ناڕێکی لێدانەکانی دڵ 

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-10-13:09:00 - کۆدی بابەت: 5828
ناڕێکی لێدانەکانی دڵ 

ناوه‌ڕۆك

ناڕێکی لێدانەکانی دڵ 

ناڕێکی لێدانەکانی دڵ کێشەیەکە لە ناوەندی لێدانەکانی دڵ و ڕیتمەکەیان، واتا دڵ زۆر خێرا یان زۆر خاو لێدەدات یان بە شێوازێکی ناڕێک، هەروەها کاتێک دڵ بە کاتێکی خێراتر لە کاتی ئاسایی لێدەدات، ناوی لێدەنرێت ناڕێکی لێدانەکانی دڵ، بەڵام کاتێکی خاوتر لە کاتی ئاسایی لێدەدات پێی دەوترێ دڵ خاوی، بەربڵاوترین جۆری ناڕێکی لێدانەکانی دڵ بریتییە لە فڕینی گوێچکەلەکانی دڵ، کە دەبێتە هۆی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ بە شێوەیەکی خێرا، زۆر کارتێکەر هەن کاریگەریان هەیە لەسەر ڕیتمی لێدانەکانی دڵ، وەکوو توشبوون بە جەڵتەی دڵ و جگەرەکێشان و کێشەکانی دڵ لەکاتی دروستبوون و فشار.

هۆکاری ناڕێکی لێدانەکانی دڵ 

ناڕێکی لێدانەکانی دڵ چەندین جۆری جیاوازیان هەیە و بە چەند کارتێکەرێک دەگۆڕێن، بۆ نموونە هەر پچڕانێک لە شەپۆلە کارەباییەکان کە دەبێتە هۆی کورتبوونەوەی دڵ دەکرێت ببێتە هۆی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ، بۆ ئەو کەسانەی دڵێکی ساغیان هەیە پێویستە لێدانەکانی دڵیان لە نێوان ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدان بێت لە خولەکێکدا لەکاتی ئیسراحەتدا، لە کاتێکدا لێدانەکانی دڵی کەسی وەرزشکار زۆرجار کەمترە لە ٦٠ لێدان لە خولەکێکدا چونکە دڵیان بە باشی پڕ دەبێت، چەند هۆکارێک هەن دەبنە هۆی تێکچوونی لێدانەکانی دڵ، لەو هۆکارانەش: 

  • ئاڵوودەبوون بە خواردنەوەی کهول. 
  • نەخۆشی شەکرە
  • بەکارهێنانی ماددەی بیهۆشکەر.
  • زێدەڕەوی لە خواردنەوەی قاوەدا، چونکە کافاین لەخۆدەگرێت.
  • نەخۆشییەکانی دڵ وەکو خوێنتێزانە پەککەوتنی دڵ.
  • بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
  • زیادە ئیشکردنی ڕژێنی سایرۆید. 
  • پەستان و فشاری دەروونی.
  • شوێن برینی زۆر بە دڵەوە، زۆرجار پاش جەڵتەی دڵ ڕوودەدات. 
  • جگەرەکێشان.
  • هەندێک تەواوکاری خۆراکی. 
  • هەندێک چارەسەری گیایی. 
  • کاریگەری لاوەکی هەندێک دەرمان.
  • گۆڕانی شێوە و بونیادی دڵ. 

لەڕاستیدا هیچ کەسێکی ساغ توشی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ نابێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئەگەر هیچ کام لەو هۆکارە دەرەکیانەی نەبێت کە باسکرا، ئەگەر کێشەیەکی شاراوە هەبوو ڕەنگە ڕێگر بێت لە تێپەڕینی شەپۆلە کارەباییەکان بە دڵدا و ئەگەری توشبوونی بە ناڕێکی لێدانەکان زیاد دەکات.

نیشانەکانی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ 

پاش زانینی هۆکارەکانی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ، پێویستە نیشانەکانی ئەم حاڵەتەش بخرێتە ڕوو، بەڵام دەکرێ ناڕێکییەکە نەبێتە هۆی دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک، وە لە ڕاستیدا زۆرجار پزیشک بەر لە ئەنجامدانی پشکنینی ڕۆتینی بۆی دەردەکەوێت کە نەخۆشەکە ناڕێکی هەیە لە لێدانەکانی دڵ، ئەم نیشانانەش زۆرجار بە نەمانی هۆکارەکە ئەمانیش لادەچن و نامێنن، گرنگترین نیشانەکانی ناڕێکی لێدانەکانی دڵیش بریتین لە: 

  • ترپە ترپ و فڕە فڕی سنگ. 
  • خێرابوونی لێدانەکانی دڵ. 
  • خاوبوونەوەی لێدانەکانی دڵ.
  • ئازار لە سنگدا.
  • هەناسەتەنگی.
  • سەرسوڕکێ یان گێژبوون.
  • زۆر ئارەقکردنەوە.
  • بورانەوە.

