ڕاکێشانی خوێن

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-05-13-14:25:00 - کۆدی بابەت: 8631
ڕاکێشانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕاکێشانی خوێن (بە ئینگلیزی: Phlebotomy، بە عەرەبی: سحب الدم) بریتییە لە بەکارهێنانی دەرزییەک بۆ دەرهێنانی خوێن لە خوێنهێنەرێک، بەزۆری خوێنهێنەرەکانی قۆڵ. زۆرجار بە کونکردنی خوێنهێنەر (Veinpuncture یان Drawing blood) ناودەبرێت. ئامراز و تەکنیکێکی پێویستە لە دەستنیشانکردنی زۆرێک لە حاڵەتە تەندروستییەکان. زۆرجار خوێنەکە دەنێردرێت بۆ تاقیگە بۆ پشکنین. بەڵام هەندێکجار خوێنەکە ڕادەکێشرێت وەکوو چارەسەر بۆ هەندێک حاڵەتی تەندروستی دیاریکراو بەکاردێت، کە بە ڕاکێشانی خوێن بە مەبەستی چارەسەر ناسراوە (Therapeutic phlebotomy). ئەم جۆرە ڕاکێشانی خوێنە خڕۆکە سوورە زیادەکان، ئەو خڕۆکە سوورانەی شێوەیان نائاساییە و ئاسنی زیادەی ناو خوێن لادەبات. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە ئەم نەخۆشیانەیان هەیە:
‏- Hemochromatosis: حاڵەتێکی بۆماوەییە تێیدا جەستە بڕێکی زیاتر لە ئاسایی ئاسن هەڵدەمژێت، ئەمەش دەبێتە هۆی توشبوون بە شەکرە و زیانگەیاندن بە ئەندامەکانی جەستە.
‏- polycythemia vera: جۆرێکی شێرپەنجەی خوێنە کە تێیدا مۆخی ئێسک بڕێکی زیاتر لە ئاسایی خڕۆکەی سوور دروست دەکات
- نەخۆشی خانەی داسی (sickle cell disease)
- نەخۆشی چەوری جگەر: لەو کەسانەی کە کحول ناخۆنەوە واتە هەبوونی چەوری زیادە لە جگەردا

مێژووی ڕاکێشانی خوێن

مرۆڤەکان بۆ ماوەی هەزاران ساڵ  تەکنیکی خوێن ڕژان (بە ئینگلیزی: Bloodletting)ـیان بەکارهێناوە. لەلایەن میسڕیەکانەوە سەری هەڵداوە و پێش ئەوەی بگاتە ئاسیا و ئەورووپا بە یۆنان و وڵاتی ڕۆمەکاندا بڵاوبووەتەوە.
ئەم تەکنیکە بەکاردەهێنرا بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە حاڵەتە تەندروستییەکان وەکوو: تا، سەرئێشە، نەمانی ئارەزووی خواردن و کێشەی هەرس. ئەم تەکنیکە بووبووە جێگەی مشتومڕ چونکە زۆرجار پزیشکەکان بڕێکی زۆر لە خوێنیان ڕادەکێشا، بۆ نموونە لە حاڵەتەکەی جۆرج واشنتنی یەکەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە ساڵی ١٧٩٩ بەهۆی کەشوهەوایەکی بەفراوییەوە نەخۆش دەکەوێت و تووشی تا دەبێت، بەمەبەستی چارەسەر پزیشکەکان ٪٤٠ـی خوێنی لاشەیان ڕاکێشا. بۆ شەوی دواتر مرد.
بەتێپەڕبوونی کات ئەوە سەلمێنرا کە تەکنیکی خوێن ڕاکێشان کاریگەری نییە و لە هەندێک حاڵەتدا مەترسیداریشە. 
لە کۆتایی سەدەی ١٩ باوی نەما. لە ئێستادا، ڕاکێشانی خوێن لە کولتووری ڕۆژئاواییدا بەمەبەستی پشکنینی پزیشکی و بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی دیاریکراوی خوێن بەکاردەهێنرێت.

