڕەوی و ڕووداوی ئیسرا و میعراج دادەنرێت، بەپێی گێڕانەوە و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ خێر و چاکەی کردنی یەک نوێژ لەم مزگەوتەدا یەکسانە بە خێر و چاکەی ٥٠٠ نوێژی ئاسایی.

ئاداب و ئەتەکێتی سەردانیکردنی مزگەوت

پاکوخاوێنی کەسەکە و جلەکانی و بوونی دەستنوێژ دوو مەرجی سەرەکین بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت سەردانی مزگەوت بکات و پەرستشی تێدا ئەنجام بدات. پیاوان دەتوانن بۆن و سیواک بەکاربهێنن و باشترین و پاکترین جل بپۆشن، پێویستە تەنانەت گرنگی بە بۆنی دەمیان بدەن و دووربکەونەوە لەو خواردنانەی کە بۆنی دەم ناخۆش دەکەن نموونەی خواردنی توور و سیر و پیاز. پێویستە بە پێی ڕاست بچیتە مزگەوت و نزای چوونە مزگەوت بخوێنرێت کە بریتییە لە: (اللهم افتحْ لي أبوابَ رحمتك)، واتا خودایە دەرگای بەزەیی و میهرەبانیم لێ واڵا بکە.

هەر کەسێک کە بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژی بە کۆمەڵ چووە نێو هەر مزگەوتێکەوە جگە لە مزگەوتی حەڕام پێویستە پێش ئەنجامدانی نوێژ یان هەر  پەرستشێک دوو ڕکات نوێژی (تحية المسجد) بکات کە وەکوو نوێژو پەرستشی سڵاوکردن یان دەستپێک وایە. پێویستە لە کاتی دەرچوون لە مزگەوت ئەم نزایە بخوێنرێت کە بریتییە لە: (اللهم إني أسألك من فضلك)، واتا خودایە داوای باشترین و چاکترینەکانت لێ دەکەم. ژنان بۆیان هەیە سەردانی مزگەوت بکەن بەڵام بەو مەرجەی تێکەڵی لەگەڵ پیاوان دروست نەبێت، هاوکات ئەو ژنانەی لە سووڕی مانگانەدان یان تازە منداڵیان بووە ناتوانن بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژ و پەرستش سەردانی مزگەوت بکەن.


سەرچاوەکان



1429 بینین