سوودەکانی کوولەکەی زەرد

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2023-01-01-01:42:00 - کۆدی بابەت: 10821
سوودەکانی کوولەکەی زەرد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی کوولەکەی زەرد (بە ئینگلیزی: Benefits of pumpkin، بە عەرەبی: فوائد اليقطين)، جۆرێکە لەو خۆراکانەی لە وەرزی زستاندا گرنگی بە خواردنی دەدرێت. لە بنەڕەتدا بۆ ئەمریکای باکوور دەگەڕێتەوە، بەزۆری لە جەژنی هالۆوین یان لە ڕۆژی شوکرانەبژێریدا دەکڕدرێت و دەخورێت. لەگەڵ ئەوەی لەناو خەڵکیدا وەکوو سەوزەیەک ناسراوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەڕووی زانستییەوە بە میوە دادەنرێت، لەبەرئەوەی ناوک یان تۆوی هەیە. بێجگە لە تامە خۆشەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندە و چەندین سوودی تەندروستی لەخۆگرتووە. 

سوودەکانی کوولەکەی زەرد

بە پێکهاتەی خۆراکی بەتایبەتی ڤیتامین A دەوڵەمەندە

کوولەکەی زەرد یەکێکە لەو میوانەی پێکهاتە خۆراکییە گرنگەکانی تێدایە. یەک کوپ لە کوولەکەی زەردی کوڵاو، واتە نزیکەی ٢٤٥ گرام ئەم بەها خۆراکییانە لەخۆ دەگرێت:

هەروەها بڕێکی کەم لە مەگنیسیۆم و فۆسفۆر و زینک و فۆلەیت و هەندێک لە جۆرەکانی ڤیتامین B تێدایە. بێجگە لەوەی چەندین ڤیتامین و کانزای جۆراجۆری لەخۆگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی کالۆری کەمە و لە ٩٤% لە ئاو پێکهاتووە. هەروەها ڕێژەیەکی بەرز لە بێتا کارۆتین (beta-carotene) تێدایە، دوای خواردنی لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین A. تەنانەت ناوک یان تۆوی کوولەکەی زەرد دەخورێت و ئەو بەشەش بە هەمان شێوە چەند سوودێکی گرنگی هەیە. 

ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە

تەنۆلکەی سەربەست بریتیین لەو گەردانەی لەلایەن پڕۆسەی زیندەپاڵی لەشی مرۆڤەوە بەرهەم دەهێنرێت. ئەگەر بە ڕێژەیەکی کەم لە جەستەدا هەبێت، ئەوا سوود بە جەستە دەگەیەنێت، بۆ نموونە بەکتریا زیانبەخشەکان تێک دەشکێنێت. بەڵام زیادبوون و کۆبوونەوەی تەنۆلکەی سەربەست بەپێچەوانە زیان بە لەش دەگەیەنێت، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە زیاد دەکات. کوولەکەی زەرد پێکهاتەی دژەئۆکسێنی وەک بێتا کارۆتین، ئەلفا کارۆتین (alpha-carotene) و بێتا کریپتۆزانثن (beta-cryptoxanthin) تێدایە. ئەم پێکهاتانە تەنۆلکەی سەربەست شیدەکەنەوە و ڕێگری لە زیان گەیاندنی خانەکانی لەش دەکەن. 

یارمەتی بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگری دەدات

بەهۆی بوونی چەند پێکهاتەیەکی خۆراکی لە کوولەکەی زەرددا، بەشداری لە بەهێزبوونی بەرگری لەشی کەسەکە دەکات. ئەم میوەیە بە ڤیتامین A دەوڵەمەندە، توێژینەوەکان دەریانخستووە ڤیتامین A کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکات و دژی تووشبوونە میکرۆبییەکان دەجەنگێت. ئەو کەسانەی کەمیی ئەم ڤیتامینەیان هەیە، لە هەمان کاتدا بەرگری لەشیان لاوازە، واتە بەزوویی تووشی نەخۆشی دەبن. هەروەها کوولەکەی زەرد بڕێکی باش لە ڤیتامین C تێدایە، کە بەرهەمهێنانی خڕۆکە سپییەکانی خوێن زیاد دەکات، یارمەتی باشترکردی کۆئەندامی بەرگری دەدات و کرداری ساڕێژبوونی برین خێرا دەکات. بێجگە لەوەی بەم دوو ڤیتامینە دەوڵەمەندە، سەرەڕای ئەوەش بڕێکی باش لە ڤیتامین E و فۆلەیت و ئاسنی تێدایە، کە بە هەمان شێوە ڕۆڵیان لە بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگریدا هەیە. 

