بەخت

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-16-21:09:00 - کۆدی بابەت: 8672
بەخت

ناوه‌ڕۆك

بەخت چییە؟

بەخت یان شانس یاخود شەنس (بە عەرەبی: الحظ، بە ئینگلیزی: Luck) چەندان واتا و پێناسە بۆ وشە و چەمکی بەخت دانراوە، پێناسە باوەکەی بریتییە لە دروستبوونی ڕووداوێک یان بوونی چەند تایبەتمەندییەکی باش کە بەبێ هیچ هۆکار و دەستێوەردان و لۆجیکێک لە ژیانی تاک دروست دەبێت، تەنانەت بەبێ ویست و خواستی مرۆڤ خۆی، هەندێک ڕووداو و پێشهات دەرەنجامێکی باش و گونجاوی بۆ دروست دەکەن و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی تاکەکان دەکەن.
لە ڕووی زمانەوانییەوە له زمانی عەرەبیدا "الحظ" واتا پشک یان بەش یان "قسمەت".
لەڕووی ئایینیەشەوە، ئایینی ئیسلام بە جۆرێک وێنای شانس و بەختی کردووە کە بەخششێکی خوداییە یان قسمەت و چارەنووسە بە بەندەکانی بەخشیوە، بە پێچەوانەوە هیچ چەمکێکی خۆڕسک و ڕێکەوت لە ژیاندا بوونی نییە و هەموو شتێک لەلایەن خوداوە بۆ بەندەکانی نووسراو و داڕێژراوە، لە قورئانی پیرۆزدا لە چەند ئایەتێک ناوی وشەی "حظ" هێنراوە، نموونەی ئایەتی 35 لە سوڕەتی الفصلت کە خودای گەورە دەفەرموێت: (وَمَا يُلَقَّاهَا إِلَّا الَّذِينَ صَبَرُوا وَمَا يُلَقَّاهَا إِلَّا ذُو حَظٍّ عَظِيمٍ)، واتا: ئه‌و ئاكارچاكیه‌ش به‌وانه‌ نه‌بێت كه ئارامبوون، به‌ كه‌س نادرێت، چونكه‌ كاری مه‌ردانه‌ كردن له‌گه‌ڵ نامه‌ردان و نه‌فاماندا، مه‌ردانی خۆی ده‌وێت، به‌ هه‌موو كه‌سێك نادرێت، مه‌گه‌ر به‌ كه‌سێك كه‌ خاوه‌نی به‌شێكی گه‌وره‌بێت له‌ چاكی و ئارامی.
بە پێچەوانەوەی ئەم بنەمایەوە هەندێکی تر پێیان وایە کە بەخت چەمکێکی تەواو خۆڕسکانەیە و بە هەڕەمەکی و ڕێکەوت و بەبێ هیچ دستێوەردانێک هەندێک مرۆڤ دەبنە خاوەنی و هەندێکی تریش لێی بێبەش دەبن.

جۆرەکانی بەخت

Blind Luck

واتا ئەو جۆرە بەختەی کە خۆڕسکانەیە و تاک بەبێ هیچ دەستێوەردانێک یان بەبێ ماندووبوون دەبێتە خاوەنی چەند تایبەتمەندییەک، بۆ نموونە بوونی مرۆڤ لە خێزانێکی دەوڵەمەند هەل و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ ژیانی کەسەکە بەراورد بەو کەسەی کە لە خێزاێکی کەمدەرامەت و هەژارە، بەم جۆرە بەختە دەوترێت "بەختی خۆڕسک" یان "بەختی هەڕەمەکی" یاخو "بەختی کوێرانە"، چونکە کەسەکە بەبێ ویستی خۆی چەندان هەلی ناوازەی لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بۆ دەڕەخسێت کە خودی خۆی ئەو هۆکارانەی دروست نەکردووە، واتا چارەنووسی کەسەکان یارمەتیدەرن لە ڕەخساندنی هەلی باش و گرنگ لە ژیانیاندا، هیچ ڕاڤە و شیکردنەوەیەکی زانستی بۆ ئەم جۆرە بەختە نییە، نموونەی ئەو کەسەی لە یاری یانەسیب یاخود یارییەکی بەخت دەباتەوە، لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە چانسی بردنەوە لەو جۆرە یارییانە 1:14,000,000 واتا چانسی بردنەوەی یەک کەس بەرامبەر 14 ملیۆن کەسە.

