سەلمانی فارسی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-05-02:56:00 - کۆدی بابەت: 8139
سەلمانی فارسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەلمانی فارسی (بە عەرەبێ: سلمان الفارسي) یەکێکە لە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ کە ڕەچەڵکی عەرەبی نییە، بەڵکوو فارسییە و یەکەمین کەسی نێو فارسە کە باوەڕی به ئیسلام هێنا، هەروەها یەکەم کەس بوو کە ڕەچەڵەکی عەرەب نەبوو و باوەڕی بە ئیسلام هێناوە، چەندان گێڕانەوەی بۆ فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ کردووە، 
سەلمان لە فارس لە ژیانی خۆی ڕازی نەبوو و بیر و هزری نەتەوەکەی خۆی لەلا پەسەند نەبوو، بۆیە لە تەمەنی لاوییەوە لە پێناو دۆزینەوەی ڕاستی و باوەڕێکی دروستدا، بڕیاریدا و کۆچی کرد و ناوچەکەی خۆی بەجێهێشت، کۆچی دەکرد لەنێوان وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، سەردای ناوچەکانی شام و مووسڵ و حیجازی کردووە، هەروەها هاوەڵی پیاوچاکان و ڕەبەنە ڕاستگۆکانی دەکرد و لەگەڵیان دەمایەوە و خوداپەرستی دەکرد، تا یەکێک لە ڕەبەنە ڕاستگۆکان مژدەی دەرکەوتنی پێغەمبەرێکی لە خاکی حیجازی عەرەب پێدا و چەند نیشانەیەکیشی وەکو بەڵگە پێدا، وەکوو ئەوەی ئەو پێغەمبەرە هەرگیز هیچ شتێک وەکوو سەدەقە یاخود خێر وەرناگرێت، بەڵام چاکە وەکوو دیاری وەردەگرێت، بۆیە سەلمان لەگەڵ هۆزی "بەنی کلەب" ڕێککەوت کە کۆچ بکات بۆ ناوچەی حیجاز لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، بەڵام ئەوان فێڵیان لێی کرد و وەکوو کۆیلە فرۆشتیانە جوولەکەیەک لە ناوجەی "وادی قوڕا" پاشان ئەویش فرۆشتییە جوولەکەیەکی بەنی قەریزە و لەگەڵ خۆی بردی بۆ شاری مەدینە، لە پاش کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵەکانی بۆ شاری مەدینە، سەلمان بە تەواوی دڵنیا بووەوە کە ئەوە ئەو پێغەمبەرەیە کە مژدەی هاتنی دراوە، بۆیە موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاند و پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵان پاڵپشتیان کرد و لە کۆیلایەتی ئازادیان کرد.
سەلمان بەشداری جەنگی خەندەقی کردووە، هەر ئەویش بیرۆکەی هەڵکەندنی خەندەقەکەی پێشنیار کرد، تاکوو شاری مەدینە لە بێباوەڕانی قوڕەیش بپارێزێت، هەروەها لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتاب فەتحی فارسی بینی، ئەمارەتی مەدائنی پێبەخشرا تاکوو بەڕێوبەری و فەرمانڕەوایی بکات.

ڕۆڵی سەلمانی فارسی لە جەنگی خەندەق

قوڕەیشییەکانی مەککە لەلایەن چەند سەرکردەیەکی جوولەکەوە هاندران کە هێرش بکەنە سەر مەدینە و لە ناوەوەی شارەکەیش جوولەکەکان یارمەتیدەریان دەبن و هێرش دەکەنە سەر موسڵمانان، ژمارەی بێباوەڕان بە بەراورد بە ژمارەی موسڵمانان زۆر زیاتر بوو، بە سەرکردایەتی ئەبوو سوفیان دەیانویست زەبرێکی قورس لە موسڵمانان بدەن، بۆیە سەلمانی فارسی پێشنیاری هەڵکەندنی خەندەقێکی کرد (خەندەق بە واتای چاڵێکی قووڵە یان کەندێکی داڵدەدەرە کە تەکنیکێکی جەنگه لە کۆندا لە دژی دوژمن و پارێزگاریکردنی شارەکان لە دوژمن بەکارهێنراوە، بە شێوازی بازنەیی و بە دەوریی شارەکان دروستکراوە و هەڵکەندراوە)، لەلایەن سەلمانی فارسییەوە ئەم بیرۆکەیە پێشکەش کرا و پێغەمبەر ﷺ بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوەڵان بیرۆکەکەیان پەسەند کرد، چونکە تا ئەو سەردەمە ئەو تەکنیکە لەلایەن عەرەبەوە لە جەنگەکاندا بەکارنەهێنرا بوو، بۆیە کاتێک بێباوەڕان هێرشیان کرد تووشی شۆک بوون چونکە بەهۆی ئەو خەندەقەوە نەیانتوانی بچنە نێو شاری مەدینەوە، نزیکەی مانگێک هەوڵیاندا بەڵام دواتر بێهودە گەڕانەوە مەککە و شکستیان هێنا، بۆیە بیرۆکەکەی سەلمان لەو جەنگەدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە پارێزگاریکردن و ڕزگارکردنی ژیانی موسڵمانان.

