مەریەمی پاکیزە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-16-21:25:00 - کۆدی بابەت: 8674
مەریەمی پاکیزە

ناوه‌ڕۆك

لەدایکبوون و پەروەردەکردنی مەریەم

مەریەمی کچی عیمڕانی دایکی پێغەمبەر عیسا (بە عەرەبی: مریم العذراء، مریم بنت عمران)، دایک و باوکی مەریەم لە کەسە باوەڕدارەکانی سەردەمی خۆیان بوون، دایکی ناوی "حنەی کچی فاقوزا" بوو، بەهۆی ئەوەی تەمەنی گەورە بوو منداڵی نەدەبوو، لە خودا پاڕایەوە کە ئەگەر ببێتە خاوەنی منداڵ ئەوە نەزری کردووە کە منداڵەکەی بۆ خزمەتی مزگەوتی پیرۆز واتا مزگەوتی ئەقسا تەرخان دەکات. باوکی مەریەم پێش لەدایکبوونی مەریەم بە چەند مانگێک کۆچی دوایی کردووە، کاتێک مەریەم لەدایکبووە دایکی نەیتوانیوە نەزرەکەی جێبەجێ بکات و منداڵەکەی بکاتە خزمەتکاری مزگەوتی پیرۆز، چونکە تەنها کوڕان بۆیان هەبووە بکرێن بە خزمەتکاری مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکان، بۆیە دایکی مەریەم نیگەران بوو کە ناتوانێت نەزرەکەی جێبەجێ بکات، ئەم ڕووداوە بە وردی لە ئایەتی 35 سوڕەتی "ال عمران" باسکراوە و خودای گەورە دەفەرموێت: (إِذْ قَالَتِ امْرَأَتُ عِمْرَانَ رَبِّ إِنِّي نَذَرْتُ لَكَ مَا فِي بَطْنِي مُحَرَّرًا فَتَقَبَّلْ مِنِّي ۖ إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ) واتا: کاتێک هاوسه‌ری عیمران گوتی: په‌روه‌ردگار به‌ ڕاستی من بڕیارم داوه‌ و نه‌زرم کردووه‌ ئه‌و منداڵه‌ی له‌ سکمدایه‌ ئازاد کراوبێت له‌ هه‌موو ئه‌رک و ئیش و کارێک تاکوو هه‌ر له‌ خزمەتی "بیت المقدس"دا بێت تۆش لێم وه‌ربگره‌، چونکه‌ به‌ڕاستی تۆ خودایه‌کی زانایت.
پاشان پەروەرەکردن و پارێزگاریکردنی مەریەم کەوتە ئەستۆی پێغەمبەر زەکەریا، لە تەواوکەری هەمان سوڕەت خودای گەوەرە دەفەرموێت: (فَتَقَبَّلَهَا رَبُّهَا بِقَبُولٍ حَسَنٍ وَأَنْبَتَهَا نَبَاتًا حَسَنًا وَكَفَّلَهَا زَكَرِيَّا ۖ كُلَّمَا دَخَلَ عَلَيْهَا زَكَرِيَّا الْمِحْرَابَ وَجَدَ عِنْدَهَا رِزْقًا ۖ قَالَ يَا مَرْيَمُ أَنَّىٰ لَكِ هَٰذَا ۖ قَالَتْ هُوَ مِنْ عِنْدِ اللَّهِ ۖ إِنَّ اللَّهَ يَرْزُقُ مَنْ يَشَاءُ بِغَيْرِ حِسَابٍ)، واتا: ئینجا په‌روه‌ردگار به‌شێوه‌یه‌کی جوان و په‌سه‌ند مه‌ریه‌می وه‌رگرت، زۆر به‌جوانی پێی گه‌یاند، زه‌که‌ریای کرده‌ مامۆستا و سه‌رپه‌رشتی، که‌ خزمی مەریەم و پێغه‌مبه‌ر بوو، تا به‌چاکی دینداری فێر بکات، پاشان که‌ مه‌ریه‌م گه‌وره‌ بوو هه‌ر کاتێک زه‌که‌ریا ده‌چوو بۆ سه‌ردانی له‌ شوێنی خوداپه‌رستییه‌که‌یدا ده‌یبینی ڕزق و ڕۆزیی و بەخششێ جۆراوجۆری لەلایه‌، زه‌که‌ریا: گوتی ئه‌ی مه‌ریه‌م ئه‌م هه‌موو ڕزق و ڕۆزییه‌ت له‌کوێ بوو؟ مه‌ریه‌م له‌ وه‌ڵامیدا گوتی: ئه‌وه‌ لەلایەن خوداوه‌یه‌ و ئه‌و بۆم ده‌نێرێت، به‌ڕاستی خودا به‌ هه‌ر که‌س بیه‌وێت ڕزق و ڕۆزیی بێ سنوورو بێ هۆکار ده‌به‌خشێت.

