كۆمپانیای نێسڵێی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-10-24-20:51:00 - کۆدی بابەت: 6971
كۆمپانیای نێسڵێی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای نێسڵێی (بە عەرەبی: نستلە، بە ئینگلیزی: Nestle، بە فەڕەنسی: Nestlé) کۆمپانیایەکی سویسرییە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و پیشەسازی خۆراکی هەمەجۆر، 29 مارکە و بڕاندی بازرگانی هەیە و بڕی داهاتەکەی 1.1 ملیار دۆلارە، ژمارەی کارگەکانی کۆمپانیا 447 کارگەیە و نزیکەی 339 هەزار کارمەندی هەیە، لە 194 وڵات لقی هەیە، لە ساڵی 2016 ڕیزبەندی 33یەمینی بەدەستهێنا بۆ گەورەترین کۆمپانیا گشتییەکانی جیهان، هەروەها لە ساڵی 2017 لە گۆڤاری "فۆرتشنی" ئەمریکا لە کۆی 500 کۆمپانیا گەورەکانی جیهان ڕیزبەندی 64ـی بەدەستهێنا لە لیستی "فۆرتچی 500" لە ڕووی پڕفرۆشی بەرهەمەکانیان.

مێژووی دروستبوون و گەشەسەندنی کۆمپانیای نێسڵێی

سەرەتای دامەزراندن و دروستبوونی ئەم کۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1860، کاتێک "هێنری نێسڵێی" وەکوو دەرمانساز کاریکردووە و چەند تێکڵەیەکی گونجاوی وەکوو جێگرەوەی شیری دایک دروستکرد بۆ ئەو منداڵە ساوایانەی کە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە شیری دایکیان نەدەخوارد، ئەم کارەی زۆر سەرکەوتوو بووە، بۆیە لە ساڵی 1967 بڕیاریدا خۆراکی تایبەت بە منداڵانی ساوا بەرهەم بهێنێت و نێسڵێی دامەزراند،  لە ساڵی 1905 لەگەڵ کۆمپانیای "ئەنجڵۆ سویس مێڵک" کە کۆمپانیاییەکی سویسری تایبەت بوو بە بەرهەمەکانی شیر، بوونە هاوبەش و ناوی کۆمپانیاکە بە فەرمی کرا بە نێسڵێی و بە ناوی بەرهەمهێنەرەکەوە ناونرا، بە ماوەیەکی کورت لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا لقی کۆمپانیایان کردەوە، لە جەنگی جیهانیی یەکەم داواکارییەکی زۆر هەبوو لەسەر شیری وشك بۆیە داهاتی کۆمپانیا بەرز بووەوە و زیاتر ناودار بوو، لە پاش جەنگ کۆمپانیای نێسڵێی داهاتی زۆر کەم بووەوە بۆیە بڕیاریدا بە تێکەڵکردنی شوکۆلاتە لەگەڵ بەرهەمی شیرەکانیان، ئەم کارە کۆمپانیای ڕزگار کرد و داهاتی زۆری بۆ گەڕاندەوە، لە جەنگی جیهانیی دووەم کۆمپانیاکە باری دارایی سست بوو و بڕی بەرهەمەکانی لە 20 ملیۆن دۆلارەوە کەمیکرد بۆ 6 ملیۆن دۆلار، لە پاش کۆتایی جەنگ و کۆمپانیای نێسڵێی گشەشەسەندن و بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینی کۆمەڵێک براند و مارکەی جیهانی ناوداری کڕی لەوانە ماجی و ليبيز و کۆمپانیای لوڕياڵ کە تایبەتمەندە بە بەرهەمی جوانکاری، لە ساڵی 2005 کۆمپانیای دەلتای یۆنانی تایبەت بە ئایسکرێم و ساردەمەنی بە بڕی 240 ملیۆن یۆرۆ کڕی. 

بەرهەمەکانی کۆمپانیایای نێسڵێی

بەرهەمەکانی هەمەجۆرن و لە هەموو جیهاندا بەردەستن بە گەورەترین کۆمپانیای جیهان دادەنرێت، نموونەی بەرهەمەکانیان (ئاوی کانزایی لە بتڵکراو، خواردنی منداڵانی ساوا، قاوە، چای، دانەوێڵەی تایبەت بە ژەمی بەیانیان (کۆڕن فلێکس)، خۆراکی ئاژەڵان،  شیرینی هەمەجۆر، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و خۆراکی تەندروست و ئۆرگانیک، خواردنی بەستوو، بەرهەمی جوانکاری و چەندان بەرهەمی تر بەرهەم دەهێنێت). 

