نوێژی تەراویح

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-17-02:13:00 - کۆدی بابەت: 8285
نوێژی تەراویح

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نوێژی تەراویح یان شەونوێژی مانگی ڕەمەزان (بە عەرەبی: صلاة التراویح، قیام رمضان)، بریتییە لەو نوێژەی کە نوێژخوێنانی ئیسلام بە ژنان و پیاوانەوە لە پاش هەموو نوێژێکی عیشا لە مانگی ڕەمەزاندا ئەنجامی دەدەن. نوێژی تەراویح سوننەتێکی موئەکەدەیە واتا سوننەتێکی پشتڕاستکراوەیە و پێغەمبەر ﷺ ئەنجامیداوە و تا کۆچی دوایی کردووە وازیلێینەهێناوە.
لە سەرەتاوە بەم نوێژە وتراوە "قیام رمضان واتا شەونوێژی ڕەمەزان، وشەی "التراویح" لە زمانی عەرەبیدا کۆی وشەی "ترویحة"ـەیە کە واتای پشوودانی کورت دەدات، بەو ناوەوە ناونراوە چونکە کاتێک ئەم نوێژە لە مزگەوتەکان بە کۆمەڵ ئەنجام دراوە، لەنێوان دوو ڕکاتەکان نوێژخوێنان پشووی کورتیان وەرگرتووە، تەنانەت تا ئێستاش هەندێک لە پێشنوێژەکان لە نێوان ڕکاتەکانی نوێژی تەراویح پشووی کورت وەردەگرن، وانە و ووتاری ئایینی پێشکەش بە موسڵمانانی نوێژخوێن دەکەن.

گەورەیی و خێری ئەنجامدانی نوێژی تەراویح

نوێژی تەراویح وەکوو هەر نوێژێکی تر خێر و چاکەیەکی زۆر گەورەی لەسەرە، هەموو زانایانی ئیسلام لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەنجامدانی نوێژی تەراویح سوننەتێکی گرنگە و پەیوەستە بە ڕەمەزانەوە، هەروەها بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ ئەنجامدانی چاکەیەکی زۆری لەسەرە،  پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی (مَن قامَ رمضانَ إيمانًا واحتِسابًا، غُفِرَ لَهُ ما تقدَّمَ مِن ذنبِهِ)، واتا "هەرکەسێک شەونوێژی ڕەمەزانان بە باوەڕەوە ئەنجام بدات خودای گەورە لە گوناهەکانی پێشووی خۆشدەبێت" مەبەست لە واتای "قیام رمضان" - شەونوێژی ڕەمەزان بریتییە لە نوێژی تەراویح، هەڵبەتە بەپێی ڕاوبۆچوونی زۆرێک لە زانایانی ئیسلام ئەنجامدانی ئەو نوێژە بە کۆمەڵ لە مزگەوتدا خێر و چاکەی زۆر زیاترە وەک لەوەی کە تاک بە تەنها لە ماڵەوە ئەنجامی بدات بە تایبەتی بۆ پیاوان، سەبارەت بە نوێژکردنی نوێژی تەراویحی ژنانیش دەکرێت لە مزگەوت ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەگەر بە تەنهاش لە ماڵەوە ئەو نوێژە بکەن کێشەیان نییە و دروستە. 

کاتی ئەنجامدانی نوێژی تەراویح

نوێژی تەراویح لە مانگی ڕەمەزان ئەنجام دەدرێت، کاتەکەی لە پاش نوێژی عیشاوە و لە پێش نوێژی وەتر دەستپێدەکات، کاتەکەی بەردەوام دەبێت تاکوو کاتی پێش نوێژی بەیانی، لەپاش بەسەرچوونی کاتەکەی ئەم نوێژە ناگێڕدرێتەوە و قەزا ناکرێتەوە چونکە نوێژێکی فەرز نییە، هەروەها تەراویح سوننەتێکە کە پاشگری نوێژی فەرزە و ناکرێت لە پێش نوێژی عیشاوە ئەنجام بدرێت، نوێژی سوننەتی وەتریش نابێت لە پێش نوێژی تەراویحەوە بکرێت، بەڵکوو لە پاش ئەنجامدانی نوێژی تەراویحەوە ئەنجام دەدرێت. 

شێوازی ئەنجامدانی تەراویح

لە هیچ فەرموودەیەکی پێغەمبەر ﷺ نەهاتووە کە نوێژی تەراویح فەرز بێت و ژمارەی ڕکاتەکانی دیاری نەکردووە، بەڵام پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی (صَلاةُ اللَّيْلِ مَثْنَى مَثْنَى)، واتا "شەونوێژ بە دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجام دەدرێت"، بەپێی گێڕانەوەکان سەلمێندراوە کە پێغەمبەر ﷺ لە مانگی ڕەمەزان لە پاش نوێژی عیشا بە شێوازی دوو ڕکات دوو ڕکات نۆێژی تەراویحی کردووە، لە سەرەتادا بە کۆمەڵ ئەو نوێژەی لە مزگەوت کردووە، بەڵام دواتر لە ترسی ئەوەی کە نوێژەکە فەرز بکرێت بە کۆمەڵ نەیکردووە و لە پاش نوێژی عیشا لە ماڵەوە بە تەنها کردوویەتی.
لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب، هەندێک بە جیا لە ماڵەوە ئەو نوێژەیان ئەنجام داوە و هەندێکی تریش ئەنجامیان نەداوە و پشتگوێیان خستووە، هەروەها لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ چەند کەسێک بە تاک نوێژەکەیان کردووە و چەند کەسێکیش بە کۆمەڵ لەلایەن چەند هاوەڵێکەوە پێشنوێژیان بۆ کراوە، بۆیە ئیمامی عومەر لە پێناو ئەوەی کە سوننەتەکە لەناونەچێت و یەکڕیزی موسڵمانان تێکنەچێت و ڕێکخراو بێت، ئەنجامدانی نوێژەکەی یەکخستووە و لە پاش نوێژی عیشاوە ئەو نوێژە سوننەتەی بە کۆمەڵ ئەنجام داوە، لە ساڵی 14ـی کۆچی هەواڵی بۆ هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی نارد کە نوێژی تەراویح لە پاش نوێژی عیشاوە بە کۆمەڵ ئەنجام بدەن، تەنانەت پێشنوێژیشی بۆ موسڵمانان دیاری کردووە. 

