کۆنیشانەی زوو پیربوون

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-02-24-13:38:00 - کۆدی بابەت: 7881
کۆنیشانەی زوو پیربوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆنیشانەی زوو پیربوون (Progeria) یان (Hutchinson Gilford Syndrome) ناسراو بە نەخۆشی بێنجامین بەتن (Benjamin Button) نەخۆشییەکی دەگمەنی بەهێزی بۆماوەییە کە لە منداڵاندا دەبێتە هۆی زوو پیربوون، لە دووەم ساڵی تەمەنیاندا نیشانەکان دەردەکەون.

منداڵانی تووشبووی ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی لەدایکبوونیاندا ئاسایی دەردەکەون، لە ماوەی یەکەم ساڵی تەمەنیاندا، نیشانەکانی وەکو گەشەی هێواش و وەرینی مووەکان دەست بە دەرکەوتن دەکەن.

نەخۆشییەکانی دڵ و سەکتە لە منداڵانی تووشبووی ئەم نەخۆشییەدا، هۆکاری سەرەکی مردنن. تێکڕای ماوەی ژیانی چاوەڕوانکراو بۆ منداڵێکی تووشبووی کۆنیشانەی زووپیربوون ١٣ ساڵە، لە هەمان کاتدا ئەگەری هەیە بەشێکی لە تووشبووەکان بەم نەخۆشییە کەمتر یان زیاتر تا ٢٠ ساڵی بژین، لە سەرانسەری جیهاندا ١ لە ٤ ملیۆن منداڵ تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت.

تا ساڵی ٢٠٢٢ هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام توێژینەوەکان بەردەوامن و بەڵێنی چارەسەریان داوە.

نیشانەکان

بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی یەکەم ساڵی ژیانیاندا، گەشەی هێواشی منداڵی تووشبوو بە کۆنیشانەی زووپیربوون تێبینی دەکرێت، بەڵام جووڵە و گەشەی مێشک بە ئاسایی دەمێننەوە، واتە ئەم نەخۆشییە کار ناکاتە سەر ئاستی زیرەکی مرۆڤەکان.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بەهێزە دەکرێت بە شێوازی جیاواز دەربکەوێت، وەک:

- گەشەی هێواش، واتە کێش و باڵا لە خوار ئاستی ئاساییەوە دەبن

- دەمووچاوی باریک، شەویلگەی خوارەوەیان بچووکە، لێویان باریک و لوتیان چەماوەیە

- سەریان بە شێوەیەکی نەگونجاو گەورەترە لە لاشەیان

- چاویان دەرپەڕیوە و ناتوانن پێڵووی چاویان بە تەواوی لێک بنێن

- وەرینی مووەکان، وەک مووی برژانگ و برۆ

- پێستی لاشەیان خاڵدار، تەنک و چرچە

- دەمارەکانی لاشەیان بە ئاسانی دەبینرێت

- دەنگیان زیقنە

هەندێک لە نیشانەکان دەکرێت کێشەی تەندروستیش بگرنە خۆیان:

١- نەخۆشی توند و بەهێزی دڵ و دەمارەکان

٢- تووندبوونەوەی پێست لە دەوروبەری قەد و پەلەکان

٣- دواکەوتن یان دروستبوونی ددانی نائاسایی

٤- لە دەستدانی توانای بیستن

٥- لەدەستدانی چەوریی ژێر پێست و ماسولکە

٦- دەرکەوتنی ئێسکی نائاسایی و ناسک بوونەوەی ئێسکەکان

٧- لە دەستدانی شلەی جومگەکان

٨- لەجێچوونی سمت

٩- نەخۆشی بەرهەڵستی ئینسۆلین، کە تێیدا لاشە وەڵامی هۆڕمۆنی ئینسۆلین ناداتەوە و دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە

لە چی کاتێک بینینی پزیشک پێویستە؟

ئەم نەخۆشییە بە ئاسایی لە کاتی کۆرپەلەییدا یان لە سەرەتای منداڵیدا دیاری دەکرێت، هەندێکجار لە کاتی پشکنینی ئاساییدا دەتوانرێت دەست نیشان بکرێت، کاتێک لە منداڵەکەدا نیشانەکانی بە تەمەنداچوونی پێشوەختەی تێدا دەردەکەوێت.

ئەگەر تێبینی هەر گۆرانکارییەک دەکەیت لە منداڵەکەتدا کە دەکرێت نیشانەی ئەم نەخۆشییە بێت، یاخود ئەگەر دەربارەی گەشەی منداڵەکەت نیگەرانیت، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پزیشکی منداڵەکەتدا لەم بارەیەوە ڕێک بخە.

