سەربەخۆیی عێراق

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-26-20:12:00 - کۆدی بابەت: 10456
سەربەخۆیی عێراق

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەربەخۆیی عێراق یان ڕۆژی نیشتیمانی عێراق (بە عەرەبی: استقلال العراق، بە ئینگلیزی: independence of iraq) ڕۆژی سێی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٣٢ عێراق سەربەخۆیی بەدەستهێنا، لەو ڕۆژەدا حکوومەتی شانشینی عێراق بووە ئەندامی کۆمەڵەی نەتەوەیی و وڵاتەکە لە ناوچەیەکی هەرێمی ژێر فرمانی بەریتانیاوە بووە ٥٧ـەمین وڵات لە جیهان سەربەخۆیی وەرگرت، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وڵاتەکە تەواوی دەسەڵات و بەڕێوەردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیای بە چەند مەرجێک وەرگرتەوە. بۆ ماوەی ١٢ ساڵ و لە ساڵی ١٩٢٠ـەوە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە عێراق لەژێر فەرمانڕەوایی بەریتانیا بوو. ساڵانە ئەو ڕۆژە لە تەواوی هەموو عێراق پشووی فەرمییە و یادی ئەو بۆنەیە دەکرێتەوە.

ئینتیداب چییە؟

ئینتیداب یان ژێرفرمانی لەگەڵ زاراوەی داگیرکردن دوو زاراوەی لێک جوودان، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە وشەی ئینتیداب لەلایەن براوەکانی جەنگەوە داهێنرا، کۆمەڵەی نەتەوەکان (بە عەرەبی: عصبة الأمم) هەستان بە دابەشکردنی ئەو ناوچە و هەرێمانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ڕابردوودا لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوون، ناوچەکان دابەشکرانە سەر هەردوو دەسەڵاتداری بەریتانیا و فەڕەنسا، بڕیاردرا ئەو ناوچانە لە ژێرفرمانی بەڕێوەبردنی ئەو دوو وڵاتەدا بن تاکوو خۆیان توانای بەڕێوەبردنی وڵاتەکانیان دەبێت، لە ساڵی ١٩٢٠ ئەم بڕیارە جێبەجێ کرا.

ناوچەکانی عێراق، فەڵەستین، ڕۆژهەڵاتی ئوردن و میسڕ کەوتنە ژێرفرمانی بەڕێوەبردنی بەریتانیا، هەریەک لە لوبنان، سووریا، مەغریب، جەزائیر لەگەڵ توونس کەوتنە ژێر ئینتیداب و ژێرفرمانی دەسەڵاتی فەڕەنسا.

سیستمی ژێرفرمانی و ئینتیداب بە بیانووی هاوکاری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و ئەڵمانیا دانرا، کە ئەو ناوچانە تاکوو ئەوکاتە نەگەشتبوونە ئەو ئاستەی بتوانن وڵاتی خۆیان بەڕێوەبەرن، بۆیە بڕیاردرا لەلایەن وڵاتە زلهێز و دەسەڵاتدارەکانەوە بەڕێوەببرێن، ماوەی ئینتیداب لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازبوون، بەڵام شانشینی عێراق یەکەمین وڵاتی عەرەبی بوو سەربەخۆیی بەدەستهێنا.

ئینتیدابی بەریتانی بۆ سەر عێراق

قۆناغی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە بە چەند قۆناغێک تێپەڕی، لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٨ و لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی عێراق بە داگیرکاری دەستی پێکرد، قۆناغی دواتر لە پاش دەرچوونی بڕیاری ئنتیداب و ژێرفرمانییەوە دەست پێدەکات، لە ساڵی ١٩٢٠ عێراق خرایە ژێرفرمان و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بەریتانیا، قۆناغی سێیەم دوای ڕاگەیاندنی پاشایەتی و حکوومەتێکی مەدەنی ناوخۆیی تاکوو ساڵی ١٩٣٢ بەردەوام بوو.

هەر لە سەرەتای ئینتیدابەوە دانیشتووانی عێراق دژی بڕیارەکە بوون، ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لە نێوان ئنتیداب و داگیرکاری نەبینی، بۆیە چەند شۆڕشێک ڕوویدا نموونەی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید کە لە کوردستانەوە لەلایەن کوردەکانەوە ڕوویدا، شۆڕشی بیستەمیش لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە لەلایەن عەرەبەکانەوە دروستبوو. بۆیە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ماوەیەکی سەخت بوو بۆ عێراق، ململانێیەکی توند لە نێوان بەریتانیا و عێراقییەکاندا هەبووە.

بەدەستهێنانی سەربەخۆیی

لە ماوەی ئینتیدابی بەریتانیا لەسەر عێراق چەند پەیماننامەیەک بەستران، لە ساڵی ١٩٣٠ـەوە هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنان سەربەخۆیی چڕتر بووەوە، لە ٣١ـی مارسی ساڵی ١٩٣٠ وەفدی حکوومەتی عێراقی بە ڕابەرایەتی شا فەیسەڵی یەکەم لەگەڵ وەفدی بەریتانی بە ڕابەرایەتی فرانسیس هامفرەیس کۆبوونەوە و دانووستانیان کرد، کە دەسەڵاتی بەریتانیا لەسەر عێراق سنووردار بێت.