گرنگترین بڕاندە ناودارەکانی جیهان کە سەر بەم کۆمپانیایەن ئەمانەن

ـ شیری نیدۆ Nido: بڕاندێکی جیهانی شیری وشکە و لە ساڵی 1944 دامەزراوە.
ـ نسکویک Nesquik: بڕاندێکی جیهانییە لە ساڵی 1948 دامەزراوە چەند بەرهەمێکی هەمەجۆر لەخۆدەگرێت لەوانە خواردنی دانەوێڵەی ژەمی بەیانیان (کۆڕن فلێکس)، تێکەڵەی وشککراوەی شیرە تامدارەکان، شەربەت، بەرهەمە ئامادەکراوە تایبەتەکانی خواردنەوە، نەستەلە و شوکۆڵاتە، شوکۆلاتەی فۆندۆ، تێکەڵی کاکاوی گەرم و چەندان بەرهەمی تر.
ـ ئاوی پیور ڵایف Nestlé Pure Life: یەکێکە لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای نێسڵێیەی ئەمریکای باکوور و لە ساڵی 1993 دامەزراوە.
ـ سیریلاك: بڕاندێکی جیهانییە و پێکهاتووە لە گەنم، تایبەتە بە منداڵانی ساوای سەروو شەش مانگ و وەکوو تەواوکەری خۆراکی دەدرێت بە منداڵانی ساوا.
ـ کۆڕن فلێکس Corn Flakes: کۆڕن فلێکس بریتییە لە خۆراکێکی تەندروستی کە تایبەتە بە ژەمی بەیانیان لە گەنمەشامی دروستدەکرێت، بە چەندین جۆر و تام و شێوەی جیاواز لە کۆمپانیای نێسڵێیە بەردەستن.
ـ کوالیتی ستریت Quality street: ناسراوە بە شیرینی "ماکنتۆش" لە ساڵی 1936 دامەزراوە و لە ساڵی 1988 کۆمپانیای نێسڵێی ئەم بڕاندەی کڕیوەتەوە، تایبەتە بە شیرینی و نوقڵ، نوقڵەکان لە پاکەتێکدان هەر نوقڵێک بە زەرفێکی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراوە و تامی جیاوازیان هەیە.
ـ کۆفی مێت Coffee-Mate: گیراوەیەکی تایبەتە و شیری تێدا نییە دەکرێتە قاوەوە، بە شێوەی تۆز و شلە بەردەستە، لە ساڵی 1961 دروستکراوە.
ـ کیتکات KitKat: جۆرێکە لە پسکیتی شوکۆلاتە، پێکهاتووە لە پسکویتی "وێڤەری" داپۆشراو بە شوکۆلاتە، لە ساڵی 1935 دروستکراوە، لە ساڵی 1988 کۆمپانیای نێسڵێی پشکی ئەم کۆمپانیایەی کڕیوەتەوە.
ـ نیسکافێیە Nescafé: بڕاندێکی جیهانی تایبەتە بە دروستکردنی قاوە و جۆرەکانی بە شێوازی جۆراو، لە ساڵی 1981 دامەزراوە
ـ ماجی Maggi: بڕاندێکی تایبەتە بە پیشەسازی خۆراك، نموونەی شۆربا و سۆس، هەروەها ماجی چوارگۆشەیی مریشک و گۆشت و سەوزەوات تامێکی خۆش و ناوازە دەدات بە خواردن و بۆ زۆربەی خواردنەکان بەکاردەهێنرێت، لە ساڵی 1884 دامەزراوە.
ـ نیسپرێسۆ Nespresso: بەرهەمێکی کۆمپانیای نێسڵێیە، تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ئامێری دروستکردنی قاوەوە و کەپسولی قاوە بە تامی جیاواز، لە ساڵی 1986 دامەزراوە.

واتای ناوەکەی و شێوازی لۆگۆ و هێماکەی

کۆمپانیای نێسڵێی یاخود Nestlé بە ناوی دامەزرێنەری سەرەکی ئەم کۆمپانیاییەوە "هێنری نێسڵێی" ناونراوە، یەکەمین لۆگۆی لە ساڵی 1868 دانرا کە جیاوازی هەبوو لەگەڵ هێماکەی ئێستادا، وشەی نێسڵێی لە زمانی ئەڵمانی واتا هێلانە، بۆیە لە ساڵی 1875 هێمای کۆمپانیاکە گۆڕدرا بۆ هێلانەیەك کە سێ بێچووی تێدایە و دایکەکەیان خۆراکیان پێدەدات، ئەم هێمایە وێنەدانەوەی کاری سەرەکی و بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەیە لە دابینکردنی خۆراک بۆ کۆمەڵگە، هەروەها شێوازی نووسینی بە پێی گەشەسەندنی کۆمپانیاکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە سەرەتادا هەر بە ڕەنگی خۆڵەمێشی و سپی نووسراوە، بەڵام لە ئێستادا هێما نوێیەکەی بە ڕەنگی شین و ڕەش و سپی هەیە و پیتی سەرەتای ناوەکە N تۆخە و بە دیاریکراوی نووسراوە.


سەرچاوەکان



1401 بینین