تیشکی سەروو وەنەوشەیی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-12-25-20:12:00 - کۆدی بابەت: 10771
تیشکی سەروو وەنەوشەیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تیشکی سەروو بنەوشەیی (بە ئینگلیزی: Ultraviolet، بە عەرەبی: فوق بنفسجي) کە کورتکراوەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا بریتییە لە (UV)، بریتییە لەو تیشکە کارۆموگناتیسییەی کە درێژی شەپۆلەکەی لە ڕووناکی بینراو کورتترە. هەروەها چاوی مرۆڤ توانای بینینی شەپۆلەکانی ئەم تیشکەی نییە. هەندێک لە مێرووەکانی وەک ژەنگەسوورە توانای بینینی ئەم تیشکەیان هەیە. ئەم تیشکە بەرپرسە لە گەرمابردنی هاوین و سووتان بە خۆر، هەروەها بەرکەوتنی زۆری ئەم تیشکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندنێکی زۆر بە شانەکانی لەشی زیندەوەر.

مێژووی دۆزینەوە 

لە ساڵی ١٨٠١ (جۆهان ڕیتەر) ئەزموونێکی تاقیکردنەوەیی ئەنجامدا بۆ پشکنینی ئەو وزەیەی کە لەدوای کۆتا تیشکی شەبەنگی بینراو (تیشکی وەنەوشەیی) بوونی هەیە. هەستی بەوەکرد کە کاغەزی فۆتۆگرافی لە ڕووناکی شیندا بەشێوەیەکی خێراتر ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ ڕەش بەبەراورد بە ڕووناکی سوور، کاغەزێکی خستە ژێر ڕووناکییەکی سەروو وەنەوشەیی. بێگومان کە کاغەزەکە ڕەنگی گۆڕا بۆ ڕەش، کە ئەمەش بەڵگەی بوونی تیشکی سەروو وەنەوشەییە.

سەرچاوەی خۆر

خۆر سەرچاوەی ئەو ڕووناکییانەیە کە پڕن لە شەبەنگی تیشکدانەوەی سەروو بنەوشەیی، بە شێوەیەکی باو دابەشکراون بۆ سێ جۆر کە بریتیین لە UVA ،UVB و UVC. تیشکەکانی UVA درێژترین درێژی شەپۆلیان هەیە و UVC خاوەنی کورتترین درێژی شەپۆلە لە جۆرەکانی تیشکی سەروو وەنەوەشەیدا. ئەم پۆلێنکردنە بەزۆری لەلایەن زانایانی زەوییەوە بەکاردێت. تیشکەکانی UVC زیانبەخشترین تیشکن و بە نزیکەیی هەمووی لەلایەن بەرگەهەوای زەوییەوە هەڵدەمژرێت، تیشکەکانی UVB مەترسی زیانگەیاندن بە خانەکانی DNA و خانەکانی تری لەشی زیندەوەران زیاد دەکەن، کە بەداخەوە نزیکەی ٩٥٪ ئەم تیشکە لەلایەن چینی ئۆزۆنی بەرگەهەوای زەوییەوە هەڵدەمژرێت. کەواتە زۆربەی ئەو تیشکە سەروو وەنەوشەییەی کە مرۆڤ بەرکەوتنی لەگەڵیدا دەبێت بریتییە لە تیشکی UVA و بڕێکی کەمیش لە تیشکی UVB.
تیشکەکانی UVB درێژی شەپۆلێکی کورتیان هەیە و تەنها دەتوانن بگەنە چینی دەرەوەی پێست، لە کاتێکدا تیشکەکانی UVA درێژی شەپۆلیان درێژترە و دەتوانن بگەنە چینی ناوەڕاستی پێست و زیانی پێ بگەیەنن.

مەترسی بەرکەوتنی تیشکی UVC

تیشکی UVC دەتوانێت ببێتە هۆی سووتانی توندی پێست و زیان بە چاو بگەیەنێت. دووربە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی ئەم تیشکە و هەرگیز ڕاستەوخۆ سەیری سەرچاوەی ئەم ڕووناکییە مەکە تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت. سووتانی پێست و برینی چاو ئاساییانە لەماوەی هەفتەیەکدا چاک دەبنەوە و هیچ نیشانەیەکی درێژخایەن بەجێناهێڵن. چونکە درێژی شەپۆلی ئەم تیشکە کورتە و کەمتر دەچێتە قوڵایی پێستەوە، بۆیە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست و ئاوی سپی چاو و لەدەستدانی کاتیی بینین کەمترە.
جۆری ئەو برینەی کە بەهۆی ئەم تیشکەوە تووشی چاو دەبێت دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر لە چاودا و هەستکردن بەوەی لم لە چاوەکانتدایە. زۆرجاریش کەسەکە بۆ ماوەی یەک بۆ دوو ڕۆژ ناتوانێت چاوی بکاتەوە، ئەم زیانانە دەکرێت بە بەرکەوتنێکی زۆر کەم (چەند چرکەیەک یان چەند خولەکێک) لەم تیشکە تووشی مرۆڤ ببن.

کاریگەری تیشکی UV لەسەر لەشی مرۆڤ

هەردوو تیشکی UVA و UVB دەتوانن زیان بە پێست بگەیەنن. سووتان بە خۆر یەکێکە لە نیشانە کورتخایەنەکانی بەرکەوتنی زۆری ئەم تیشکانە. لە کاتێکدا کە پیربوونی پێشوەختە و شێرپەنجەی پێست کاریگەری لاوەکی بەردەوام بەرکەوتنی تیشکی UVن.
هەندێک جۆری دەرمانی وەک دژەبەکتریاکان و حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانی و بەرهەمەکانی ژوورئۆکسیدی بێنزۆیل و هەندێک جۆری ئارایشت، دەکرێت هەستیاری چاو و پێست بۆ تیشکی UV زیاد بکەن، بۆیە پێش بەکارهێنان زانیاری دەربارەی بەرهەمەکە بخوێنەوە و پرس بە پزیشکی پسپۆڕ بکە.

سوودەکانی

بەرکەوتن بە تیشکی UVB یارمەتی پێست دەدات لە بەرهەمهێنانی ڤیتامین D3، کە لەگەڵ کالسیۆمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندروستی ئێسک و ماسولکەکاندا. لە کاتێکدا کە بڕی ئەو تیشکی UVBیەی کە پێویستە بۆ سوود وەرگرتنی پێست پشت بە چەندین هۆکار دەبەستێت، وەک:

  • بڕی ڤیتامین D لە ژەمەکانتدا.
  • ڕەنگی پێست.
  • بەکارهێنانی دژەخۆر.
  • جلوبەرگ.
  • جوگرافیا.
  • کاتی ڕۆژ.
  • کاتی ساڵ.

تیشکی UV بە شێوەی لەیزەر و ڕووناکی، یان کۆکراوەی هەردووکیان و ئەو دەرمانانەی هەستیاری تیشکی UV زیاد دەکەن، هەندێک جار بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییانە بەکاردێن کە وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەری تر نییە. ئەم ڕێگایە بە فۆتۆچارەسەر (بە ئینگلیزی: phototherapy) ناسراوە، ئەم شێوازی چارەسەر دەبێت لەلایەن کەسی شارەزا و پزیشکی پێستەوە ئەنجام بدرێت.


سەرچاوەکان



1081 بینین