شارستانییەتی بابل

له‌لایه‌ن: هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-10-23:06:00 - کۆدی بابەت: 6243
شارستانییەتی بابل

ناوه‌ڕۆك

بابل

بابل پایتەختێکی دێرینی ئیمپراتۆریەتی بابلییەکانە، کە دەربڕینێکە بۆ دوو ئیمپراتۆریەتی جیاواز بەکاردێت کە لەسەردەمی جیاوازدا فەرمانڕەواییان کردووە لەناوچەی میزۆپۆتامیادا کە لە ئێستادا وڵاتی عێراقی لەسەر بنیادنراوە، سەردەمی یەکەمیان لە نێوان سەدەی ١٩ بۆ ١٥ پێش زایین بووە، دواتریش لە ماوەی سەدەی ٧ بۆ شەشەمی پێش زایین، ئیمپراتۆرییەکە لە تەنیشت ڕووباری فوراتەوە بوونیادنراوە.

لە کۆن و سەردەمی پێشتردا بابل قەزایەکی بچووک بووە کە پاشماوەی سارگۆنی ئەکەدی بووە لە (٢٣٣٤ بۆ ٢٢٧٩) ی پێش زایین لە ئیمپراتۆریەتی ئەکەدیدا فەرمانڕەوایی کردووە کە ئەمەش لە نووسینە گڵییە مێژووییەکاندا بەدەردەکەوێت، لە ئێستاشدا بابل شارێکە دەکەوێتە خوار بەغدادی پایتەختی عێراقەوە بە ٨٥ کیلۆمەتر، کۆنترین نیشتەجێبوون لە بابلدا کە ئاماژەی پێدرابێت لە سەدەی دەیەمی زاییندا بووە کە ئیبن حەوقل (بە ئینگلیزی: Ibn Hawqal) وەک گوندێک ئاماژەی بە بابل کردووە کە ناوبراو نووسەر و جوگرافیناسێکی میزۆپۆتامیا بووە لە سەدەی ١٠ ی زاینییدا.

مێژوو

ئەم شارە لە سەدەی ١٩ ی پێش زاییندا دوای ڕووخانی ئەکەدییەکان، بووە شارێکی بچووک سەر بە یەکەم ئیمپراتۆرییەتی بابلییەکان کە ئەموورییەکان (نەتەوەیەکی سامی زمان بوون کە خودای ئەمۆرۆیان دەپەرست و ناوچەیەکی زۆریان داگیرکردبوو لەو سەردەمەدا کە یەکێک لەو شوێنانە بابل بوو) لەسەر دەستی (سۆمۆ-ئەبوم) یەکەم پاشای ئەموورییەکان، شاری بابلی سەربەخۆکرد و جیایکردەوە لە شاری دراوسێی کە (کازالوو) بوو و ئیمپراتۆرییەتی بابلییەکانی دامەزراند، شوورایەکی لاکێشەیی کە درێژییەکەی ١٨کم بوو بەدەوریدا درووستکرا، ئەم دەوڵەتە بە بابلی کۆن (یەکەم ئیمپراتۆرییەتی بابلییەکان ناسراوە، کە ١١ پاشا فەرمانڕەوایەتییان کردووە، گرنگترینیان شەشەم پاشا بوو کە حامووڕابی بوو لە ١٧٩٢ بۆ ١٧٥٠ پێش زایین، وە شاری بابلی کردە پایتەخت و لەو کاتەوە بابل گرنگی پەیدا کرد، و خۆی وەک پاشای ئەو شارە ناساند.

لە ماوەی سەدەی ١٧ بۆ ١٦ پێش زایین شارەکە بە گەورەترین شاری جیهان داندرابوو، گەلێک یاسایان بۆ بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆرییەتەکەیان داناوە گرنگترینیان یاساکانی حامووڕابییە. گرنگییان بە خانووبەرە و بیناسازی و ئاودێری و کشتوکاڵ و ڕێگاوبان درووستکردن داوە و بازرگانییان پێشخستووە و گەلێک شار و باخچەیان درووستکردووە کە گرنگترینیان باخچە هەڵواسراوەکانی بابلە، باخچە هەڵواسراوەکانی بابل لە عێراق کە بە یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان ناسراوە لەو نێوانەدا بنیاتنرا و تا ئێستاش بە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان ناسراوە.

ئەم شارە دووچاری زۆر داگیرکاری دواتر بووەتەوە لەلایەن هەریەک لە ئاشووری و ئیلامی و کاشییەکان، ئاشووریەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست و شارەکەیان ڕووخاند و دووبارە بنیاتیان نایەوە، کە بە ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری نوێ ناسرا (کە ئاشوورییەکان پێشتر دوو ئیمپراتۆریەتییان هەبووبوو) لە ماوەی ٩١١ - ٦٠٩ پێش زایین حکومڕانی شارەکەیان کرد، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری، ئیمپراتۆرییەتی بابلی نوێ لە ساڵی ٦٠٩ درووستکرایەوە و هەتا ساڵی ٥٣٩ ی پێش زایین بەردەوامبوو پێش داگیرکاری فارسەکان لە ساڵی ٥٣٩ پێش زاییندا، دواتریش ئیسلام لە ناوەڕاستی سەدەی ٧ ی زایینیدا داگیریانکرد و ئیمپراتۆریەتی مسوڵمانانیان فراوانترکرد. 

بابل لە سەردەمی نوێدا

بابل لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا یەکێکە لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی وڵاتی عێراق، ڕووبەری شارەکە ٥ هەزار و ١١٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و زیاتر لە ٢ میلیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٨، ناوەندی پارێزگاکە شاری حیللەیە کە دەکەێتە بەرامبەری شارە مێژووییەکەی بابل و لەسەر ڕووباری فوراتە.

پارێزگای بابل بۆ چوار ناوچەی سەرەکی دابەشکراوە:

  • ناوچەی ئەل مەحاویل.
  • ناوچەی ئەل موسەیبییە.
  • ناوچەی هاشمییە.
  • ناوچەی حیللە.


سەرچاوەکان

73 بینین