هۆکارەکان

بازدان لە جینێکدا (جین: دانەی بۆماوە کە ڕەوشتە بۆماوەییەکان هەڵدەگرێت) بەرپرسیارە لە تووش بوون بەم نەخۆشییە. ئەو جینە بە (Lamin A) ناسراوە لەسەر کرۆمۆسۆمی ژمارە یەکە، پڕۆتینێک دروست دەکات کە پێکهاتەیەکی گرنگی ئەو پەردەیەیە کە دەوری ناوکی خانەی داوە، شێوەی ناوکەکە دەپارێزێت ناوک و پێکهاتەکانی پێکەوە دەهێڵێتەوە. کاتێک بازدانێک لەسەر ئەم جینە ڕوودەدات شێوەیەکی نائاسایی پڕۆتینی (Lamin A) دروست دەبێت کە پێی دەوترێت (Progerin) و دەبێتە هۆی ئەوەی خانەکە بارە جێگیرەکەی خۆی لەدەست بدات، ئەمە دەبێتە هۆی پرۆسەی بەتەمەنداچوون.

بە پێچەوانەی بەشێک لە بازدانە بۆماوەییەکان، کۆنیشانەی زوو پیربوون بە دەگمەن لە نێو خێزانەکاندا دەگوازرێتەوە.

شێوازی ژیانکردن یان کێشە ژینگەییەکان نابنە هۆکاری بەرزبوونەوەی مەترسی تووشبوونی کۆرپەلە بەم نەخۆشییە، هەروەک ئاماژەمان پێدا نەخۆشییەکه دەگمەنە. ئەو دایبابانەی کە یەک منداڵی تووشبووی کۆنیشانەی زوو پیربوونیان هەیە، ئەگەری ئەوەی منداڵی دووەمیان تووشبووی ئەم نەخۆشییە بێت ٢-٣٪.

نەخۆشی کۆنیشانەی هاوشێوە 

چەند کۆنیشانەیەکی پیربوونی تر هەن کە بە بۆماوەیی دەگوازرێنەوە لەنێو خێزانەکاندا، دەبنە هۆی خێرا بە تەمەنداچوون و کورتبوونی ماوەی ژیان:

- کۆنیشانەی (Wiedemann Rautenstrauch)، کە بە کۆنیشانەی زوو پیربوونی ساوایی ناسراوە، لە منداڵدانی دایکەکەوە نەخۆشییەکە دەست پێ دەکات، له‌گه‌ڵ نیشانەکانی پیربوون لە کاتی لەدایکبووندا دەردەکەون.

- کۆنیشانەی (Werner)، کە بە کۆنیشانەی زوو پیربوونی کەسانی پێگەیشتوو ناسراوە، نەخۆشییەکە لە تەمەنی هەرزەکاری یا سەرەتای پێگەیشتن دەست پێ دەکات، دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەختە وەک تووشبوون بە شەکرە و ئاوی سپی چاو.

کێشە تەندرووستییەکان

منداڵانی تووشبووی کۆنیشانەی زوو پیربوون تووشی ڕەقبوونی دەمارە خوێنبەرەکان دەبن، حاڵەتێکە تێیدا دیواری خوێنبەرەکان (خوێنبەر: ئەو لوولە خوێنانەی کە ئۆکسجین و خۆراک لە دڵەوە دەگوازنەوە بۆ هەموو لەش) ڕەق و جیڕ دەبنەوە، هەندێک جار دەبێتە هۆی ئەوە خوێن بە لولە خوێنەکەدا تێپەڕ نەبێت.

زۆربەی منداڵانی تووشبوو بەهۆی ئاڵۆزبوونی نەخۆشییەکەیان لەگەڵ ڕەقبوونی دەمارە خوێنبەرەکان دەمرن، کە ئەمانە دەگرێتەوە:

- دروستبوونی کێشە لەو لولە خوێنانەی خوێن بۆ دڵ دابین دەکەن، دەبێتە هۆی نۆرەی دڵ و وەستانی دڵ.

- دروستبوونی کێشە لەو لولە خوێنانەی خوێن بۆ مێشک دابین دەکەن، ئەنجامەکەی دەبێتە سەکتە.

کێشەی دیکەی تەندروستی کە پەیوەندی بە پیربوونەوە هەیە وەک: هەوکردنی جومگەکان، ئاوی سپی چاو و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.


سەرچاوەکان



1031 بینین