بینایی چاو دەپارێزێت

خراپبوونی ئاستی بینین لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا حاڵەتێکی زۆر باوە. بەخۆشحاڵییەوە وەرگرتنی برێکی باش لە پێکهاتە خۆراکییە گرنگەکان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری لەدەستدانی توانای بینین. کوولەکەی زەرد بەو پێکهاتانە دەوڵەمەندە کە ڕۆڵیان لە باشترکردنی توانای بینیندا هەیە. بۆ نموونە، بە بێتا کارۆتین دەوڵەمەندە کە دواتر لە لەشدا بۆ ڤیتامین A دەگۆڕێت، توێژینەوەکانیش سەلماندوویانە کەمی ئەم ڤیتامینە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کوێربوون دادەنرێت. لەدوای شیکردنەوەی ٢٢ لێکۆڵینەوە کە لەسەر ئەم بوارە ئەنجامدراوە، زاناکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەو کەسانەی بڕی پێویستییان لە بێتا کارۆتین وەرگرتووە، ئەگەری تووشبوونیان بە کوێری کەمبووەتەوە. هەروەها کوولەکەی زەرد بە لوتین (lutein) و زیەزانثن (zeaxanthin) دەوڵەمەندە.

یارمەتی دابەزاندنی کێشی لەش دەدات

سەرەڕای ئەوەی کوولەکەی زەرد چەندین پێکهاتەی گرنگی لەخۆگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی کالۆری کەمە. هەر کوپێک لەم میوەیە کەمتر لە ٥٠ کالۆری تێدایە، هەروەها لە ٩٤% لە ئاو پێکهاتووە. ئەم خۆراکە بۆ دابەزاندنی کێش هەڵبژاردەیەکی گونجاوە، لەبەرئەوەی بە بەراورد بە سەرچاوە کاربۆهیدراتەکانی وەکوو برنج و پەتاتە کالۆری کەمترە. هەروەها بڕێکی باش لە ڕیشاڵی تێدایە، کە ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە و وا دەکات زوو هەست بە تێری بکەیت.

ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە

شێرپەنجە بریتییە لە گەورەبوون و گەشەکردنی خانەکان بە شێوەیەکی نائاسایی. خانە شێرپەنجەییەکان، تەنۆلکەی سەربەست دروست دەکەن تاکوو بتوانن بە بەردەوامی زیادبکەن و دابەش ببن. لەبەرئەوەی کوولەکەی زەرد بە پێکهاتەی دژەئۆکسێن دەوڵەمەندە، تەنۆلکەی سەربەست شیدەکەنەوە و لەش لە دروستبوونی هەندێک جۆری شێرپەنجەی تایبەت دەپارێزن. بۆ نموونە، لە ئەنجامی پێداچوونەوە بە ١٣ لێکۆڵینەوەدا، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بە بڕی پێویست ئەلفا کارۆتین و بێتا کارۆتینیان وەرگرتووە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە کەمبووەتەوە. هەروەها چەند لێکۆڵینەوەیەکی تریش دەریخستووە، تەنانەت ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی قورگ، پەنکریاس، مەمک و هەندێکی جۆری تریش کەمبووەتەوە. 

بۆ تەندروستی دڵ بەسوودە

بەهۆی بوونی چەند پێکهاتەیەکی جۆراوجۆر لە کوولەکەی زەرددا، بەشداری لە بەرەوپێشچوون و باشترکردنی تەندروستی دڵ دەدات. ئەم میوەیە پۆتاسیۆم و ڤیتامین C و ڕیشاڵی تێدایە، کە بۆ تەندروستی دڵ بەسوودن. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی بڕێکی باش لە پۆتاسیۆم وەردەگرن، دووچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن نابنەوە و لە ئەنجامدا ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتە کەمترە، کە ئەمانە دوو هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکانی دڵن. 

بۆ تەندروستی پێست گرنگە

کوولەکەی زەرد بەو پێکهاتانە دەوڵەمەندە کە بۆ تەندروستی پێست گرنگن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەلفا کارۆتین و بێتا کارۆتین لە پێکهاتەیدا، کە دواتر بۆ ڤیتامین A دەگۆڕێت. هەروەها ڤیتامین C تێدایە، کە بۆ تەندروستی پێست گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا لەش ئەم ڤیتامینەی بۆ دروستکردنی کۆلاجین پێویستە، تاکوو بە بەهێزی و تەندروستی بیهێڵێتەوە. 

بەئاسانی بۆ سیستمی خۆراکی زیاد دەکرێت

کوولەکەی زەرد میوەیەکی بەتامە و دەتوانرێت زۆر بەئاسانی لە سیستمی خۆراکییدا بە چەندین شێوەی جیاواز بەکاربهێنرێت. بەهۆی تامە شیرینەکەیەوە خەڵکانێکی زۆر ئارەزووی دەکەن، بێجگە لەوەی وەکوو پێکهاتەیەک لە بواری شیرینی دروستکردندا بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دروستکردنی سوپ و پاستا و چەند خۆراکێکی تریش بەکاردێت. کوولەکەی زەرد توێکڵێکی توند یان ئەستووری هەیە، ئەمەش وا دەکات بەئاسانی پاک نەکرێت، لەدوای پاککردنی هەوڵبدە بە کەوچکێک ناوکەکەی دەربهێنیت. تەنانەت ناوکی ئەم میوەیە دەخورێت و چەندین سوودیشی هەیە، بۆ نموونە بۆ تەندروستی دڵ و میزڵدان گرنگە.


سەرچاوەکان



232 بینین