دورەید مەتی ئیبراهیم

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-22-01:55:00 - کۆدی بابەت: 7665
دورەید مەتی ئیبراهیم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دورەید مەتی بوتڕس ئیبراهیم ئەلمووسڵی (بە عەرەبی: درید متي بطرس ابراهيم الموصلي) نووسەر و کەسایەتی ناوداری ئیسلامی عێراقی، لەدایکبووی ساڵی 1971ـی ناوچەی بەڕتەڵەی پارێزگای مووسڵە، لە خێزانێکی مەسیحی عێراقی پەیوەست بە ئایینەوە  پەروەردە کراوە و تاکوو قۆناغی زانکۆ پەیڕەوی ئایینی مەسیحی بووە، بۆ خوێندنی زانکۆ ڕووی کردووەتە زانکۆی مووسڵ و لە کۆلێجی پەروەردە بەشی زیندەزانی وەرگیراوە، لە ساڵی 1992 لە قۆناغی دووەم بەهۆی هاوڕێیەکی بە ناوی "عومەر حەمەد جبووری" موسڵمان بووە.

بەربەستەکانی ژیانی دوای موسڵمانبوونی

لە پاش موسڵمانبوونی دورەید، ڕووبەڕووی چەندان بەربەست و کێشە بووەتەوە، تەنانەت زیندانی کراوە و ئەشکەنجەدانێکی سەخت و قورسی بینیوە، گرنگترین بەربەست و نەهامەتییەکانی ژیانی بریتی بوون لە: 
ـ دەستپێکی سەختییەکانی ژیانی لەگەڵ خێزانەکەی بووە، بە جۆرێک بووە کە لە کاتی ئاشکرا کردنی موسڵمانبوونی باوکی ڕاستەوخۆ هەوڵی کوشتنی داوە.
ـ پاشان لە زانکۆ مامۆستا مەسیحییەکانی هەر جارەو بە بیانوویەک ڕاپێچی ئاسایشی زانکۆیان کردووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە، دورەید گەیشتووەتە ئاستێک کە لە قۆناغی چوارەم زانکۆی بەجێهێشتووە و تەنانەت شاری مووسڵیشی بەجهێشتووە، لەگەڵ عومەری هاوڕێیدا بەرەو شارەکانی تری عێراق ڕویشتوون و پیشەی جۆراوجۆریان کردووە تاکوو بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
ـ بەهۆی دەست ڕۆیشتوویی پیاوانی کڵێسای ناوچەکەیان، لەلایەن چەند ڕەبەنێکی کڵێساوە لە شاری بەغداد سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت، بەوهۆیەوە لەلایەن رژێمی بەعسەوە زۆر کێشەی بۆ دروستکراوە و هەمیشە ڕاپێچی لای پۆلیس کراوە بۆ لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن لە بارەی هۆکاری موسڵمانبوونییەوە.
ـ پیاوانی کڵێسا و خزمەکانی بە چەندان شێوە و ڕێگە ویستیان دورەید لە ئیسلام پاشگەز بکەنەوە، لە ڕێگەی پێشنیارکردنی دەرفەتی گەشتی دەروەی وڵات و بڕوانامەی بەرز و پێشکەش کردنی باشترین و جوانترین ژن، پلە و پۆست و پارە، بەڵام دورەید هەموو ئەوانەی ڕەتکردەوە و باوەڕەکەی پەسەند کرد، بۆیە باجی باوەڕەکەی سەخت و دژوار بوو، دووچاری دەربەدەری و ئازار و مەینەتی زۆر بووەوە.
ـ لە پاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، دورەید ڕاپێچی زیندان کراوەتەوە و بە سەختترین شێوە لەلایەن ئەمریکیەکانەوە ئەشکەنجە دراوە و لێپرسینەوە کراوە لە هۆکاری موسڵمانبوونی.
ـ لە ساڵی 2007 لەلایەن سوپای عێراقەوە دورەید بەهەمان شێوە زیندانی کراوە و بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە لە هۆکاری موسڵمانبوون و وازهێنانی لە مەسحییەت لێکۆڵینەوەیان کردووە و ئەشکەنجەیەکی سەخت و دژواریان داوە.
ـ لە پاش ئەو هەموو بەربەست و تەنگەژەیە پیاوێکی ناوداری کورد لە شارۆچکەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر سەرۆک عەشیرەتی گۆران "سابڕ سۆفی عەلی" دوای بیستن و کاریگەربوونی بە چیرۆکی دورەید بڕیاری دا ببێتە پاڵپشت و پشتیوان بۆ دورەید و لەگەڵ ئەوان نیشتەجێ بووە و لەو کاتەوە هاتووەتە کوردستان