Motiin Luck

ئەم جۆرە بەختە واتا کەسەکە لە هەوڵ و جووڵەی بەردەوامە بۆ ئەوەی چانس و دەرفەتی زیاتر بۆ ژیانی خۆی بڕەخسێنێت، ئەزموون و کاری نوێی زۆر تاقی دەکاتەوە، کۆشش و هەوڵی بەردەوام دەدات کە لە زۆرێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارەکان ئامادە بێت، ناسیاو و هاوڕێی زۆری هەیە، لایەنی نەرێنییەکانی کەسایەتی خۆی دەزانێت و کار بۆ باشترکردنیان دەکات، لە خولەکانی بەهێزکردن ئامادە دەبێت و هەمیشە هەوڵی خۆدەرخستن دەدات، وزە و هێزی زۆری هەیە و لە هەوڵەکانی ماندوو نابێت، چەندان جۆر کار و پیشە و پسپۆڕیی جیاواز تاقی دەکاتەوە، واتا هەوڵدانی بەردەوامی ئەو کەسە بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرفەت یارمەتیدەری دەبێت کە بەختێکی باشی لە بوارێکدا بۆ دروست بێت و ببێتە کەسێکی بەختدار.

Experience Luck

جۆری سێیەمی بەخت لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە بەهۆی ئەزموون و هەوڵدانی زۆرەوە، وردبینن و تا ڕادەیەک دەرەنجامی باشی هەنگاوەکانی داهاتوویان پێشبینی دەکەن، لە هەڵبژاردنەکانیان زۆر وریا و ئاگادارن بۆیە دەرەنجام و داهاتووی کارەکانیان ئەرێنی و باشە و کەسانێکی زۆر سەرکەوتوون، واتا ئەو کەسانە بەهۆی ئەزموونداریی و زیرەکییانەوە پێشبینییەکانیان بۆ داهاتوو دروست و ڕاستە دووچاری هەڵەکردن نابنەوە بۆیە هەمیشە لە هەڵبژاردەکانیان بەبەخت و سەرکەوتوون و دووچاری شکست نابنەوە.

Reputation Luck

ئەم جۆرەی بەخت بەهۆی نێوبانگی باشی کەسەکە دروست دەبێت، واتا پێشەنگ بوون لە بوارێکدا و پێشکەشکردنی باشترین خزمتگوزاریی و توانایی کەسێکی بەختدار دروست دەکات کە بەهۆی پێشەنگی و تواناییەکانییەوە لە بوارەکەیدا دەبیت بە کەسێکی سەرکەوتوو و بە بەخت.

چۆن ببینە کەسێکی بەختدار؟

پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانستی دەروونناسی "ڕیچارد وایزمان" نووسەری کتێبی "فاکتەری بەخت - Luck Factor" لە توێژینەوەیەکی زانستیدا کە لەسەر 400 کەس ئەنجامیدا کە خۆیان بە بەختدار دەزانی و هەلی باش و گرنگ لە ژیانیان ڕەخسا بوو، بۆیە لە ڕێگەی ئەو توێژینەوەوە چوار بنەمای سەرەکی داڕشت کە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی بەختدار:

