قەیرانی ئابووری

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-04-08:45:00 - کۆدی بابەت: 7490
قەیرانی ئابووری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بریتییە لە دۆخێکی دژوار لەلایەن وڵاتێک یان کۆمەڵگایەک یان دەوڵەتێکەوە ئەزموون دەکرێت، لە ئەنجامی دەرکەوتنی دۆخێکی نائاسایی لە گەشەکردن و بەگەڕخستنی سیستمی دارایی و پێکهاتەکانی بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو، بەشێوەیەکی نەرێنی کار لە دۆخی ئابووری وڵات دەکات، ئەم قەیرانە ڕێڕەوی ئابووری لە خاڵێکی جێگیر و داراییەکی باشەوە دەگۆڕت بۆ دۆخێکی ناهاوسەنگی ئابووری و دارایی.

ئەمەش بۆ ناهاوسەنگی بەکارهێنان و بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە لە وڵاتەکەدا، هۆکاری ئەم قەیرانە بریتییە لە خراپی پێکهاتە و ژێرخانی ئابووری و سیاسی وڵات و نەبوونی سەقامگیری ئابووری گشتی ئەمەش دەبێتە هۆی نزم بوونی ئاستی بەرهەمهێنان و مایەپووچبوونی کۆمپانیا و تاکەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و داڕمان بازاڕی پشکەکان وکەم بوونەوەی ئاستی بژێوی دانیشتوان.

گرنگترین جۆرەکانی قەیرانی ئابووری

- نەبوونی متمانە و دڵنیایی: ئەم قەیرانە بەشێوەیەکی سەرەکی  پەیوەستە بە کەرتی داراییەوە، نەبوونی متمانە لە دانەوەی قەرزی بانکی و دامەزراوە دارییەکانی تر.

- قەیرانی دارایی: هاوشێوەی متمانە داراییەکانە بەڵام بە شێوەیەکی فراوانتر، خاوەن هەژمارەکان و بانکەکان توانای پێدانی قەرزیان نابێت لە هەندێک دۆخدا قەیرانەکە بە تەنها لە کەرتی دارایی و بانکی ناوەستێت بەڵکوو بڵاودەبێتەوە بەسەر سەرجەم کەرتە ئابوورییەکانی وڵات و هەندێک جار ئەم قەیرانە دەبێتە قەیرانێکی جیهانی، لەماوەی ئەم قەیرانەدا نرخی هەبووەکان (الاصول) بەشێوەیەکی بەرچاو بەهاکەی دادەبەزێت بەم شێوە کۆمپانیاکان و کڕیارەکان ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە، دامەزراوە داراییەکانی دیکەش کێشەی کەمی پارەی نەختینەیان بۆ درووست دەبێت، هۆکارێکە بۆ درووست بوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی و بە تایبەت وەبەرهێنەران، ئەمەش وایان لێدەکات پەلەبکەن لە فرۆشتنی موڵک و بەرهەمەکانیان یان ڕاکێشانی پارەکانیان لە  هەژمارە بانکییەکانیان ئەم کارەش لە ترسی زیاتر دابەزینی بەهای موڵکەکانیانە.

- قەیرانی دارایی گشتی: کاتێک حکومەتەکان هەوڵی دانەوەی قەرزەکانیان دەدەن، یان دەیانەوێت قەرز بکەن بۆ ئەوەی کورتهێنان لە موازنەی گشتی وڵات ڕوونەدات وڵات ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە دەبێتەوە.

- قەیرانی دراو: قەیرانی دراو ڕوودەدات کاتێک نرخی دراو دابەزینێکی بەرچاو و خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، لەم کاتەدا وەبەرهێنەران ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ درووست دەبێت و دووردەکەونەوە لە بونیادنانی پرۆژە و خزمەتگوزاری.

- قەیرانی هەڵئاوسانی لە ڕادەبەدەر: وڵات دووچاری هەڵئاوسانێکی زۆر و داڕمانی بەهای دراو دەبێتەوە ئەمەشە دەبێتە هۆی درووست بوونی قەیران بەجۆێک مامەڵە ئاساییەکانی ڕۆژانە ئەستەم دەبن.

- بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت: بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنی لایەنی ئابووری وڵات، دواتریش دەبێتە هۆی درووستبوونی هەڵئاوسان و پاشان دابەزینی تێکڕای بەرهەم.