باری خێزانی

بەهۆی موسڵمانبوونی، مەسیحییەکان ڕازی نەدەبوون کە کچی پێبدەن، هەروەها موسڵمانانی شاری مووسڵ بەهەمان شێوە لەبەر هۆکاری نەتەوەیی و چینایەتی و ئاستی کۆمەڵایەتی ڕازی نەبوون هاوسەرگیری و خزمایەتی لەگەڵ دورەید دروستکەن، کاتێک دورەید دەربەدەر بوو لە ناوچەی کۆنی مووسڵ لە شوقەیەک نیشتەجێ بووە، ماڵێکی مەسیحی دراوسێی بوون، ڕۆژێک بەهۆی ئەوەی سەرگەورەی خێزانەکە بیستبووی کە دورەید پێشتر مەسیحی بووە مشتومڕی لەگەڵ دروست کرد و لەگەڵ ئەو مشتومڕەدا کچ و خێزانەکەی هاتنە دەرەوە، دورید بە سادەیی و بە ڕاستگۆیی چیرۆکی موسڵمانبوونی بۆ ئەو خێزانە باسکرد، ڕوانی کە کچەکەیان جیاواز لە باوکی بە بزەیەکی ئاسوودەوە گوێی بۆ گرتووە ئەو هەڵوێستەی دورەیدی والێکرد کە لە ڕێگەی برای کچەکەوە داوای هاوسەرگیری لێ بکات، بەو مەرجەی هەرگیز ناچاری ناکات که باوەڕ بە ئیسلام بهێنێت، بۆیە دورەید هاوسەرگیری لەکەڵ کرد و دوای ماوەیەک بە ویست و داوای خۆی ئەویش موسڵمانبوو، بەهەمانشێوە هاوسەری دورەید بێبەش نەبوو لە نەهامەتی و بەربەستەکانی ژیانی دوای موسڵمانبوونی، لەلایەن باوکیەوە دژایەتی زۆر کراوە و دووچاری زیندانیش کراوەتەوە.

بەرهەمەکانی

لە پاش تەمەنی 46 ساڵی و ئەزموونکردنێکی چڕ و قوڵ لە خوێندنەوە و تێگەیشتن بۆ قورئانی پیرۆز، دورەید ئیبراهیم چەندان بەرهەمی نووسیوە و بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی پەیوەستن بە فێربوون و لێکۆڵینەوە لە قورئان، هەموویانی بە زمانی عەرەبی نووسیوەتەوە، هەروەها ئەزموونی ژیانی و موسڵمانبوون لە دووتوێی کتێبیکدا بە ناوی "ربحت محمداً و لم أخسر عیسی" - محەمەدم بەدەست هێنا و عیساشم لەدەست نەدا" نووسیوەتەوە، لەم کتێبەدا ئەزموونی موسڵمانبوونی و قۆناغەکانی دواتری ژیانی وەکوو موسڵمانێک دەخاتەڕوو، بەربەستەکانی ژیانی دەگێڕێتەوە کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە وەکوو مەسیحییەکی تازە موسڵمان، ئەم کتێبەی وەرگێڕانی زمانی کوردی بۆ کراوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە یاسای باری شارستانی عێراقیدا ناوی باوک و باپیر ناگۆڕێت و جێگیرە، لە دوای بڵاوکردنەوەی چەند بەرهەمێکی بە ناوی خۆی لە سەرەتادا کێشە و هەڵەتێگەیشتن و ئاستەنگی زۆر بۆ دروستکراوە، بۆیە پاشگری "ئیبراهیم مووسڵی" بۆ سەر ناوەکەی زیاد کردووە و هەموو بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە، گرنگترین بەرهەمەکانی: 

ـ ربحت محمداً و لم أخسر عیسی
ـ احفظ القران كما تحفظ الفاتحة
ـ ضبط بدایات و نهایات أحزاب و أرباع القرآن الكريم بالجملة الإنشائية
ـ ٲسئلة و اجوبة بضبط الألفاظ المتشابهة (13 بەش هەر بەشێک 550 بۆ 650 لاپەڕەیە)
ـ الأربعون القرآنیة من كلام خير البرية
ـ القواعد الأربعینیة في ضبط المتشابهات القرآنیة
ـ 900 سؤال و جواب في تدبر آیات الكتاب 


سەرچاوەکان



649 بینین