کەمی کێش

کەمی کێش

له‌لایه‌ن: زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-19-23:41:00 - کۆدی بابەت: 7225
کەمی کێش

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی کەمی کێش 

لە جیهانی ئەمڕۆدا، کێشی گونجاو زۆرجار ستایشکراوە، بەڵام هەبوونی کێشی کەم، واتە کاتێک کێشی کەسێک کەمترە لەوەی کە لەگەڵ باڵایدا بگونجێت وەک ئەوەی پێشبینیکراوە، دەکرێت نیشانەی نەخۆشی زۆر مەترسیداربێت، زۆر شتی جیاواز لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە ژنان کەم کێش بن، لەوانە ڕەفتاری هۆشیارانە، کێشەی تەندروستی و دەرمان، کێشی کەم دەتوانێت ببێتە هۆی کێشە تەندروستییەکانی تر و هەروەها کێشەی دووگیانبوون، دەتوانیت لەگەڵ پزیشک یان پەرستارەکەت گفتووگۆ بکەیت بۆ یارمەتیدانت بۆ گەیشتن بە کێشێکی تەندروست.

مەترسییەکانی کەمی کێش

کەمی کێش دەتوانێت چەندین کێشەی تەندروستی نیشانبدات وەک ئەوەی کە کێشی زیادە دەیکات، ئەگەر کەسێک کێشی کەم بێت، لەوانەیە لەشی ئەو خۆراکانە بەدەست نەهێنێت کە پێویستە بۆ بنیاتنانی ئێسک و پێست و قژێکی تەندروست، هەروەها لە کاتێکدا هەندێک کەس لەوانەیە هۆکاری بۆماوەیی یان نەخۆشییەکی پزیشکی رێگرییان لێ بکات لە زیادبوونی کێشیان، چەندین ئامار هەن کە پزیشکەکان دەتوانن پێشنیار بکەن بۆ یارمەتیدانی کەسێک کە کێشی بەرز بکاتەوە.

وەرزشنەکردن لە کاتی کەمی کێشدا

ئەو کەسانەی کە بەهۆی ناڕێکی خۆراکەکانیانەوە کێشیان کەمە نابێت وەرزش بکەن مەگەر پزیشکەکەیان ڕێگەیانپێبدات کە ئەنجامیبدەن، چالاکی جەستەیی گرنگە بۆ تەندروستی، هێزی ماسولکە، هاوسەنگی، و نەرمی جەستە، دکتۆر یان پەرستارەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ بەرەوپێشبردنی پلانێکی وەرزشکردن کە تەندروست و پارێزراو بێت بۆ بەدەستهێنانی کێشی گونجاو، هەروەها ئەگەر تۆ بە شێوەیەکی ئاسایی وەرزشی هەوای ئاست بەرز ئەنجام دەدەیت، ئەوا لەوانەیە پزیشکەکەت یارمەتیت بدات لە گۆڕینی جۆر و ئاستی وەرزشەکەت بۆ وەرزشی هەوایی مامناوەند و کەمتر، یاخود بۆ یاری ئاسن، هەروەها ڕاهێنانی پتەو بوونی جەستە.

دەستنیشانکردنی کەمی کێش

هەموو ئەو کەسانەی کە کێشی کەمیان هەیە تووشی کاریگەری لاوەکی یان نیشانەکانی کەمی کێش نابنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک کەس، ئەم نیشانانەی خوارەوە ئەزموون دەکەن کە پەیوەندی بە کەمی کێشەوە هەیە:

١- تەنکبوونی ئێسک: بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدراوە، کەمی کێش بەتایبەتی لە ئافرەتاندا دەبێتە هۆی تەنکبوونەوەی ئێسک، کە لەم دۆخەدا ئێسکەکە ناسک دەبێتەوە و هەلی شکانی زیاترە.

٢- هەبوونی کێشە لە پێست، قژ، ددان: ئەگەر مرۆڤ لە خۆراکی ڕۆژانەیدا ماددەی خۆراکی تەواو بەدەست نەهێنێت، لەوانەیە نیشانە نەخۆشییە جەستەییەکانی تێدا دەربکەوێت، وەک تەنکبوونی پێست، وشکبوونی پێست، قژ هەڵوەرین، یان خراپی تەندروستی ددان.

٣- زوو توشبوون بە نەخۆشی: ئەگەر کەسێک وزەیەکی تەواو لە ڕێجیمەکەی وەرنەگرێت بۆ پاراستنی کێشی لەشی بە تەندروستی، ئەوا لەوانەیە خۆراکی تەواو بەدەست نەهێنێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی شەڕی توشبوون بە نەخۆشی، لە ئەنجامدا، مرۆڤ لەوانەیە زیاتر نەخۆش بکەوێت، و نەخۆشییە باوەکانی وەک سەرما، ئەتوانن زیاتر لە کاتێکی ئاسایی توشتببن.

