زیاد ئەسعەد

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-04-09-17:15:00 - کۆدی بابەت: 8186
زیاد ئەسعەد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیاد ئەسعەد (بە ئینگلیزی: Ziyad asad) لە ساڵی 1966 لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لەدایکبووە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەیی هەر لەو شارە تەواو کردووە. هەر لە منداڵییەوە لەلایەن هاوڕێکانییەوە هەست بە دەنگخۆشییەکەی دەکرێت لە ساڵی 1983 دەستی کردووە بە کاری هونەریی، یەکەم گۆرانی بەناوی (دوعا دەکەم شەو و ڕۆژ من) بڵاوکردووتەوە کە بەرهەمی قادری سیاحییە پاشان چەند گورانییەکی تریشی تۆمار کردووه، بەردەوام بەرهەمی زیاتری دەبێت و لە نێو گەنجانی هەولێردا دەناسرێت، لەو سەردەمە و ئێستایش بەرهەمەکانی بە جۆرێک کاریگەرن، کەم کەس هەیە ئارەزووی گوێگرتنی لە دەنگی نەبێت.

کار و چالاکییەکانی

زیاد ئەسعەدی هونەرمەند یەکەم کاسێتی خۆی لە ساڵی 1988 تۆمارکردووە و بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی 1989 سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردووە لەوێ سەردانی چەند هونەرمەندێکی کردووە لەوانەش هونەرمەند سەعید قەندی و گول پایەگانی، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە ساڵی 1990 ئەلبومێکی بڵاوکردووتەوە و لەساڵی 1993 ئەلبومێکی تری بڵاوکردووتەوە پاشان کوردستانی بەجێهێشتووە جارێکی تر چووەتەوە بۆ وڵاتی ئێران ماوەیەک لەوێ وانەی ئاواز و چۆنییەتی ئەداکردنی گۆرانی خوێندووە هەروەها فێری زمانی فارسی بووە پاشان چووەتە ڕووسیا ماوەیەکی زۆر وانەی فێربونی میوزیکی شێوەکانی کارکردن لەسەر ستایل و جۆرەکانی گۆرانی خوێندووە، بۆ ماوەی 2 ساڵ لە ڕووسیا ماوەتەوە فێری زمانی ڕووسی بووە پاشان چووەتە کەنەدا ماوەیەکیش لەوێ خوێندوویەتی فێری زمانی ئینگلیزی بووە پاشان چووەتە سوید بۆ ماوەی 3 ساڵ لە قوتابخانەی هونەری کەلتوری میوزیکی جیهانی خوێندووە شارەزاییەکی لە چەند ئامێرێکی میوزیکی فێربووە لەوانەش کیبۆرد و کلارنێت پێشتریش لە کوردستان زۆر بە باشی فێری ئامێری شمشاڵ بووە. هونەرمەند زیاد ئەسعەد لە ساڵی 1998 ئەلبومێکی گۆرانی بەناوی (نەمزانی) بڵاوکردووتەوە لەساڵی 2001 چەند گۆرانییەکی لەڕێگای پڕۆگرامێکی کەناڵیکی ئاسمانی (مەت تی ڤی) بڵاوکردووتەوە لە ساڵی 2003 دوایین ئەلبومی خۆی بەناوی (سکاڵا) بڵاوکردووتەوە هونەرمەند زیاد ئەسعەد جگە بۆ خۆی تا ئێستا 130 گۆرانی بە شێوازی ئاواز و هۆنراوە لەلایەن هونەرمەندانی گۆرانی بێژەوە کراون بە گۆرانی، لە مانگی 6ـی ساڵی 2010 بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆری ڕۆژنامەوانانی هونەریی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئەوە باسکرا کە پاش ماوەیەکی دیکە بەرهەمی تازەی هونەرمەند زیاد ئەسعەد دەکەوێتە بەر گوێی هەواردان و هۆگرانی دەنگی، ‏‎لەو کۆنگرەیەدا، زیاد ئەسعەد لەسەر هێڵی تەلەفۆن پەیامی خۆی ڕاگەیاند و لە بارەی بەرهەمە تازەکەیەوە قسەی کرد. ‏‎
