کۆمپانیای ئەمازۆن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-09-23-14:16:00 - کۆدی بابەت: 6681
کۆمپانیای ئەمازۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای ئەمازۆن  (بە ئینگلیزی: Amazon، بە عەرەبی: أمازون)، سایتێکی ئەلیکترۆنی بازرگانییە، لە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن (جێف بیزۆس) دامەزراوە، ناوەندی سەرەکی لە سیاتڵی ویلایەتی واشنتنی ئەمریکایە، لە جیهاندا لەڕووی کۆی فرۆشتن و بەهای بازاڕەوە گەورەترین سایتی فرۆشیاری سەر بە ئینتەرنێتە، بەرهەمەکانی هەمەچەشن و فراوانە، لە سەرەتادا کۆمپانیای ئەمازۆن وەکوو کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد، پاشان برەوی بە بەرهەمەکانیدا و هەمەجۆری تێدا کرد، وەکوو فرۆشتنی DVD، دیسکی بلوری، CD، داگرتن و پەخشکردنی ڤیدیۆ، داگرتن و پەخشکردنی فایلەکانی ئێم پی 3، داگرتنی کتێبی دەنگ و پڕۆگرامەکانی سۆفتوێر، یاری ڤیدیۆیی و ئەلکترۆنی، پاشان جلوبەرگ، کەلوپەل و خشڵ، ئەمازۆن سایتە تاکفرۆشییەکانی جیای هەیە لە چەند وڵاتێك وەک (ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڕیتانیا، ئێرلەندا، فەڕەنسا، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، هۆڵەندا، ئوستڕالیا، بەڕازیل، ژاپۆن، چین، هیندستان و مەکسیک)، هەروەها خزمەتگوزاری گواستنەوەی نێودەوڵەتی پێشکەش بە بەشێك لە وڵاتانی جیهانی دەکات بۆ هەندێک لە بەرهەمەکانی، لە ساڵی ٢٠١٥ ئەمازۆن کۆمپانیای وال مارتی تێپەڕاند، بووە بەنرخترین فرۆشیار لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە نرخی بازاڕ، و لە چارەکی سێیەمی ساڵی ٢٠١٦ چوارەم گەورەترین کۆمپانیای گشتی بوو لە جیهاندا.

مێژووی دامەزراندن

لە ساڵی ١٩٩٤ ئەم کۆمپانیایە لەلایەن (جێف بیزۆس) دامەزراوە، کە وەکوو جێگری سەرۆکی دی ئەی شۆ لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی واڵ ستریت دەستی لەکار کێشایەوە، گواستیەوە بۆ ناوچەی سیاتل، پاشان دەستی کرد بە کارکردن لەسەر پلانێکی بازرگانی تۆکمە کە لە ئەنجامدا کۆمپانیای ئەمازۆنی دامەزراند، لە بنەڕەتدا هەنگاوەکانی سەرەتای درووستبوونی ئەمازۆن لە گەراجی ماڵەکەی بێزۆس لە بێلیڤیو لە واشنتن دەستیپێکرد، لە سەرەتادا بە ناوی کادبراوە دانرا، دواتر لەدوای ساڵێک ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئەمازۆن، پاشان ماڵپەڕی کۆمپانیاکە لە ساڵی ١٩٩٥ وەکوو ئەمازۆن (Amazon.com) بە فەرمی دەستی پێکرد، لە دوای گەڕانێکی زۆر بۆ ناوێکی گونجاو، بێزۆس ناوی ئەمازۆنی هەڵبژارد، چونکە شوێنێکی سەرنجڕاکێش و جیاوازە، هەروەها پێی وابووە کە چوونکە ڕووباری ئەمازۆن گەورەترین ڕووباری جیهانە، ئەوە زۆر گونجاوە لەگەڵ ئامانجەکەی ئەو، ئامانجی ئەوەی هەبووە کە گەورەترین کۆگای بازرگانی هەبێت لە جیهاندا، بێزۆس لەسەرەتای کارکردندا لە هەوڵی دروستکردن و دانانی براندێکی تایبەت بە کۆمپانیاکە بوو، پێی وابووە کە ناوی براندە بازرگانییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە لە جیهانی ئینتەرنێتدا، هەروەها هەڵبژاردنی ناوێک کە بە پیتی A دەست پێ دەکات دەبێتە سەرەوەی هەر لیستێکی گەڕانی ئەلفوبێی پیتەکان لەجیهاندا و دۆزینەوەی ئاسان دەبێت.

پلانی بازرگانی سەرەتایی ئەمازۆن شتێکی نائاسایی و ناڕوون بوو پێشبینی ئەوەی لێنەدەکرا کە بە ئاسانی لەماوەیەکی دیاریکراودا قازانج بکات، لە سەرەتادا گەشەی خاوی کۆمپانیاکە بووە مایەی ناڕەزایی خاوەن پشکەکان، پێیان وابوو کە بە خێرایی ناگاتە قۆناغی قازانجکردن ناکرێت وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆمپانیاکە توانی زۆر بەباشی خۆی بسەلمێنێت، لە ساڵی ١٩٩٩ گۆڤاری تایمز ناوی بێزۆسی بە (پیاوی تایبەتی ساڵ) ناساند، ئەمە بووە هۆی سەرکەوتنی زیاتری کۆمپانیاکە.

بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەمازۆن

چالاکییەکانی سەرەتای دەستپێکردنی کۆمپانیاکە وەکوو کۆگای کتێبی ئەلیکترۆنی بووە، پاشان بەرهەمی تری بۆ زیادکرا نموونەی DVD و CDـەکانی میوزیک و پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر و یارییە ڤیدیۆییەکان و خۆراک و پۆشاک و خشڵ و ئێکسسوارات و پێداویستی وەرزشی و ئامێرەکانی میوزیک و چەندان بەرهەمی تر.

داهاتی کۆمپانیای ئەمازۆن

لە ساڵی ٢٠١٧ بڕی قازانجی کۆمپانیاکە گەیشتە ٣.٠٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی، هەروەها داهاتی ساڵانەی بە بڕی ١٧٧.٨٦٦ ملیار دۆلار بووە، نرخی یەک پشکی ئەمازۆن زیاتر لە ٩٦٨ دۆلارە، هەروەها ژمارەی کارمەندەکانی نزکەی ٧٩٨٠٠٠ کارمەندە.

سایتی ئەلیکترۆنی ئەمازۆن ڤیدیۆ

ئەمازۆن ئینستانت ڤیدیۆ یەکێکە لە خزمەتگوزارییەکانی ئەمازۆن، ئەم خزمەتگوزارییە سنووردارە و لە چەند وڵاتێک بەردەستە، نموونەی (ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا و نەمسا)، ئەم خزمەتگوزارییە زنجیرەدراما و فیلم دەخاتە بەردەست بینەران، لەگەڵ چەند کۆپانیاییەکی تایبەت بە وەبەرهێنانی فیلم گرێبەستی ئەنجام داوە و مافی پەخشکردنی بەشێك لە زنجیرەدراما و فیلمەکانی کڕیوە نموونەی کۆمپانیای HBO (کۆمپانیاییەکی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی). 


سەرچاوەکان



4716 بینین