خواوەندەکانی یۆنان

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2023-02-11-23:02:00 - کۆدی بابەت: 10961
خواوەندەکانی یۆنان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خواوەندەکانی یۆنان (بە ئینگلیزی: Greek Gods and Goddesses) پێکهاتوون لە ١٢ خواوەند؛ لە ئایینی کۆنی یۆنانی و ئەفسانە کۆنەکانی یۆناندا دوانزە ئۆلیمپییەن (Twelve Olympian) بوونەتە خواوەندە سەرەکی و دیاری یۆنان و لەبەرئەوەی بەپێی نەریتی یۆنانییەکان لەسەر لوتکەی چیای ئلیمپس (Olympus) نیشتەجێ بوون ناویان نراوە ئۆلیمپیەنسەکان. یۆنانییە کۆنەکان ژمارەی خواوەندەکانیان زۆرە چونکە باوەڕیان بە چەندین خواوەند و ڕۆح هەبووە و بەهۆی ئەوەی لە زەمانی کۆندا زانیاری لەسەر جیهان کەم و سنووردار بووە بۆیە هەموو دیاردە سروشتییەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ زلهێزە باڵادەستەکان و ناوی خواوەندیان لێ دەنا. خواوەندەکانی ئۆلیمپس خواوەندە سەرەکییەکانی یۆنان بوون و بە هۆی ئەوەی شکستیان بە زەبەلاحەکان یان تایتنەکان (Titans) هێنا؛ چوونە سەر دەسەڵات و سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. هاوکات یۆنانییەکان بە تەنیا ئەم خواوەندانەیان نەدەپەرست، بەڵکوو چەندین خواوەندی تریش هەبوون کە دەیانپەرست.

خواوەندەکانی یۆنان

زیوس (Zeus)

زیوس وەک باوکی خواوەندەکان و مرۆڤەکان و وەک فەرمانڕەوای چیای ئلیمپس ناسراوە؛ هاوکات خواوەندی ئاسمان، هەورەبروسکە، هەورەگرمە، یاسا و فرمان و دادپەروەری بووە. زیوس بچووکترین منداڵی تایتن یان زەبەلاح کڕۆونس و ڕیایە (Cronus and Rhea) و برا و هاوژینی هێڕا (Hera) و برای پسایدن (Poseidon) و هەیدیس (Hades) و دمیتەر (Demeter) و هێستیا (Hestia)یە. زۆر کاروباری لەگەڵ خواوەند و مرۆڤەکاندا هەبووە؛ بۆ نموونە وەک دیمیتەری خوشکی و زەبەلاح یان تایتن ڵەیتۆ و مرۆڤەکانی وەک لیدا (Leda) و ئاڵکمین (Alcmene). هێماکانی زیوس بریتین لە: (هەورەتریشقە، هەڵۆ، داربەڕوو، نێرینەیی و دەسەڵاتی پاشایی و قەپان).


هێرا (Hera)

بە شاژنی خواوەندەکان ناسراوە؛ هاوکات خواوەندی هاوسەرگیری و ژن و منداڵبوون و خێزانە. کچە بچووکی کڕۆونس و ڕیایە. خوشک و هاوژینی خواوەند زیوسە، بەهۆی ئەوەی خواوەندی هاوسەرگیری بووە؛ زۆرجار هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی لە خۆشەویستان و منداڵەکانی زیوس داوە. هێرا کەسایەتییەکی بەهێزی مێینەی هەبووە و تاکە کەس بووە بوێری دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر زیوس هەبووە. هێماکانی هێرا بریتین لە: (تاووس و مانگا و کوکو یان کۆترە نەخشینە). 

پسایدن (Poseidon)

خواوەندی دەریا، ئاو، زریان، گەردەلوول، بومەلەرزە و گڕکان و ئەسپە. کوڕی ناوەڕاستی کڕۆونس و ڕیایە و برای زیوس و هەیدسە. هاوسەرگیری لەگەڵ نیریەد ئێمفەترایدی (Nereid Amphitrite) کردووە؛ هەرچەندە وەک زۆرینەی خواوەندە نێرینەکانی تر خۆشەویستی زۆری هەبووە. هێماکانی پسایدن بریتین لە: (ئەسپ و نێرینەیی و دۆلفین و تیری سێ سەر). 

دمیتەر (Demeter)

خواوەندی دروێنە، بەرداری، کشتوکاڵ و سروشت و وەرزەکانە و بەڕێوبەری بەرهەمەکانی دانەوێڵە بەپیتی و بەرداری زەوی بووە. کچی ناوەڕاستی کرۆونس و ڕیا و خۆشەویستی زیوس و پسایدنە. دایکی پرسێفنی (Persephone) و دسپۆن (Despoine) و ئەڕییەن (Arion) بووە. هێماکانی دمیتەر بریتین لە: (ڕەنگی سووری کاڵ، گەنم، مەشخەڵ و بەراز و سەبەتەی شێوە قۆچی (بە ئینگلیزی: Cornucopia) کە سەبەتەیەکە و هێمایە بۆ زۆری، دروێنە و بەردارییەکی بێ شومار، دەوڵەمەندی و سامانێکی باش).

ئەثینە (Athena)

خواوەندی ژیری و پیشەسازیی دەستی و ناکۆکی و شەڕە. کچی زیوس و مێتی ئۆقیانووسەکانە (Oceanid Metis). هێماکانی بریتین لە: (کونەپەپوو و دارزەیتوون).