چەند نموونەیەک لە قەیرانی ئابووری

شکست هێنانی بۆرسە لە ساڵی ١٩٢٩

ئەم قەیرانە بووە هۆی داڕمانێکی گەورە لە نرخی پشکەکان، هۆکارەکەشی بریتی بوو لە نزمی ڕێژەی خواست و بەرزی ڕێژەی خستنەڕوو، ئەمەش بوویە هۆی دابەزینی نرخی کاڵا و شتوومەک، کاریگەری ئەم قەیرانە نزیکەی ١٢ ساڵ بەردەوام بوو هەرچەند کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر لەو ماوەیە درێژەیان کێشا.

قەیرانی نەوت لە وڵاتانی ئۆپیک ١٩٧٣

ڕێکخراوی ئۆپیک فرۆشتنی نەوتی لە هەندێک لە وڵاتان قەدەغە کرد ئەم کارەش چەند ئامانجێکی سیاسی لە پشتەوە بوو، و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت  لە ٩ دۆلارەوە  بۆ ١٢ دۆلار، لە ساڵی ١٩٧٣-١٩٧٤ داڕمان لە نرخی پشکەکان ڕوویدا و کەرتی پیشەسازی لە بۆرسەی داوجۆنز لە ٪٤٥ بەهاکەی لەدەستدا.

قەیرانی دارایی گشتی لە  نێوان ساڵانی٢٠٠٧-٢٠٠٨

بە یەکێک لە قەیرانە کاریگەرەکان جیهان دادەنرێت لە دوای قەیرانە داراییە گەورەکە، بە جۆرێک بوو قەیران و پشێوی لەسەرجەم بازاڕە داراییەکانی جیهان ڕوویدا، ئەم قەیرانە لە داڕمانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ئەمریکا دەستی پێکرد و بووە هۆی داڕمانی یەکێک لە گەورەترین بانکە وەبەرهێنەکان لە جیهاندا، زۆرێک لە کۆمپانیا و دامەزراوەکان نزیک بوو مایەپووچ ببن، ئەم قەیرانە پێویستی بە ١٠ ساڵ بوو تاکوو چارەسەرکراو گەڕایەوە دۆخە ئاساییەکەی پێشوو.

کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی قەیرانی ئابووری

قەیرانەکان کاریگەری گەورە دەخەنە سەرکۆمەڵگاکان گرنگترینیان بریتین لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، نەمانی پاشەکەوت، لاوازی گەشەی ئابووری، هەر قەیرانێکی ئابووری کاریگەری نەرێنی لەسەر بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، خۆراک دروست دەکات لەکاتی قەیرانی ئابووریدا خێزانەکان هەوڵدەدەن شێوازی خەرجکردن بگۆڕن وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بەتایبەتی مامەڵە کردنی منداڵان لەگەڵ پارە و قەیرانی ئابووری، لەوانەیە ئەمەش دەرفەتێک بێت بۆ پێشکەوتنی لایەنی کۆمەڵایەتی تاکەکان، دواتریش ئەم قەیرانە درێژە دەکێشێت بۆ ئەوەی حکومەت سیاسەتەکانی بەکاربهێنێت بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.

چۆن ڕێگری بکەین لە دروست بوونی قەیرانی ئابووری؟

- پێویستە قەرزی کارتەکانی دڵنیایی کەڵەکە نەکەیت و قەرزەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بگەڕێنەرەوە.

- لە ساڵێکدا نزیکەی ڕێژەی سێ بۆ شەش مووچەی مانگانەت پاشەکەوت بکە، ئەمەش یارمەتیدەرت دەبێت لەکاتی نەبوونی کاردا، سوود لە پارەی پاشەکەوت کراو ببینیت.

- ڕاوێژکارێکی دارایی بە ئەزموون بدۆزەرەوە و بەر لە دەستپێکی پرۆژە و چالاکییەکان ڕاوێژی پێبکە بۆئەوەی یارمەتیدەرت بێت لە پێشخستنی پلانە داراییەکانتدا.

- تێکڕای سامانەکەت لە پرۆژەیەکدا خەرج مەکە بەڵکوو هەوڵبدە پشکت لە پرۆژە و کاری جۆراوجۆردا هەبێت.


سەرچاوەکان

3215 بینین