عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-25-13:49:00 - کۆدی بابەت: 8782
عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف (بە عەرەبی: عبدالرحمن بن العوف) هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ پیاوچاکی ئیسلامی، یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەهەشتیان پێدراوە، پێگەیەکی گرنگ و بەرزی لەنێو ئیسلامدا هەیە، هاوکات ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە بڵاوکردنەوەی ئایینەکە.
ناوی تەواوی عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوفی کوڕی عەبدی غالبی قوڕەیشییە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی کۆن پێشتر ناوی عەبدی کەعبە بووە، بەڵام پاش موسڵمانبوونی لەلایەن پێغەمبەر ﷺ ناوی عەبدولڕەحمانی بۆ هەڵبژێردراوە.
عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف لەو دە کەسەی سەرەتا بوو کە هەر لە سەرەتای بانگەوازییەوە باوەڕیان بە ئیسلام هێنا، ئەو لەسەر دەستی ئەبوبەکری سدیق باوەڕی بە ئیسلام هێناوە.
ئەم هاوەڵە بە زیرەکی و دانایی و بیرفراوانی ناودار بووە و هەمیشە وردبین و دوربین بووە و پێشنیارەکانی بە هەند وەرگیراوە، تەنانەت عومەری کوڕی خەتتاب لە بارەیەوە فەرموویەتی "عەبدولڕەحمان سەروەر و دانای موسڵمانانە".
عەبدولڕحمانی کوڕی عەوف لە هەردوو کۆچی موسڵمانان بەشداری کردووە، کۆچی یەکەم کە بۆ شاری حەبەشە کرا ئەویش کۆچی کرد، پاشان گەڕاوەتەوە شاری مەککە و لەگەڵ موسڵمانان کۆچی بۆ شاری مەدینە کردووە. لە کاتی ڕاگەیاندنی برایەتی نێوان کۆچەرییەکانی مەککە و پشتیوانانی مەدینە، پێغەمبەر ﷺ برایەتی لە نێوان عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف و سەعدی کوڕی ڕەبیع ڕاگەیاند، سەعدی کوڕی ڕەبیع لە گەورە بازرگانە دەوڵەمەندەکانی شاری مەدینە بوو، پێشنیاری بۆ عەبدولڕەحمان کرد کە نیوەی ماڵەکەی خۆی پێدەبەخشێت و هاوسەرێک لە هاوسەرەکانیشی تەڵاق دەدات تاکوو عەبدولڕەحمان بیخوازێت، بەڵام عەبدولڕەحمان پێشنیارەکەی ڕەتکردەوە و سوپاسی کرد، پاشان پێی گوت "خودا بەرەکەت بخاتە ماڵ و سامانەکەتەوە، دەتوانی پێم بڵێیت کە بازاڕ و شوێنی کار و فرۆشتنی ئێوە لە کوێیە؟" سەعدیش بازاڕی "بەنی قەینوقاعی" پێناساند و لەوێوە عەبدولڕەحمان دەستی بە کاری بازرگانی خۆی کرد و قازانجی زۆری لە بازرگانی و کارەکانی دەکرد. 

پێگە و ڕۆڵی عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف لە ئیسلامدا

عەبدولڕەحمان بەهۆی دەوڵەمەندییەکەی و کارکردنی لە بواری بازرگانی کردن زۆر کەسێکی دەستڕۆیشتوو بووە و هەمیشە بە بەخشینی ماڵ و سامانەکەی خزمەتی ئیسلامی کردووە، لە گێڕانەوەکاندا هاتووە کە عەبدولڕەحمان نیوەی ماڵ و سامانی لە خزمەت ئیسلام بەخشیوە و پێشکەشی لەشکری موسڵمانانی کردووە، هەروەها چل هەزار درهەمی لە سامانەکەی لەو سەردەمە بەخشیوە و خێر و چاکەی پێکردووە، هاوکات هەزار ئەسپی جەنگی بۆ جەنگە ئیسلامییەکان تەرخانکردووە، تەنانەت لە پاش کۆچی دوایی خۆی زۆرێک لە سامانەکەی لەسەر وەسیەتی خۆی بۆ کاری چاکە دیاری کردووە.
خودی خۆی لە زۆرێک لە جەنگە ئیسلامییەکان بەشدار بووە، نموونەی جەنگی بەدر و جەنگی ئوحود و جەنگی تەبووک، لە جەنگی ئوحود لەو کەسانە بووە کە پارێزگاری لە پێغەمبەر ﷺ کردووە.
کەسێکی خاکی بووە و هەمیشە سەرەڕای دەوڵەمەندییەکەی جلوبەرگی سادەی پۆشیوە، هاوکات دانا و ژیر و وردبین بووە، عومەری کوڕی خەتتاب لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی خۆی کردوویەتی بە ڕاوێژکاری خۆی و ڕاوبۆچوونەکانی بە هەند وەرگرتووە. 

کۆچی دوایی

لە ساڵی 31ـی کۆچی لە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە ساڵی 32ـی کۆچی کراوە لە تەمەنی نزیکەی 75 ساڵی عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی بەقیع لە مەدینە لە تەنیشت هاوەڵانی تری پێغەمبەر ﷺ نێژراوە.


سەرچاوەکان



660 بینین