تاتۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-17-13:41:00 - کۆدی بابەت: 7991
تاتۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تاتۆ یان تاتوو یاخود خاڵکوتین (بە عەرەبی: تاتو أو وشم، بە ئینگلیزی: Tattoo) بریتییه‌ له‌وه‌ی پێستی ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی لەش به‌ ده‌رزی یان هه‌ر ئامێرێكی تیژی تر بریندار ده‌كرێت و ده‌ژه‌نرێت تا خوێنی لێدێت، پاشان شوێنه‌كه‌ به‌ كل یان هه‌ر ده‌رمانێكی تایبەتی تر پڕ ده‌كرێته‌وه و له‌ ئێستادا زۆر جۆر و ڕه‌نگی جیاوازی هەیه‌، بە ئامانجی نەخشاندنی وێنە و نووسین و شێوەی جۆراوجۆر ئەم کارە ئەنجام دەدرێت، شێوەکەی بە ڕەنگی شین یان سه‌وز یان هه‌ر ڕه‌نگێكی تر ده‌ردەکەوێت، زۆرجار ئەو وێنە و نەخشە هێمان بۆ دروشمێکی ئایینی یان بابەتێکی هونەری یاخود پێناسەی کەسایەتی کەسەکە دەکات، یان تەنها وێنەیەکی ئاسایی و سادەیە، تاتۆ هەمیشەییە و لابردنی سەختە و جێگەکەی شوێنەواری تاتۆکە بە پێستەکەوە هەر دیاردەبێت. 

مێژووی تاتۆکردن

ـ مێژووی دەرکەوتنی تاتۆ دەگەڕێتەوە بۆ 4000 ساڵ پێش زایین، بە دیاریکراوی لە سەردەمی میسڕییە کۆنەکان، ئەوان لەسەر پێستی مۆمیا و جەستەی مردووەکانیان نەخشی جۆراوجۆر و خاڵ و تاتۆیان کێشاوە.
ـ لە کیشوەری ئاسیا، شارستانییەتی کۆنی یابانی لە 400 ساڵ پێش زایینەوە گرنگی داوە بە تاتۆکردن و نەخشاندنی وێنە و شێوەی جۆراوجۆر لەسەر جەستەی مرۆڤ، بە مەبەستی ئایینی و بەرز ڕاگرتنی دروشمە ئایینییەکانیان چەندان نەخش و هێمای تایبەتیان هەبوو، هەروەها بۆ دیاریکردنی زیندانیان و تاوانباران ئەنجام دەدرا.
ـ ڕۆمانییەکان بۆ دیاریکردنی کۆیلەکانیان تاتۆیان بەکارهێناوە، تاکوو هەڵاتنیان ئاسان نەبێت و زوو بناسرێنەوە.
ـ وشەی "تاتۆ" لەلایەن دانیشتوانی دوورگەیەکی فەڕەنسییەوە بڵاوبووەوە ئەوان ئەو وشەیەیان بۆ کێشان و هەڵکۆڵینی نەخش لەسەر جەستەی مرۆڤ بەکاردەهێنا، بۆیە کاتێک "جێمس کۆک" وەکوو گەشتیارێکی ئینگلیز سەردانی دوورگەکەی کرد وشەکەی لەلا پەسەند بوو، بۆیە هەمان وشە لەناو ئینگلیزەکانیش بڵاوبووەوە.
ـ ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت تاتۆیان بەکارهێناوە، لە کۆندا لەلای ئەوان تاتۆ هێما بووە بۆ جیاکردنەوەی ژنی هۆزەکان، هەروەها هێما بووە بۆ دەستنیشانکردنی ژنی هاوسەردار.
ـ لە ساڵی 1891 ئامێری سەردەمیانەی تاتۆ داهێنرا، کە لەلایەن "ساموێڵ ئۆڕایل"ـەوە دروستکرا و بیرۆکەکەی لە ئامێرێکی ئەدیسۆنەوە وەرگرتبوو.
ـ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ژنان تاکوو سەردەمی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر دەست و پێ و مەچەک و دەموچاویان خاڵیان کوتاوە، واتا و هۆکاری خاڵ کوتین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاواز بووە، هەندێک بە نیشانەی جوانی داناوە، لە هەندێک ناوچەیش بە تایبەت ناوچەکانی باشوور و خوارووی عێراق وەکوو نەریت و شووناسێکی نەتەوەیی وابووە، لەلای بەشێکی تری خەڵکی بۆ خۆپاراستن لە جادوو و چاوپیسی ئەنجام دراوە.
ـ لە پاش ساڵانی شەستەکان و کودەتاکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی وڵات، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕۆشنبیری ئایینی لە ناوچەکە، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی کە ئەم نەریتە کاڵ بووە و بەرەو لەناوچوون چوو، چونکە بەهۆی زیانەکانییەوە ئایینی ئیسلام قەدەغەی کردبوو.
ـ لە سەردەمی ئێستادا چەندان جۆر و ماددە و ئامێر بەکاردەهێنرێت بۆ دیزاین و نەخشاندنی تاتۆ، دیارترینیان ئامێریکی گۆییە و دەرزییەکی تیژی پێوەیە، دەچەقێنرێتە نێو قوڵایی پێست و برینداری دەکات، پاشان نەخشێک دەکێشێت و بە ماددەیەکی هاوشێوەی مەرەکەب جێی نەخشەکە پڕ دەکاتەوە.