دووگیانبوونی مەریەم بە پێغەمبەر عیسا لە تێڕوانینی قورئانەوە

مەریەم کەسێکی گۆشەگیری نێو کۆمەڵگە و خێزانکەی بووە و هەموو ژیانی بۆ خودا پەرستی و باوڕداری تەرخانکردووە و شوێنی تایبەتی خۆی هەبوو و هیچ کەس جگە لە پێغەمبەر زەکەریا سەردانی نەدەکرد، لە قورئانی پیرۆز لە ئایەتی 16ـەی سووڕەتی مریم خودای گەورە دەفەرموێت: (وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ مَرْيَمَ إِذِ انْتَبَذَتْ مِنْ أَهْلِهَا مَكَانًا شَرْقِيًّا) واتا: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ﷺ له‌ قورئاندا باسی به‌سه‌رهاتی بکە، مه‌ریه‌م که‌نارگیری کرد له‌ که‌سوکاری و شوێنێکی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی "بیت المقدس" بۆ خوداپه‌رستی هەڵبژارد. 
کاتێک سەرقاڵی خوداپەرستی و باوەڕداریی بوو، خودای گەورە "جوبرائیل"ـی لەسەر وێنای پیاوێک بۆ ڕەوانە کرد، لە سەرەتای ڕووداوەکە خاتوو مەریەم ترسا و گوتی "پەنات پێدەگرم بە خودای خۆم ئەگەر تۆ کەسێکی خراپەکاریت"، بەڵام حەزرەتی جوبرائیل دڵنیای کردەوە کە ئەو نێردراوی خودای گەورەیە و مژدەی دووگیانبوونی بە پێغەمبەر عیسا پێدا، 
ئەم ڕووداوە لە سوڕەتی آل عمران و لە سوڕەتی مریم بە وردەکارییەوە باسکراوە، لە ئایەتی 17 بۆ 19ـەی سووڕەتی مریم خودای گەورە دەفەرموێت: (فَاتَّخَذَتْ مِنْ دُونِهِمْ حِجَابًا فَأَرْسَلْنَا إِلَيْهَا رُوحَنَا فَتَمَثَّلَ لَهَا بَشَرًا سَوِيًّا)
واتا: ئینجا له‌نێوان خۆی و ئه‌واندا په‌رده‌یه‌کی ڕایه‌ڵ کرد تاکوو دوور له‌ خه‌ڵکی به‌سۆزه‌وه‌ خواپه‌رستی بکات، ئێمه‌ش جو‌برائیلی فریشته‌مان بۆ لای نارد، وه‌کوو مرۆڤێکی ته‌واو خۆی خسته‌ به‌رچاوی.
هەروەها لە ئایەتی 18ـی هەمان سوڕەت خودای گەورە دەفەرموێت: (قَالَتْ إِنِّي أَعُوذُ بِالرَّحْمَٰنِ مِنْكَ إِنْ كُنْتَ تَقِيًّا) واتا، مه‌ریه‌م گوتی: به‌ڕاستی من په‌نا ده‌گرم به‌ خودای میهره‌بان له‌ تۆ ئه‌گه‌ر که‌سێکی به‌ ته‌قوا و له‌خوداترس بیت.
لە تەواوکەری ڕووداوەکە لە ئایەتی 19ـی هەمان سوڕەت خودای گەورە دەفەرموێت: (قَالَ إِنَّمَا أَنَا رَسُولُ رَبِّكِ لِأَهَبَ لَكِ غُلَامًا زَكِيًّا)، واتا: جوبرائیل گوتی: مه‌ترسه‌ و دڵنیابه‌ من ته‌نها نێردراوی په‌روه‌ردگاری تۆم، تاکوو مژدەی منداڵێکی خاوێنت پێ ببه‌خشم.

مەریەمی پاکیزە لە ئایەتی 20 لە وڵامدا فەرمووی: (قَالَتْ أَنَّىٰ يَكُونُ لِي غُلَامٌ وَلَمْ يَمْسَسْنِي بَشَرٌ وَلَمْ أَكُ بَغِيًّا) واتا: مه‌ریه‌م گوتی: جا چۆن من منداڵم ده‌بێت، له‌کاتێکدا هیچ به‌شه‌رێک بە حەڵاڵی توخنم نه‌که‌وتووه‌ و کەسێکی داوێن پیسیش نه‌بووم.
جوبرائیلی فریشتە لە بەرسڤدانەوەی مەریەمی پاکیزە لە تەواوکردنی ئایەتەکەدا فەرمووی: (قَالَ كَذَٰلِكِ قَالَ رَبُّكِ هُوَ عَلَيَّ هَيِّنٌ ۖ وَلِنَجْعَلَهُ آيَةً لِلنَّاسِ وَرَحْمَةً مِنَّا ۚ وَكَانَ أَمْرًا مَقْضِيًّا) واتا: فریشته‌که‌ گوتی کاره‌که‌ به‌و جۆره‌یه‌ که‌ پێم گوتی په‌روه‌ردگارت فه‌رموویه‌تی ئه‌و کاره‌ لای من زۆر ئاسانه‌و بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌ین به‌ موعجیزه‌ و پەرچوویەک و نیشانه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵکی، ڕه‌حمه‌تێکی تایبه‌تیشە له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ کارێکی بڕیار دراوه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌.

لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا بەپێی دەقەکانی قورئان

دووگیانبوونی خاتوو مەریەم بە پێغەمبەر عیسا موعجیزە و پەرچوویەکی ڕوونە، منداڵەکەی وەکوو پێغەمبەر دیاریکرا بوو، 
دوای دووگیانبوونی مەریەم ناوچەکەی خۆی بەجێهێشت، لەکاتی منداڵبوون و ئازاری منداڵبوونی ئاواتی مردنی خواست، دوای لەدایکبوونی کۆرپەلەکەی خودای گەورە بۆ دڵنەوایی کردنی عیسای پێغەمبەری هێنایە گۆ و دڵنەوایی دایکی کرد و پێی فەرموو کە من پێغەمبەری خودام و لەو دارخورمایە بخۆ کە لە پاشتەوەیە، هەروەها ڕێنیشاندەری بوو کە لەکاتی گەڕانەوەی مەریەم بۆ نێو گەلەکەی بڵێت کە من بەڕۆژووم و ئەمڕۆ هیچ قسەیەک ناکەم (لە چەند ئایینێکی کۆندا جۆرە بەڕۆژووبوونێک هەبووە کە کەسەکە بۆ ماوەیەک قسەی لەگەڵ کەس نەکردووە)، بۆیە کاتێک مەریەم بە خۆی و کۆرپەلەکەی گەڕانەوە نێو گەلەکەی، هەموان تۆمەتی ناڕەوایان بۆ هەڵبەست و گومانی خراپیان پێی برد، بەڵام لەو کاتەدا خودای گەورە پێغەمبەر عیسای هێنایە گۆ و داکۆکی لە دایکی کرد و پێغەمبەر بوونی خۆی بەیانکرد، لە قورئانی پیرۆز باسی ئەو ڕووداوە بە وردی لە سوڕەتی مریەم کراوە.

پێگەی خاتوو مەریەم لە ئیسلامدا

خاتوو مەریەم پێگەیەکی بەرز و بڵندی لە ئیسلامدا هەیە، سوڕەتێکی تەواو بە ناوی "مریم" لە قورئاندا هەیە، هەروەها سوڕەتێکی تر بەناوی "آل عمران" هەیە کە مەبەستی لە خێزانی مەریەمی پاکیزەیە، ڕووداوەکانی ژیانی مەریەم بە تەواوی و بە وردی لە قورئاندا باسکراوە و بەڵگەی پاکی و بێگەردی و پاکیزەیی سەلمێندراوە، هەروەها لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا بەبێ باوک لە قورئاندا زۆر بە تەواوی ڕوونکراوەتەوە و باسکراوە، خودای گەورە ئەو نموونەیەی بە نموونەی دروستکردنی پێغەمبەر ئادەم چوواندووە، لە قورئانی پیرۆز لە سوڕەتی آل عمران ئایەتی 59 ئاماژەی پێدراوە و خودای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ مَثَلَ عِيسَىٰ عِنْدَ اللَّهِ كَمَثَلِ آدَمَ ۖ خَلَقَهُ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ قَالَ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ)، واتا: به‌ڕاستی نموونه‌ی دروست بوونی عیسا له‌لایه‌ن خوداوه‌، وه‌کوو نموونه‌ی دروستبوونی ئاده‌م وایه‌ که‌ له‌ خاک دروستی کرد، پاشان فه‌رمانی پێکرد و پێی گوت: ببه‌ به‌ ئینسان ئه‌ویش بوو، عیسا دایکی هه‌بوو، ئاده‌م دایک و باوکیشی نه‌بوو.
لە سوننەت و گێڕانەوەکانی پێغەمبەر ﷺ ناوی خاتوو مەریەم هێنراوە و بەباشی پەسەن کراوە.
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: "باشترین ژنانی جیهان مەریەمی کچی عیمران، خەدیجەی کچی خوەیلد، فاتیمەی کچی محەمەد و ئاسیای کچی موزاحمە".
هەروەها لە گێڕانەوەیەکی تردا هاتووە کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: "کامڵترینی پیاوان لە دوونیادا زۆرن، بەڵام کامڵترین ژنی دوونیا خاتوو مەریەمی پاکیزەیە". 

کۆچی دوایی

مەریەمی کچی عیمران لە تەمەنی 53 ساڵیدا بە پێنج ساڵ دوای بەرزکردنەوەی پێغەمبەر عیسا بۆ ئاسمان کۆچی دوایی کردووە، هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئاماژەیان بەوە کردووە کە گۆڕەکەی لە شاری دیمەشقی سووریا نێژراوە.


سەرچاوەکان



1566 بینین