ئەفریقای باشوور 

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-05-15:48:00 - کۆدی بابەت: 6187
ئەفریقای باشوور 

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ئەفریقای باشوور 

ئەفریقای باشوور کە بە شێوەیەکی گشتی پێی دەوترێت کۆماری ئەفریقای باشوور، دەکەوێتە کیشوەری ئەفریقاوە و کۆتا وڵاتە لە بەشی خوارەوەی ئەو کیشوەرە، دانیشتووانەکەی زیاترە لە ٦٠ میلیۆن کەس، کە بەمەش دەبێتە بیست و سێیەمین وڵات کە زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی هەیە، ڕووبەری خاکەکەی (١،٢٢١،٠٣٧) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە یان (٤٧١،٤٤٥) میل چوارگۆشە، تاکە وڵاتە کە خاوەنی سێ پایتەخت بێت کە ئەوانیش:

  • پریتۆریا وەک پایتەختی کارگێڕی.
  • کەیپ تاون وەک پایتەختی یاسادانان و پەرلەمان.
  • بلوفۆمتن وەک پایتەختی دادوەری.

گەورەترین شاری وڵاتەکە جۆهانسبێرگە، لە ٪٨٠ دانیشتووانی وڵاتە ڕەشپێستن، بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گروپە ڕەگەزجیاوازەکان ژمارەیەکی زۆری زمانی بەکارهێنان لەم وڵاتە هەیە.

ئەو ڕێژەیەی کە دەمێنێتەوە پێکهاتوون لە ئەوروپییەکان (سپی پێستە ئەفریقییەکان) ، ئاسیاییەکان (هیندی و چینییەکانی ئەفریقای باشوور) ، فرەڕەگەزەکان یاخود ڕەنگ قاوەییەکان (کە لە یەکگرتنی خێزانە سپیپێست و ڕەشپێستەکانەوە درووستبوون).

زانیاری گشتی

ڕووبەر ١،٢٢١،٠٣٧ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ٦٠ میلیۆن کەس سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١
پایتەختەکان پریتۆریا، کەیپ تاون، بلوفۆمتن
زمان زوولوو - کۆسا - ئەفریقی - ئینگلیزی و ٧ زمانی تر
ڕۆژی سەربەخۆیی ٢٧ـی نیسانی ١٩٩٤
چڕی دانیشتووان ٤٢.٤/کیلۆمەتر چوارگۆشە
ئایین
  • ٪٧٨ مەسیحی لەم ڕێژەیەش
  • ٪٥٨.٣ پرۆتێنستانت
  • ٪١٩.٧ کاسۆلیک
  • ٪١٠.٩ بێ باوەڕ
  • ٪٤.٤ ئایینی کۆنی ئەفریقی
  • ٪١.٦ مسووڵمان
  • ٪١ هیندۆس
  • ٪٢.٧ ئایینەکانی تر
  • ٪١.٤ دیارینەکراوە
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨٠ ڕەش پێستی ئەفریقی
  • ٪٨.٨ ڕەنگ تۆخی قاوەیی
  • ٪٧.٩ سپی پێست
  • ٪٢.٦ ئاسیایی
دراو ڕەندی باشووری ئەفریقا
سیستمی لێخوڕین چەپ
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی +٢٧
کات UTC +2

ئەم وڵاتە لە باشوورەوە ٢،٧٩٨ کیلۆمەتر سنووری هەیە لەگەڵ هەریەک لە باشووری زەریای ئەتڵەسی و زەریای هیندی، لە باکوورەوە سنووری هەیە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی نامیبیا، بۆتسوانا، زیمبابۆی، لە باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ ئێسواتینی و مۆزەمبیق، چواردەوری وڵاتێکی داخراویشی داوە بەناوی لێسۆسۆ.

ئەفریقای باشوور کۆمەڵگایەکی فرەڕەگەزە و بەو هۆیەشەوە کلتوور و زمان و ئایینی جیاوازی زۆری تیایە، ١١ زمانی فەرمی هەیە کە چوارەم وڵاتە لەڕووی زۆرترین بەکارهێنانی زمانەوە، دوو زۆرترین زمانی بەکارهێنان زوولوو ٪٢٢.٧ و کۆسا ٪١٦، دوو زمانی دواتر سەرچاوەکەیان ئەورووپییە کە ئەفریقی ٪١٣.٥ بناغەکەی هۆڵەندییە و ئینگلیزی ٪٩.٦ کە میراتی ئیمپراتۆریەتی بەڕیتانییە.

گەورەترین کەسایەتی مێژووی ئەفریقای باشوور نێڵسۆن ماندێلایە کە شۆڕشێکی گەورەی دژی ڕەگەزپەرستی و دەسەڵاتی ئەپارتایدەکانی ئەو وڵاتە بەرپاکرد، سەرئەنجام لەسەر هەوڵەکانی زیندانیکرا و ٢٧ ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەڕێکرد کە لەو ماوەیەدا سێ هەوڵی ئازادکردنی مەرجداری ڕەتکردەوە، دوای ڕووخانی ئەپارتایدەکان بوو بە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی دیموکراتی لەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٩٤ دا کە هەوڵی تەواویدا بۆ نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی، ئەم کەسایەتییە دیارە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە لە ساڵی ١٩٩٣ دا.