پێگەی سەلمانی فارسی لە ئیسلامدا

سەلمانی فارسی پێگەیەکی باڵای هەبوو لەلای پێغەمبەر ﷺ، لە بارەیەوە فەرموویەتی: "الجنة تشتاق إلى ثلاثة: علي وعمار وسلمان"، واتا: "بەهەشت تامەزرۆی عەلی و عەمماڕ و سەلمانە"، هەروەها لە کاتی دروستکردنی برایەتی نێوان هاوەڵە کۆچەرییەکانی مەککە و هاوەڵە پشتیوانەکانی مەدینە، هەندێک لە دووڕووەکان تانەیان لێدەدا و دەیانگووت سەلمان لە ئێمە نییە چونکە ڕەچەڵەکی عەرەبی نییە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ فەرمووی"سلمان منا أهل البيت" واتا: سەلمان لە کەسوکار و ئالوبەیتی ئێمەیە".
سەلمان لەکاتی گفتۆگۆیەکیدا لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ، باسی ئەو ڕەبەن و قەشانەی بۆ دەکرد کە لە گەشتەکەیدا بۆ دۆزینەوەی ڕاستی یاوەریی کردوون و لەلایان مابووەوە، ئەو دەیگووت ئەوان ڕاستگۆ و نوێژخوێن و ڕۆژووگر بوون و باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتیش هەبووە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی "ئەوان لە خەڵکی دۆزەخن"، بۆیە سەلمان دڵی توند بوو و فەرمووی "بەڵام من دڵنیام ئەگەر لە تۆ نزیک بوونایە بە دڵنیاییەوە باوەڕیان بە تۆ دەهێنا"، بۆیە خودای گەورە ئایەتی 62ـی سوڕەتی البقرةـەی نازڵ کرد کە دەفەرموێت: (إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَادُوا وَالنَّصَارَى وَالصَّابِئِينَ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَعَمِلَ صَالِحًا فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ)، واتا: بێگومان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌ و له‌ ئوممه‌تی محەمەد ﷺـن و ئه‌وانه‌ش كه‌ بوونه‌ جووله‌كه‌ (شوێنكه‌وته‌ی ڕاسته‌قینه‌ی موسان)، گاوره‌كانیش (كه‌ شوێنكه‌وته‌ی ڕاسته‌قینه‌ی عیسان)، سابیئەکانیش (كه‌ شوێنكه‌وته‌ی ڕاسته‌قینه‌ی داودن)، ئه‌وانه‌ هه‌ر ده‌سته‌یه‌كیان باوه‌ڕی دامه‌زراوی هێنا بێت به‌ خودا و ڕۆژی دوایی و كارو كرده‌وه‌ی چاكه‌ی ئه‌نجام دابێت، بە دڵنیاییەوە ئەوان پاداشتیان لای په‌روه‌ردگاریانه‌، نه‌ ترس و بیمیان ده‌بێت، نه‌ غه‌م و په‌ژاره‌ش ڕوویان تێده‌كات. سەلمانی فارسی هۆکاری دابەزینی ئەو ئایەتە پیرۆزەی قورئان بوو.

کۆچی دوایی

سەلمانی فارسی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانی کوڕی عەففان لە ساڵی 33 یان هەندێک دەڵێن 36ـی کۆچی، کۆچی دوایی کردووە.
لە شاری بەغداد مەزارگە و مزگەوتێکی مێژوویی هەیە کە هەندێک لە پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە پێیان وایە کە مەزاری ئەو هاوەڵەیە، مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوچەی مەدائن کە بە دووریی 30 کیلۆمەتر لە بەغدادەوە دوورە.


سەرچاوەکان



1243 بینین