ئایا نوێژی تەراویح لە ئیسلامدا بیدعەیەکی داهێنراوە؟ 

بەپێی دەقی فەرموودە و گێڕانەوەکانی پێغەمبەر ﷺ نوێژی تەراویح بیدعە و داهێنراو نییە، ئەم پرسیارە بۆچوون و وتەی چەند زانایەکی پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەیە و زۆرێک لە پەیڕەوانی ئەو ڕێبازە بەهۆی ئەم بیانووەوە ئەم نوێژە بە کۆمەڵ ئەنجام نادەن، ئیمامی عومەر کە ڕێکخستنی بۆ نوێژەکە کرد فەرمووی "إن كانت تلك بدعةٌ، فنِعمَ البدعة"، واتا "ئەگەر ئەم ڕەفتارە داهێنراو بێت ئەوە باشترین یان چاکترین ڕەفتاری داهێنراوە" زۆرێک لە زانایانی ئیسلام نموونەی ئیبن تەیمییە و ئیبن ڕەجەب لە شیکردنەوەی ئەم وتەیەی عومەری کوڕی خەتتاب وتویانە، کە مەبەست لەم وتەیە بریتی نییە لە واتا بنەڕەتەکەی "بیدعە"، چونکە لە زمانی عەرەبیدا وشەی"بیدعە" بە واتای داهێنانی کردەوەیەکی نوێ دێت لە شەرعدا کە پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵان ئەنجامیان نەداوە، بەڵام نوێژی تەراویح لەلایەن خودی پێغەمبەر ﷺـەوە کراوە و چەند جارێکیش بە کۆمەڵ لە مزگەوت بۆ موسڵمانان ئەنجامی داوە، بەڵام لە سەردەمی ئیمامی عومەر ئەم سوننەتە ڕێکخراوە، بۆیە هیچ ڕاجییاییەک لە سەر ئەوە نییە کە نوێژی تەراویح کراوە و ئەنجام دراوە. 

ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژی تەراویح

هەموو زانایانی پەیڕەوانی ڕێبازی شافیعی و حەنەفی و حەنبەلی کۆکن لەسەر ئەوەی کە ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژی تەراویح لە هەشت ڕکات کەمتر نییە و تا بیست ڕکات دەکرێت ئەو نوێژە بە شێوازی دوو ڕکات دووڕکات ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم وتانە پشتیان بە کردەوەکانی هاوەڵانی کۆچەرییەکانی مەککە و پشتیوانانی مەدینە بەستووە.
زانایانی سەر ڕێبازی مالیکی بە پشت بەستن بە گێڕانەوەکانی هاوەڵانی پشتیوانانی مەدینە ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژی تەراویحیان بە 36 ڕکات دیاری کردووە. لە زانایانیش نموونەی شێخی ئیسلام "ئیبن تەیمییە" هەردوو بۆچوونەکەی لەلا دروست بووە، بەڵگەی هێناوەتەوە بەوەی کە پێغەمبەر ﷺ بە دەقی فەرموودە ژمارەی ڕکاتەکانی دیاری نەکردووە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە بەپێی توانای تاکی موسڵمان دەکرێت ڕکاتەکان ئەنجام بدرێت. 

چی سوڕەتێک لە نوێژی تەراویح دەخوێندرێت؟

بەپێی بۆچوونی هەردوو ڕێبازی حەنەفییەکان و حەنبەلییەکان سوننەتە لە نوێژی تەراویحی ڕەمەزاناندا قورئان خەتم بکرێت، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی موسڵمانان بۆیان بڕەخسێت لە مانگەکە گوێبیستی هەموو قورئان ببن، لە هەمان کاتدا هەریەک لە شافیعییەکان و مالیکییەکان پێیان وایە کە هەر سوڕەتێکی قورئان یان بەشێکی دیاریکراو لە سوڕەتێکی قورئان لە نوێژی تەراویحدا بخوێنرێت ئاساییە، تەنانەت ئەگەر پێشنوێژ سوڕەتەکان دووبارە بکاتەوە کێشەی نییە و دروستە، هەروەها زانایانیش نموونەی "ئیبن باز" لە کتێب و فەتوا شەرعییەکانی ڕوونیکردووەتەوە کە هەر سوڕەتێک لە قورئان لە نوێژی تەراویحدا بخوێندرێت ئاساییە و خەتم کردنی قورئانیش لە نوێژی تەراویحدا کێشەی نییە و دروستە و خێری لەسەرە.


سەرچاوەکان



1519 بینین