زیان و مەترسییە تەندروستییەکانی تاتۆکردن

ـ تاتۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری پێست و سووتانەوە و سووربوونەوەی پێست، هەروەها ڕوڵی هەیە لە دروستبوونی نەخۆشییەکانی پێست.
ـ دروستکردنی گۆڕانکاریی لە ڕەنگی پێست، هەندێکجار شوێنی تاتۆکە و ڕەنگی پێستی دەوروبەری تاتۆکە دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی ڕەش یان شین یان مۆر.
ـ یارمەتیدەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانی کە لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە، نموونەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی وەک هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر و ڤایرۆسی نەمانی بەرگر لەش.
ـ هۆکارە بۆ دروستبوونی پەڵە و چاڵ و گری لەسەر پێست.
ـ لە کاتی گرتنی تیشکی MRI بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەک، شوێنی تاتۆکە دووچاری سووربوونەوە و سوتانەوە دەبێت. 

لێکردنەوەی تاتۆ

نەشتەرکاری لێکردنەوەی تاتۆ لە نەشتەرکارییە جوانکارییە باوەکانە، خەمڵێندراوە کە ڕێژەی 12%ـی ئەو کەسانەی تاتۆ دەکەن دواتر پەشیمان دەبنەوە و بە دڵیان نابێت بۆیە بڕیار دەدەن کە لێی بکەنەوە، ساڵانە نزیکەی 14 هەزار نەشتەرکاری لێکردنەوەی تاتۆ لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێت، لە ڕێگەی لیزەرەوە دەکرێت بەشێک لە تاتۆکە لاببرێت یان کاڵ بکرێتەوە، هەندێک جۆری دیاریکراوی کەمیش بە تەواوی لادەبرێت، چونکە تاتۆ بۆ هەمیشەییە و کرداری لابردن و لێکردنەوەی زۆر قورسترە لە ئەنجامدان و دروستکردنەکەی.

تێڕوانینی ئایینی ئیسلام لەبارەی تاتۆکردنەوە

لە ئایینی ئیسلامدا تاتۆکردن و خاڵکوتین بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەکراوە و ڕێگەی پێنادرێت، بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ کە دەفەرموێت: (لعن الله الواشمة والمستوشمة) واتا: "خودای گه‌وره‌ نه‌فره‌تی كردووه‌ له‌و کەسەی خاڵكوتە و ئه‌و کەسەشی كه‌ خاڵی بۆ ئه‌كوتن." وشه‌ی "اللَّعْن" یاخود "نه‌فرین" به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئه‌و كارانه‌ی حه‌رامن و ده‌چنه‌ ڕیز و خانه‌ی گوناهه‌ گه‌وره‌كان، هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (لا تشمن ولا تستوشمن)، واتا: نه‌ خاڵ و تاتۆ بكوتن، نه‌ داوایشی بكه‌ن. 

هۆکاری قەدەغەکردنی تاتۆ لە ئیسلامدا

هۆکاری قەدەغەکردنی تاتۆ دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بریتین لە:
ـ هۆکاری سەرەکی قەدەغەکردنی تاتۆ بریتییە لەوەی کە ئەو بەشەی پێست کە تاتۆکەی لەسەرە ئاوی بەرناکەوێت و تەڕ نابێت، ئەمەش پێچەوانەی چەند ڕێکارێکی سەپێندراو و پێویستی پاکوخاوێنییە لە ئیسلامدا، نموونەی کاتی دەستنوێژگرتنی پێش نوێژکردن کە پێویستە چەند ئەندامێکی دیاریکراوی جەستە ئاویان بەرکەوێت، هەروەها لەکاتی واجب بوونی غوسل و خۆشۆردن پێویستە هەموو لەشی کەسەکە ئاوی بەرکەوت.
ـ تاتۆکردن دەچێتە ئەو ڕوانگەیەوە کە ده‌سكاری نه‌خش و نیگار و ڕه‌نگی پێست دەکرێت و گۆڕانکاری بەسەردا دەهێنرێت، بەو واتایەی کە بەبێ هۆکار ی تەندروستی دەسکاری دروستکراوی خودا ده‌كرێت. 
ـ دەکرێت تاتۆکردن ببێتە هۆی زیانی تەندروستی و ئازار و نەخۆشی بۆ کەسەکە، ئەمەش لە ئیسلامدا ڕێگە پێدراو نییە، واتا قەدەغەیە کە هەرکەسێک بە ئەنقەست ئازار و زیان بەخۆی بگەینێت.


سەرچاوەکان



1474 بینین