لە هەشتی نیسانی هەمان ساڵ بەرهەمی ئەو دانووستانە ڕاگەیاندرا و بڕیاردرا دەسەڵاتی بەریتانییەکان لە عێراق سنووردار بکرێت. لە ڕۆژی سێی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣٢ عێراق بە فەرمی بووە وڵاتێکی سەربەخۆ، بووە یەکەمین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەم وڵاتی عەرەبی کە لە ژێر دەسەڵات و ئینتیدابی بەریتانیا سەربەخۆیی بەدەستهێنا.

دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دوای سەربەخۆیی

هەندێک لە چاودێران و مێژوونووسان پێیان وایە کە لە سەرەتادا سەربەخۆیی عێراق تەنها بە ناو بووە، بەریتانیا دەستێوەردانەکانی بۆ کاروباری عێراق هەر بەردەوام بووە، هەروەها سەربەخۆیی عێراق و بوون بە ئەندام لە کۆمەڵەی نەتەوەکان بە چەند مەرجێک بووە، هاوکات چەند بەندێک لە پەیماننامەی سەربەخۆیی عێراق هەبووە، لەوانە كاروباری سەربازی، بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکان لەلایەن هێزی سەربازی بەریتانیاوە، بەکارهێنانی هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەر و ڕێگاوبان بەبێ هیچ کۆت و بەندێک لەلایەن بەریتانییەکانەوە پێویست بوو ئاسایی بێت.

واقعی سیاسی دوای سەربەخۆیی

گرنکترین ڕووداوی دوای سەربەخۆیی بریتی بوو لە کۆچی دوایی شا فەیسەڵی یەکەم، کۆچی دوایی شا بووە هۆی سەرهەڵدانی جووڵانەوە و بزووتنەوەی نوێ لە عێراق، کە گەنجانێک ڕابەرایەتی ئەو جووڵانەوە و حیزبە نوێیانەیان دەکرد کە پەیوەستی نەتەوە بوونە و بە دروشمی نەتەوەیی بریقەدار ڕابەرایەتی گەلیان دەکرد.

هەر ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە بووە هۆی سەرهەڵدانی یەکەمین کودەتا لە مێژووی عێراق و هەموو ناوچەکە کە بە کودەتای بەکر سدقی ناسێنرا، کودەتای بەکر سدقی لە ساڵی ١٩٣٦ کودەتایەکی سەربازی بوو و بە ڕابەرایەتی بەکر سدقی هەوڵی ڕووخاندنی دەسەڵاتیدا بەڵام شکستی هێنا. لە ساڵی ١٩٤١ جووڵانەوەی ڕەشید عالی گەیلانی دروستبوو و ماوەی سێ مانگی خایاند، لە ئەنجامدا حکوومەتەکەی عەبدولئیلاهـ شکستی هێنا و حکوومەتێکی نوێ دروستکرا. هەروەها لە ساڵانی دوای سەربەخۆیی ڕۆڵی سەربازی و ڕۆڵی سەرباز بەگشتی زیاتر بوو و سەرباز لە ناوچەکە دەستڕۆیشتوویی زیاتر بوو.

گۆڕانکارییەکانی دوای سەربەخۆیی

  • دەرکەوتنی چینێکی سیاسی ناوخۆیی کە تامەزرۆی دەسەڵات و پلە و پۆست بوون.
  • دەرکەوتنی جووڵانەوە و بزووتنەوەی سیاسی کە گۆڕەپانی سیاسی کردە دوو بەرەوە، بەرەیەکی سیاسی ڕادیکاڵی نوێخواز پشتیوان و لایەنگری لایەنی دەرەکی و بەریتانیا و ڕۆژاوا بوون، بەرەیەکی سیاسی نەتەوەپەرست، کۆنەپەرست، دژگیر و شیوعی دژی بەرەکەی تر بوون و خۆیان بە نیشتیمانپەروەر و نەتەوەیی دادەنا. لەنێوان ئەم دوو بەرەیە هاووڵاتیان بوونە قوربانی، حکوومەت جێگیر نەبوو و چەندان جار حکوومەتی نوێ ڕاگەیەندرا.
  • دەستێوەردانی سەرباز و دامەزراوە سەربازییەکان لە کاروباری سیاسی وڵات دوای سەربەخۆیی بە جۆرێک بوو، کە لە داهاتوو پەرەیسەند و بووە هۆکاری هەڵگیرسانی کودەتای ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق.
  • گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون و بەهێزبوونی پێگەی عێراق لە نێو وڵاتانی جیهاندا.
  • بەهۆی دۆزینەوەی نەوت بواری ئابووری عێراق بەهێز بوو.


سەرچاوەکان

132 بینین