جووگرافیا

ئەفریقای باشوور بە ڕووبەری ١،٢٢١،٠٣٧ دەبێتە بیست و چوارەمین وڵات لەڕووی گەورەیی ڕووبەرەوە، هەمان ڕووبەری وڵاتی کۆڵۆمبیا، دوو ئەوەندەی وڵاتی فەڕەنسا، سێ ئەوەندەی وڵاتی ژاپۆن، چوار ئەوەندەی وڵاتی ئیتاڵیا و پێنج ئەوەندەی ڕووبەری شانشینی بەڕیتانیایە.

لوتکەی چیای مافادی لە شاری دراکنزبێرگ بەرزترین لوتکەیە لە وڵاتی ئەفریقای باشوور کە ٣ هەزار و ٤٥٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

کەشوهەوا 

ئەفریقای باشوور بە شێوەیەکی گشتی پلەیەکی گەرمی فراوانی هەیە، لە پلەیەکی گەرمی ژێر سفرەوە دەچێت بۆ پلە گەرمییە بەرزەکان، لەبەر چەند هۆکارێک ئەم دیاردەیە ڕوودەدات:

  • ئەم وڵاتە لە سێ لاوە دەورەدراوە بە زەریای ئەتڵەسی و زەریای هیندی.
  • هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە کە دەکەوێتە نیوەگۆی باشووری زەوییەوە و لە بەشی سەرەوەی وڵاتەکەوە نزیک دەبێتەوە لە هێڵی یەکسان، ئەم وڵاتە لەو کۆمەڵە وڵاتەیە کە کە وەرزی زستانیان لە مانگی حوزەیران دەستپێدەکات و وەرزی هاوینیان لە مانگی ئەیلوولدایە.

ئابووری

ئەفریقای باشوور خاوەن سیستمی ئابووری تێکەڵە (بە ئینگلیزی: Mixed Economy) و خاوەن سێیەم گەورەترین ئابوورییە لە ئەفریقا دوای هەریەک لە وڵاتانی نێجیریا و میسڕ، داهاتی ساڵانەی وڵات لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٣٥١.٤ میلیار دۆلار بووە، داهاتی ساڵانەی تاکیش ٦ هەزار دۆلار بووە. 

گەشتیاری

ئەم وڵاتە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتی بە کەرتی گەشتیاری بەستووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری، بەپێی داتای ساڵی ٢٠١٢ کۆی داهاتی گەشتیاری ١٠٢ میلیار ڕەند بووە.

کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وڵاتی ئەفریقای باشوور هۆکارێکن بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی وڵاتان لە سەرانسەری جیهانەوە، کۆمەڵێک هۆکار هەیە کە ئەفریقای باشووری پێدەناسرێتەوە و هۆکاری ڕاکێشانی گەشتیارانە وەکوو کەنار دەریا و زەریاکان کە بە دوو زەریای گەورەی جیهان دەورەدراوە، چیا بەرز و سەرنجڕاکێشەکانی، سروشتەکەی کە ڕێژەیەکی بەرزی هەمەجۆرییەتی هەیە لە ئاژەڵ و باڵندە و ڕووەک، بەمەش بووەتە یەکێک لە وڵاتە پێکهاتە هەمەجۆرییەکان (بە ئینگلیزی: Megadiverse) کە ١٧ وڵات لە جیهاندا ئەو نازناوەیان هەیە مەرجیش بۆ وەرگرتنی ئەو نازناوە بوونی زیاتر لە پێنج هەزار پێکهاتەی بایۆلۆجی جیاوازە، ئەفریقای باشووریش پلەی شەشەمی گرتووە لەو ڕیزبەندییە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ٦٧ هەزار جۆری ئاژەڵ و ٢٠ هەزار جۆری ڕووەک هەیە لەو نیشتیمانەدا.

کانزاکاری

وڵاتی ئەفریقای باشوور بە خاکێکی دەوڵەمەند بە کانزاکان ناسراوە، ئەڵماس و ئاڵتوون لە کانزا بەنرخەکانە و ساڵی ٢٠١٣ ئەم وڵاتە زۆرترین بەرهەمهێنانی هەبووە و لە ئێستاشدا پێنجەم وڵاتی جیهانە بۆ ئاڵتوون، لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین بەرهەمێنی هەریەک لە (کڕۆم، مەنگەنیز، پلاتین، ڤەنادیۆم) ـە، سێیەم گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری خەڵووزە، لەڕووی ئاسنیشەوە دەستێکی باڵای هەیە و سێیەم گەورەترین دابینکاری ئاسنە بۆ وڵاتی چین کە گەورەترین بەکاربەری ئاسنن.


سەرچاوەکان



1868 بینین