کاریگەری کۆرۆنا لەسەر خانمانی دووگیان و شیردەر

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-17-21:24:00 - کۆدی بابەت: 6331
کاریگەری کۆرۆنا لەسەر خانمانی دووگیان و شیردەر

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری ڤایرۆس لە خانمانی دووگیان و شیردەردا

ماوەی دووگیانی ماوەیەکی هەستیارە و خانمان بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەی کە لە جەستەیاندا ڕوودەدات، بێهێزتر و سیستمی بەرگری جەستەیان لاوازتر دەبێت، بۆیە لەشیان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی هەر جۆرە ڤایرۆس و بەکتریایەک کە لە ژینگەدا هەیە، خانمانی دووگیانیش وەک خەڵکی ئاسایی دەکرێت بە سووکی یاخود بە قورسی ڤایرۆسەکە بگرن، بۆیە مەرج نییە کە خانمانی دووگیان هەمیشە بە قورسی ڤایرۆسەکە بگرن.

خۆپاراستن لە کۆرۆنا لە ماوەی دووگیانیدا

  • دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی
  • بەکارهێنانی ماسک بۆ چوونە دەرەوە، کاتی هاتنەوە شۆردنی دەستەکان بە ئاو و سابوون
  • دوورکەوتنەوە لە کەسانی گوومان لێکراو و نەخۆش
  • تاکوو دەتوانیت دوورکەوە لە زۆر دەست دان لە دەم و لووت و چاوت.

نیشانەکانی کۆرۆنا لە خانمانی دووگیاندا

  • تا
  • لە دەستدانی هەستی تام و بۆن
  • ماندوویەتی زۆر
  • کۆکەی وشک
  • هەناسەتوندی
  • سەرئێشە
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • سکچوون

خانمان چۆن بتوانن نیشانەکانی کۆرۆنا و دووگیانی لەیەکتری جیابکەنەوە؟

خانمان دەبێت ئاگاداری ئەوەبن هەندێک نیشانەی کۆرۆنا هاوشێوەی نیشانەکانی ماوەی دووگیانین، بۆیە دەبێت بتوانن نیشانەکان جیابکەنەوە، باوترین نیشانەی کۆرۆنا لە خانمانی دووگیاندا بریتییە لە دڵتێکچوون و ڕشانەوە کە ئەم نیشانەیە یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی، بەڵام دڵتێکچوون و ڕشانەوەی دووگیانی تەنها لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا ڕوودەدات و لە مانگەکانی دیکەدا نامێنێت، هەروەها زۆربەی جار دڵتێکچوون و ڕشانەوەکە لە بەیانیاندا ڕوودەدات، بەڵام لە کاتی توشبوون بە کۆرۆنا ئەگەر هەیە کە بەردەوام واتە بە درێژایی ڕۆژەکە دڵتێکچوون و ڕشانەوەت هەبێت، هەروەها لە سێ مانگی دووەم و سێیەمیشدا ئەگەر دڵتێکچوون و ڕشانەوە هەبوو ئەوە نیشانەی کۆرۆنایە.

زیانەکانی کۆرۆنا لەسەر دایکی دووگیان

  • منداڵبوونی پێش وەختە
  • لەبارچوونی منداڵ
  • مردنی منداڵ لە سکی دایکیدا
  • نەچوونی بڕێکی باشی ئۆکسجین بۆ منداڵەکە 

چ خانمێکی دووگیان بە قورسی تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت

ئەو خانمانەی کە لە ماوەی دووگیانیەکەیاندا شەکرەیان بەرزە یاخود بەرزی فشاری خوێنیان هەیە، یاخود نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەتوندیان لەگەڵدایە ئەگەری زۆرە کە بە توندی توشببن، ئەم نیشانانە تەنها لەو دایکانەدا ڕوودەدات کە بە قورسی ڤایرۆسەکەیان گرتووە

چارەسەری خانمانی دووگیانی توشبوو بە کۆرۆنا

  • ئەو خانمانەی کە بە سووکی توشبوون بە پشوودان لە ماڵەوە چاکدەبنەوە
  • بەکارهێنانی ئازارشکێن ئەویش بە پرسی پزیشک
  • پشودانی زۆر و خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو
  • ئەگەر خانمەکە بە قورسی بیگرێت لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت و لەژێر چاودێری پزیشکدا دەبێت.

ئایا کۆرۆنا لە دایکی دووگیان یاخود شیردەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ؟

تاکوو ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە کە منداڵەکە لە دایکە دووگیانەکەیەوە تووشی کۆرۆنا بووبێت، یاخود دایکی شیردەری توشبوو بە کۆرۆنا لە ماوەی شیرداندا لە ڕێگەی شیرەکەیەوە کۆرۆنا نەگازراوەتەوە بۆ منداڵەکەی.

چەند تێبینییەک بۆ ئەو دایکە شیردەرانەی کە توشبووی کۆرۆنان

- خانمانی توشبوو بە کۆرۆنا دوای منداڵبوون دەتوانن شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکەیان، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێگەی شیرەوە ناگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە، بەڵام گرنگە کە لە ماوەی شیردانەکەدا ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات

- پێش هەڵگرتنی منداڵەکە دەستەکانی بە باشی بە ئاو سابوون بشوات

- دڵنیابێت لەوەی کە جلەکانی پاکە یاخود دەبێت خۆی بگۆڕێت و جلێکی نوێ لەبەر بکات.

- ئەو ناوچەیەی کە تێیدا منداڵەکەت دەکەیتە باوەشت و شیری پێ دەدەیت دەبێت پاک بێت.

- پێویستە دایکەکە ماسک بکات

- هەروەها تاکوو دەتوانێت نەکۆکێت و نەپژمێت بەسەر منداڵەکەدا

منداڵبوونی خانمانی توشبوو بە کۆرۆنا

ئەو خانمانەی کە توشبووی کۆرۆنان دەتوانن بە ڕێگای سروشتی منداڵیان ببێت و مەگەر ئەوەی کە حاڵەتەکەیان قورس بێت و پزیشک بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی کە بە نەشتەرگەری بیانبێت، واتە ئەگەر دایکێکی توشبوو بە کۆرۆنا حاڵی باش بێت دەتوانێت بە سروشتی منداڵی ببێت و لە کاتی منداڵبوونەکەدا ڤایرۆسەکە لە دایکە توشبووەکەوە ناگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە، بەڵام گرنگە کە ئەگەر دایکەکە بییەوێت منداڵەکەی لە باوەش بکات دوای لەدایکبوونی ماسک بکات و دەست و جلەکانی پاک بن و بێ ڤایرۆس بن، تاکوو منداڵەکەش تووش نەبێت.


سەرچاوەکان



2343 بینین