دەستنیشانکردنی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ

بۆ دەستنیشانکردنی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ پزیشک هەڵدەستێت بە پێوانی نیشانەکان و مێژووی نەخۆشی و ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی بۆ کەسی نەخۆش، ڕەنگە پرسیاریش بکرێت دەربارەی ئەو حاڵەتانە دەبنە هۆی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ و کێشەی ڕژێنی سایرۆید، هەروەها ڕەنگە چەند تاقیکردنەوەیەکی چاودێری دڵی تایبەت بە تێکچوونی ڕێکخستنەکان بکات، لەو تاقیکردنەوانەش: 

  • پێوانی کارەبایی دڵ (ECG): لەکاتی وێنەکێشانی کارەبایی دڵدا، کۆمەڵێک ئامێری هەستەوەر دەبەسترێت لە کەسەکە "جەمسەری کارەبایی" کە دەتوانێت چالاکی کارەبایی دڵ بپێوێت لە سنگ و هەندێک جا لە پەلەکاندا، هەروەها نەخشەی دڵ کاردەکات بۆ پێوانی کات و ماوەی هەر قۆناغێکی کارەبایی لێدانەکانی دڵ. 
  • چاودێری هۆتلەر: دەکرێت ئامێری نەخشەکێشانی دڵ لەبەر بکرێت بۆ ماوەی ڕۆژێکی تەواو یان زیاتر بۆ پێوانی لێدانەکانی دڵ لەکاتی ڕۆتینی ڕۆژانەدا.
  • چاودێری نیشانەکان: ئەمەش تایبەتە بەو کەسانەی زۆرجار دەناڵێنن بەدەست ناڕێکی لێدانەکانی دڵەوە، کە دەکرێت ئامێری نەخشەکێشانی دڵیان لێ ببەسترێت و بە جەستەیانەوە جێگیر بکرێت و دەست بنێن بە دوگمەکەدا کاتێک نیشانەکانیان تێدا دەرکەوت. 
  • نەخشەی دەنگی دڵ: لەم پشکنینەدا ئامێرێک هەڵدەگیرێت و لەسەر سنگ دادەنرێت کە شەپۆلی دەنگی بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی وێنەیەک کە قەبارەی دڵ و بونیادی و جوڵەکانی نیشان بدات. 
  • چاندنی ئەڵقەی تۆمارکردن: ئەم ئامێرە ڕیتمە نائاساییەکانی دڵ دەدۆزێتەوە، کە لە ژێر پێستەوە دەچێنرێت، لەناوچەی سنگ.

ئەگەر بە هیچ کام لەو پشکنین و تاقیکردنەوانە ناڕێکی لێدانەکانی دڵ نەدۆزرایەوە ئەوکات پزیشک دەبێت پەنا ببات بۆ چەند تاقیکردنەوەیەکی تر وەکوو تاقیکردنەوەی دروستکردنی شڵەژانی دەروونی و دەماری، دواتر پێوانەکردنی لێدانەکانی دڵ لەو کاتەدا، جگە لەوانەش چەندین تاقیکردنەوەی تر. 

چارەسەری ناڕێکی لێدانەکانی دڵ

چارەسەری ناڕێکی لێدانەکانی دڵ پشت دەبەستێت بە حاڵەت و هۆکار و نیشانەکانی ناڕێکی لێدانەکان لای کەسەکە، ڕەنگە کەسەکە پێویستی بە وەرگرتنی دەرمان بێت بە درێژایی ژیانی یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بۆ نموونە: ڕەنگە نەشتەرگەر هەڵبستێت بە چاندنی ئامێرێک بۆ تواندنەوەی خوێنی مەیوی درێژخایەن کە پەیوەندی هەیە بە نەخۆشییەکانی دڵ ICD لە سنگ و سکدا، کە لێدانەکانی دڵ و ریتمەکەی دیاری دەکات و هەڵدەستێت بە باشکردنەوەی گەر کێشەیەک هەبێ لە لێدانەکانی دڵدا، لە زۆر کاتیشدا، ئەم ئامێرە کاردەکات بۆ ڕێکخستنەوەی لێدانەکانی دڵ و زیادکردنی لێدانەکانی دڵ لە خاوەدڵی و یارمەتیدانی لێدانەکانی دڵ تاکوو بە شێوەیەکی دروست ڕووبدەن، هەروەها پێویستە سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکرێت بۆ دلنیابوونەوە لەوەی چارەسەرەکە بە شێوەیەکی باش و کارا کاردەکات و زانینی ئەوەی ئایا تێکچوونەکانی لێدانی دڵ دووبارە نەگەڕاونەتەوە، دەرمانەکانیش بەپێی جۆری ناڕێکییەکە دەدرێت بە نەخۆشەکە.


سەرچاوەکان



2496 بینین