ئەپۆڵۆ (Apollo)

خواوەندی ڕووناکی، خۆر، پەیامبەرایەتی، فەلسەفە، تیرهاوێژی، ڕاستی، بیروڕا، مۆسیقا، هونەر، وێنە، هۆنراوە و دەرمان و چارەسەر و تاعونە. کوڕی زیوس و ڵەیتۆ و برا دووانەکەی ئاڕتەمیسە (Artemis). هێماکانی بریتین لە: (خۆر، تیر و کەوان و مشک و قیسارە و قاز).

ئاڕتەمیس (Artemis)

خواوەندی ڕاو، بیابان، پاکیزەیی، مانگ، تیرهاوێژی و منداڵبوون و پاراستن و تاعونە. کچی زیوس و ڵەیتۆ و خوشکە دووانەکەی ئەپۆڵۆیە. هێماکانی ئاڕتەمیس بریتین لە: (مانگ، ئەسپ، ئاسک، سەگی ڕاو، ورچی مێ، مار و داری هەمیشە سەوز و تیر و کەوان).

ئێڕیس (Ares)

خواوەندی شەڕ، توندوتیژی، خوێنڕشتن و چاکەکاری پیاوانەیە. کوڕی زیوس و هێرایە، ئێریس لەلایەن هەموو خواوەندەکانی ترەوە سووکایەتی پێ دەکرا تەنیا لەلایەن ئەفرۆدێتەوە (Aphrodite) نەبێت. ناوە لاتینییەکەی بریتییە لە (Mars) کە بە واتای جەنگ دێت. هێماکانی ئێڕیس بریتین لە: (یەکانە، سەگ، ئەژدیها، داڵ، مار، ڕم و قەڵغان).

هێفەیستس (Hephaestus)

بە خواوەندی وەستای ئاسنگەری، پیشەسازی خواوەندەکان و خواوەندی خاوەن شارەزایی و کارامەیی و داهێنان و ئاگر و گڕکانەکان ناسراوە. کوڕی هێرایە ئەویش یان لەلایەن زیوسەوەیە یان بە شێوەی نائاکامەزۆربوون لەدایکبووە؛ کە زایینێکە بەبێ جووتبوون. هێفەیستس هاوسەرگیری لەگەڵ ئەفرۆدێت کردووە و ناوە لاتینییەکەی بریتییە لە (Vulcan) کە بە واتای گڕکان دێت.

هێماکانی هێفەیستس بریتین لە: (ئاگر، کەر، تەور، سندان،  چەکوش، مقاش، کەو).

ئەفرۆدێت (Aphrodite)

خواوەندی خۆشەویستی، چێژ، سۆز، زاوزێ، دووگیانبوون، جوانی و ئارەزووە. کچی زیوس و دیۆنی ئۆقیانوسییە (Oceanid Dion)؛ هاوسەرگیری لەگەڵ هێفەیستس کردووە، هەرچەندە چەندین پەیوەندی داوێنپیسی هەبووە و دیارترینیان لەگەڵ خواوەند ئێریس بووە. ناوەکەی لە وشەی (Aphrodisiac)ـوە هاتووە کە بە واتای هەوەسبزوێن دێت و لە لاتینیدا (ڤینۆسە Venus) کە بە واتای زاوزێیی دێت. هێماکانی ئەفرۆدێت بریتین لە: (کۆتر، باڵندە، سێو، هەنگ، قاز، ڕەیحانە و گوڵەباخی سوور). 

هێرمیس (Hermes)

پەیامبەری خواوەندەکانە؛ خواوەندی گەشتکردن، پەیوەندی، سنوورەکان، دز، چەتە، یاری، بازرگانی، ڕەوانبێژی و ڕامیارییە. هاوکات ڕێبەری ڕۆحە مردووەکان بووە. کوڕی زیوس و مایای پەری دەریایە. هێماکانی بریتین لە: (دارێک کە بە دوو مار تێی ئاڵاون، نەعلێکی باڵدار و سەرپۆشێک، لەقلەق و کیسەڵ).

تێبینی: زۆرینەی لیستی ١٢ ئۆلیمپییەکان لەو ١١ خواوەندەی سەرەوە پێکدێن و دوانزەیەمینیان یان هێستیایە (Hestia) یان دایانایسس (Dionysus).

دایانایسس (Dionysus)

خواوەندی شەراب، دارمێو، بەپیتی، شەیدایی، شێتی و ژیانەوەیە. پارێزەری خواوەندی هونەر و شانۆیە. کوڕی زیوسی خواوەند و سیبنی شازادەی کوڕی سیملییە کەمرۆڤن (Theban princess Semele)؛ هاوکات گەنجترین خواوەندی ئۆلیمپیە و یەکەم خواوەند بووە کە خێزانەکەی مرۆڤ بوون. هێماکانی بریتین لە: (دارمێو، شەراب، کوپ، پڵنگ، تانجی، دۆلفین، بزن، لاولاو، پشیلەی خێزانی پڵنگەکان، بەری دار سنەوبەر).

هێستیا (Hestia)

خواوەندی ئاگردان، ئاگر و ڕێکخستنی خێزان و ژیانی ناوماڵ بووە؛ لە یەکەم نەوەی ئۆلیمپییەکان بووە و یەکێک بووە لە دوانزە ئۆلیمپییە ڕەسەنەکە. یەکەم منداڵی کرۆوس و ڕیایە و خوشکی گەورەی هێیدس و دمیتەر و پسایدن و هێرا و زیوسە. 
تێبینی: ئەم خواوەندە لە زۆرینەی لیستەکانی دوانزە ئۆلیمپییەکە لابراوە و ئاماژەی پێ نەکراوە.


سەرچاوەکان



512 بینین