زیاد ئەسعەد لە پەیامەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەو کۆمپانیا هونەرییانە و بەڕێوەبەری کارەکانی، هیوایان بەو بەخشییەوە، کە بە بەرهەمی تازەوە بگەڕێتەوە نێو هەوادارنی هونەری و تایبەتی گوێگرانی گۆرانی و میوزیکی کوردی، هاوکات ئەوەیشی دەربڕی کە ئەو بەرهەمەی لە ڕووی کوالێتی و ناوەڕۆکەوە جیاوازیی لەگەڵ کۆی بەرهەمەکانی پێشوویدا هەیە و وتیشی لە ڕێگەیەکی جیاوازەوە کارەکانی ئەمجارەی ئەنجام دەدات، بەرهەمەکەیشی بە زۆر باش دانا. ‏‎ئەو بەرهەمەی زیاد ئەسعەد، نێوی (سوێند) دەبێت، بەڵام ئەوە چەندین ساڵ بەسەر ئەو کۆنگرەیەدا ڕۆشت، تا ئێستا بەرهەمەکەی بڵاونەکراوەتەوە و دەنگی بڵاوکردنەوەیشی نییە، ئەوەش گوێگرانی نائومێد کردووە.
هونەرمەند زیاد ئەسعەد لەدوای ساڵی 1999وە ئەزمونی هونەری گۆرانی خۆی کردۆتە هەوێنێک بۆ گۆرانی کوردی توانیویەتی چەندین هونەرمەند بێنێتە بوارەکەوه.
زیاد ئەسعەد لە ڕووی ئایدۆلۆژیای حزبییەوە سەر بە هیچ حزبێک نییە و تەنیا هەستێکی نیشتیمانیی کوردانەی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش، زیاد لە ساڵی 1991 گۆرانی بۆ پێشمەرگە گوتووە، ئەمە لە کاتێکدایە باس دەکرێت کە پێشتر وەک زۆربەی گۆرانیبێژانی دیکە گۆرانی بۆ حکوومەتی سەدام حسێن وتووە، بەڵام لەو بارەیەوە زیاد ئەسعەد ڕوونی کردووەتەوە کە ئەوکات لە هۆڵی گەل فەرمانبەر بووە و لە گەرمەی شەڕی ئێران و عێراقدا بووە و بە زۆری گۆرانییان پێ وتوون، هەروەها ئەو تەنیا لە کۆرسدا بووە نەک گۆرانیبێژی سەرەکی و گۆرانییەکە ناوی (بەڵێن) بووە.

دەنگۆی تێكچوونی باری تەندروستی

لە ماوەی ڕابردووە دەنگۆییەکی زۆر بڵاوبوویەوە کە هونەرمەند زیاد ئەسعەد باری تەندروستی جێگیر نییە و تووشی لە بیرچوونەوە بووە، بەڵام دوای ماوەیەک هاوتا ئەسعەدی برای هاتە دەنگ و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی خەڵکی دایەوە

هونەرمەند هاوتا ئەسعەد، كە برای زیاد ئەسعەدە، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووە باس لە تێكچوونی باری تەندروستیی براكەی دەكرد و وتی ڕۆژانە قسەی لەگەڵ دەكات و تەندروستی زۆر باشە، هەروها ڕایگەیاند، زیاد ئەسعەد لە كاری هونەری دانەبڕاوە.  
هاوتا گوتی تەندروستی زیاد ئەسعەد زۆر باشە و ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە دوورن لە راستی، گوتیشی زیاد لە غوربەت دەژی، ئەمە سەرەكیترین هۆكارە كە بێدەنگە و بەرهەمی هونەری نییە.

 


سەرچاوەکان



949 بینین