- بنەمای یەکەم: هەڵبژاردنی هەر هەل و دەرفەتێکی جیاواز کە بۆت دەڕەخسێت، واتا زیادکردنی چالاکی و بەشداریکردن لە خول و ڕاهێنان و سیمیناری تایبەت بە بوارەکەت، یارمەتیدەرن لە ڕەخساندنی بەختی باش، خۆدەرخستن لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی هەمەجۆرەوە، هەوڵدانی بەردەوام و کۆشش کردن و ناسینی کەس و هاوڕێی زیاتر یەکێکی ترن لە باشترکردنی فاکتەری بەخت و شانسی کەسەکان.
- بنەمای دووەم: شوێن دەنگی شاراوەی ناخت بکەوە، واتا هەستەکانت لە بارەی چەمکە گرنگەکانی ژیانت پشتگۆێ مەخە، چونکە هەندێک کات هەست و سۆزەکانمان یارمەتیدەرن لە هەڵبژاردنی دەرفەتە گرنگەکانی ژیانمان.
ـ بنەمای سێیەم: پێشبینی بەختی باشت بکە، واتا بەرامبەر ژیان و دەرفەتەکانت گەشبین بە و باوڕت بە بەختداریی خۆت هەبێت.
- بنەمای چوارەم: لە هەڵەکانی ڕابردوو سوود و ئەزموونی باش وەرگرە و هەڵەکان دووبارە مەکەرەوە، هەر ئەزموونێکی شکست دەرفەت و دەسپێکێکی ترە بۆ سەرکەوتن و پێشەنگبوون، یارمەتیدەرە لە بوونە خاوەنی بەختێکی باش.

بەخت لە کولتوورە جیاوازەکاندا

دانیشتوانی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی باوەڕیان بە شانس و بەخت هەیە، چەندان ئەفسانە و چیرۆکی نامۆ هەیە لەبارەی شانسەوە، بۆ نموونە لە هەندێک وڵات ڕژانی قاوە واتای شانسێکی باشە و واتای هاوسەرگیری کەسەکەیە، لە چەند ناوچەیەکی تر ڕشتنی ئاو لە پاش ئەو کەسانەی کە گەشت و کۆچ دەکەن بە نەریتێکی گرنگ دەزانن و واتای گەڕانەوەی کەسەکەیە لە گەشتەکەی بە سەلامەتی، لە هەندێک ناوچە هەڵواسینی موورووی شین و چاوەزار وەکوو شتێکی پارێزکار و پیرۆز دەبینرێت و هەندێک کەس پێیان وایە کە لە چاوی پیس پارێزگارییان لێدەکات، لە وڵاتانی تری ئاسیا پشیلەی ڕەش و ژمارە 13 واتای بەدبەختی و چارەڕەشییە، لە وڵاتی فلیپین پۆشینی ڕەنگی سوور واتای بەختێکی خراپە، لە وڵاتی نەیجیریا ماچکردنی منداڵی ساوا هەڵەیە و بەختێکی خراپت پێدەبەخشێت، لە وڵاتی ئیتاڵیا و پورتوگال گەڕانەوە بە دوادا واتا ڕێکردن بۆ دواوە بەختێکی خراپت پێدەبەخشێت، تەنانەت زۆرێک لە یاریزانانی ئەو دوو وڵاتە لەکاتی یاریکردنی تۆپی پێدا تا بتوانن بە جۆرێک یاری ناکەن کە بگەڕێنە دواوە یان هەنگاو بۆ دواوە بنێن. 
هەموو وڵاتێک نەریت و کولتووری نامۆی لەسەر بەختی باش و خراپ هەیە، بەڵام زۆرێک لە شتەکان ئەفسانەن و هیچ لۆجیکی نین، لەگەڵ ژیانی مرۆڤی ئێستا ناگونجێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک هەن باوەڕیان بەو چیرۆک و ئەفسانانە هەیە و لە ژیانیاندا جێبەجێ و پەیڕەوی دەکەن، جێبەجێ نەکردنی بە هێڵی سوور دەزانن و پێیان وایە کە ئەگەر ئەو یاسا کولتوورییانە بشکێنن دووچاری چارەڕەشی و بەدبەختی دەبنەوە و ژیانیان لەناو دەچێت.


سەرچاوەکان



1448 بینین