٤- هەستکردن بە ماندووێتی لە زۆرینەی کات: کالۆری پێوانەی ئەو وزەیەیە کە مرۆڤ لە خواردنێکی تایبەتەوە وەریدەگرێت، بەدەستنەهێنانی کالۆری پێویست بۆ پاراستنی کێشێکی تەندروست دەتوانێت واتلێبکات هەست بە ماندووبوون بکەیت بە دێژای کات.

٥- کەم خوێنی: ئەو کەسەی کە کێشی کەمی هەیە زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە کە ئاستی خوێنی دابەزێت، کە بە کەمخوێنی ناسراوە، کە دەبێتە هۆی سەرئێشە و سەرگێژ خواردن و ماندوو بوون.

٦- ناڕێکی سوڕی مانگانە: ئەو خانمانەی کە کێشەی کەمی کێشیان هەیە لەوانەیە سوڕی مانگانەیان ڕێک نەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی وەستاندنی سوڕی مانگانە، یان ماوەی هەرزەکارییان دوابکەوێت یان نەبێت، هەروەها سوڕی مانگانەی ناڕێک و لەپڕ وەستاو دەتوانێت ببێتە هۆی نەزۆکی.

٧- لەدایکبوونی پێشوەخت: بەگوێرەی توێژینەوەیەک، ئەو ئافرەتانەی کە دووگیانن و هەروەها کێشی کەمیان هەیە ئەگەری منداڵبوونی پێشوەختیان زیاترە، کە مانای ئەوەیە منداڵەکە پێش ئەوەی بگاتە ٣٧ یەمین هەفتە لە دایک دەبێت.

٨- هەبوونی کێشەی گەشەی هێواش یان پەککەوتە: گەنجان پێویستیان بە خۆراکی تەندروست هەیە بۆ گەورەبوون و گەشەدان بە ئێسکی تەندروست، کەم کێش بوون و بەدەستنەهێنانی کالۆری پێویست مانای ئەوەیە کە کەسێک لەوانەیە گەشە نەکات وەک پێشبینی دەکرێت، پزیشکەکان ئەمە بە 'شکستی پێگەیشتن ناو دەبەن.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی بڕواپێکراو کەمی کێش دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی مردن بەبەراورد بەوانەی کە کێشی گونجاویان هەیە، توێژەرەکان پێشنیاریان کردووە کە کەمی کێش لەوانەیە پڕۆسەکانی ساڕێژبوونەوەی کەسێک پاش ڕووداوێک یاخود کۆستێکی دەروونی تێک بدات، بە بەراورد لەگەڵ کەسێک کە کێشی گونجاوی هەیە.

هۆکاری جۆراوجۆر هەن بۆ ئەوەی کەسێک کێشی کەم بێت، هەندێک جار، چەند هۆیەکی بنچینەیی ڕەنگە پەیوەندیان هەبێت بە کەمی کێشەوە، کە بریتین لە:

- پێشینەی خێزان: هەندێک کەس بە شێوەیەکی سروشتی کێشێکی کەمیان هەیە کە لە خێزانەکانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.

- بەرزی زیندە چالاکی: بەرزی زیندە چالاکی واتلێدەکات کە ئەو خواردنەی دەیخۆیت نەبێتە هۆکاری زیادبوونی کێشت تەنانەت ئەگەر خۆراکەکەش لە ڕێژەیەکی بەرزی کالۆری پێکهاتبێت.

- چالاکی جەستەیی بەردەوام: وەرزشەوانان یاخود ئەو کەسانەی کە گەشتوون بە ئاستێکی بەرزی چالاکی جەستەیی، وەک ڕاکەرەکان، لەوانەیە ڕێژەیەکی بەرزی کالۆری زیاتر بسووتێنن کە لە ئەنجامدا دەبنە خاوەن کێشێکی کەم.

- نەخۆشییە جەستەیاکان یاخود نەخۆشییە درێژخایەنەکان: هەندێک لەو نەخۆشییانەی کە دەبنە هۆی دڵ تێکەڵهاتن، ڕشانەوە، سکچوون هۆکارن بۆ نەگەشتن بە کێشی گونجاو، هەروەها باروودۆخەکانی وەک نەخۆشی شێرپەنجە، شەکرە، لیکەڕژێنی دەرەقی و هەروەها کێشەکانی هەرسکردن، ئازاری سک و تا و سکچوون، هەستی برسیەتی کەم دەکەنەوە، بۆیە ئەو کەسانەی کێشیان کەمە هەست بە برسێتی ناکەن.

