کیسەڵی تەختە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-06-15:14:00 - کۆدی بابەت: 7513
کیسەڵی تەختە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کیسەڵی تەختە ( بە ئینگلیزی: wood turtle)، جۆرێکی کیسەڵەکانە، دەکرێت بە کیسەڵی نەخشێنراو و کیسەڵی قاچ سووریش بناسرێت، کە لە ئەمریکای باکوور دەژی، هۆکاری ناوەکەی بەهۆی هەبوونی پارچەیەک تەختەی نەخشێنراوە لەسەر بەرگەکەی، ئەم کیسەڵە لە کۆمەڵەیەکدا پۆلێنکراوە کە تەنها لە دوو ئەندام پێکهاتوون، یەکەمیان کیسەڵی تەختەیە و دووەمیش کیسەڵی زۆنگاوەکانە، لە ڕابردوودا نشینگە و جێگە جوگرافییەکەی مەودایەکی زۆری هەبووە، لە ئێستاشدا لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوچەکانی کەنەدا بوونی هەیە، زۆرینەی کاتەکانی لە ئاوی ڕوبارە فراوانەکاندا یاخود لە نزیکیدا بەسەر دەبات، هەروەها دەکرێت لە ناوچەی دارستان و لەوەڕگاکانیشدا بوونی هەبێت، و بە دەگمەنیش دوور لە سەرچاوە ئاوییەکاندا دەبینرێت، لە بارودۆخی ئاسایدا دەتوانێت نزیکەی ١٠٨ م مەودا دەبڕێت، کە ئەمە بڕێکی زۆرە بۆ کیسەڵ، واتە بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت ٠.٣٢ کم ببڕێت.

شێوەی دەرەوەی

شێوەی کیسەڵی تەختە نزیکە لە شێوەی کیسەڵی زۆنگاوەکان و کیسەڵە خاڵدارەکان، درێژی ئەم جۆرەی کیسەڵەکان لە نێوان ١٤-٢٠ سانتیمەتر دەبێت، یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانیشی هەبوونی شێوەی هەرەمە لەسەر بەشی سەرەوەی ڕووپۆشەکەی، ڕووپۆشەکەی زبرە و رەنگەکەشی قاوەییەکی ئەسمەرە یاخود قاوەییەکی ڕەساسییە، دوای پێگەیشتنیان قەبارەی نێرینەکان گەورەترە لە مێینەکان، چنگ و سەریان گەورەترە و کلکیان درێژترە.

خۆراک

کیسەڵی تەختە چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، لە وەرزی زستاندا دەچێتە سوڕی متبوونەوە، هەروەها گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە، و دەتوانێت ژەمە خۆراکییەکانی لە هەردوو سەر زەوی و نێو ئاودا بخوات، بەڵام زۆرینەی ئەو گیانەوەرانەی کە لە نشینگەکەیدا دەژین، دەبنە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ ئەم جۆرە کیسەڵە، بەتایبەتی ڕاکۆنەکان کە ژمارەیەکی زۆریان هەیە لە ناوچەکەیدا، و هەڕەشەن بۆ هەموو قۆناغەکانی تەمەنی ئەم کیسەڵە، هۆکارێکی تر لەدەستدانی نشینگەکانیانە بەهۆی مرۆڤەوە بێت یاخود هۆکاری دیکە.

یەکگرتن و زۆربوون

بەهۆی لەدەستدانی نشینگەکانیانەوە کاریگەری نەرێنی ڕووبەڕووی کیسەڵی تەختە دەبێتەوە لە دۆزینەوەی هاوبەشی گونجاو و جێگەی گونجاو بۆ دروستکردنی هێلانە، ئەم جۆرە کیسەڵە هێلکە دەکات واتە تەنها هێلانە دروست دەکات و هێلکەکانی دادەنێت، بێچووەکان پێویستیان بە گرنگیپێدانی نێرینە و مێینەکە نییە، جێگەی هێلکە دانانەکە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتوبوونی پڕۆسەکە، لەبەر ئەمە مێینەکە وزە و کاتێکی زۆر بەسەردەبات لە گەڕان بە دوای شوێنی گونجاو بۆ دروستکردنی هێلانە، وە هێلانەکەش بە گوێرەی پلەی گەرمی لمەکە هەڵدەبژێرێت نەک جۆری لمەکە، کە بە زۆری لە ناوچەی بەرزدا دروست دەکەن بۆ پاراستنی هێلکەکان لە ئەگەری هەبوونی لافاو و هێرشی گیانەوەرە دڕندەکان، دەکرێت هەمان هێلانە لە لایەن مێینەکەوە بەکاربهێنرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ، تەمەنی پێگەیشتنی ئەم کیسەڵی تەختە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت، کە لە نیوان تەمەنی ١٤-١٨ ساڵیدا دەبێت، وەرزی یەکگرتنیان لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدایە، و ماوەی یەکگرتنی نیرینە و مێینەکە چەندین خولەک دەخایەنێت، شیوازی گونجاوی ئەنجامدانیەتی لە نێو ئاودا، دوای هەڵهاتنی بێچووەکان لە هێلکەکان، ساڵەکانی سەرەتای تەمەنیان بە خێرایی گەشەدەکەن و پەرەدەسێنن، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی کیسەڵی تەختە دەگاتە ٤٠ ساڵ، لە کاتی گرنگیپێدانی تایبەت و بە دیلکراوی دەکرێت هەتا ٥٨ ساڵ بژی.  

جۆرە سەرەکییەکانی

کیسەڵی تەختە ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە، کە دەکریت وەک ئاژەڵی ماڵی ڕاگیربکرێن و پەروەردە بکرێن، چونکە شێوەیەکی جوان و خۆشەویستیان هەیە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو جۆرەکان ڕاست نییە و ناکرێت هەموویان ماڵێ بکرێن، هەتا ئێستە دوو سەرەکیترین جۆر کە ماڵی کراون، کیسەڵی تەختەی ئەمریکای باکوورە لەگەڵ کیسەڵی تەختەی ئەمریکای ناوەڕاست، جۆرە سەرەکییەکانیش ئەمانەن:

  • کیسەڵی تەختەی ئەمریکای باکوور
  • کیسەڵی تەختەی ئەمریکای ناوەڕاست
  • کیسەڵی تەختەی لۆچدار
  • کیسەڵی تەختەی ڕەش
  • کیسەڵی تەختەی ماراکایبو
  • کیسەڵی تەختەی قاچ خاڵدار
  • کیسەڵی تەختەی قاوەیی
  • کیسەڵی تەختەی لووت گەورە
  • کیسەڵی تەختەی کۆڵۆمبی


سەرچاوەکان



780 بینین