کۆنیشانەی دڵشکان

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-04-16:59:00 - کۆدی بابەت: 7085
کۆنیشانەی دڵشکان

ناوه‌ڕۆك

کۆنیشانەی دڵشکان چییە؟

کۆنیشانەی دڵشکان (Broken Heart Syndrome) حاڵەتێکە کە نیشانەکانی هاوشێوەی جەڵتەی دڵە وەکو ئازاری سنگ، هەناسەکورتی، بەڵام هۆکاری ڕوودانی حاڵەتەکە گرفتێک یان فشارێکی سۆزدارییە نەک بەهۆی داخرانی خوێنبەرەکانی دڵەوە، هۆکاری هاندەر بۆ ڕوودانی کۆنیشانەکە بارودۆخە سۆزدارییە زۆر قورسەکانە بۆ نموونە مردنی کەسێکی زۆر خۆشەویست لە لات. 

هۆکارەکانی کۆنیشانەی دڵشکان

لە کاتێکدا ئەم حاڵەتە ڕوودەدات، لەش هۆڕمۆنەکانی فشار (Stress) دەردەدات کە بەشێوەیەکی کاتی کرداری پاڵنانی خوێن لە لایەن دڵەوە کەمدەکاتەوە و لە ئاستی ئاسایی خۆیدا نابێت، هەروەها سکۆڵەی چەپیش لاواز دەبێت و لە پاڵنانی خوێن و ناردنی بۆ بەشەکانی دیکەی لەش دەوەستێت.
شارەزایان پێیان وایە لەکاتی ئەم حاڵەتەدا بەهەمان شێوە خوێنبەرەکانی کۆرۆنەری (ملولە خوێنەکانی تاجی) کە ئەرکەکەیان گەیاندنی ئۆکسجین و ماددە خۆراکیەکانە بە ماسولکەی دڵ تووشی کەشەنگبوون دەبن و بەمەش کەسەکە ئازاری سنگی بۆ دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی کاتی سڕبوون و خرۆشان لە ماسولکەی دڵدا ڕوودەدات و سوڕی خوێن تووشی گرفت دەکات، ئەگەر هاتوو کۆنیشانەکە چارەسەر نەکرا ئەوا هاوشێوەی جەڵتەی دڵ دەبێتە هۆی مردن.

نیشانەکانی کۆنیشانەی دڵشکان

هەناسەکورتی و ئازاری سنگ لە نیشانە هەرە باوەکانی کۆنیشانەی دڵشکانن، ئەو کەسەی تووشی حاڵەتەکە دێت وا هەست دەکات کە تووشی جەڵتەی دڵ بووە، دەشێت هەست بەم نیشانانەیش بکات: 
• گێژبوون و بوورانەوە.
• نزمی پەستانی خوێن.
• دڵتێکچوون.
• ناڕێکی لە لێدانی دڵ.
زۆر جار نیشانەکان پاش کاتژمێرێک لە ڕووداوە سۆزدارییەکە یاخود حەپەسانەکە( شۆکەکە) ڕوودەدات.

هاندەرەکانی ڕوودانی کۆنیشانەی دڵشکان

لەوانەیە حاڵەتەکە بەهۆی ڕووداوی خۆشیشەوە ڕووبدات هەروەها بەهۆی ڕووداوی ناخۆش و نەخوازراویش، لەوانە:
- لەدەستدانی کەسێکی ئازیز.
- نەشتەرگەری.
- نەخۆشیە کوشندەکان.
- کێشە ئابووریەکان.
- دەستدرێژی.
- وتاربێژی گشتی (سیمینار).
- لەدەستدانی کار.
- جیابوونەوە.
- ڕووداوی هاتوچۆ.
- یادگاری سۆزداری.
- بردنەوەی گرەو.
لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەشێت دەرمان هۆکاری هاندەر بێت بۆ ڕوودانی کۆنیشانەکە چونکە بڕێکی زۆر لە هۆڕمۆنەکان دەردەدەن لە لەشدا، ناوی هەندێک لەو دەرمانانە:
- Epinephrine کە بۆ چارەسەری کاردانەوەی هەستیاریە قورسەکان بەکاردێت.
- Duloxetine کە بۆ چارەسەری گرفتەکانی دەمار بەکاردێت لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانێکی دژە خەمۆکییە.
- Venalafaxine دەرمانێکی دژە خەمۆکییە.
- Levothyroxine بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕژێنی سایرۆید.
- Cocaine.

ئەو کەسانەی زیاتر تووشی کۆنیشانەی دڵشکان 

- ئافرەتان زیاتر تووشدەبن بە بەراورد بە پیاوان بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ زیاترە، ئەمەش لەوانەیە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوە بێت.
- تەمەن (بەتایبەت زیاتر لە ٥٠ ساڵ).
- بۆماوەیی، پسپۆران دەڵێن جینەکان دەکرێت هۆکاربن بۆ زیاتر تووشبوونی هەندێک لە خەڵکی بە حاڵەتەکە.
- ئەو کەسانەی سەریان زەبرێکی بەرکەوتووە.
- ئەوانەی گەشکەیان هەیە.
- ئەوانەی خەمۆکن.

دیاریکردنی کۆنیشانەی دڵشکان

- پرسیارکردن دەربارەی مێژووی حاڵەتەکە و پشکنینی جەستەیی.
- ECG.
- پشکنینی خوێن لەوانەیە دەرخەری تێکچوونی دڵ بێت.
- ناوبینی کۆرۆنەری، بۆیەیەک دەکرێتە مولولەکانی دڵەوە بۆ ئەوەی بزانرێت داخران ڕوویداوە یاخود نا.
- Echocardiogram
- سۆنەری دڵ، بۆ زانینی قەبارەی دڵ (گەورەبوونی دڵ).

چارەسەر

خۆشبەختانە حاڵەتەکە چارەسەرکراوە و زۆرینەی ئەو چارەسەرانەش کە بۆی بەکاردێت هاوشێوەی ئەوانەی تەمەڵی دڵن، بۆ نموونە:
- دەرمانی وەستێنەری (هۆڕمۆنی گۆڕەری ئەنجیۆتێنسین).
- دەرمانی بلۆککردنی وەرگری ئەنجیۆتێنسین.
- بێتا بلۆکەر.
- دەرمانە میزپێکەرەکان.
- دەرمانەکانی دژە خەمۆکی.

لێکەوتە خراپەکانی کۆنیشانەی دڵشکان

لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا بە تێپەڕبوونی کات نیشانەکان نامێنن و کەسەکە چاکدەبێتەوە، بەڵام لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەشێت ببێتە هۆی مردن، ڕەنگە هەندێک لەم لێکەوتە خراپانە ڕووبدات بەهۆی حاڵەتەکەوە:
- تێکچوونی زمانەی دڵ.
- نزمی پەستانی خوێن.
- تەمەڵی دڵ.
- گەڕانەوەی شلە بۆ ناو سییەکان.
- لێدانی دڵی ناڕێک یان پچڕ پچڕ. 


سەرچاوەکان



673 بینین