- نەخۆشی دەروونی: لاوازی تەندروستی مێشک کاریگەری لەسەر توانای خواردن دەبێت، وەک (پەستان، نیگەرانی، ناڕێکی خواردن) هەر یەکێک لەم مەرجانە دەتوانێت کاریگەری لەسەر وێنەی جەستەیی و هەوکردنی کەسێک هەبێت، هەروەها پزیشک دەتوانێت پێشنیاری چارەسەرت بۆ بکات و پلانێکی گونجاوت بۆ دابنێت کە بەشێوەیەکی تەندروست کێشت زیادبکات.

چارەسەری کەمی کێش

ئەگەر کەسێک کێشی کەم بێت، چەند شێوازێک هەیە بۆ بەدەستهێنانی کێشی تەندروستی کە دەتوانن هەوڵی بدەن، کەسێک دەتوانێت کێشی زیاد بکات بە پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست کە خواردنە پڕ لە کالۆرییە خۆراکییەکان لەخۆ دەگرێت، پزیشک لەوانەیە پێشنیاری لیستێکی خۆراکی دیاریکراو بۆ کەسێک بکات بۆ زیادکردنی کێش یاخود هەوڵ بدات نەخۆشەکە بگەیەنێتە پزیشکی خۆراکی.

هەندێک لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی کێش

١- زیادکردنی سووکە ژەم: هەموو سووکە ژەمە پڕ لە دانەوێڵە کاربۆهیدراتەکان یارمەتیدەرن بۆ بەرزکردنەووی کێش، بۆنمونە وەک، بادەم، پڕۆتین، پەنیر، چپسی چەور، حمص.

٢- خواردنی چەند ژەمێکی بچووک لە ڕۆژێکدا: هەندێک جار مرۆڤ لەوانەیە کێشی کەم بێت چونکە ناتوانێت بەرگەی خواردنی ژەمێکی گەورە بگرێت لە جیاتی ئەوە، دەتوانێت ژەمە گەورەکە بۆ چەند ژەمێکی بچووک دابەشبکات و بە درێژایی ڕۆژەکە بیخوات. 

٣- تێکەڵکردنی خۆراکەکان: دەکرێت سەرچاوەی خۆراکی پڕ کالۆری زیاد بکەن بۆ خۆراکی بەردەست خۆتان وەک، تێکەڵکردنی ماست و بادام، گوڵەبەڕۆژە و سووپ و زەڵاتە، یاخود ڕۆنی گوێز و تۆستی دانەوێڵە، دوور بکەوەرەوە لەو خواردننانەی کە کالۆری کەم لە پێکهاتەکەیاندا هەیە، چونکە خواردنی کالۆری زۆر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کێش، هەروەها ئەو خواردنانەی چەوری زیادەیان هەیە لەوانەیە کاریگەری لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان درووستبکەن، مرۆڤ دەبێت خۆی لەو خواردنانە بەدوور بگرێت کە شەکر و خوێی زۆر لە پێکهاتەکەیاندا هەیە.

سەردانکردنی پزیشک

کەسێک دەبێت چاوی بە پزیشکەکەی بکەوێت ئەگەر هەوڵی دابێت کێشی زیاد بکات بەڵام نەیتوانیبێت، هەرکەسێک تووشی هەر جۆرە کاریگەریەکی تەندروستی نەخۆشی بوویەوە بەهۆی ئەوەی توانای زیاد کردنی کێشی نەبووە، وەک نەمانی سوڕی مانگانە یان نەزۆکی، دەبێت پزیشک ببینێت، هەروەها ئەگەر کەسێک کێشەی دەروونی یاخود خواردنی هەبێت، سەرەکیترین شت کە دەبێت بیکات گەڕان و سەردانیکردنی پزیشکێکی پسپۆڕە، بەداخەوە، لەم بارودۆخەدا لەوانەیە نەناسینەوەی ڕەفتار و هەڵسووکەوت لەلایەن نەخۆشەکەوە یەکێک بێت لە کێشە گرنگەکان.

هەندێک لەو نیشانانەی کە پەیوەندیان بە ناڕێکی خۆراکەوە هەیە

- ئەنجامدانی کارێک بە دزی کەسانی دیکەوە
- لە دەستدانی کێش بە شێوەیەکی لە ناکاو و چاوەڕوان نەکراو
- ڕەتکردنەوەی خێزان و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان
- دەرکەوتنی شەکەتی و ماندوویەتی
- ڕەتکردنەوەی نان خواردن لە پێش چاوی کەسانی دیکە

ئەگەر کەسێک ئەم نیشانانەی هەبێت، پێویستە هاوڕێ یان ئەندامانی خێزانەکەی هانی بدەن بۆ ئەوەی یارمەتی پیشەیی لە پزیشک یان چارەسەرکەرێک وەربگرێت.


سەرچاوەکان

60 بینین