چی بکرێت لە کاتی ڕاکێشانی خوێندا؟

بۆ زۆربەی پشکنینەکانی خوێن، نەخۆشەکان پێویستیان بە هیچ ئامادەکارییەک نییە، لەوانەیە بۆ هەندێکیان پێویست بکات هیچ نەخۆیت و نەخۆیتەوە بۆ ماوەی ٨-١٢ کاتژمێر بە پێی جۆری پشکنینەکە پزیشکەکە خۆی ڕێنمایی نەخۆشەکە دەکات پێش ئەوەی نموونەی خوێنەکەی لێ وەربگیرێت. ئەو کەسانەی کە خوێن دەبەخشن داوای مێژووی پزیشکی لێ دەکرێت، پەستانی خوێنی دەپشکنرێت و پشکنینی قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی بۆ دەکرێت لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێن لەسەری پەنجەوە.
بۆ وەرگرتنی نموونەی خوێن، نەخۆشەکە دادەنیشێت یان پاڵدەکەوێت، ئەو کەسەی خوێنەکە وەردەگرێت داوا لە نەخۆشەکە دەکات دەستی بە تووندی بنوقێنێت بە شێوەی کۆڵەمست، پاشان تۆرنیکەیەک لە بەشی سەرەوەی قۆڵی نەخۆشەکە دەبەستێت (تۆرنیکە: ئامێرێکی پەستێنەرە بۆ وەستانی وروژمی خوێن) ئەمە وادەکات خوێنهێنەرەکان باشتر دەربکەون و بە ئاسانی دەرزییەکە بکرێت بە خوێنهێنەرەکەدا. لەکاتی تێپەڕبوونی دەرزییەکە بە قۆڵتدا لەوانەیە هەست بە چزویەک بکەیت، پاش ئەوە خوێنەکە لە سرنجەکەوە دەکرێتە تیوبی تایبەتەوە بە پێی جۆری پشکنینەکە.
ئەگەر ڕاکێشانی خوێنەکە بۆ پشکنین بێت لەوانەیە پێویست بە تیوبێک یان زیاتر خوێن بکات، پڕۆسەکە تەنها چەند خولەکێک دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر ڕاکێشانی خوێنەکە بەمەبەستی چارەسەر بێت، ئەوا بڕەکەی بەندە لەسەر پێویستی بۆ لابردنی خوێنەکە. زۆربەی جار پڕۆسەکە دوو بۆ سێ خولەک دەخایەنێت.
کاتێک بڕی خوێنی پێویست وەرگیرا، پەرستار یان پسپۆڕی بوارەکە تۆرنیکەکە لادەبات، دەرزیەکە لە قۆڵت دەردەهێنێت و بە لۆکەیەک پەستان دەخاتە سەر شوێنی دەرزییەکە تا خوێنەکە دەوەستێت و پاشان شوێن برینەکە دەپێچرێت.
هەندێک پشکنین پێویستی بە بڕێکی زۆر کەم لە خوێن هەیە، بۆ ئەم مەبەستە لە جیاتی قۆڵ سەری پەنجە بەکاردەهێنرێت. بە دەرزییەکی بچووک سەری پەنجە کون دەکرێت، هەندێک جار سەری پەنجەکە دەگوشرێت تا بڕە خوێنەکەی کە پێویستە کۆبکرێتەوە و بخرێتە تیوبی تایبەیەوە.

مەترسی و کاریگەرییە لاوەکییەکان

چەند مەترسییەکی کەم هەیە لە پڕۆسەکەدا. لە کاتێکدا کە ئاسوودە نیت لەگەڵ پڕۆسەکەدا، بەڵام  دواتر و بە زووترین کات باشدەبیتەوە.
ئەگەر لە بینینی خوێن یان لە دەرزی بترسیت دەکرێت هەست بە ناڕەحەتی کۆئەندامی هەرس بکەیت وەکوو دڵ تێکەڵاتن و ڕشانەوە کە ئەمە شتێکی ئاساییە. لەوانەیە تووشی سەرسوڕان، ئارەقکردنەوە، کەمبوونەوەی لێدانی دڵ و دابەزینی پەستانی خوێن ببیت و هەندێک کات دەگاتە بوورانەوەش. تەکنیکی ئارامبوونەوە وەکوو هەناسەدانی قووڵ دەکرێت یارمەتیدەر بێت یان دەتوانیت لەکاتی پڕۆسەکەدا سەرنج بخەیتە سەر شتێکی تر بۆ ئەوەی سەرقاڵ بیت و ئاگات لێی نەبێت. ئەگەر لە دوای پڕۆسەکە هەستت بە گێژبوون کرد پاڵبکەوە یان دابنیشە و سەرت بخەرە نێوان ئەژنۆتەوە هەتا گێژبوونەکە نامێنێت.
بۆ ڕۆژی دواتر برین و سووربوونەوە لە شوێنی دەرزییەکە دەردەکەوێت، کە ئەم کاریگەرییە نەرێنییە دوای ماوەیەک نامێنێت. دەکرێت پزیشکەکە پێشنیاری خواردنەوەی شلەمەنیت بۆ بکات و ڕێنماییت بکات دووربکەویتەوە لە خواردنەوەی کحول و ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی بۆ چەند کاتژمێری داهاتوو.


سەرچاوەکان



938 بینین