سیستمی دەسەڵاتی کۆماری

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-11-15:25:00 - کۆدی بابەت: 7961
سیستمی دەسەڵاتی کۆماری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەسەڵاتی کۆماری (بە عەرەبی: نظام الجمهوري، بە ئینگلیزی: republican system) بریتییە لە سیستمێکی گشتی هاوشێوە و نزیکە لە سیستمی دیموکراسییەوە، بنەمای ئەم دەسەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی یۆنانییە کۆنەکان، سیستمی کۆماری ئەو سیستمی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەیە کە لەسەر بنەمای یەکسانی گەل و بەشداری پێکردنیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دروست بووە، تاکەکانی کۆمەڵگا دەتوانن بەشداربن لە بنیاتنان و پێکهێنانی هەموو بوارە سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییەکانی وڵات یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیانەوە یان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەڵبژاردن و ڕیفراندۆمەوە لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵات.
دەکرێت بەهەر سیستمێکی بەڕێوەبردن و دەسەڵات بوترێت سیستمی کۆماری بەو مەرجەی کە دەسەڵاتی وڵات لە باوانەوە نەگوازرێتەوە بۆ نەوەکان. 

جۆر و ڕواڵەتەکانی سیستمی کۆماری

سیستمی کۆماریی پەرلەمانی 

لەم جۆرەدا سیستمی پەرلەمانتاری سیستمێکی دیموکراسی حوکمڕانییە، کە تێیدا حکوومەت دەسەڵاتی جێبەجێکارە و پەرلەمانیش دەسەڵاتی یاسادانانە، حكوومەت دەسەڵات و شەرعییەت لە پەرلەمان وەردەگرێت، واتا پەرلەمان وەکوو دەزگایەکە نوێنەرایەتی گەل دەکات و چاودێری‌ و لێپێچینەوە لە حکوومەت دەکات، لەم حاڵەتە حکوومەت‌ و پەرلەمان تەواوکەری یەکترن و بەندن لەسەر هاوسەنگی و هەماهەنگی لە نێوانیان. 
ئەندامانی پەرلەمان لەلایەن خەڵکەوە دەستنیشان کراون و هەڵبژێردراون، تاکوو نوێنەرایەتی گەل بکەن.
لە سیستمی پەرلەمانیدا، سەرۆکی وڵات کەسێکی جیایە لە سەروەزیران.
لەم سیستمەدا دەکرێت پادشایەک بکرێت بە سەرۆکی وڵات یان هەرێمێک، تەنها ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەیە و بەپرسیارە لە بابەتە پڕۆتۆکۆڵییەکان، هەروەها دەکرێت سەرۆکی وڵات لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت ببێتە سەرۆک، سەرۆک وەزیران دەبێت بە سەرۆکی حکوومەت.
لەم جۆرەدا دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بەرپرسی پەرلەمانە و پەرلەمان دەتوانێت متمانە له حکوومەت وەربگرێتەوە و وەزیرەکان دەسەڵاتیان باڵایە و توانای بڕیاردانیان زۆرە، وڵاتی ئەڵمانیا دیارترین نموونەیە کە پەیڕەوی ئەم سیستمەی دەسەڵات دەکات. 

سیستمی کۆماریی سەرۆکایەتی

ئەم جۆرەیان پێچەوانەی جۆری یەکەمە، سیستمی سەرۆکایەتی سیستمی حکومڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتە، حکوومەت دەسەڵاتی جێبەجێکەرە لەلایەن سەرکۆمارەوە بەڕێوەدەچێت، سەرکۆمار ڕۆڵی سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیران دەگێڕێت و ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت.
لە سیستمی سەرۆکایەتیدا دەسەڵاتی جێبەجێکەر دەسەڵاتێکی جیایە لە پەرلەمان کە دەسەڵاتی یاسادانانە، پەرلەمان تەنها ڕۆڵی چاودێریی کردنی سەرۆکی هەیە و توانای لێپێچینەوەی لە سەرۆک و تانەدانی لە بڕیارەکانی سەرۆک سنووردارە.
لەم سیستمەدا سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان بەجیا لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن.
لەم سیستمەدا جیاکاریی ڕەها لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکار هەیە، دەسەڵاتی جێبەجێکار بەرپرسی پەرلەمان نییە، پەرلەمان توانا و دەسەڵاتی ئەوەی نییە کە متمانە لە حکوومەت وەرگرێتەوە و حکوومەت هەڵبوەشێنێتەوە، وەزیرەکان تەنها هاوشێوەی فەرمانبەری جێبەجێکارن، سەرکۆمار خۆی خاوەن بڕیاری ڕەهایە و بەرپرسی دەسەڵاتی وڵاتە.
نموونەی ئەو وڵاتانەی کە پەیڕەوی ئەم سیستمە دەکەن وڵاتی ڕووسیا و ئەمریکان. 

سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی

سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی یاخود سیستمی تێکەڵاو، ئەم جۆرە بەشێک لە تایبەتمەندیی هەردوو سیستمی سەرۆکایەتی و سیستمی پەرلەمانی لەخۆگرتووە، تێیدا سەرۆکێکی ڕاستەوخۆ و هەڵبژێردراو هەیە لەلایەن گەلەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانێکی کاندیدکراو لەلایەن سەرۆک‌ و دەنگپێدراو لەلایەن پەرلەمانەوە، وڵاتی فەڕەنسا پەیڕەوی ئەم سیستمە دەکات.

جیاوازی سیستمی کۆماری و سیستمی پادشایەتی

ـ وەرگرتنی دەسەڵات: لە سیستمی کۆماریی لە ڕێگەی هەڵبژارنەوە سەرۆک و دەسەڵاتدارانی وڵات لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی لەپاش مردنی پادشا ڕاستەوخۆ دەسەڵات بەبێ وەرگرتنی ڕای گشتی گەل دەگوازرێتەوە بۆ کەسی جێنشین.
ـ ماوەی دەسەڵات: ماوەی دەسەڵاتی کۆماریی هەموو چوار ساڵ جارێک نوێ دەکرێتەوە و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵام ماوەی دەسەڵاتی پادشایەتی کاتێکی دیاریکراوی نییە و درێژە.
- لەڕووی دیموکراتییەوە: سیستمی کۆماریی تاڕادەیەک دیموکراتییە چونکە لە ڕێگەی گەلەوە دەسەڵاتدارانی وڵات هەڵدەبژێردرێن، بەڵام سیستمی پادشایەتی دیموکراتی نییە چونکە گەل ناتوانێت پادشای وڵات دیاری بکات.
ـ لەڕووی جێگیری دەسەڵاتەوە: دەسەڵاتی پادشایەتی جێگیر ترە بەراورد بە دەسەڵاتی کۆماریی، چونکە ماوەکەی درێژە و گۆڕانکاریی کەم بەسەردا دێت، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی کۆماریی بەهۆی ئەوەی چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەرێت، وڵات گۆڕانکاری تێدا دەکرێت زۆرێک لە بوارە ئابووریی و بازرگانییەکانی وڵات کاریگەر دەبن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.


سەرچاوەکان



1194 بینین