فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێنبەربوونی لووت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-02-12-21:01:00 - کۆدی بابەت: 10982
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێنبەربوونی لووت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێنبەربوونی لووت (بە ئینگلیزی: First aid for nosebleeds، بە عەرەبی: الإسعافات الأولية لنزيف الأنف). خوێنبەربوونی لووت بەگشتی کاتێک ڕوودەدات کە ناوپۆشی ناوەوەی لووت وشک دەبێتەوە، بەمەش ملوولە بچووکەکانی ناوەوەی لووت بەهۆی ئەوەوە دەتەقن و هەربۆیە خوێنبەربوونی لووت ڕوودەدات. ئەم خوێنبەربوونە بەگشتی مەترسیدار نییە، هەروەها فریاگوزاری سەرەتایی زۆر گرنگە بۆ خوێنبەربوونی لووت.

هەنگاوەکانی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێنبەربوونی لووت

هەرکاتێک زانیت کەسێک تووشی خوێنبەربوونی لووت بووە، پێش هەموو شتێک واباشە نەشڵەژێیت و سەر لە خۆت و نەخۆشەکەش تێکنەدەیت. پێویستە بە هێمنی نەخۆشەکە لە شوێنێکدا دابنێیت. هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەسە بکرێت کە هەناسە لە لووتەوە نەدات و لە دەمەوە بیدات. 

پێویستە بە توندی سەر لووتی بگریت و پێی بڵێیت کە سەری بۆ خوارەوە بێت و بەهیچ شێوەیەک سەری بەرز نەکاتەوە و یاخود پاڵنەکەوێت. بەنزیکەیی کاتی ئاسایی بۆ خوێنبەربوونی لووت دوو بۆ حەوت خولەکە، پێویستە لەم ماوەیەدا خوێنبەربوونەکە بوەسێتەوە. ئەگەر هاتوو لەم ماوەیەدا خوێنبەربوونەکە نەوەستایەوە، واباشە پێنج خولەکی تری بۆ زیاد بکەیت و دووبارە بە توندی لووتی کەسەکە بگریتەوە. 

ئەگەر کەسەکە خوێنبەربوونێکی ئاسایی و بێ شکانی لووتی هەبێت ئەوا ئاسایی تەنها نەرمای لووتی دەگریت. بەڵام ئەگەر هاتوو کەسەکە لووتی شکابوو و تووشی خوێنبەربوون بوبوو پێویستە کڕکڕاگەی لووتی بگریت. هەروەها پێویستە ئەو کەسە لەماوەی ئەم پڕۆسەیەدا دەمی کرابێتەوە و لەو ڕێگەیەوە هەناسە بدات، چونکە لووتی گیراوە و ناتوانێت هەناسەی پێ بدات. 

هەنگاوەکانی پاش وەستانەوەی خوێنبەربوونەکە

دوای ئەوەی خوێنبەربوونەکە وەستا، پێویستە دووربکەویتەوە لە مشکردن بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، چونکە ئەمە وادەکات دووبارە ملوولەکانی ناوەوەی لووت بتەقن و خوێنبەربوون دەست پێ بکاتەوە. 

هەروەها نابێت دەست بکەیت بە لووتدا بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێرێک. هەروەها سەرت برزتربێت لە ئاستی دڵ.

دەکرێت پاش وەستانەوەی خوێنبەربوونەکە بە کرێمی تێتڕاسایکلین (Tetracycline) ناوەوەی لووت چەور بکرێت، تاکوو بە شێداری بمێنێتەوە و دووربێت لە خوێنبەربوونی دووبارە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

کاتێک خوێنبەربوونەکە درێژە دەکێشێت بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ خولەک پێویستە کەسەکە بەزووترین کات سەردانی پزیشک بکات. 

کەسەکە هەست بە سەرگێژخواردن و بێهێزی بکات.

خوێنبەربوونەکە دوای پێکدادان، یان بەرکەوتنێک بە سەر بێت.


سەرچاوەکان



614 بینین